بەیاننامەی دامەزراوەی چار بە بۆنەی ماڵئاوایی هەمیشەیی ڕۆژنامەنووس بەڵێن ساڵح
بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هاوڕێ و پشتیوان و هاوکاری دامەزراوەی "چار" کاک "بەڵێن ساڵح" دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت. خۆشەویستی و سۆزی کاک بەڵێن بۆ کاری پرۆفێشناڵی میدیایی و هەروەها ئەمەگداری بۆ پرسی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و بە تایبەت رۆژهەڵاتی کوردستان وایکرد خەڵکی کوردستان هۆگرییەکی تایبەتیان بەو هەبێت و لای هەمووان خۆشەویست بێت.
کاک بەڵێن لە کاری میدیایی خۆیدا خزمەتێکی زۆری بە راگەیاندن، زمان، ئەدەب و فەرهەنگی کوردی کرد. ئەو بە حوکمی بنەماڵەکەی کە پێگەی دیاریان لەباشووردا هەبوو دەیتوانی وەک بەشێکی زۆر لە خەڵک لە رانتی ئەو پەیوەندییە لە پێناوی بەرژەوەندی شەخسی کەڵک وەربگرێت، بەڵام ئەو هەر لەسەر کاری میدیایی پرۆفێشناڵی خۆی بەردەوام بوو. هەڵوێستی لەسەر رووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی کوردستان، پەیوەندی تەندروستی لە گەڵ چینە جۆراوجۆرەکانی کوردستان، ئەوی کردبوو بە کەسایەتیەکی جیاوازو خاوەن پێگەی شیاو. کاک بەڵێن لە دڵەوە کارەکەی خۆی خۆشدەویست، هەموو کات و تەمەنی بۆ تەرخانکردبوو بۆیە دوای چەندین ساڵ قەناعەتی بە دەنگی کوردی ئەمریکا کرد. بەداخەوە چەند ڕۆژ لە دوای داخستنی ئەو میدیایەش کاک بەڵێنیش بەجێی هێشتین. گوایە وایدانابوو تەمەنی هاوتەریبی ئەو میدیا بێ کە کاری تێدا دەکرد.
وەک دەستەی بەڕێوەبەری دامەزراوەی "چار" پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی کاک بەڵێن و هەموو خەڵکی کوردستان دەکەین.
یاد و خزمەتەکانی بۆ هەمیشە بە گەورەیی لە دڵمان دەمێنێتەوە.
دەستەی بەڕێوەبەری دامەزراوەی چار