بەشی یەکەم
پێشەکی
ئەوەی لەم نووسراوەیەدا هاتووە دژایەتی لەگەڵ هیچ گەل و نەتەوەیەکی جوگرافیای ئێرانی ئەمڕۆدا نییە، بەڵکوو زیاتر باسی ئیدئولوژیی پشتی ئەو فیکرە پاوانخوازەیە دەکا، کە باسی یەک نەتەوە و یەک نیشتمان و یەک زمان، لە جوگرافیایەکی فرەنەتەوە دەکات و، دەیەوێ بە حاشاکردن لە زمان و فەرهەنگ و سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و فەرهەنگیی گەلانی تر بوونی سیاسی و نەتەوەیی خۆی لەم جوگرافیایە بسەپێنێ.
باوەڕی تەواوم بە مافی دێموکراتیکی گەلان هەر یەک بە تایبەمەندیی زمانی و فەرهەنگیی خۆیانەوە هەیە، پێکەوە ژیان لەسەر خاکی هاوبەش بە مافی هاوبەشەوە بنەمای فیکریی پەروەردەی سیاسی منن، بۆ ئەو گەلانەی خاکی هاوبەشیان هەیە و تێکەڵاو دەژین. بەڵام ئەو گەلانەی جوگرافیای خۆیان هەیە یا جوگرافیاکەیان دابەش کراوە، وەکوو کورد و بەلووچ و ... مافی خۆیانە جیا ببنەوە و لەگەڵ بەشە دابڕاوەکانی تردا لە نیشتمانێکی یەکگرتوو بە ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانیی خۆیانەوە بە سەربەخۆیی تەواو بژین. ئەمە نە پێشێلکردنی سەرەوەریی خاکی من و هیچ نەتەوەیەکی تر نییە بەڵکوو یەکگرتنەوەیە لەگەڵ بەشەکانی تری نەتەوەکەی. سەبارەت بە دەسەڵاتی ناوەندیی و یەکپارچەیی جوگرافیا، لە مێژوودا هیچ کات نە میراتی بووە و نە جێگیر و سەقامگیر، دۆخی دەوڵەتی ناوەندیی لە ئێران پەیوەندیی بە بارودۆخی سیاسی و یەکیەتی هۆزەکان و پارسەنگی هێزەوە هەبووە و ئەمڕۆش تەنیا گەلانی ناو ئەم جوگرافیایە دەتوانن ئەو یەکیەتی بە دڵخواز بپارێزن یا هەر کەمیان لەسەر چارەنووسی خۆیان بڕیار بدەن.
لە رەوتی مێژوودا هیچ جوگرافیایەک نەگۆڕ و هەمیشەیی نەبووە و نییە، هەتاکوو لەسەر بنەمای نەتەوەیی سنوورەکان دانەڕێرژرێن رەوایی حقووقییان نییە و گەلانی بندەست و ستەم لێکراو مافی خۆیانە ئەو سنوورانە بە رەسمی نەناسن. ئەگەر پێشووتر هەر هۆزێک یا گەلێک توانیبێتی بە هێز یا بە رێککەوتن یەکیەتییەکی سیاسی سپایی درست بکات توانیوە فەرمانڕەوایی ناوەند بکات و وڵات بەشێوەی میرنشینی هەرێمی یا فیدرال بەڕێوە ببات، بەڵام لە سەدەی بیستەم شێوازی دابەشکردن سنوور و سیستەمی فەرمانڕەوایی ئاڵوگۆڕی بەسەردا هات و چوارچێوەیەکی قانوونی لەلایەن زلهێزەکانی براوەی شەڕی یەکەم و دووەمی جیهانییەوە داڕێژراو و بەگوێرەی بەرژەوەندیی خۆیان سنووری وڵاتانیان لە جیهان دیاری کرد و ئەمڕۆش بۆ تێکدانی ئەو سنوورانە پێویستە بەشێوەیەک هەڵسوکەوت بکرێ بەرژەوەندیی زلهێزە خاوەن چەک و تکنولوژییەکان نەخاتە مەترسییەوە و لە رێگەی دیپلوماسی دەرەوەیی و هێزی رێکخستنی ناوخۆیی بە خۆگونجاندن لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەوان مافی پێشێلکراوی خۆت وەر بگریتەوە.
پێش لە فەرمانڕەوایی ساسانییەکان و پاش هێرشی عەرەب و داگیرکردنی خاکی ئیمپراتوریی ساسانی، هەتا بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی سیاسی لەلایەن ڕەزا شای پەهلەوی لە وڵاتی ئێستای ئێراندا، نە جوگرافیایەکی سیاسی جێگیر و یەکگرتووی هەبوو، نە دەسەڵات و فەرمانڕەواییەکی ناوەندی و نیشتمانی، کە نوێنەرایەتی هەموو گەلانی دانیشتووی جوگرافییاکە بکات، یا نەتەوەیەک بە تەنیا ئەو هژموونییەی هەبووە. هەم دەسەڵات لە ناوەند و هەم جوگرافیای ئێران بەردەوام لە گۆڕان و بچووکبوونەوەدا بووە و، ئەم سەردەمەش مادام جوگرافیای ئێران لە گەلان پێک هاتووە و دادپەروەریی تێدا نییە و رێز لە مافی سیاسی و فەرهەنگی گەلان ناگیرێ، بەدڵنیاییەوە دەبێ چاوەڕوانی ناڕەزایەتی و بەرەوڕووبوون لەگەڵ دژکردەوەی گەلان و ئاڵوگۆڕی سیاسی-ئابووری و جیابوونەوەی تریش بین و هەر گەلێک خاوەنداریەتی لە نیشتمانی خۆی بکات.
