خوێندنەوەیەکی کۆمەڵناسیانە بۆ قسەی"جەمال لۆ مارێ"

ژمارەی بینەر 1306

2024-05-23

رۆژانە زۆر قسە دەکەوێتە بەر گوێمان کە هەندێکیان دەنگدانەوە دروست دەکەن، هەندێکیان جێگای خۆیان دەگرن دەبن بە قسەی معقوڵ، بەشێکیشیان دەبنە قسەی قۆڕ، هەندێک لەو قسە قۆڕانە هەرچەند دەنگدانەوە دروست دەکا، بەڵام لێ ناکۆڵدرێتەوە کەوا چۆن دەچێتە نەستی تاک بە تاکی کۆمەڵگا. تاکوو ئێستا نازانیین ئەو قسە قۆڕانە چێن وە بۆچی فرێدەدرێن بۆ ناو کۆمەڵگا، ئەقڵ و نەقڵمان داگیر دەکا؟ یاخود ناپرسین ئەوە چەندە خزمەت بە ئێمە دەکا؟ یان بۆچی قسەی قۆڕ ئەوەندە زۆر بووە؟ بە مانایەکی دیکە ئێمە تاکوو ئێستا هیچ رێچکەیەکمان نییە. لێرە دەمەوێ بچمە سەر بەشێک لەو قسە قۆڕانە و لێیان بکۆڵمەوە، بە تایبەت لە ڕوانگەی فەلسەفییەوە، بەو ماناییە نا کە قسەی قۆڕ بە فەلسەفە بکەم، بەڵکو تەنها دەمەوێ دەریان بخەم.

ئەو ناو نیشانەم لە دەرئەنجامی خوێندوەم بۆ وتارێکی فەیلەسوفی ئەمریکایی (هاری فرانکفۆرت) بۆ دروست بوو، کە ووتارێکە لەبارەی کۆنسێپتی (قسەی قۆڕ On Bullshit). بەڵام ئەو وتارەی من هیچ پەیوەندیکی بە وتارەکە یان پەرتووکەی ئەوە نییە. تەنها لە ڕوانگە و کۆنێکستی ناوخۆ ئەو وتارەم دارشتووە[1].

قسەی قۆڕی بە هەموو ئەو قسانە دەڵێن کە بەر گوێمان دەکەوێ یان هەست دەکەین هەڵە تێگەیشتن هەیە لە پێشکەشکردن و وەرگرتنەکەی. بۆ نمونە قسەی " جەمال لۆ مارێ"ی کاک پاڤێل، لەوانەیە کە ئەو دەیڵێت قسەیەکی تەواو بێ، بەڵام کە کەسێک بەناوی ئەوەی کە (مەبەستی ئێمە بووە) دووبارەی دەکاتەوە قسەکە دەبێتە قسەیەکی قۆڕ، واتە مانای خۆی لە دەست دەدات. ناو هێنانی ئەو جۆرە قسانە بە قسەی قۆڕ وەک پێویست دەبینم لە ڕووی لۆجیکیەوە. لەوانەیە بەکارهێنانی ئەو دەستەواژەیە " قسەی قۆڕ" بۆ ئەو جۆرە دیاردانە غەدرکردن و خراپ بەکارهێنانی بێ، بەس چی دەکەی دیاردەکە ئەوەندە فروانە هیچ شیکارێکی ورد و چەمکێک ناتوانێ وەسفی پێویستی بکا، بۆیە قسەی قۆڕ لێرە وەک یارمەتیدەر بەکاردێ بۆ تێگەیشتن، هەرچەندە پێناچێ مانای تەواوی ئەو دیاردەیە بدات بە دەستەوە. ئەوەی بە کەموکوڕی دەزانم ئەوەیە کە ناچمە سەر هیچ فەرهەنگێک بۆ ئەوەی مانای تەواو و بەکارهێنانی قسەی قۆڕ وەربگرم. بەس دەزانم کاتێک کەسێک قسەیەک دەکا کە لە جێگای خۆیدا نییە، پێدەڵین "درۆ دەکا، مەبەستی ئەوە نیە بەڵکو ئەوەیە.....". هەرچەندە کەسی قسەکەر مەبەستی ئەوە نەبووبێ کە درۆ بکا بەڵام خەڵک زوو هەست دەکەن کە ئەو دەستەواژەیە یان قسەیە تەنها بۆ خەڵەتاندنە، بە زۆریش ئاشکرا دەبێ بەڵام وەک دەڵێن  " پەتی درۆ کورتە!!" یان زۆرجار دەکەوێتە ژێر پەلامار و قسەی قۆڕی دیکە. بەڵام پێمان خۆش بێ، یان ناخۆش هەندێجار نەک زۆرجار یان هەمووجار زمان دەبێتە ئامرازێک بۆ هەڵخەڵەتاندن و درۆ، کە دەتوانیین بڵێن یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی زمان بریتییە لە دەربڕینی درۆ و شاردنەوەی ڕاستیەکان یان شێواندنی.

