پرۆژەی ئاشتی لە تورکیا و نکۆڵیکردنی لە ئێران/ بەراوردکردنی مامەڵەی ئەو دوو وڵاتە لەگەڵ کورد

ژمارەی بینەر 627

2025-03-08

دوای ئەوەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامێکی مێژوویی بۆ پارتێک نارد کە چوار دەیە لەمەوبەر خۆی یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی و داوای لێکردن پەیوەستی پڕۆسەی ئاشتی بن و چەکەکانیان دابنێن بە مەرجێ حکومەتی تورکیا هەلومەرجەکان ئامادە بکات. ئەمەش لەلایەن حکومەتی تورکیا و حکومەتەکانی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پێشوازی لێکرا. لە لایەکی دیکەوە پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک وەڵامی بانگهێشتی سەرکردە زیندانیکراوەکەی دایەوە بە ڕاگەیاندنی ئاگربەستی تاکلایەنە، مەرجی دانانی چەکی بەستەوە بە ئازادکردنی ئۆجالان و ئامادەبوونی جەستەیی لە کۆنگرەی پارتەکەیدا. هەرچەن دانوستانی ئاشتی نێوان تورک و پارتی کرێکارانی کوردستان لە دوو دەیەی ڕابردوودا چەندین جار شکستی هێناوە. بەڵام پێدەچێت دانوستانەکانی ئاشتی ئەمجارە جددیتر بێت بەهۆی هۆکاری سیاسی ناوخۆیی تورکیا و ئەو فشارەی کە لە سیاسەتی دەرەوەدا ڕووبەڕووی دەبێتەوە. بۆیە پێشبینیش دەکرێت ئەو دانوستانە کە دوو ساڵ لەمەوبەر بەنهێنی دەستیپێکردوە، لە کۆتاییدا ببێتە هۆی ئازاد کردنی ئۆجەلان. بەڵام مەبەست لەم نووسینە شیکردنەوەی هۆکارەکانی پڕۆژەی ئاشتی و سوود و زیانەکانی لایەنەکانی ئاشتی نییە. مەبەست سیاسەتەکانی حکومەتی ئێران بەرامبەر بە کورد لە ئێران و بەراوردکردنی لەگەڵ تورکیایە. لە کاتێکدا تورکیا پڕۆژەی ئاشتی لەگەڵ کورد دەستپێکردووەتەوە کە ململانێ و خەباتی چەکداری کورد لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا بەبێ پچڕانی بەرچاو بەردەوام بووە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی تورکیا لە یەکێتیی ئەورووپا دوور بکەوێتەوە، هاوکات زیانی زیانبەخشیشی بە ئابووری ئەو وڵاتە گەیاندووە.

ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوەی تورکیا لەگەڵ کورد کەلێنێکی گەورەی لەنێوان کوردستان و ناوچەکانی دیکەی دروستکردووە، بەجۆرێک پارتی کرێکارانی کوردستان توانی لە بارودۆخێکی ئاساییدا لە نێوان هەشت بۆ دە هەزار هێزی گەریلا تەڤڵ و پڕچەک بکات و ئامادەی شەڕەی بکات. سیاسەتی ئاشتەوایی و دانوستانی تورکیا لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار ئەنجام دراوە، بەڵام بە هۆکاری سیاسی ناوخۆیی و کورتبینی دەسەڵاتدارانی تورکیا و بەرژەوەندی کاتی و هەروەها هەندێک ڕەوتی توندڕەوی ناو پارتی کرێکارانی کوردستان، پرۆسەکە پەک خراو شکستی هێناوە. بەڵام پرۆژەی ئاشتی ئەمجارە لەوی جاران جدیترە. داڕێژەرانی سیاسەتی تورکیا ئاگاداری ئەوەن کە لە ماوەی دە ساڵی داهاتودا هاوکێشە سیاسییەکان و پێشهاتەکانی ناوچەکە گۆڕانکاری زۆریان بەسەردا دێت. گۆڕانکارییەکان کە هەم ژیوپۆلتیکی و هەم وزەو هەرێمیشە. ئەوان دەزانن کە ئاسایشی وڵاتانی ئەورووپایی و وڵاتانی دەریای ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا زیاتر لە جاران مەترسییان لەسەرە و هەریەکەیان بەدوای هاوپەیمانی نوێدا دەگەڕێن بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆیان. ئیسرائیل بە مەترسییەکی ئەمنی بۆ تورکیا دەزانن بەو کاریگەرییە قوڵەی لە سوریا هەیەتی بە تایبەتی نزیک بوونەوەیان لە کوردەکانی ئەوێ. تەواوکردنی پشتێنەی داوود، ئیسرائیل دەکاتە هاوسنوور و دراوسێی تورکیا. ئەمەش لە رێگەی کوردی رۆژئاڤاوە دەکرێت و ئەکتەرە سەرەکییەکەیەتی.

