شیاوی ڕەچاو کردنە کە کورد پێویستە دەستکەوتەکانی لەبەرانبەر هەڕەشە و مەترسییە گەورە ناوچەییەکان بپارێزێت. بێ شک، هەرێمی کوردستان یەکێک لەو دەستکەوتانەیە کە زۆر گرنگە و بە نرخی گران بەدەست هاتووە، بەڵام شایانی ئاماژە پێکردنە کە کورد لە ڕۆژهەڵات بەگشتیی، و ڕێکخراوە سیاسییەکانی بەتایبەتی، هەمیشە هێزێک بوون بۆ پاراستن و بەهێز کردنی، نەک لاواز کردنی. ئەوە گوتاری سیاسیی و شێوازی حوکمڕانیی هەرێم بە سەپاندنی حیزب بەسەر دامەزراوە نیشتمانییە حکومییەکاندا بووە کە زۆرترین زەبری لە ڕەوایەتی دەسەڵاتێکی نیشتمانی و دامەزراوەیی لەو هەرێمە داوە. ئەوەش وایکردووە ڕۆژ بە ڕۆژ پێگەی جەماوەریی و خەڵکی لاواز بێت. تەنانەت چارەسەرە ناوخۆییە دیموکراتیکییەکانی خۆی بەرێتە دەرەوە و بە ئەوانەی چارە بکات کە خۆشیان لەچارەی کورد نایەت و دوژمنیشین. لێکەوتەی ئەو بێ بەها کردنەی سەروەریی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە تەنانەت ئاستی دەستوەردانی ڕژیم لە هەرێمدا بگەیەنێتە جێگایەک کە نەهێڵێت دەزگایەکی کولتووریی ئەهلیی وەک "کەریمی عەلەکە" خەڵاتێکی ئەدەبی پێشکەش بە نووسەرێکی هەڵکەوتووی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەک مامۆستا عەبدوڵآ حەسەن زادە بکات.
جگە لەوە، بەرپرسانی هەرێم لە باری گوتاری هیچ سنوورێکی ناسنامەیی بۆ کورد لەبەرانبەر کاربەدەستانی ئێراندا ناهێڵنەوە. زۆر بە سانایی ڕەوایەتی سیاسیی -فەرمیی هەرێم لە ناو عێراق و لە ئاستی دنیادا دەبەستنەوە بە بوون و مانی ڕژیمێکی کۆنەپەرەست و تەریک کەوتوو لە دنیادا. لە سەفەری ئەم دوواییانەی سەرۆکی هەرێم، کاک نێچیرڤان بارزانیدا بۆ ئێران ئەم بابەتە زۆر بەزەقی خۆی نواند. یەکەم، سەرانی ڕژیم سەرۆکی هەرێمیان بە هێما و ناسنامە فەرمییە ڕەمزییەکانی وەر نەگرت؛ لە ژووری کاربەدەستانی ئێراندا لەگەڵ خامنەیی دانیشت، واتە خامنەیی بە شێوەیەکی خۆمانە، وەک کاربەدەستێکی ئێرانی لەگەڵی دانیشت. چونکە تەنانەت ئاڵای ئێراقیشیان دانەنا. خامنەییش لە قسەکانیدا گوتی: "ئێمە، لە نێوان خۆمان و کۆمەڵی کوردیدا- چ لە ئێران چ لە عێراق- لە هەر نەتەوەیهکی دیکە پێوەندییەکی نزیکتر دەبینین، ئەوان لە ئێمەن"[1]. میدیاکانی ڕژیم زۆر لەسەر ئەم بابەتە ڕۆیشتن و دەزگای پرۆپاگاندایان خستەکار بۆ خوێندنەوەی زمانی جەستەی دانیشتنی کاک نێچیرڤان و لێکدانەوە بۆ کاریگەریی هێزی موشەکیی ئێران. ئەوەی جێی سەرسوڕمانە، بەرپرسانی هەرێم تەنانەت پێداگرییەکی ئەوتۆ لەسەر ڕەوایەتی ناسنامەیی خۆشیان ناکەن، بەڵکوو بە گوتن و ڕەفتاری خۆیان باڵادەستیی سەرەڕۆیانەی خامنەیی و ڕژیمەکەی لە سەرخۆیان تەواو جێبەجێ دەکەن. واتە پارێز ناکەن لەوەی چی نەڵێن، یان لەگەڵ پاراستنی پێوەندیی دراوسێتی و