لێرەدا کەسێک بەناو نوێنەری تورکمان لە پەرلەمان  یان ئەوانەی خۆیان بە نوێنەری ئەوان دەزانن هەڵسا بە بەکارهێنانی ئەو قسەیە. ئەو جۆرە بەکارهێنانی قسە بۆ مرام و مەخسەدی تایبەت هەر لە ناو تورکماندا نیە، بەڵکو لە کوردا زیاتریش هەیە، تەنانەت زۆرجار ئەو کەسانە وەک نوێنەری من و تۆ خۆیان دەردەخەن، کە لەوانەیە دوور و نزیک بە نوێنەری خۆمانیان نەزانین. بۆ نمونە سەرۆک کۆماری عێراق بەناو نوێنەری من و تۆیە لە بەغدا، کە لەوانەیە عەرەبێک لە بەغدا زیاتر لە کوردێک بێزار بێ لەو کەسە. لە وردبوونەوە لە نوێنەرایەتی نەتەوە جیاوازەکان لە چوارچێوەی عێراقدا، هەڵسەنگاندن بۆ ڕۆڵی سەرۆک کۆماری عێراق زۆر گرنگە. لە کاتێکدا کە بە ڕواڵەت وەک نوێنەری هەموو هاووڵاتیان، بە عەرەب و کوردەوە، پێگەی خۆی هەیە، بەڵام واقیعەکە ئاڵۆزتر و مشتومڕاویترە. شتێک کە شایەنی ڕەخنەیە ئەوەیە، تا چ ڕادەیەیەک سەرۆک کۆمار بە ڕاستی بانگەشە بۆ هەندێک لە بەرژەوەندییەکانی کورد دەکات، چ بە قسە و چ لە کردەی سیاسەدا. زۆرێک لە ئێمە گومانمان سەبارەت بە سەرۆک کۆمار هەیە بەوەی نەک هەر توانای سنوردارە لە نوێنەرایەتی کورد بەڵکو بە ئەگەرێکی زۆرەوە پێویستی و خواستەکانی کورد بێ بایەخ کردووە. درێژەدانی ئەو مەسەلەیە زیاتری دەوێ، بەس دەگەڕێمەوە سەر ئەوەی قسەیەی " جەمال لۆ مارێ" کە دەستەواژەکە شێوەیەکی دەشتەکی هەولێری هەیە تا لهجەی هەولێری، شێوەزاری دەشتەکیەکان زیاتر (ل) دەکەن بە (ر) لە دەربڕیندا بەڵام بەناو هەولێری کۆن ( بەشێکی کوردەکان کە لە زووە لە هەولێر و قەڵات نیشتەجێ بوون، یان تورکمان، تەنانەت ئەو تورکمانەشی لە پردێ و کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی عێراقیش دەمێکە لە هەولێر نیشتەجێن[2]) ئەوان (ل) قەڵەو دەکەن زۆرجار دەیکەن بە (ڵ)، ناچمە ناو ئەو مەسەلەیەش بابه‌تێکی فۆنتیکی و زمانەوانییە.

پرسیارێک دەمێنی، بۆچی ئەو قسە قۆڕانە دڵگرانمان دەکا کە ڕۆژانە دەیبیستین، چونکە پێمان وایە کە ئەو قسە قۆڕانە دووجار ئێمە بریندار دەکا، یەکێکیان ئەوەیە کە کەسێک قسەی " جەمال لۆ مارێ" بەکاردێنی بۆ درۆیەک، دووەمیش ئەوەیە کە ئەو قسە قۆڕانە لە شوێنی خۆیدا نییە، واتە گریانیان بۆ ئەوە نییە. بە داخەوە ئەوەی کە ئەوان ئاواتی بۆ دەخوازن ئەوە نییە. وە " جەمال لۆ مارێ"  دەکرێ هەر بۆ ئەوە و ئەوان نەبووبێ. 

ئەو جۆرە نوێنەرایەتی و قسە قۆڕەکانیان لە کوێدا سەری هەڵداوە، ئەوە پیویستی بە گەڕانەوەیەکی کورتی مێژووییە، لە نەوەدەکانەوە تاکوو ئەمرۆ کە پارتی هەولێری لەبەر دەستبووە زۆرجار لە رێگای خەڵکی ئەو شارە نوێنەرایەتی تا رادەیەک باشی خەڵکەکەی دەکرا، سەرەڕایی کەموکوڕییەکان بەڵام لەگەڵ رووداوی یەکی شوبات زۆربەی مەسئولەکانی هەولێر کە دیاربوون و رۆڵیان هەبوو شەهید بوون، پارتی بەرە بەرە خەڵکی تری لەسەر هەولێر قەید کرد کە شارەزایی لایەنی کۆمەڵایەتی و دانیشتوانی هەولێر نەبوون، تەنانەت زۆربەی راگەیاندنەکانی پارتی بە خەڵکی هەورامی، سلێمانی، بادینان تا (رۆژهەڵاتی) پڕکرانەوە ( زۆر ئاساییە چونکە هەولێر پایتەختی کوردستانە، وە پارتی حزبێکی کوردستانییە تا ناوچەیەکی دیاریکراو). وە لە ڕووی کارگێرییەوە کەرکوکی و بادینی ئیدارەی خەڵکی ئەو شارەیان کردووە (ئەوەش ئاساییە چونکە کەرکووکیان لە دەرئەنجامی بە عەرەبکردن و شاڵاوەکان ڕوویان لە هەولێر و سلێمانی کردووە ماوەیەکی زۆرە لە هەولێرن)، بەس ئەوانە لە دەرئەنجامی کەم شارەزایی و هەندێجار بە سیاسەت هەولێریان تەنها لە ڕوانگەی ئەوانەوە دەبینی کە بە تورکمان خۆیان دەناسێنن، ئەوان یان نازانن یان نایانەوێ بزانن کە خەڵکی هەولێر واتە  دەشتی هەولێر، کۆیە و رەواندز و ئەترافی هەولێر کە ئێستا زۆربەی خەڵکی ئەو ناوچانە لە هەولێر نیشتەجێن، نەک هەر لە ڕووی دانیشتوان تەنانەت ئەگەر لە ڕووی هونەری و ئەدەبی هەتا سیاسیش ئەوانە زیاتر خزمەتیان بە هەولێر کردووە، واتە تورکمان زیاتر بە بازرگانی و بازارەوە پەیوەست بوون. بەناو هەندێ کاربەدەست لە هەولێر بەشێک لە دۆمەکانی هەولێریان زۆر لە ئەترافی هەولێر پێ هەولێری تربووە (لەوانەیە ئەوە لە دەرئەنجامی هەڵە تێگەیشتن بێ، یان ئەو قسەیەی من وەک قسەیەکی قۆڕ بێ کە ئەگەر لە جێگای خۆیدا نەبێ).