پاش داگیرکردنی جوگرافیای ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتوریی ساسانی، جگە لە چەندین سەرهەڵدانی ناوچەیی بەتایبەت لە ناوەند و رۆژاوای وڵات دوو تا سێ سەدە عەرەبەکان دەسەڵاتداری رەهای وڵات بوون و، تەنانەت لەسەر فەرمانرەواییە هەرێمییەکانیش لە جوگرافیای ئێران زمانی عەرەبی و فەرهەنگی ئێسلامیی عەرەبی بەسەر سیاسەت و فەرمانڕەوایی جوگرافیای ئێڕاندا زاڵ و زمانی رەسمی دەربار و دەوڵەتەکان بووە، هیچ دەسەڵاتێکی سەربەخۆی نەتەوەیی بەو جۆرەی لە مێژوودا باسی دەکەن لەم جوگرافیایە بە ناوی میللەتی ئێران فەرمانڕەوا نەبووە. ئەوەش لە ناوچەیەک یا چەند ناوچەیەک دەسەڵاتێکی هەرێمی هەبوو بێت فەرمانڕەواییان بە زمان و فەرهەنگی عەرەبی کردووە و ئەرکیان پارێزگاریکردن لە دین و فیکری دینی عەرەبی وەکوو بنەمای فیکری و ئیدئولوژییان بووە، کە لە رێگەی دین و فقهی دینییەوە کرابووە پەروەردەی رۆحی و فەرهەنگی گەلانی ئێران.
دوای لانی کەم دوو سەدە لە هێندێک ناوچە بڕێک فەرمانڕەوایی ناوچەیی دروست بوون، کە بە ناوی بنەماڵەوە بوون و هیچ کامیان نەیان توانی تەواوی جوگرافیای ئیمپراتورییەکەی ساسانی رزگار بکەنەوە و بیخەنەوە ژێردەستی خۆیان. جیا لەمەش زۆربەی ئەو فەرمانڕەواییە ناوچەییانە سەر بە خەلیفەی موسڵمانان لە بەغداد بوونە و نیمچە سەربەخۆییان هەبووە، ئەگەر تووشی دەمارگرژیی نەتەوەیی نەبین عەرەبەکان بەهۆی نەبوونی پێشینەی سیستەمی فەرمانڕەوایی سیاسی-ئابووری بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان سیستەمی ئابووری و سیاسی و تەنانەت سپایی ئیمپراتوریی ساسانییان وەک بنەمای فەرمانڕەوایی قەبووڵ کرد و دواتریش ئەگەر ئلوگۆڕێک کرابێت بەهاوکاریی زانا ئێرانییەکان بووە.
ناوچەکانی ژێردەستی خەلیفەکانی ئیسلام بەشێوەی فیدراڵ و میرنشینی بەڕێوە دەچوون و دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری و سپایی بە میر و سەردارە سەرکەوتووەکانی شەڕە نێوخۆییەکان دەبەخشی و گوێڕایەڵی خۆیی دەکردن، کە لە هێندێک دەرفەتدا هەوڵی سەرپێچی و سەربەخۆبوونیان دەدا، و مێژوو پڕە لەو جۆرە رووداوانە. لە مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەتا سەدەی بیستەم و کێشانەوەی سەر لە نوێی سنووری جوگرافیای سیاسیی وڵاتان بەگوێرەی بەرژەوەندیی سەرکەوتوانی شەڕ و، دروستبوونی چەندین دەوڵەت لە ناوچەکە، زۆربەی گەلانی ناوچەکە لە چوارچێوەی ئیمپراتورییەکان بەشێوەی کونفیدراسیون بەڕێوە دەچوون. سوڵتان و خەلیفە و پاتشاکان وەکوو نوێنەری رۆحی و دینی و پارێزەر و سەرچاوەی دەسەڵات و بڕیار پارێزەری دین بوون و، دەوڵەتە فیدراڵەکان لەژێر چەتری دیندا پێڕەوییان لە دەسەڵاتی ناوەندیی خەلیفە و سوڵتانەکان دەکرد. جا ئەم یەکگرتنە لەم چوارچێوەیەدا پابەندیی بە بنەماکانی دینەکەوە بووبێت یا بە زۆر خرا بنە ژێردەستەوە هیچ لە شێوازی بەڕێوەبەریی و سیستەمی فەرمانڕەواییەکە ناگۆڕێ.
سەبارەت بە ئێران کاتێک سەفەوییە وەک جەمسەرێکی دەسەڵات لە بەرانبەر عوسمانی لە ناوچەکە دەرکەوت، هەتا سەرەتای سەدەی بیستەم وڵاتێک بە جوگرافیای سیاسیی یەکگرتوو و جێگیر و نەگۆڕ بەناوی ئێران بوونی نەبووە و زیاتر لە ژێر حکومی تورکەکاندا بووە، هەروەها دەسەڵاتێکی نەتەوەیی فەرمانڕەوایی نەکردووە. هەمیشە فەرمانڕەواییەکان بنەماڵەیی بوونە و وڵاتیش بەشێوەی ممالیک و میرنشین بەڕێوە براون، کە هەر گەل و هۆزێک لە ناوچەی جوگرافیایی خۆی نیمچە سەربەخۆیی و ئوتونومییەکی هەبووە و، بە هاوپەیمانی یا بە ناچاری و شەڕ لە چوارچێوەی ئیمپراتوری و فەرمانڕەوایی بنەماڵەکاندا ناوچەی خۆیان بەڕێوە بردووە.
ئەم پێشەکییەم بۆیە نووسی بۆ ئەوانەی بە دەمارگرژیی نەتەوەییەوە دەیانەوێ باسی مێژوو و سیستەمەکانی فەرمانڕەوایی پێشووی ئێران بەلاڕێدا بەرن و وا نیشان بدەن کە ئێرانێکی یەکپارچە و نەتەوەیەکی پیرۆز لە ئاسمانەوە بە میراتی و خەڵات دابەزیوە و کەس مافی دەستکاریی چوارچێوەکەی نییە و، بۆ داهاتووی گەلانی ئەم جوگرافیایە چوارچێوە و سیستەمی فەرمانڕەوایییەکی نەتەوەیی دەستکرد داتاشن و تەنیا وەکوو کۆیلە و بندەست مافی ژیانیان هەبێت.
