ئێران، کۆمارێکی ئیسلامی یاخود کۆمارێکی سیخوڕی جیهانی

ژمارەی بینەر 545

2024-10-14

 لە پەراوێزی سیخوڕێتی ئیسماعیل قائانی بۆ ئیسرائیل

یەکێک لەو ناوە نادروست و فێڵە گەورانەی لە ساڵی ١٩٧٩ ەوە بە گوێی ئێرانیەکان و ناوچەکە و جیهاندا دەدرێ دەستەواژەی شۆڕشی ئیسلامیە لە ئێراندا. خومەینی لە رێگەی شۆڕشێکی ئیسلامیەوە نەهاتە سەر حوکم بەڵکو لە رێگەی کودەتایەکی سیخوڕی ئەوروپی و ئەمریکیەوە بوو کە هەر سێ زلهێزەکەی رۆژئاوا، ئەمریکا و فەرەنسا و بەریتانیا، دەستیان هەبوو تێیدا بەتایبەت ئەمریکا بڕیاری لاچونی شای دابوو ئەویش لە رێی قسەیەکی بەناوبانگی جیمی کارتەری ئەو دەمی سەرۆکی ئەمریکاوە، ١٩٧٧-١٩٨١، کە فارسەکان هەندێ جار دەیڵێنەوە کاتێک گوتبووی "شاە باید برە" واتە شاە دەبێ بڕوات.

 بەهێزی بزووتنەوەی سیاسی چەپ لە ئێران و ئەو ئاستە لە فەرهەنگ و مەدەنیەت و بیروباوەڕی پێشکەوتووخوازی ئەمریکای تۆقاندبوو کە ئەزمونێکی وه‌ها لە مەداری یەکێتی سۆڤیەتدا دێت و دەچێ و گەر شا بڕوخێ ئەوا ئێرانیش دەچێتە ئەو مەدارەی روسیاوە. ئەمریکا و ئەوروپیەکان دەیانزانی زوڵمی شای ئێران لە ئەستوریدا وا دەپچڕێ و بەختی دەسەڵات دەکەوێتە دەست کۆمۆنیست و چەپەکان بە گشتی. بۆیە بیریان لەوە کردەوە کە پێشتر دەسبوەشێنن و بۆشیان گرنگ نەبوو کێ دیتە سەر تەخت و تەنها شتێک بۆیان گرنگ بوو حکومەتێکی کۆمۆنیستی یاخود ئازادیخواز و نیشتماندۆستی دەسەڵات نەگرێتە دەست و ئەوەیان کرد کە ئێستا تێگەشتنی باوی جیهانی دەیڵێنەوە بە ناوی شۆڕشی ئیسلامیەوە.

بەپێی ئەو بەڵگەنامە بەریتانی و ئەمریکیانەی هەن بەتایبەت رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ساڵی ٢٠١٦، بڵاویان کردۆتەوە کە لە ساڵی ١٩٦٧ ەوە خومەینی پەیوەندی لەگەڵ دەزگای هەواڵگری ئەمریکی (سی ئای ئەی)دا هەبووە. تەنانەت کاتی هاتنەوە یەکەم جاری لە فەرەنساوە بۆ ئێران بەرپرسانی (سی ئای ئەی) لە پێشوازیدا بوون. لە دەمانی هاتنەوەشی بۆ ئێران داوای لە ئەمریکا کردووە کە یارمەتی بدەن هەر بۆیە ئەمریکا متمانەی ئەوەیان پێداوە کە هەوڵ دەدەن سوپا رازی بکەن و بەرەو رووی نەبنەوە. بەکورتیەکەی ئەوەی دیتمان کە خومەینی هاتەوە و تەواوی مانا و ئاراستە و ئامانج و رووداوی شۆڕش گۆڕا بە شتێکی تر ئەوە پلانێکی دەزگا هەواڵگری و سیخوڕیەکانی تێدا بوو کە لایەنێک بهێننە سەر حوکم و ئەوانیتر دەرپەڕێنن و هەر ئەمەش کرا.