پرسیارێک دەمێنی، بۆچی ئەو قسە قۆڕانە دڵگرانمان دەکا کە ڕۆژانە دەیبیستین، چونکە پێمان وایە کە ئەو قسە قۆڕانە دووجار ئێمە بریندار دەکا، یەکێکیان ئەوەیە کە کەسێک قسەی " جەمال لۆ مارێ" بەکاردێنی بۆ درۆیەک، دووەمیش ئەوەیە کە ئەو قسە قۆڕانە لە شوێنی خۆیدا نییە، واتە گریانیان بۆ ئەوە نییە. بە داخەوە ئەوەی کە ئەوان ئاواتی بۆ دەخوازن ئەوە نییە. وە " جەمال لۆ مارێ"  دەکرێ هەر بۆ ئەوە و ئەوان نەبووبێ.  بەڵام بینیمان نوێنەرەکە ئەوە بە چاوی خەڵکدا دەداتەوە کە هەزاران کۆمێنتی بۆ کراوە. دەتوانم بڵێم کە وەک چۆن خەڵک هەڵەن، ئەوا ئەو کەسە و ئەو جۆرە نوێنەرانە دووجار هەڵەن، بەڵکو هی ئەو جۆرە کەسانە ناکرێ بە هەڵە لە قەڵەم بدرێ بەڵکوو دووجار درۆیە وەک لە پێشەوە خستمە ڕوو، کە جیاوازی و بەرپرسیارەتی هەڵە و درۆ هەموو کەسێک دەیزانێ، چونکە دەکرێ خەڵکانێک هیچ بەرپرسیارەتیکیان نەبێ ئەو جۆرە قسانە بکا، بەڵام  لە پلەی بەرپرسیارەتی ئەو جۆرە قسە قۆڕانە زیاتر لەسەر قسەکەر دەکەوێ کە بەرپرسیارەتی سیاسی، یان ئیداری هەبێ.

سەرەتا و سەرچاوەی قسەی قۆڕ و درۆ نەزانراوە، چونکە پێدەچێت شانبەشانی خودی زمان سەری هەڵدابێت. بەڵام ئەگەر درۆکردن وەک جۆرێک لە فریودانی ستراتیژی لەبەرچاو بگرین، لەوانەیە مێژوویەکی دوور و درێژی هەبێت کە بەستراوەتەوە بە مانەوە، هاوشێوەی ئەو ڕەفتارەی کە لە ئاژەڵەکاندا بەدی دەکرێت. بە سروشتی زۆرێک لە جۆرەکانی گیانەوەر وەک ئامرازێک بۆ دەستەبەرکردنی خۆراک، دوورکەوتنەوە لە نێچیرەکان، یان ڕاکێشانی هاوسەرەکانیان، بەشداری لە ڕەفتارە فریودەرەکان دەکەن. ئەم غەریزەیانە بۆ مانەوە و زاوزێ ئەوە پیشان دەدەن کە توانای درۆکردن یان فریودان دەتوانێت سیفەتێکی بۆ ماوەی بێت کە مرۆڤ لەگەڵ ئاژەڵەکانی دیکەدا هاوبەشی دەکات. بۆ مرۆڤەکان، ڕەنگە توانای درۆکردن سوودی بەرچاوی مانەوەی لە ژینگە کۆمەڵایەتییە ئاڵۆزەکاندا دابین کردبێت. بە بەکارهێنانی فێڵ بۆ گەیشتن و دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان کەسەکان یان کێبڕکێکردن لەسەر سەرچاوەکان، تاکەکان دەتوانن لەو ڕێگایەوە شتێک بەدەستبهێنن لە دەستەبەرکردنی مانەوەی خۆیان و مانەوەی پەیوەندییەکانیان. بەس لە کاتێکدا درۆکردن دەتوانێت لە هەندێک بارودۆخدا خزمەت بە ئامانجی پراکتیکی بکات، بەڵام نیگەرانیە ئەخلاقیشی سەبارەت بە متمانە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەوروژێنێت. سەرەڕای ئەوەش، مەیلی فریودان بۆ مانەوە، جەخت لەسەر یارییە ئاڵۆزەکانی نێوان سروشتی مرۆڤ و پەرەسەندن و ئەو دووفاقییە ئەخلاقییانە دەکاتەوە کە لە پەیوەندیکردندا ڕووبەڕوومان دەبێتەوە.