ئێمە چ کوردەکان و چ نەتەوەکانی تری ئەم جوگرافیایە بەتایبەت بەلووچ و فارس و ئازەربایجانی...، دوور لە هەر چەشنە دەمارگرژیییەک ئەگەر بەگوێرەی جوگرافیای نیشتەجێبوونی ئەم سەردەمەش بمانەوێت باسی بابەتێکی سیاسی و چارەنووسی گەلان لە چوارچێوەی ئەم ئێرانەی ئەمڕۆدا بکەین، دەبینین سنووری سیاسیی نەتەوەیی کورد و فارسەکان و تەنانەت ئازەربایجانییەکانیش بەڕوونی دیارە. باکوور و بەشێکی بەرچاوی باشووری ئێران و بەشی رۆژاوای جگە لە بڕێک تێکەڵاوی نەتەوەیی لە رەوتی نائاسایی مێژوو و شەڕ و داگیرکارییەکان پێک هاتووە، ئەم بەشە لە جوگرافیای سیاسیی هەتا کوردستانی باکوور و باکووری سووریە و باکوور و باشوور و ناوەندیی عێراق جوگرافیا و خاکی کونفیدراسیونی گەلانی ماد واتە باپیرەی کوردەکانن بە هەخامەنشییەکانیشەوە، کە فارسەکان بە فیکری رۆحی ناسیونالیستی ئێرانی دەزانن .
بەشێکی زۆری کوردیش بەداخەوە بەهۆی شەڕ و شۆڕ و داگیرکارییەوە ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان، کە زمانە لەدەست داوە، بەڵام بەشێکی زۆری تریش هێشتا لە شارەکانی تری ئێران هەر بە ناسنامە کوردییەکەوە دەژین. جوگرافیای سیاسیی فارس زمانەکانیش دیارە و بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان بەشی رۆژهەڵاتی ئێران واتە خۆراسانی مەزنە، کە خۆراسان و ئەفغانستان و تاجیکستان و ئوزبەکستان و... لەخۆ دەگرێ و زمانەکەیان فارسیی دەرییە، نە ئەم فارسییەی ئێستا کە نزیکەی ٦٧%ی لە زمانی عەرەبی وەرگیراوە.
وەهمی نەتەوەی ئێران و ناسیونالیزمی ئێرانی
تێبینی: لەم بابەتەدا رەنگە هێندێک دەستەواژە و رستە و چەمکی هاوشێوە دووپات ببنەوە، بەشێکی دەتوانێ پێویست بووبێت بۆ روونکردنەوە و پێداگریی لەسەر چەمکی دەستەواژە و فیکرەکە و، بەشێکیشی بەهۆی بڵاوی و باش کۆ نەکردنەوەی نووسەر بێت، بۆیە بیری خۆتان زیاتر لە سەر چەمک و فیکرە نەتەوەییەکەی چڕ بکەنەوە و لە ڕاوبۆچوونی خۆتان ئاگادارم بکەنەوە. ئەوەی زۆر پێداگری لەسەر فارسبوونی هەخامەنشی دەکرێ و کوورش وەک دامەزرێنەر و باوکی ناسیونالیزمی فارس و ئێرانی زەق دەکرێتەوە، هیچ بنەمایەکی رەسەنی مێژوویی و راستەقینەی نییە و، دەستکردی ناسیونالیستەکانی سەدەی بیستەمە لەو جوگرافیایەی، کە پێی دەوترێ ئێران. فەلسەفەی ئەم فیکرە بۆ ئامانجێکی سیاسی و چڕکردنەوەی دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی چینێکی تایبەتە لە ناوەندی وڵات. وەک ئاماژەم پێی دا ناوەندیی سەرەکی نیشتمانی فارس رۆژهەڵاتی ئیمپراتوریی ساسانی بووە، وەکوو دیاری خۆراسان، ئەفغانستان، تاجیکستان و ئوزبەکستان و... نە زاگرۆس و رۆژاوای ئیمپراتورییەکە، کە نیشتمان و واری گەلانی مادە.
جگە لەمەش جوگرافیای گەلی هەخامەنشی لە بەشی باشووری مادەکانەوە هەڵکەوتووە، کە ئانشانە و پێشتر دەوڵەتی ئیلامی لەو جوگرافیایە فەرمانڕەوایی کردووە و، گەلێکی زاگرۆسی و بەشێک لە فیدراسیونی گەلانی مادی بوونە. پەیوەندییەکی سیاسی–ئابووری-سپایی و کۆمەڵایەتییان لەگەل ناوەندی ماددا هەبووە. زمانی ئەو سەردەمەی هەخامنشی نە فارسی بووە و نە فارسیش بوونە. فەرمانڕەوایانی هەخامەنش پەیوەندییەکی نزیکی خێزانیان لەگەڵ پاشایانی ماددا هەبووە و دایکی کوورش مادی و باپیرەی پاتشای ماد بووە.
سەبارەت بە چۆنیەتی گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن گەلی هەخامەنشی و پاتشایی کوورش، پەیوەندیی بە بارودۆخی سیاسیی سەردەمەوە هەیە و، ئاڵوگۆڕکردنی دەسەڵات لە نێوان گەلان و پاتشایاندا سرووشتی بووە و بەردەوام روویان داوە. ئەم دیاردەی ئاڵوگۆڕ و دەستاودەستکردنەی دەسەڵات لە نێوان گەلان و بنەماڵە گەورە و خاوەن هێز و نفووزەکاندا بەردەوام بووە، هەر ماوەیەک بنەماڵەیەک و گەل و نەتەوەیەک بەگوێرەی بارودۆخ و پێش هاتنی دەرفەت فەرمانڕەواییان بەدەستەوە گرتووە. ئەم ئاڵوگۆڕە چ لە رێگەی لەشکرکێشی و شەڕەوە بوو بێت، یا پیلان و کودیتای ناوخۆیی، هیچ لە بنەمای بابەتەکە ناگۆڕێ و سەرکەوتن و ژێرکەوتنی هیچ گەل و فەرمانڕەوایەک بە واتای رەسەنی و رەوایەتی یا ناڕەسەنی گەلەکە نایەت، بەڵکوو پرۆسەیەکی سیاسی-لەشکری بووە و گرێدراوی بارودۆخی سەردەم و توانای هێزی سپایی و ئابوورییەوە بووە، نە رەسەنایەتی گەل یا نەتەوەیەک.