زۆربەی نیگەرانییەکانی تورکیا لەم کەیسەدا ٢٠ ملیۆن کوردە کە لە ڕۆژهەڵاتی تورکیا دا دەژین و هەندێک شاری گەورەی وەک ئەستەنبوڵ کە پارتی کرێکارانی کوردستان لەوێ رێکخستنی بەهێزی هەیە. دەسەڵاتدارانی تورکیا بە باشی لەوە ئاگادارن، بەبێ چارەسەری گەورەترین قەیرانی ناوخۆی لەگەڵ کورد، ناتوانن وەک پێویست ڕۆڵیان هەبێت لە هاوکێشە ناوچەییەکان و ئاسایشی جیهانیدا، بەو ئاکامە گەیشتون کە لە بەرامبەر مەیلی فاشیستی ئەوان، یەک وڵات یەک زمان و یەک نەتەوە واتا تورک و تورکیا، نەتەوەیەکیتر و مەیلێکی تر لە بەرامبەریاندا وەستاونەتەوە . ئاپۆ لە بەرامبەر ئاتاتورک، زمانی کورد بەرامبەر تورکی، هێمای دوو پەنجەی سەرکەوتن بەرامبەر هێمایی دو پەنجەی گورگە بۆرەکان. ئەم جۆرە ڕووبەڕووبوونەوەیە لە بیست ساڵی ڕابردوودا گەیشتۆتە ئاستێک کە گرنگیدان بە مافەکانی مافە نەتەوەییەکانی کورد بۆتە کارتێکی هەڵبژاردن، کارتێکی گرنگ کە لە ڕابردوودا تەنها ئیسلامییەکانی وەک ئەردۆغان بەکاریان دەهێنا، بەڵام ئێستا ناسیۆنالیستەکانی وەک کەمال کلیچدار ئۆغلۆش پەنای بۆ دەبەن. بەڵام لەپەنای تورکیا، ئێرانیش جگە لە قەیرانە جۆراوجۆرەکانی تایبەت بە خۆی، یەک شتی هاوبەشی لەگەڵ تورکیادا هەیە و ئەویش قەیرانی شوناس و ڕووبەڕووبوونەوەی کورد و کوردستانە. هەڵسوکەوتی ئێران و تورکیە بەرامبەر بە کورد وێکچوونیان زۆرە. هەروەها هەڵسوکه وتی کورد لەم دوو وڵاتەش بەرامبەر ئەو دوو حکوومەتە وێکچوونیان زۆرە.

وێکچوونەکانی تورکیا و ئێران

هەردوو حکومەت دەستیان لە هیچ سیاسەتێکی سەرکوت و خنکاندن و ئاسمیلەکردن و درووست کردنی بەکرێگیراو بەرامبەر بە کورد نەپاراستوەو بەو مەبەستەش بودجەی نیشتمانیی گەورەیان تەرخان کردووە. لە هەردوو وڵات هەوڵ دەدەن کورد هان بدەن بە بەشداریکردن لە سیاسەتدا لە ڕێگەی بەدواداچوون بۆ مافی هاووڵاتیبوونی تاکەکەسی. سیاسەتگەلێک کە زیاتر لە سەدەیەک لە تورکیا و ئێران کاریگەری پێچەوانەی هەبووە. خۆڕاگری کورد و بزووتنەوەکەی نەک هەر لە ئەنجامی سیاسەتێکی لەو شێوەیە لاواز نەبووە، بەڵکو لە هەندێک کاتدا کۆی دەسەڵاتی ئەو دوو وڵاتەیان خستوەتە مەترسیەوە.