کێشەی ئێمە ئەوەیە کە ناتوانیین سەردەمی ئەو قسە قۆڕانە تێپەر بکەین چونکە لە سەردەمی ئێمەدا ڕوودەدات و دەگوترێ، ئەو جۆرە قسانە هەتا ئەگەر وەکوو درۆش وەریبگرین  کاریگەری دەبێ لەسەر بیروباوەڕمان، واتە لە مەودای دووردا کاریگەری دروست دەکا لەسەر ئەقڵمان، کاتێک کە کەسێک وەکوو نوێنەری تورکمانەکان قسە دەکا جگە لەوەی کە نوێنەرایەتیەکەی وەکوو نوێنەرایەتی هەندێ کوردیش درۆیە، بەڵام کێشەکە هەر لێرە ناوەستێ بەڵکو داوا دەکا کە بڕواشی پێ بکەین، "جەمال لۆ مارێ" وا لە من دەگەێنێ کە مەبەست لە ئەوانە، نەک بڵیت ئەمنیش واتە وەک کەس قسە بکا، کە بڕواکردن بەوە دوا جار دەمانبات بۆ ئەوەی حکوم بدەین لە دەرئەنجامی ئەو باوەڕ کردنەی ئەو دەیخوازێ یان ئەگەر باوەڕمان کرد.

سەرەڕایی ئەوەی کە ئەو جۆرە قسە قۆڕانە درۆن بەڵام کێشەیەکی دیکەی ئەوەیە ناتوانیین وەکوو درۆی نیسانیش وەریبگرین، یەکێکیان کاتەکەی ئەوە نەبوو، دووەمیش درۆی نیسان وەک قسەی قۆڕ نابینرێ کە درۆی نیسان هەر لە ناو ئێمەدا ناکرێ، بەڵكو لەناو زۆر خەڵکی دونیادا هەیە. بەڵام ئەوەی ڕوونە کە لە ٤ی نیساندا قسەکەر وا دانانێ کە هەڵەی کردبێ یان قسەیەکی هەڵەیی فڕێ دابێ، بەڵکو وەکوو جۆرێک لە قسە لە نێوان خۆی و ئەو کەسەی درۆیەکەی بۆ دەکا دەریدەبڕێ. قسەی قۆڕ لە ئاستی نێودەوڵەتیش زۆر دەبیستین، تازەترین نمونە لێدوانەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیە لەسەر کەیسی غەزا، کە نموونەی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە لەسەر کوشتنی ئەندامانی ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی (رێکخراوی هاوکاری کچن) لە غەززە دروست بوون لە کاتێکدا پشتگوێخستنی قوربانییە بەردەوامەکانی نێو غەززییەکان کە ژمارەیان گەیشتۆتە نزیکی ٣٥ هەزار کەس، کە لێدوانەکان ناتەبایی ئەخلاقی ئاشکرا دەکات، وە بەشێک لە لێدوانەکان وەک قسەی قۆڕە. ئەم نایەکسانییە جەخت لەسەر بڵاوبوونەوەی ئەجێندا سیاسییەکان و چوارچێوەی میدیایی دەکاتەوە لە داڕشتنی تێڕوانینەکانی گشتیەکان بۆ ڕووداوەکان. دەزانیین کە بەهای هەموو ژیانێک لە پێشینەدا نییە لەلایەن وڵاتاندا و بەرژەوەندی و لایەنگرییە جیۆپۆلەتیکییەکان کاریگەری هەیە، بۆیە واز لەو ئاستە دەهێنم و دەگەڕێمەوە سەر ئاستی نێوەخۆی، نمونەیەکی دیکەی قسەی قۆڕی سیاسی نێوەخۆی بریتی بوو لە دروشمەکانی دژ بە ریفراندۆم، یان نمونەی دیکە کە لەوانەیە وەک قسەی قۆڕ نەبێ بەڵکو وەک قسەی بەتاڵ و بێ  کاریگەر بێ وەک دروشمی ئارامگرتن ، ئەوە ئەو کات بووە قسەی بەتاڵ کاتێک بەرپرسان کوڕەکانی خۆیان دەنێرێ بۆ دەرەوە بۆ خوێندنی سەربازی و لەکاتێکدا کە خەڵكێکی زۆر لە بێ موچەی توشی کێشە و گرفت بوون بە پەروەردەشەوە کە زۆرێک لە ناوەندەکانی خوێندن لە سلێمانی و گەرمیان وەستان (ئەوە یەک نمونەی بچووکە، دەکرێ دەیان نمونەی باس بکەین). لە دیمەنی سیاسی ئێستاماندا، بێئاگایی شاژن ماری ئەنتۆنیەتیمان بیر دێتەوە، بەس وەک شاهیدی قسەی بەتاڵ نەوەک قسەی قۆڕ. کاتی خۆی شاژنی فەرەنسی بە بێبەزەیییەوە دەیگوت "با خەڵک کێک بخۆن، مادام نان نیە"، هەرچەند گومان هەیە لەسەر سەرچاوەی ئەو قسەیە، وە یەکەم کەسیش وەک سەرچاوەکان باسی دەکەن فەیلەسوفی فەرەنسی ژان جاک ڕۆسۆ بووە. بیرهاتنەوەی ئەو قسەیە بەشێک لە قسەی کاربەدەستانی ئەمرۆم وتارەکانیان دێنێتە بەرچاو کە قسەکانیان بە هاوسۆزی ڕووکەش دەپۆشن و لە هەمان کاتدا دۆخی نالەباری خەڵکی ئاسایی پشتگوێ دەخەن. هەرچەندە قسەی شاژن کە گومانی لەسەرە و ناچێتە ناو قسەی قۆڕەوە چونکە لە دەرئەنجامی نەزانی ئەو قسەی کردووە نەوەک هەڵخەڵاتاندن، بەڵام قسە بەتاڵەکانی هەندێ سیاسی و کاربەدەست قۆناغی نەزانیان تێپەڕاندووە تەنها بۆ خۆ دزینەوە و فریودانە کە ئەگەر درۆ نەبن دەچنە ناو قالبی قسەی قۆڕەوە.