ئەگەرچی ئەم ئاڵوگۆڕەی دەسەڵات لە نێوان مادەکان و هەخامەنشییەکان لە رێگەی نیمچە کودیتا و نیمچە رێککەوتن و خەیانەتێکی سیاسیی ناوخۆیی گەورەکانی ماد بەتایبەت فەرماندەی سپا بووە، سەرەڕای شەڕ لە نێوانیان دواتر کوورش بە رێککەوتنی گەورەکانی هەر دوو لا بووەتە پاتشای فیدراسیونی ماد. هیچ کات ماد وەکوو گەلێکی شکستخواردوو و ژێردەست نەبووە و بەشداریی چالاکی لە جومگە گرنگەکانی بڕیار و دەسەڵات و فەرمانڕەوایی هەبووە، ئەگەرچی لە ماوەی دەسەڵاتی هەخامەنشەکاندا ئوپوزیسیونی مادی چەندین جار دژی پاتشاکانی هەخامەنشی راپەڕیون بۆ ئەوەی دەسەڵات بەدست بگرنەوە.
کوورش هیچ گۆڕانێکی لە سیستەمی فەرمانڕەوایی سیاسی و سپایی ئەنجام نەدا و هەر لەسەر بنەمای سیستەمی ساتراپی مادەکان لە فەرمانڕەوایی بەردەوام بوو. سیستەمی سپا و جلوبەرگ و زۆر دابونەریت و فەرهەنگی مادی بنەمای فەرهەنگی هەخامەنشیەکانیش بوو. ماد و هەخامەنشی دوو کۆڵەکەی پتەو و سەرەکی ئیمپراتورییەکە بوونە و هەموو گەلانی تری ماد وەکوو پێشوو لە چوارچێوەی سیستەمەکەدا ماونەوە. تەنیا شتێک کە لەو سەردەمەدا رووی دابوو تەنیا دەستاودەستکردنی فەرمانڕەوایی بوو نە گۆڕینی سیستەم و لادان و بێبەشکردنی گەلانی تر لە دەسەڵات. گەلانی تری ماد یەک لەوان مادەکان هەر بەهێز مانەوە و بەهێزەوە بەشداریی فەرمانڕەوایی نوێیان کرد.
لێرەش پرسیارێک هەمیشە بۆ گەلانی نا فارس دێتە پێش، بۆچی لە کاتێکدا سەرەتای بەهێزی و یەکگرتوویی لەو جوگرافیایە، کە ئەوان بانگەشەی ئێرانیبوونی بۆ دەکەن و جێگەی شانازیی شارستانی و مێژووییانە، یەکەم ئیمپراتوری و سەربەخۆیی سیاسی و جوگرافیایی لە کونفیدراسیونی مادەکانەوە دەست پێ دەکات، بەڵام بۆچی ناسیونالیستە بەناو ئێرانییەکان ئەم بەشەی مێژوو لا دەدەن و، مێژووی شارستانیەت و فەرمانڕەوایی ئێران تەنیا لە هەخامەنشی و فەرمانڕەوایی کوورشەوە بە سەرەتای دامەزرانی دەسەڵاتی ناسیوناڵی خۆیان دەزانن؟ لە کاتێکدا کە ژیاری و فەرهەنگ و مێژووی ئێران هی هەموو گەلانی بووە نە تەنیا کوورش، بەڵام ئەوان کونفیدراسیونی مادی پشتگوێ دەخەن و تەنیا هەخامەنشیی وەکوو سەرەتای مێژوو و شارستانیەتی نەتەوەیی ئێرانی دەناسێنن؟
ئەگەر وایە و خۆیان بە فارس و ناسیونالیزمی ئێرانی دەزانن و گەلانی ماد و مێژووی ماد بە هی خۆیان نازانن، بۆ ئێمەش رەوایە، کە پێیان بێژین ئەو جوگرافیایەی ئێستای ئێران زیاتر لە ٩٥%ی خاکی گەلانی مادییە و هیچ پەیوەندیی بە خاکی فارسەوە نییە، کە رۆژهەڵاتی جوگرافیای ئەمڕۆی ئێرانە. دەتوانین ئەوان بە داگیرکەری خاکی خۆمان بزانین و داوای دەرچوونیان بکەین نە ئەوەی وەکوو خاوەن مافی تەواو دەسەڵاتییان لەسەر خاکی خۆمان قەبووڵ بکەین و وەکوو چەوساوەیەک داوای مافی ژیان و خۆبەڕێوەبەری بکەین.
ئەوەی گرنگە لێی ورد بینەوە و بیزانین و کاری لەسەر بکەین، ئەوەیە کە بە چ پێوەرێک ماف بە خۆیان دەدەن خۆیان بە خاوەنی خاکی گەلانی تر بزانن و زمانی خۆیان وەکوو زمانی نەتەوەیەک داسەپێنن، کە لە بنەڕەتدا بوونی نییە، کە ئەویش نەتەوەی ئێرانە نە نەتەوەی فارس؟ لە حاڵێکدا ئەم جوگرافیایەی ئەمڕۆ لە گەلانی جۆراوجۆر پێک هاتووە و دیارن، بەڵام هەتا ئێستا هیچ گەلێک لە گەلانی زاگرۆس و مادی خۆی وەکوو نوێنەری زمانی و فەرهەنگیی ئەم تئووری و فیکرە ناسیونالیستییە نوێییەی نەتەوەی ئێران نەناساندووە؟
بە پێوەری ئەوەی هەر گەلێک لەم جوگرافیایە بە زمان و فەرهەنگ و خاکی خۆیەوە بانگەشەی بوونی نەتەوەیی خۆی دەکات، بەڵام فارسەکان کە وا دیارە خاوەنی ئەم بیرۆکە و فەلسەفەی نەتەوەیی ئێرانی بن، هەتاکوو ئێستا خۆی لە پشتی دیواری تەمومژ و وەهمی نەتەوەیەکدا حاشار داوە و خۆی دەر ناخات، کە هێشتا لە دایک نەبووە و رەنگە لەم جوگرافیای ئێستای ئێرانیشە قەت لە دایک نەبێ.
نەتەوەی ئێران و بنەمای فیکری ئەم تئوورییە
بنەما فیکرییەکانی نەتەوەی ئێران لە نێوەرۆکی خۆیدا دژ بە یەک و لە چەند توخمی جیاواز پێک هاتوون و بە شێوەیەک پێکەوە جۆش دراون، کە لێک جیا ناکرێنەوە و، بە جیاکردنەوەی هەر بەشێکی تئوورییە فیکرییەکە لەنگ دەبێ و واتای خۆیشی لەدەست دەدا و هەڵدەوەشێتەوە.