ئاخوندەکان هەر زوو پڕ چەک کران و توانای سەربازی و ماڵی زۆریان خرایە بەردەست بە پێچەوانەی کۆمۆنیست و چەپەکانەوە کە هەر وێڵ کرابوون لە لایەن میدیا و سیاسەتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە؛ بگرە کار گەیشتە ئەوەی دەسەڵاتی نوێی ئیسلامی کەوتە گیان ئەو هێز و لایەنانەی کە ماتریاڵی سەرەکی شۆڕش بوون لەوانە هێزە کوردیەکانی وەک کۆمەڵە و دیموکرات لە کوردستانی رۆژهەڵات.

لێرەدا مەبەستمە یەک خاڵ ئاماژە پێبدەم ئەویش ئەو دەورە سیخوڕیە جیهانیەیە کە ئاخوندەکانی هێنایە سەر کورسی حوکم. هەر ئەم رەگە مێژووییە سیخوڕییەیە کە ئێستا لە ناو کایە هەستیار و کاراکتەرە بەرزەکانی جمهوری ئیسلامیدا دەردەکەون چ لە سەرەتای کۆمارەکەوە، وەک مەهدی هاشمی یەکەمین سەرکردەی فەیلەقی قودس، تاکو ئیستا وەک ئیسماعیل ئاقانی دوایین سەرکردەی فەیلەقی قودس.  مەسەلەی جاسوسێتی بۆ لایەنی دەرەکی، وەک ئیسرائیل بە نموونە، لە ناو دەزگا جیاواز و گرنگەکانی كۆماری ئیسلامیدا لە یەک دوو سێ حاڵەتەوە تێپەڕی کردووە و بووە بە دیاردەیەک کە لەرزەی تەواوی بە هەیکەلەی دەسەڵات داوە بەرادەیەک کەسێتیەک نیە گومانی لێ نەکرێ. دیارە ئەوەی ئەویتر دەگرێ و تۆمەتباری دەکات بە سیخوڕ و لە سێدارەی دەدات لە دوو سێ شتەوە دێت:

یەکەم، مەسەلەی سیخوڕێتی بووە بە گەمەیەکی ترسناکی ناو دەسەڵات کە كۆماری ئیسلامی بووە بە گۆرەپانێکی تەراتێنی جاسوسێتی جیهانی بەڵام لە تەکیەوە پیاوانی ناو دەسەڵات ململانێکانی خۆیانی لە پشتەوە تێدا ساغ دەکەنەوە.

دووەم، کەمێک لە کۆمیدیایەکی سیاسی دەچێ لەوەی کە هەرەمی سەرەوەی دەسەڵات نەیەوێ کەس ئەو کارە بکات جگە لە خۆی وەک چۆن خومەینی ئەو کارەی کردووە بەڵام دواتر هەڵگەراوەتەوە لەو لایەن و وڵاتانەی پەیوەندی هەبووە لەگەڵیان.

سێیەم، کاتێک کەسێتی پلەدارەکان دەبینن هەرەمی سەرەوە لەو کارە بەشدار بووبێ بۆ مەرامی خۆیان ئەمان بۆ نەیکەن؛ ناوەکان زۆرن بەڵام من ئاماژە بە سیانیان دەدەم ئەوانیش: یەکەم، سەید مەهدی هاشمی دامەزرێنەر و یەکەمین سەرکردەی سوپای پاسداران کە سەر بە جاسوسی دەرەوە بووە و کۆماری ئیسلامی ساڵی ١٩٨٧ لە سێدارەیدا. دووەم، لە سێدارەدانی سەرهەنگ "رەزا عەسکەری" کە یەکێک لە دامەزرێنەرانی حزبوڵلای لوبنانی بوو ساڵی ٢٠٢٠ لە سێداره‌ درا گوایە جاسوسی ئەمریکی بوو. سێیەم، ئیسماعیل قائانی جێگەی قاسم سولێمانی و دوایین سەرکردەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپاسی پاسداران بوو گوایە جاسوسی ئیسرائیلی بووە، ئەم یەک دوو رۆژە هەواڵ وا بڵاوبۆتەوە گوایە ئەویش لە سێدارە دراوە.