جیاوازی نێوان درۆ و قسەی قۆڕ لە سروشت و کاریگەرییەکانیاندایە. درۆکردن بریتییە لە پێشکەشکردنی زانیاری ناڕاست بە ئەنقەست یان بە مەبەستی چەواشەکردنی کەسانی دیکە. ئەم کردەوەیە دەتوانێت فۆرمێکی دەسەڵات بە درۆزن ببەخشێت، بەو پێیەی ڕێگەیان پێدەدات بەپێی ئەجێندای خۆیان دەستکاری دۆخ و باردۆخەکان بکەن. بەڵام زۆرجار درۆکردن بە شکستێکی ئەخلاقیش دادەنرێت، بەو پێیەی متمانە کەم دەکاتەوە و دەتوانێت زیانێکی بەرچاو بۆ کەسانی دیکە بەدوای خۆیدا بهێنێت.

قسەی قۆڕ بە شێوەیەکی گشتی ئاماژەیە بۆ زمانی ناشرینی شێوە بوختان، یان بێڕێزیکردن. کە ڕەنگە هەمیشە لە ترسەوە سەرچاوە نەگرێت وەک ئەوەی هەندێک جار لە فۆرمی درۆکردندا هەیە، بەڵام قسەی قۆڕ دەتوانێت لە خۆیدا زیانبەخش بێت، زۆرجار دەبێتە هۆی ئازاردان، توڕەکردن، یان زیانگەیاندن بە پەیوەندییەکان. لەوانەیە هەمان سوودە ستراتیژییەکانی درۆکردن پێشکەش نەکات، بەڵام کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر کارلێکە کۆمەڵایەتییەکان و لایەنی هەست و  سۆزی کەسانی دیکە جێگەی زۆر زیاتر بێ لە درۆکردن.

لە لایەکی دیکەوە، زۆرجار قسەی قۆڕ لە دەرئەنجامی ترس نییە وەک درۆکردن، کە درۆکردن زیاتر کێشەیەکی ئەخلاقیە بەڵام لەوانەیە مرۆڤ بەبێ درۆ نەتوانێ بژی، بەڵام دەکرێ بێ ئەو قسە قۆڕانە بژی چونکە لە سوود و زیانی مەعریفی زیاترە. ڕاستە هەندێک دەڵێن درۆ دەتوانێت سوودی هەبێت، بەتایبەتی کاتێک دەسەڵاتداران بۆ شوێنکەوتووانی خۆیان دەیکەن. ئەم ڕوانگەیە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە لە هەندێک چوارچێوەدا، وەک بابەتی ئاسایشی دەوڵەت یان یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی، درۆکردن ڕەنگە خزمەت بە ئامانجێکی پراگماتیکی بکات. ڕەنگە دەسەڵاتداران بە خستنەڕووی وەشانێکی گۆڕاو لە واقیع، پێیانوابێ کە شوێنکەوتووانی خۆیان لە ڕاستییە تاڵەکان دەپارێزن. بەڵام تەنانەت لەم حاڵەتانەشدا، دەبێ بە وردی ڕەچاوی کاریگەرییە ئەخلاقییەکانی درۆکردن و ئەگەری زیانگەیاندنی درێژخایەن بکرێت.

لە بەرامبەردا قسەی قۆڕ بەگشتی بەهۆی سروشتی دابەزین کەسەکان هەستی پێدەکرێت. زۆرجار لە نەبوونی ڕێزگرتن لە کەسانی دیکە و تێگەیشتن لە واقیعەوە سەرچاوە دەگرێت کە تیشک دەخاتە سەر لایەنە نەرێنییەکانی کارلێکی مرۆڤ. کاریگەری قسەی قۆڕ لەسەر وەرگرەکە دەتوانێت قووڵ بێت و ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە سۆز و ئاڵۆزی پەیوەندییەکان و ژینگەیەکی ژەهراوی بخولقێنێ.