ئێرانییە نەتەوخوازەکان بنەمای فیکری نەتەوەیی خۆیان لەسەر چەند بنەمایەکی سەرەکی داناوە، یەکەم فەرهەنگی ئێرانی، بێ ئەوەی پێناسەیەکی دروست لە ئێرانیبوونی ئەم فەرهەنگە بکەن و فەرهەنگە جیاوازەکان قەبووڵ بکەن، لە قاڵبدانی مێژوو و شارستانیەتی نەتەوەیی و تایبەتکردنی کە سڕینەوە و بەلاڕێدا بردنی مێژووی راستەقینەی ئەو گەلانەیە کە لە قۆناخێکدا دەسەڵاتیان هەبووە و لە دروستیان کردنی مێژوو و شارستانیەتی ئێراندا بەشدارییان کردووە و رۆڵیان گێڕاوە، زمانی فارسی، ئەمە بەشی یەکەمی بنەما فیکرییەکەیە، کە زۆر لووتبەرزی و خۆبەزلزانی و خۆویستی پێوە دیارە و کوورش رەمزی فیکریی نەتەوەیی ئەم بەشەیە. بەشی دووەمی بنەمای فیکریی شیعیزمە، کە دەستکردی ئێرانییەکانە بۆ جیاکردنەوەی خۆیان لە جیهانی ئیسلامیی ئەهلی سونەت. «هەڵبەت ئەم بەشە زۆر هەڵدەگرێ و ریشەی مێژوویی هەیە و پێویستی بە بابەتی سەربەخۆیە» فەرهەنگی ئێرانی لە دوای نەمانی دەسەڵاتی نەتەوەیی ئێرانییەکان لەسەر بنەمای فیکری عەرەبی و ئیسلامی فریشکی گرتووە و هەموو فەلسەفە و عیرفان و زانستی دینی و ... لە ژێر کاریگەریی فیکری ئیسلامیی و بە زمانی عەرەبییە و ئاوێتەکردنی بە مودێڕنیزمی مەزهەبی شیعە بە واتای رێفرومخوازیی لە سیستەمی سونەتی قەبایلی عەرەب، شیعیزمی ئێرانی لێ بەرهەم هاتووە و بووەتە بنەمای فیکریی دینیان، ئەگەرچی نەتەوەخوازە ئێرانییەکان ئەم بەشە زەق ناکەنەوە بەڵام ناشتوانن لای دەن، لەبەر ئەوەی ئەو فیکرەی کە بۆ خۆ جیاکردنەوەی لە فەرهەنگی سونەتی ئیسلام و دروستکردنی ناسنامەیەکی ئیسلامیی ئێرانی کاریان لەسەر کرد و خۆیان لە عەرەب پێی جیا کردەوە هەر ئەم بیرەی شیعیزمە و بە وازهێنان لێیی بەشێکی زۆری ئەو خەڵک و گەلانەی تر مەزهەبی شعەیان قەبووڵ کردووە یا بە زۆر بەسەریاندا سەپاوە، وازیا لێ دێنن و پشتیان ناگرن و پرۆسەی مەزهەبی نەتەوەییەکەیان پەکی دەکەوێ. وەکوو بنەمای فیکریی فەرهەنگی و زمانی بنەڕەتێکی پتەوی فەلسەفەییان نییە بتوانێ هەموو گەلانی تر لە دەور بیری نەتەوەی ئێران کۆ بکاتەوە، بۆیە هەم بیری نەتەوەیی ئێرانی و هەم بیری مەزهەبیی شیعیزم دوو باڵی مەلێکن کە هاوسەنگی فڕینی را دەگرێ.
لە فیکرە پان ئێرانیستییەکە خاک و مێژوو و شارستانیەت و زمان بنەما و پێکهێنەری نەتەوەن، کە کوورش وەکوو هێما و دامەزرێنەری دەسەڵاتی نەتەوەیی و باوکی ناسیونالیزمی ئێرانی دادەنێن، مێژووی نەتەوەییان لە بنەماڵەی هەخامەنشی و کوورشەوە دەست پێ دەکات و، لەژێر دروشمی زمانی پەهلەوی کۆن و میانە و سەردەم زمانی فارسی وەکوو زمانی فەرهەنگی و نەتەوەیی بەرجەستە دەکەن.
بەشی دووەم شیعیزم: بنەمای فیکری سیاسی مەزهەبی ئێرانییەکان بۆ دژایەتی کردنی جیهانی ئیسلامی سونە و پشتیوانی لە ویمامەتی بنەماڵەی عەلی کوڕی وەبوو تالیبە. شیعیزم شێوە فیکرێکی مەزهەبی وەر گیراو لە دینی ئیسلامە، کە چوارچێوەی سیاسی-مەزهەبی-ناسیونالیستی هەیە و یەکێ لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی فیکری نەتەوەیی ئێرانییەکانە، کە ئەم دوو فیکرە مەزهەبی و نەتەوەیییەیان تێکەڵاو کردووە هەم بۆ رێبەریکردن و کونترۆڵکردنی ناوخۆیی و، هەم جەمسەربەندییە دینی-مەزهەبییە هەرێمایەتی و جیهانییەکان کەڵکیان لێ وەر دەگیرێ. لە کوێ پێویست بوو چەکی نەتەوەیی زەق دەکەنەوە، و لە کوێ پێویست بوو فیکری دینی-مەزهەبییەکە بەرجستە دەکەنەوە و هەر دووکیانیش لێک دانەبڕاون.