 رۆشنبیرە جورناڵیستە سیخوڕەکان

لە تەک دەزگا سیاسیە سیخوڕیە جیهانیەکانی وەک ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسادا رۆشنبیرەکانیش بە بەرگی ژورناڵستیەوە کاری جاسوسیان دەکرد کە کارەکانیان هیچی کەمتر لە نەبوو کارە سیاسیەکانی دەزگا هەواڵگریە تایبەتەکانیان. میشێل فۆکۆ نموونەیەکی بەرجەستەی ئەم بابەتەیە

فەرەنسا وەک چۆن ئەو دەم میشێل فۆکۆی هەبوو ئیستا بێرنارد هنری لێڤی هەیە کە رۆشنبیرێکی دیاری فەرەنسا و ئەوروپایە و لە هەموو راپەڕین و خۆپیشاندان و رووداوە گەورەکانی ناوچەکەدا بوونی هەیە و بە ئاشکرا هەوڵی سیاسی و کۆمەکی سەربازی دەکات بەو لایەنەی خۆی بیەوێت لەو وڵاتەی ئەوی لێیە لەوانە یوکراین و کوردستان و پێشتریش بەشداری کردەیی لە شۆڕشە یاسەمنیەکانی وڵاتانی عەرەبی، کە لای رۆژئاوا بە بەهاری عەرەبی ناسراوە، لە سەرەتای ساڵانی ٢٠١٠ یەکانەوە هەبووە.

تەنانەت خودی ئەو ژورناڵیست و نوسەرانەشی کە دەهاتن بۆ ئێران لە دەمانی ١٩٧٩ ەوە سەر بە دەزگا هەواڵگریەکانی رۆژئاوایی بوون و من تەنها ئاماژە بە یەک ناوی دیار و گەورەی دنیای رۆشنبیری و فەلسەفی رۆژئاوایی دەدەم ئەویش میشیل فۆکۆی فەرەنسیە. هەر کەس نوسینێکی میشێل فۆکۆ ببینێ کە لەو سەردەمەدا، گوایە وەک ژورناڵستێک دەینوسی، بێ یەک و دوو دەزانێ فۆکۆ بە چ مەرامێکەوە و لە چ روانگەیەکەوە و بۆ کێ ئەوانە دەنوسێ و دەنێرێ. میشێل فۆکۆ زۆر بە مەبەستەوە باسی جۆش و خرۆشی ئەو خەڵکە دەکات لە دەمانی شۆرش له‌ ئێراندا کە چۆن هەموویان حکومەتێکی ئیسلامیان ده‌وێت بەڵام ناچێ بەلای ئەو جوڵانەوە گەورە چەپێتیەی لە ناو ئێراندا هەبوو، بگرە باسی حزبی تودە پڕ جەماوەرترین حزبی ئەودەمی ئێران و گەر بڵێم کرۆکی شۆڕشی ئێران بوو لە ناوچە فارس نشینەکانی بەتایبەت شارە گەورەکان، بەڵام ئاخوندەکان هەر زوو پڕ چەک کران و توانای سەربازی و ماڵی زۆریان خرایە بەردەست بە پێچەوانەی کۆمۆنیست و چەپەکانەوە کە هەر وێڵ کرابوون لە لایەن میدیا و سیاسەتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە؛ بگرە کار گەیشتە ئەوەی دەسەڵاتی نوێی ئیسلامی کەوتە گیان ئەو هێز و لایەنانەی کە ماتریاڵی سەرەکی شۆڕش بوون لەوانە هێزە کوردیەکانی وەک کۆمەڵە و دیموکرات لە کوردستانی رۆژهەڵات.