لە کاتێکدا درۆ و قسەی قۆڕ دەتوانن کاریگەری بەرچاویان هەبێت لەسەر ئەوانەی بەشدارن یان گوێ بیستی دەبن، بەڵام ڕەچاوکردنی لایەنی ئەخلاقیان جیاوازە. درۆکردن دەتوانرێت وەک جۆرێک لە وەهم سەیر بکرێت، لەکاتێکدا قسەی قۆڕ زۆرجار هێرشێکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر کەرامەت و خۆشگوزەرانی کەسانی دیکە.

قسەکەری قسەی قۆڕ ئەوەندەی دەیەوێ خۆی وەک قوربانی نیشان بدات ئەوەندە نایەوێ کە وەک پاڵەوانێک خۆی دەربخا وەک لە درۆکردندا هەیە. درۆکردن زۆرجار وەک دەرچەی رزگاربوون بەکاردێ، دەبێتە یارمەتیدەری درۆزن (ئەگەر سیفەتی هەمیشەیی نەبێ، واتە ناسراو نەبێ بەڵام وەستا بێ لە درۆکردندا) بەڵام قسەی قۆڕ تەنیا نیشاندانی کەسی قسەکەرە وەک قوربانی کە دەرچەی رزگاربوون لەسەر خۆی دادەخا وەک قسەکەر و تەنانەت بۆ گوێگریش. واتە ئەگەر درۆ ڕەش و سپی هەبێ ئەوا قسەی قۆڕ بە زۆری رەساسییە، ناتوانیین وەک پێوێست بڕیاری لەسەر بدەین. ئەگەر درۆ هەر بێ ئەخلاق بێ ئەوا قسەی قۆڕ استغلالکردنی ئەخلاقە، هەرچەندە قسەی قۆڕ وەکوو درۆ دەیەوێ ڕاستیەکان بشارێتەوە بەڵام جگە لە چەسپاندنی درۆکەی دەیەوێ توشی حکومدانیشمان بکا. واتە ئەو کەسەی قسەی قۆڕ دەکا جگە لەوەی کە قوربانیە هەر خۆشی جەلادە، چونکە هەر نایەوێ ڕاستیەکە بڵێ بەڵکوو دەیەوێ لەناوی ببات بۆیە بە ئاسانی ناتوانرێ ڕەخنە بکرێ تەنانەت ئاسان نیە لە ڕووی فکری و فەلسەفیشەوە تێ بگەین.