ئەم فیکرەی شیعیزمە لە پاش شکستی دەوڵەتی ساسانی لە عەرەبەکان و ژێردەستییان، لەژێر دروشمی چاکسازی و پێشکەوتوویی دژی خەلیفە نەریتخوازەکانی بەنی ئومەیە و بەنی عەباس بەکاریان هێناوە و، هەوڵیان داوە بە پشتگیریکردنی ئاڵی عەلی وەکوو کەسانی رۆشنبیر و پێشکەوتنخواز لە رێگەی ئەوانەوە دەسەڵات بەدەست بێننەوە و شکۆی لە دەستچوویان بگەڕێننەوە. ناسیونالیستە ئێرانییەکان، کە خۆیان لە پشت دروشمی رەوایەتی دەسەڵات بۆ بنەماڵەی عەلی حەشار دەدا، لە بنەڕەتدا ئامانجیان گێڕانەوەی نیشتمانی لەدەستچوو بووە، لە رەوتی مێژوو و خەباتی گەلانی نیشتمانی ساسانی رووبەڕووبوونەوەی زۆری سیاسی و لەشکری روویان داوە، بەڵام لەلایەن بەشێک لەو بنەماڵانەی، کە بەشداریی دەسەڵاتی خەلیفەکانیش دەبوون ئیدئولوژیی شیعە بەردەوام زەق کراوەتەوە. (ئەگەر ئەو رەوتە چاکسزیاخوازییەی ئەو سەردەمەش شیعەگەری بە مانای ئەمڕۆیی نەبووبێت، بەڵام زانا دینی و نەتەوەییەکانی ئەم جوگرافیایە ئەمڕۆ وای راڤە دەکەن و بە بنەمای فیکری شیعە و رێفورمخوازیی دەزانن) ئەم دیاردەیە لە قۆناخە مێژووییەکاندا بەشێوەی جۆراجۆر زەقبووەتەوە و قوربانیشی بۆ دراوە. هەتا ئەوەی لە سەردەمی سەفەوییەکان، هەموو ئاخوندە شیعەکانیان لە شام و وڵاتانی دیکە، کە لەو پەڕی بێدەرەتانیدا دەژیان هێنایە ئێران و بنەمایەکی نوێی سیاسی-دینی یان بۆ ناسیونالیزمی ئێرانی داڕشت. بە رەسمیکردنی مەزهەبی شیعە لە ئێران پێناسەیەکی دینییان بۆ ناسیونالیزمی ئێرانی داڕشت و هەتا ئەمڕۆ کۆڵەکەی سەرەکی و بە سەر بیری فەرهەنگە ئێرانییەکەدا زاڵە و بووەتە پەروەردەیەکی رۆحی زۆرینەی تاکی ئێرانی، کە باوەڕیان بە مەزهەبی شیعە هەیە.
هەڵبەت بڕێک رۆشنبیری دینی پێیان وایە، کە شیعیزم لە بنەڕەتدا لە دیندا هیچ بنەمایەکی فیکری نییە و تەنیا ئێرانییەکان بۆ رەواییدان بە شەڕکردن لەگەڵ خەلیفەی موسڵمانان، کە ئەو کات عوسمانییەکان بوون و، موسڵمانی ئێرانی ئامادە نەبوو لەگەڵ موسڵمانی تر شەڕ بکات و بەگوێرەی قورئان حرام کرا بوو، وەکوو دەسپێچکێ دروستیان کرد و قوربانی زۆری لێ کەوتەوە. ئێرانییەکان لە حاڵێکدا بانگەشەی فەرهەنگ و مێژوو و زمانی نەتەوەیی ئێران دەکەن، کە بەشی هەر زۆری فەرهەنگی گەلانی پێکهێنەری ئێرانە و حاشا لێ دەکەن. بەسووکایەتی پێکردن و پەراوێزخستن و قەدەغەکردنی زمان و فەرهەنگی نەتەوەییان هەوڵی سڕینەوە و تواندنەوەیان لەو فیکرە ناسیونالیستییە ناوەندگەرایە دەدەن، کە نە بنەمای مێژوویی و نە بنەمای فەرهەنگی هەیە. فەرهەنگ و مێژوو و زمانی یەکگرتوو و سەربەخۆی نەتەوەی ئێرانی، کە لە ئێراندا بوونی نییە بە تەنیا نەتەوەیەک نە دروست دەبێ و نە گەلانی تریش لە ئاست ئەو ستەم و چەوسانەوەیە بێدەنگ دەبن. بەبێ لەبەرچاوگرتنی ناسنامەی فەرهەنگی و زمانی و نەتەوەیی گەلانی پێکهێنەری ئێران، کونفیدراسیونی کورد، بەلووچ ، ئازەری، عەرەب و... نەتەوەی ئێران و خاکی یەکپارچە هیچ واتایەکی نابێ و ئەم مناڵە سەقەتەی ناسیونالیزمی ئێرانیش قەت لە دایک نابێت.
هەڵکەوتەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران لەم ناوچەیە
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەر لە سەرەتای دەست پێکردنی ژیان و گەشەی فیکرییەوە، بێشکەی ژیاریی جۆراوجۆر و فیکر و داهێنان و نیشتمانی کۆمەڵێک لە گەلانی جیاواز بە زمان و فەرهەنگ و دینی جیاوازەوە لە سەردەمە جیاوازەکاندا بووە. مەڵبەندی گەشەی فیکری و داهێنان و پیشەسازی و فیکر و فەلسەفە و خەت و نووسین و دامەزراندنی دەسەڵاتی سیاسی و دینی جیاواز و پەرەستنی خودای جیاواز بووە. مێژووی کۆن و نوێی ئەم ناوچەیە پڕن لە رووداوی گەش و ڕەش، گەش وەکوو داهێنان و گەشەسەندنی فیکری و رۆشنبیری و دامەزراندنی شارستانییەت و بەرهەمهێنانی فیکرە فەلسەفی و ئایینی و خواپەرەستییەکان، لایەنە ڕەشەکانیش وەکوو شەڕ و کێشە و ئاژاوە و کۆمەڵکوژی و قەڵاچۆکردن و داگیرکردنی نیشتمانی یەکتر و... وێڕای ئەم مێژووە پڕ لە هەوراز و نشێوە، رەوتی ژیانی ئاسایی و گەشەی شارستانی و فەرمانڕەوایی و پێشڕەفتی سیاسی، فەرهەنگی، سپایی و دادپەروەری درێژەی هەبووە و چەرخەکانی بەردەوام لە سووڕاندا بووە هەتا گەیشتووەتە ئەم قۆناخەی ئەمڕۆ.