دانوستان پێکەوە، چۆن بە ڕوونی و شەفاف لە ڕەوایەتی ناسنامە فەرمییە، دانپێدانراو و دەستوورییەکەیان بەرگری بکەن. بۆ نموونە، کاک نێچیرڤان لە دانیشتنی لەگەڵ ڕەئیسی، سەرکۆماری ڕژیمدا، دەڵێت: ''خومەینی هەر ڕێبەری ئێران نەبوو، ڕێبەری ئێمەش بوو"، یان دەڵێت: "ئەگەر شۆڕشی ئێران نەبووایە، دیار نەبوو چارەنووسی بزوتنەوەی کوردی چ دەبوو" و هەروەها ئەوە کە "قاسم سولەیمانی یەکەم کەس بوو کە یارمەتیی کوردی کرد"[2]. ئەم شێوە گوتنانە، لەسەر بزوتنەوەی پێشکەوتنخوازانەی نەتەوەیی کورد بەگشتی، و بەتایبەتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر گران دەکەوێت. بەرجەستە کردنەوەی ئەو گوتنانەی ناوبراو و شێوەی دانیشتنەکانی لە میدیاکانی ئێراندا بە ئاشکرا ئەوە دەردەخات کە ڕێژیم دەیهەوێت دەروونی داڕووخاوی ئەندامەکانی لە ئێران پێ ڕێکبخاتەوە و ببووژێنێتەوە. لە هەمانکاتدا، شەڕی دەروونی لەگەڵ بزوتنەوەی بەهێزی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێبکات کە بە مەکینەی بزوێنەری شۆڕشی نەتەوەکان لە ئێران دەناسرێت.
ڕاستییەکەی، هەڵگیرسانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە کوردستان و پەرەسەندنی بۆ ناوچەکانی دیکەی ئێران و ناوەندە ئەکادیمییەکان ڕژیمی ئیسلامیی ئێرانی گەیاندە لێواری مەرگ. ڕژیمێک کە لەماوەی چل و پێنج ساڵ دەسەڵاتیدا لە ڕێی پەروەردە و دامەزراوە ئایدۆلۆژییەکانییەوە کاری کردووە کە خوێندنەوەیەکی تایبەتی خۆی لە ئیسلام لە مێشکی خەڵک بئاخنێت. هەروەها بە داڵدەدەری جۆرە جیاوازەکانی ئیسلامی سیاسیی ناسراوە و تاقمی جۆراوجۆری هزری، ئایدۆلۆژیی و سیاسی لە ناوچەکە ڕێکخستووە. لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا بە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لەباری گوتاری و ڕەوایەتی سیاسی -ئایدۆلۆژییەوە بەتەواوی داڕووخا. هەڵوەرین و ڕووخانی ورەی هێز و دەست و پێوەندەکانی ڕژیم بەڕادەیەک بوو کە تەنانەت لە کۆبوونەوەی کاربەدەستانی ڕژیمدا بە ماسکەوە دەردەکەوتن بۆ ئەوەی لەلایەن خەڵکەوە نەناسرێن. لە کوردستان ئەوە زۆر زەق و بەرچاوتر بوو. تەنانەت دوکاندارێکی سنەیی کە لە کاتی چوونی ڕەئیسی، سەرکۆماری ڕژیم بۆ دوکانەکەی شیرنی پێشکەش کردبوو، بوو بە بابەتێکی سەرنج ڕاکێش کە هەم بەسەر ڕژیمدا شکایەوە و هەم دوکاندارەکە داوای لێبوردنی لەخەڵک کرد. دیارە ئەم بزوتنەوە کۆمەڵآیەتییە بەهێزە، کە بە نافەرمانیی و بەربەرەکانێی ژنان لە ئێران لەبەرانبەر حیجابی زۆرەملێدا بەردەوامە، ڕێژیمی لە ئاست پرۆکسییەکانی و دەست و پێوەندەکانی و نەیارەکانیشی دەستەوەستان و داماو دەرخست، و باری ململانێکانی ڕژیمی لە بەردەوامیی بەرهەمهێنانی گوتاری ئیسلامی سیاسیدا بێ هێز و پوچەڵکرد.