هەندێ لە پەیامبەرە ئاینییەکان درۆیان بە بەدترین تاوان داناوە، پێموایە کە ئەوان لەو سەردەمەی ئێمە نەژیاون ئەگینا دەبوایە قسەی قۆڕیان پێش درۆ بخستبا، هەر چەندە لە بیروباوەڕی شیعە تا رادەیەک ئیسلامی سوونی بە گروپی جیا جیاشیانەوە دیاردەی "تقیە" هەیە کە جۆرێک لە خۆ رزگارکردن و فێڵکردن لە کەسانی غیرە ئیسلام، بەڵام ئیسلام تا رادەیەکی باشیش دژی درۆیە بەتایبەت بەرامبەر کەسانی هەمان تایفە و دین. ئەزموونی من لەگەڵ قسەی قۆڕ سەرەتا لە  پیاوانی ئاینی هەستم پێکرد لە گەنجیدا، بۆیە تێدەگەم کە چۆن قسەی قۆڕ دەتوانێت نەک تەنها کایە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، بەڵکو کایە ئاینییەکانیش بگرێتەوە. لەم چوارچێوەیەدا مەرج نییە قسەی قۆڕ بەس باسی زمانی ناشرین بێت؛ بەڵکو بەکارهێنانی زمان بۆ دوورخستنەوە، بێدەنگکردن، یان شەرمەزارکردنی ئەوانی دیکە دەگرێتەوە، بەتایبەتی کاتێک پرسیارێک دەکرێت. بیرمە کاتێک پرسیارێکی سەرەتاییم لە مەلایەک کرد سەبارەت بە بنەچەی خودا، وەڵامەکەی ئەوە بوو کە دەمم دابخەم و ئەستغفراللە بکەم. لە کاتێکدا دەستەواژەی " ئەستغفراللە" لە چوارچێوەی ئایینی ئیسلامدا واتایەکی ئەرێنی هەیە، بەڵام بەکارهێنانی لەم دۆخەدا وەک ڕەتکردنەوەی پرسیارەکەم و ڕێگەیەک بۆ سنووردارکردنی وەسوەسەی فیکریم هاتە ئاراوە ( هەرچەند دەزانم کە مەلاش مرۆڤە واتە دەکرێ ئاستی معریفی سنوردار بێ و هەر ئەوەندەی لێ زانیبێ). بەس ئەم جۆرە وەڵامدانەوەیە دەتوانرێت وەک زیانبەخش بە ئاین و ئەو کەسە سەیر بکرێت کە پرسیار دەکا، چونکە گفتوگۆی کراوە و گەڕان بەدوای پرسیارە عەقیدەییەکان، کە بۆ تێگەیشتنێکی قووڵتر لە بیروباوەڕی ئایینی زۆر پێویستە. ئەم ئەزموونە ئەوە دەردەخات کە چۆن قسەی قۆڕ دەتوانێت لە گوتاری ئایینیدا دەربکەوێت، زمان بەکاردەهێنێت بۆ کۆنترۆڵکردن یان بێدەنگکردنی دەنگە ناڕازییەکان نەک پەروەردەکردنی پەیوەندییەکی مانادار لەگەڵ پرسیارە ئاڵۆزەکاندا. وەها ڕێبازێک دەتوانێت زیانبەخش بێت بۆ گەشەکردنی کەسی و بەدواداچوون بۆ زانین لە چوارچێوەیەکی ئایینیدا.  قسەی قۆڕی دیکە زۆرجار بەناوی حەج و عەمرە دەکرێ، تەنانەت چەندین کردار بە ناوی دینەوە بە خەڵک دەفرۆشێتەوە، یان ڕەخنەگرتن لە کۆمەڵگای ئەروپایی کە هەندێکیان کە گوێبیستی دەبیین دەبێتە قسەی قۆڕ، یان لەو ڕۆژانە مەلایەک هەموو رەخنە و قسەی دژی چاڵاکوانێک ئەوە بوو کە تۆ شوعی یان مارکسی بەبێ ئەوەی بزانێ کە لە کوردستان شوعی و مارکسی بە پەنجەی دەست دەژمێردرێ وەک چۆن مەلای ئیمانداری تەواو و یان لیبراڵی تەواویش بوونی زۆر کەمە . ئەو بابەتەش واز لێ دەهێنم چونکە ئەو هەویرەش ئاوی زۆر دەوێ، دەگەرێمەوە سەر قسەی قۆڕی دیکە، کە زۆرن، کە بانگەشەکردن بە ناوی شەهیدان و شۆڕشگێڕان دەکرێ لە کوردستاندا، کە قسەکانیان دەتوانێت سەرلێشێواومان بکا کاتێک ناوی شەهیدان بۆ مەبەستی خۆپەرستی خۆیان بەکاردێنن. کردەی بانگەشەکردن بۆ شەهیدێک دەبێتە ناڕاستگۆیی و لە کۆتاییدا میراتی ئەو شەهیدە یان ئەو قارەمانە پیس دەکات کاتێک کە بەکاردەهێنرێت بۆ پاساوهێنانەوە بۆ هەڵەی کەسی، خیانەت، یان دەستکەوتی ماددی. ئەو جۆرە کەسانە و قسە قۆڕەکانیان بە بەکارهێنانی ناوی شەهیدان وەک قەڵغانێکە بۆ ئەوەی بتوانن کردەوەی گوماناویی ئەستغلاکردنی خۆیان داپۆشن، گرنگی و پیرۆزی ئەو شەهیدانی شێواندووە (هەرچەندە ئەوانەی کە پێان دەگوترێ شەهید لێرە ئەوانەن کەوا لە پێناو حزب و سەرکردە و بەرژەوەندی تیاچوون، بەشێکی کەمیان لە پێناو نەتەوە و کوردستان تیاچوون). بەس دەتوانین بڵێن بەکارهێنانی ئەو ناوانە کە چەند گەورە و بە بەهان دەگۆڕێت بۆ ئامرازی قسەی قۆڕ و ئیستغلالکردن. ئەم جۆرە ڕەفتارانە نوێنەرایەتی فۆرمێکی پارادۆکسیکی نیشتمانپەروەری دەکەن: ڕێزگرتنێکی ڕواڵەتی بۆ شەهیدان و خەباتگێڕان کە بەهۆی داواکارییە سەرەتاییەکانی بەرژەوەندییە کەسییەکانەوە وەک برای شەهید، ئامۆزا و کوڕی شەهید زەق دەبێتەوە. بەم شێوەیە مەبەستی بەرزی ڕەسەنی پشت ڕێزلێنان لە شەهیدان نامێنێ، بەو پێیەی ناوەکانیان بۆ ئیلهامبەخشین یان یەکگرتوویی بەکارناهێنرێت بەڵکو بۆ خۆ دزینەوە لە هەڵەکان و گەیشتن بە بەدەستهێنانی سۆزی، یان تەمومژاویکردنی کارە خراپەکانی خۆیان بەکاردەهێنن. ئەم بەئامرازەکردنی ناوی شەهیدان نەک هەر بێڕێزی بە یادەوەری ئەوان دەکات بەڵکوو ئەو بەها و ئایدیاڵانەش دەشێوێنێت کە لەپێناویدا وەستابوون.  هەبوونی قسە قۆڕ لێرەدا لە دەرئەنجامی ئەوە دروست بووە کە بوون و بەرپرسیارەتی شەهید و خەبات نەبۆتە پەرەنسیپ لای ئەو جۆرە کەسانە، واتە وەکوو قسە قۆڕەکانی کەسانی دیکە خاوەنی هیچ هێزێکی ڕاستەقینە و ناوەکی نین جگە لەوەی بەشێکە لە گەمەی ئاژەڵایانەی مانەوە و دەست گەیشتن بە نانێک ( کێ دەڵیت دەست گەیشتن بە نانێک لەو ڕێگایەوە کارێکی خراپە، مرۆڤ ئازادە کە دەیەوێ چی بڵێت و چۆن نانی خۆی پەیدا بکا).