جوگرافیای ئێرانیش لە درێژایی مێژووی خۆی لەم رەنگاورەنگییە بێبەش نەبووە. گەلان و هۆزی جیاواز و جۆراوجۆر لەم جوگرافیایە بە زمان و بیروبۆچوونی سیاسی و دینی و فەرهەنگیی جیاوازەوە لە پاڵ یەکتردا ژیاون و فەرمانڕەواییان کردووە. پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و نیشتمانیان پێکەوە هەبووە و کاریگەرییان لەسەر یەکتر کردووە. بەگوێرەی هەلومەرج یەکیان گرتووە و لە دەوڵەتێکی بەهێزدا درێژەیان بە ژیان و فەرمانڕەوایی خۆیان داوە، پێکەوە بنەمای شارستانیەتییەکانیان دامەزراندووە، وردە وردە زمان و فەرهەنگ و نەریتیان لە یەکتر نزیک بووەتەوە و لێک تێگەیشتنی زیاتر لە نێوانیان دروست بووە. بە مافی سەربەخۆیییەوە لە کونفیدراسیونەکاندا یەکیان گرتووە و پەرەیان بە فەرهەنگ و ئابووریی خۆیان داوە و وردە وردە لە بنەمای بوون بە نەتەوەیەک لێک نزیک بوونەتەوە.
ئەگەرچی لە رەوتی مێژوو هەوڵی داگیرکاری هەبووە و، زۆر زمان و گەل و شارستانیەت ناسنامەی خۆیان لێ ون بووە، بەڵام ئەم لە پاڵ یەکتر بوونە قەت نەبووەتە هۆی ئەوەی گەلێک بە تەواوی لە گەلێکی تردا بتوێتەوە و هەوڵیان داوە سەربەخۆیی فەرهەنگی و زمانی خۆیان بپارێزن. لە پانتاییەکی کەمدا نەبێ، وەکوو ئەمڕۆ بە زۆر نە زمانیان پێ گۆڕاوە، نە دین و بیروباوەڕیان بەسەردا سەپاوە. بۆیە هەتا ئەمڕۆش ئەم رەنگاوڕەنگییە لە جوگرافیای ئێراندا بەردەوامە و مل بە سیاسەتی بندەستکردن و تواندنەوەی فەرهەنگی و سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی نادەن و، بە شێوەی جۆراجۆر بەرگری لە مانەوەی فەرهەنگ و زمان و ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان دەکەن.
پاش نەمانی دەسەڵاتی ساسانییەکان و سەپاندنی دەسەڵاتی عەرەبیی ئیسلامی بەسەر گەلاندا، هەوڵ دەدرا کە هەموو ناسنامەکان بسڕنەوە و زمان و فەرهەنگی خۆیان بەناوی دینەوە بەسەر گەلانی داگیرکراودا بسەپێنن. ئەم سیاسەتە لە شام و بەشێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا سەرکەوت، بەڵام لە جوگرافیای ساسانی سەرەڕای ئەوەی بۆ ماوەی دوو سێ سەدە زمانی ڕەسمی فەرمانڕەوایی کرا بووە عەرەبی، جگە لە بەشێکی کەم، گەلانی تر ناسنامەی فەرهەنگی و نەتەوەیی خۆیان پاراست و نەچوونە ژێر فەرمانی داسەپاوی سیاسەتی سڕینەوەی ناسنامەیی و، هۆیەکەشی ئەوە بوو کە لەم جوگرافیایە بەتایبەت بەشی باکوور و رۆژاوای بەردەوام دژی دەسەڵاتی عەرەبی راپەڕین هەبووە و دەرفەتیان نەداون لەو سیاسەتەیاندا سەرکەوتوو بن. بەشی زۆری ئەم راپەڕینانە ریشەی سیاسی و نەتەوەیی و دینییان هەبووە، هەر وەک لە زاگرۆس هەر لە سەدەکانی سەرەتای هاتنی ئیسلامەوە چەندین بنەمای فیکریی دینی نوێ بە فەلسەفەی کوردییەوە لە زاگرۆس و کنارەکانی کەنداوی فارس سەریان هەڵداو و وەکوو دینی کوردی خۆیان پێناسە دەکرد، لەوانە فەلسەفەی دینی یاری کە ئەمڕۆش وەکوو دینێکی کوردی بانگەوازی خواپەرستی و پێناسەی کوردی پێوە دیارە.
هەر لە ژێردەستی خەلیفەکانی ئیسلامیی ئەمەوی، عەباسی، عوسمانی و سەفەویدا فیکری ئازادیخوازی و سەربەخۆیی لای هەموو گەلانی جوگرافیای نیشتمانی ساسانی و بەتایبەت بەشی مادنشین بنەمای وڵاتێکی سەربەخۆ بووە و لە هەر دەرفەتێک کەڵکیان وەر گرتووە و سەربەخۆیی ناوچەیی خۆیان مسۆگەر کردووە. بەگوێرەی چوارچێوە و پێوەرەکانی فەرمانڕەوایی لە ئیمپراتورییەکانی پاش ساسانیش وڵات هەمیشە بەشێوەی کونفیدراسیون یا ممالک بەڕێوە براون و نەتەوە و گەلان خاوەنی سەربەخۆیی سیاسی و فەرهەنگی و ئابووریی خۆیان بوونە و، لە چوارچێوەی جوگرافیای خۆیاندا خاوەن دەسەڵات و بڕیار بوونە، تەنیا پابەندییەک بە ناوەندی دەسەڵاتەوە هەیان بووبێت لایەنی ئایینی هەبووە و پیتاکیان داوە یا لە کاتی تەنگانەدا بە ناردنی سپا یارمەتیی خەلیفەیان داوە و بەشداریی شەڕەکان بوونە.
ئەم رەوتە هەتا کۆتاییەکانی ئیمپراتوریی عوسمانی لە تورکیە و قەجەر لە ئێران بەردەوام بووە و کورد هەتا کوتایی سەدەی نۆزدەیەم لە بەشێک لە وڵاتی خۆی خاوەنی میرنشین و فەرمانڕەوایی خۆیان بوونە. لە جوگرافیای زاگرۆس کوردەکان خاوەن دەیان میرنشین و فەرمانڕەوایی گەورە و بچووکی سەربەخۆ و نیمچە سەربەخۆ بوونە، خاوەنی سپا و ئابووری و سەرەوەری خاکی نیشتمانی خۆیان بوونە. ئەوەی بۆچی میرنشینەکان یەکیان نەگرتووە و کورد سەری بێ کڵاو ماوەتەوە، باسی ئەم بابەتە نییە و دەکرێ لە وتارێکی تردا بەشێوەی سەربەخۆ لێکۆڵینەوەی لێ بکرێ.