جیاوازییەکانی تورکیاو ئێران

سیاسەتی ئێران بەرامبەر بە کورد هەمان ئەو سیاسەتەیە کە لە دوای دروستبوونی ئێرانی نیمچە مۆدێرن لە سەردەمی ڕەزاخاندا دروست بووە. سیاسەتێک کە تەنانەت لەگەڵ شۆڕشی مەشروتە و شۆڕشی ١٩٧٩دا نەگۆڕاوە. دوای شۆڕش، زمانی سەرەکی و فەرمی زمانی فارسییە، کەس بۆی نییە هیچ حیزب و گرووپێک لەژێر ناوی کوردستان دروست بکات. سەرەتا لە ژێر ئاڵای ئومەتی ئیسلامی و دواتر ئێران بۆ هەموو ئێرانییەکان، سیستمی مەرکەزیی ڕەزا خانیی زیاتر بەهێزتر کرد. بەڵام لە تورکیا لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا ڕێگە بە کورد دراوە لە چوارچێوەی دەستووری تورکیا پارتی سیاسی پێکبهێنێت. هەرچەندە گەشەی ئەو حزبانە ڕووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە و لە هەندێک حاڵەتدا سەرکوتکراون و هەڵوەشێنراونەوە، بەڵام هێشتا ڕێگەی پێکهێنانی حزبی نوێ کراوەیە. لە چەندین هەڵبژاردندا پارتی کوردی بووەتە فراکسیۆنێکی کاریگەر لە پەرلەمانی تورکیا. جیاوازییەکی دیکەش بەڕێوەچوونی بەردەوامی هەڵبژاردنی شارەوانییە لە تورکیا. کورد بەشدارییەکی کارای هەیە و لە زۆربەی شارەکانی کوردستان شارەوانییەکان بە دەنگێکی زۆر دەبەنەوە. هەرچەن هەندێک لەو سەرۆک شارەوانیانە هەندێک جار بە هۆکاری سیاسی لەلایەن ئەردۆغانەوە دوور دەخرێنەوە قەیومێک دەخاتە جێگەیان. لە ڕاستیدا دەستووری تورکیا بە بەراورد لەگەڵ ئێران لامەرکەزیتر و کراوەترە. ئەم جیاوازییە بووەتە هۆی ئەوەی کە کورد بەشدارییەکی هەرچەند سنووردار لە دەسەڵاتدا بکات. لەحاڵێکدا شتی وا له ده ستووری ئێراندا جێگه ی نییه و هەر هەوڵێک لەم پێناوە بە جوداخوازی لەقەڵەمدەدرێت. جیاوازییەکی دیکە لە ئۆپۆزسیونی هەردوو وڵاتدایە. زۆربەی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لە تورکیا ویستی پەیوەندی و هاوکارییان هەیە بەرامبەر بە کورد. بەتایبەتی بزووتنەوە چەپەکانی تورکیا پشتیوانی بزووتنەوەی کوردستانیان کردووە و پاڵپشتی دەکەن. کەسایەتییە دیارەکانی وەک ئیسماعیل بیشکێچی، جەنگیز جاندار و چەندین کەسی دیکە کاریگەرییان لەسەر بیروڕای گشتی تورکیا هەیە. بزووتنەوەی روناکبیری لە تورکیاش هەر هەمان هەڵوێستیان هەیە. بەڵام لە ئێراندا ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆیی و دەرەکی بەرامبەر بە کورد و مافەکانی جیاوازییەکی ئەوتۆیان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی نییە. هەندێک جار سیاسەتی سەرکوتکاری حکومەتی ناوەندی ئێران بەرامبەر بە کورد بەکەم دەزانن. بزووتنەوەی ڕۆشنبیری ئێرانیش هاوشێوەی ئۆپۆزسیۆنەکەی، گرینگی بە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی کورد نادات.

کورد لە تورکیا

کورد لە تورکیا، سەرەڕای بوونی ئایینی سوننە و عەلەوی و بوونی زاراوەی جیاوازی زمانی کوردی، لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا، تەنیا لە لایەن یەک حیزبەوە ڕێکخراوە ئەویش پارتی کرێکارانی کوردستانە بە سەرۆکایەتی ئۆجەلان. هەرچەند جارێک ئاکەپە بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان توانی لە مەیلی ئایینی خەڵکی کوردستان کەڵک وەربگرێت بۆ بەدەستهێنانی بەشێک لە دەنگەکانیان، بەڵام ئەوە پارتی کرێکاران بووە کە توانیویە لە سەردەمە مێژووییەکاندا کوردستان ڕێکبخات. پارتی کرێکاران لە ڕووی گوتارەوە بە چەندین هەوراز و نشێودا تێپەڕیوە، لە هەوڵدان بۆ دامەزراندنی کوردستانی گەورە لە هەر چوار بەشەکەدا بۆ حکومەتێکی لامەرکەزی و دواجار بۆ کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک و خۆسەری. گۆڕانکارییەک کە لانیکەم لە کوردستانی تورکیادا بە باشی بۆی چوتەوە سەرو و توانیویەتی لە کۆمەڵگاشدا بیچەسپێنێ. بەڵام گۆڕانی گوتارێکی لەو شێوەیە کەوتوەتە بەر رەخنەی نەتەوەخوازە کوردەکان. پارتی کرێکاران بە پاشەکشە و لادان لە پرۆژەی بنیاتنانی دەوڵەتی نەتەوەیی کوردستان تۆمەتبار دەکەن. بەڵام ئەم حیزبە ڕێگای خۆی گرتۆتە بەر و توانیویەتی هەربەم شێوەیە هێزێکی گەورە لە رۆائاڤای کوردستان ڕێکبخات.