ڕژیم لە پاش کردەوە تیرۆریستییەکەی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبر(کە وا دەرکەوتووە بە پلان و ڕاهێنانی تێیدا بەشداربووە)، بە ئەو ئاستە لە نواندنی توندوتیژیی دەرهەق ژن و منداڵ و پیر و پەککەوتەی ئیسرائیلی کردیان، کە کاردانەوەکانی ئیسرائیلی لە سەرکوتی بێ بەزەییانەی خەڵکی غەزەی لێکەتووەتەوە، ویستی ئەو سومعە و ڕووە ئیسلامییەی بگێڕێتەوە، و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خەڵکی ناوچەکە بەرێتەوە ئەو پۆڵین بەندییە دوو جەمسەرییەی ئیسلامی سیاسیی و غەیری ئەوە لە گوتاری سیاسی خۆیدا. ئەمە بۆ ڕژیم دەسکەوتێک بوو کە لەلایەک، دۆخی شپرزەی پرۆکسییەکانی و ئیسلامی سیاسی پێ کۆبکاتەوە، لەلایەکی دیکەشەوە، لەپاش کشانەوەی ئەمریکا و پەکخستنی گفتوگۆکانی بەرجام، و تەحریمەکانی سەر ئێران، ویستی سەرێکی دیکەی لە گفتوگۆ و دیپلۆماسیی هەرێمی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێبدرێتەوە، بەڵام ئێستا لەجاران پتر تەریک کەوتووە، بەتەواوی وەک پرۆکسییەکانی ڕەفتاری لەگەڵ کراوە، هیچ دەورێکی دیپلۆماسیی ناوچەیی پێنەدراوە. هاوپەیمانییەکەی وڵاتانی عەرەبیی و ئیسرائیل توندتر بووە. دەورەکە هەر بە قەتەر، میسر، ئۆردن و عەرەبستان لەگەڵ ئەمریکا ماوەتەوە. ئەوە لە حاڵێکدایە لە دوای ئەو ڕووداوانە و پێکدادانی ڕاستەوخۆی ئێران و ئیسرائیلیشدا، لە نوێترین ئاماری هەڵبژاردنەکانی خولی دووەمی پارلەمانی ئێراندا نزیک لە ٩٣٪ی خەڵک بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکان نەکردووە. واتە، ڕێژیم لە ناوخۆدا هەر وا ڕەوایەتی نییە و خەڵک پشتیان تێکردووە.
. حکومەتی هەرێمی کوردستان و میدیاکانی باشووری کوردستان لەگەڵ پاراستنی دهستکەوتەکانی کوردستان لە باشوور، پێویستە بەشێکیش نەبن لە ڕەوایەت کڕینەوە بۆ ڕژێمێک کە بەهیچ شێوەیەک شیاوی بەراوردکردن لەگەڵ بزوتنەوەی پێشکەوتووی کوردستان لە هیچ پارچەیەکیدا نییە.
بە کورتی، ئێران لە مووشەکبارانەکەشدا بارەکەی پێنەگۆڕا و خراپتریش بوو. ڕاستییەکەی، ئەوەش دەسکەوتێک بوو بۆ ئیسرائیل، لەبەر ئەو کاردانەوە جیهانییەی بەرانبەر بە کوشتارێکی لە غەزە دیکات، پاڵەپەستۆیەکی زۆری ڕای گشتیی جیهانی و نێودەوڵەتی لەسەرە. ئێستا، ڕێژیمی ئیسلامی لەپاش هەموو داماوییەکانی، لەپاش خۆقوتارکردنی لە کاردانەوە و لێدانی ئیسرائیل پاش موشەک بارانە بێ ئەنجامەکەی، گەڕاوەتە سەر سەرکوتی کورد و چالاکانی ناوخۆی ئێران و بە یارمەتیی پرۆکسییەکانی لە ناوچەکە خەریکە لە دۆخی خۆ پاراستنی پاش شۆڕشی ژیناوە بارەکە دەگۆڕێت بۆ دۆخی خۆ سەپاندن. دەشیهەوێت هەرێمی کوردستانیش بەڕێتە ناو ئەو گەمەیەوە. هەڵمەتەکانی بۆ سەر دوو هێزی سەرەکیی و بنەڕەتیی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بە سەرکوت و کۆتوبەندی چالاکانی نەتەوەیی-شۆڕشگێڕیی کورد لە ناوخۆ و لە هەرێمی کوردستاندا لەلایەک و، سەرکوتی توندی ژنان لە شەقامەکان و پانتای گشتییدا لەلایەکی دیکەوە، دەست پێکردووە. حکومەتی هەرێمی کوردستان و میدیاکانی باشووری کوردستان لەگەڵ پاراستنی دهستکەوتەکانی کوردستان لە باشوور، پێویستە بەشێکیش نەبن لە ڕەوایەت کڕینەوە بۆ ڕژێمێک کە بەهیچ شێوەیەک شیاوی بەراوردکردن لەگەڵ بزوتنەوەی پێشکەوتووی کوردستان لە هیچ پارچەیەکیدا نییە.
[1] .https://www.entekhab.ir/fa/news/781614
[2] https://www.khabaronline.ir/news/1903588