سەدەی بیستەم و سەرەتای دەستپێکردنی ئاڵوگۆڕەکان
لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، جیهان بەگشتی و عوسمانی و قەرجەر بەتایبەتی تووشی ئاڵۆزی ناوخۆیی ببوون و جیهان بەرەو ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی دەچوو. ئیمپراتوریی عوسمانی زۆربەی خاکە داگیرکراوەکانی ئورووپای لەدەست دابوو، میسری لەدەست چوو بوو و سەربەخۆیی راگەیاند بوو، کورد و عەرەب لە جموجووڵدا بوون و بۆ سەربەخۆیی خۆیان هەوڵیان دەدا. ئورووپاییەکان بەتایبەت ئینگلیز پەرەی بە نفووزی خۆی دەدا، لە ناوخۆی عوسمانیدا تورکە جوانەکان تەنگیان بە سیاسەت و فەرمانڕەوایی خەلیفە هەڵچنی بوو. سەرەنجام عوسمانی لە شەڕی یەکەمی جیهانی تێوە گلا و تووشی شکستێکی گەورە هات. بەشێکی زۆری خاکەکەی داگیر کرا و تەنیا پایتەختەکەی و کوردستان و ناوچەیەکی کەمی بە دەستە مابوو.
کاتێک سەر لە نوێ دەیان ویست نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکێشنەوە، ئەم نەخشەیە بەگوێرەی ویستی گەلان نەبوو، سنوورەکان سنووری نەتەوەیی نەبوون و بەپێی بەرژەوەندیی وڵاتانی سەرکەوتووی شەڕ دەبوو سنوورەکان داڕێژرێن و دیاری بکرێن. بەداخەوە ئەمجارەش بەرژەوەندیی زلهێزەکان نەخشەی وڵاتانی بەگوێرەی جوگرافیای نەتەوەیی نەکێشایەوە و بڕێک لە نەتەوەکان کەوتنە چوارچێوەی جوگرافیای وڵاتانەوە و لێک دابڕان. کوردەکان و ئەرمەنییەکان هەروەها یونانی و چەرکەس و... لەو گەلانە بوون نیشتمانیان بەسەر وڵاتاندا دابەش کرا، کوردی چوارچێوەی ئیمپراتوریی عوسمانی بەسەر وڵاتانی تازە دروستکراوی دەستی بریتانیا و فەرانسە تورکیە و سووریە و عێراقدا دابەش کران. ئێران کە لەم شەڕەدا بێلایەن مابووەوە جوگرافیاکەی وەکوو خۆی مایەوە، بەڵام دواتر گەلانی ئێرانیش لەو دابەشکردنە بێبەش نەبوون، بەلووچەکان بەسەر وڵاتانی ئەفغانستان و پاکستان و ئێراندا دابەش کران، ئازەرییەکان بەسەر سۆڤیەت و ئێراندا و تورکمانەکانیش هەروەها بەسەر ئێران و سۆڤیەتدا دابەش کران...، هەر ئەم دابەشکردنە نادادپەروەرانەیە سەرچاوەی زۆری ئاڵۆزییەکان و کێشەی گرنگی ناوچەکە بوونە هەتا ئەمڕۆ و، ئەگەر چارسەرێکی دادپەروەرانەی بۆ نەدۆزرێتەوە کێشە و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە هەر درێژەی دەبێ.
بۆچی ئەم دابەشکردنە نادادپەروەرانەیە کێشەی سەرەکی گەشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوونە؟ ئەوەی کە دابەشکردنی کورد و گەلانی تر بەگوێرەی بەرژەوەندیی زلهێزەکانی ناوچە و جیهانی بووە بابەتێکی ترە و لێرە لێی نادوێین، بەڵام هۆی سەرەکی ناسەقامگیریی ناوچەکە و ئەو وڵاتانەی نیشتمانی گەلانیان بەسەردا دابەش کراوە، « دروستترە بێژین ئەو وڵاتەی لە جوگرافیای داگیرکراوی گەلانی تر پێک هاتوون» ئەوەیە کە گەل یا نەتەوەی سەردەست ئامادە نەبووە مافی سیاسی و ئابووری و فەرهەنگی گەلان بەڕەسمی بناسێت و وەکوو هاووڵاتییەک بەشداریی کاروباری سیاسی و ئابووریی وڵاتیان بکات و، گەشە بە ئابووریی ناوچەکان و زمان و فەرهەنگیان بدات.
گەلی سەردەست بەردەوام خۆی بە خاوەنی خاک و نیشتمانی گەلانی ناو جوگرافیاکەی زانیوە و، وەکوو ژێردەستەیەک مامەڵەی لەگەڵ کردوون و مافەکانیانی بەڕەسمی نەناسیوە و زمان و فەرهەنگ و سیاسەتی خۆی بەسەردا سەپاندوون و هەوڵی سڕینەوە و تواندنەوەی داون. بۆ ئەم مەبەستەم پیلان و سیاسەتی جۆراوجۆری بەکار هێناوە، لەوانە: پێشگیری لە گەشەی ئابووری و پیشەسازی لە ناوچە و بەستراوەکردنیان بە ئابووریی ناوەند، قەدەغەکردن یا پشتگوێخستنی زمانی نەتەوەیی، رێگریکردن لە جێبەجێکردنی یادە نەتەوەییەکان، هەوڵدان بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە بە زمان و فەرهەنگی نەتەوەی سەردەست. بردنە دەرەوەی کەرەستەی خامی ژێر زەویی ناوچەکان و دروست نەکردنی کارگە و کارخانەی پەیوەندیدای بەو کەرەستانە لە هەرێمەکە، گۆڕینی رێڕەوی ئاوی رووبار و چۆمەکان و بردنی بۆ ناوچەکانی تر...