کورد لە ئێران

لە ئێستادا خەڵکی کوردستان لە ئێران لە بەشەکانیتری کوردستان نەتەوەییترن. لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لە ڕێگەی کردەوەی جۆراوجۆرەوە بۆ سەقامگیرکردنی فیدراڵیزم لە عێراق، هاوسۆزی لەگەڵ کۆبانی و ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، ئەمەیان نیشانداوە و تەنانەت گەلی کوردستان لە عێراق و تورکیا بە لادان لە پرەنسیپە نەتەوەییەکان تۆمەتبار دەکەن. خەڵکی کوردستان لە ئێراندا هۆگری ئایینی پارچەکانی دیکەیان نییە و زیاتر لە جاران لە ئایین دووردەکەونەوە. کورد لە ئێران بۆی نییە هیچ جۆرە رێکخستنێکی فەرمی سیاسی هەبێ.. ئەوەی ڕێکیان دەخات ئەو حیزبانەن کە ڕێگەیان پێنادرێت بە شێوەیەکی یاسایی چالاکی بکەن و لە ئێراندا بە نایاسایی و دوژمنکار دادەنرێن. حیزبە کوردییەکان لە ئێران سەرەڕای نایاسایی بوون، کاریگەرییەکی زۆریان لە نێو خەڵکی کوردستان هەیە. هەرچەندە وەک پارتی کرێکارانی کوردستان لە تورکیا، لە ڕووی سەربازییەوە لە ناوچەکەی ژێر دەسەڵاتی خۆیان نین و لە ڕاستیدا لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە گەمارۆدراون، بەڵام توانیویانە پەیوەندی خۆیان لەگەڵ پێکهاتەی کۆمەلگا بپارێزن.

لە ماوەی ٢٥ ساڵی ڕابردوودا توانیویانە لە ڕێگەی بانگەوازی هاوبەشەوە نزیکەی ٢٠ مانگرتنی سەرکەوتوو ڕێکبخەن و شارەکانی کوردستان دابخەن. بەڵام کێشەی سەرەکی ئەو حزبانە، نەبوونی داهێنانی سیاسییە. کرداری سیاسی وەک بانگەوازی مانگرتن و ئەنجامدانی مەراسیمی کەرنەڤاڵی زیاتر کردەیەکی سیاسی دژکردەوەییە نەک چالاکیەکی سیاسی کردەوەو دیاریکراو کە خاڵی دەستپێکی گەمەکە خۆیان دیاریان کردبێ. زۆربەی حیزبەکانی رۆژهەلاتی کوردستان لەگەڵ پلانی فیدرالیزم بۆ ئایندەی ئێران هاوڕان، بەڵام تا ئێستا سەرکەوتوو نەبوون لە ڕوونکردنەوەی ئەو بیرۆکەیە لە ئێران و دروستکردنی هاوپەیمانیی بەو ئاراستەیە. تەنانەت لە سەردەمی بزووتنەوەی ژینا و دوای ئەویش بە هۆی پاسیڤ بوون و هەڵەی سیاسییەوە ئەو دەرفەتەیان لەدەستدا . تورکیا و پارتی کرێکاران لە کاتێکدا پرۆژەی ئاشتیان دەستپێکردوە کە لە چوار دەیەی ڕابردوودا هەزاران کەس لە هەردوولا گیانیان لەدەستداوە. هۆکاری دەستپێکردنی پڕۆژەی ئاشتی و داهاتووەکەی هەرچییەک بێت تەنانەت ئەگەر شکستیش بێنێ، ئەوە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە حکومەتی تورکیا دانی بە بوون و ڕۆڵی کورددا ناوە. ئێران کە ساڵانێکە ڕووبەڕووی ئەم قەیرانە بووەتەوە، بەردەوامە لە نکۆڵیکردن لە کورد. هاوکات تورکیا ساڵانێکی زۆرە سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستانی لە زینداندا هێشتووەتەوەو داوای لێدەکات کە پڕۆژەی ئاشتی دەستپێبکات و جێبەجێی بکات، بەلام زۆرێک لە سەرکردەکانی کورد لە ئێران تیرۆر دەکرێن. هاوکات، تورکیا بە پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی پراگماتیک هەوڵی باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کورد دەدات، بەڵام ئێرانێک کە لە ساڵی ٢٠٢٢ کە گەورەترین بزوتنەوەی بەرهەڵستکارانەی لە دژی خۆی بینی و بنکە سەرەکییەکەشی لە کورستان بوو، بەردەوامە لە پەراوێزخستنی کورد. تەنانەت پلانی ماددەی ١٥ی دەستووری خۆی واتا فێرکاری بە زمانی دایکی لە پەرلەمان ڕەتدەکاتەوە و بە هۆکاری نائەمنی دەزانێت. ئەمە تەنانەت لەناو زۆرینەی ئۆپۆزسیۆنی کارتۆنی ئێرانیشدا هەیە لە حاڵێکدا جارێ لە سەر حوکم نین هەڕەشەی شەڕی دژە کورد دەکەن.