بە وردبوونەوە لە قسەی قۆڕەکانی ناو کۆمەڵگەکەمان و کاریگەرییە کۆمەڵایەتییە فراوانەکانیان، گرنگە مەودای شیکارییەکەمان ڕوون بکەینەوە. بەس لێرە لەبری ئەوەی چارەسەر پێشنیار بکەین یان هەوڵی باشترکردنی ئەخلاق یان عەقڵیەتی مرۆڤ بدەین، سەرنج لەسەر گەڕانە بۆ خودی دیاردەکە دەکەم، بەتایبەتی ڕۆڵی لە پەرەسەندنە کۆمەڵایەتی و دەروونیەکاندا. بەم کارە، خۆمان لە چاویلکەی ڕێنماییکاری و چارەسەرکردنی کێشەکە بەدوور دەگرم و لەبری ئەوە خەریکی نوانسەکانی چۆنیەتی بەکارهێنان و هەستکردن بە زمان دەبین. ئامانجی ئێمە لێکدانەوەیەکی یەکلاکەرەوە نییە بۆ قسەی قۆڕ، بەڵکو تێگەیشتنە لەو شێوازە ئاڵۆزانەی کە تێیدا دەردەکەوێت و ئەو کاریگەرییانەی کە دەتوانێت لەسەر لایەنە جیاوازەکانی ژیان هەیبێ. بە ڕەچاوکردنی تێبینییەکانی وەک بەکارهێنانی ناوی شەهیدان بۆ بەرژەوەندی کەسی، یان ئەو رێچکە و رێبازانەی بەکاردێ لە بواری ئاینی و سیاسی، کە لە هەموو ئەو نمونانە دەکرێ بڵێن کە قسەی قۆڕ دەتوانێت گوتار بشێوێنێت و دەستکاری ماناکان بکات.

تێگەیشتن لەو دیاردانە دەمێکە لە ئاستی تاک وەکوو ابن خلدوون و قوتابخانەکانی وەک فرانکفۆرت و کۆمەڵەی بێرمنگهام کاری لەسەر کراوە وەک قوتابخانەیەکی رەخنەیی بۆ قوڵبوونەوە لەو جۆرە دیاردانە بە تایبەت ئەو دیاردانەی کە چێژی کۆمەڵایەتی دروست دەکەن یان تێکی دەدەن، چونکە وەک ئەوانیش تێبینیان کردووە زۆرجار چێژی کۆمەڵایەتی خۆرسک نییە، بەڵکو ئاراستەکراوە، ئەوە ناچێتە ناو قسەی وردبوونەوە لە قسەی قۆڕ بەس وەک دیاردە ئەو جۆرە لە جەژنی نەورۆزدا توشمان دەبێ، کە هەندێ کەس دەست دەکەن بە بڵاوکردنەوەی قسەی قۆڕ لە جەژنی نەورۆزدا تەنها بەو ئامانجەی کە ئەو چێژە کۆمەڵایەتیەی نەورۆز تێک بدەن، بەبێ ئەوەی بزانرێ کە تەنها ئەو بۆنە زیندووە ماوەتەوە بۆ کورد بۆ ئەوەی بە سروشت ئاشنا بێتەوە و جێژ وەربگرێ لە تێکەڵبوون لەگەڵ یەکتر ( کە زۆرجار ئەو قسە قۆڕانە کایەی معریفی ئێمە بریندار دەکا. هەرچەندە کایەی مەعریفی لەسەر نەورۆز وەک پێشتر نەماوە، گۆڕاوە بۆ دەرچوون خەڵک بۆ دەشت و دەر).

لەوانەیە لێرەدا کە باسی ئەو دیاردانە دەکەم کاریگەری ئایدۆلۆژی هەبووبێ لەسەرم بۆیە ناکرێ ئەو شرۆڤەیە وەک حکومدانێک قبوڵ بکرێ، تەنانەت لەوانەیە ئەگەر قسەکانم لە جێگای خۆی نەبێ وەک قسە قۆڕەکانی دیکە بێ کە باسمکردن. چونکە دواجار منیش زادەی مێژوو و سیاسەت و ئەخلاقی ئەو کۆمەڵگایەم کە دەیان قسەی قۆڕی تیدا فڕی دەدرێ رۆژانە. لەوانەیە تەنها من بە تەواوی بارمتەی ئەو قسە قۆڕانە نەبم وەک هەندێ کەسی تر.

 


[1] کتێبی On Bullshit کە ساڵی ٢٠٠٥ بڵاوکراوەتەوە (لە بنەڕەتدا وتارێکە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە ساڵی ١٩٨٦)ە لەلایەن فەیلەسوفی ئەمریکی هاری جی فرانکفۆرتەوە خراوەتە ڕوو کە هەوڵدەدات چەمکی قسەی قۆڕ پێناسە بکا و بەکارهێنانی قسەی قۆڕ شی دەکاتەوە.

[2] هەرچەندە تورکمان لە هەولێر زۆر کەمن بە ژمارە، چونکە گەورەبوونی هەولێر لە دەرئەنجامی شاڵاوی تێکدانی گوندەکانی دەورووبەری هەولێر  دەستیپێکرد، وە هەندێکیشیان لە دەرئەنجامی گوزارانکردن هاتن بۆ هەولێر لە شەستەکان تاکوو ئەمرۆ کە ئەو گواستنەوەیە بووە هۆی ئەوەی هەولێر لە قەبارەی گوندێکەوە بگۆڕێت بۆ شار، ئەوەش بابەتێکی مێژووییە ناچمە دوێی زیاتر لەسەری.