نەورۆز و بەرەنگاری نوێ

ژمارەی بینەر 794

2024-03-20

خەڵکی کوردستان بەگشتی رۆژی جەژنی نەورۆزیان لە جیاتی جەژن سروشتی بەهارو هاتنی ساڵی تازەوە، گۆڕیوە بۆ رۆژی ناڕەزایەتی و دروست کردنی فەرهەنگێکی بەرەنگاری پێشکەوتوخوازانە. لەبەرامبەر فەرهەنگی کۆنەپەرستانەی حکومەتە دەسەڵاتدارەکان ، کە لەسەر بنەمای ستەم، چەوساندنەوە ونابەرابەری دامەزراوە.

لە درێژەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بە پێچەوانەی فەرهەنگی کۆنەپەرستانەی باوی دەسەڵات، دروست کردنی فەرهەنگێکی بەرنگاری پێشکەوتوخوازانە سەری هەڵداوەو خەریکە دەبێت بە فەرهەنگێکی نوێی بەرەنگاری لە بەرامبەر فەرهەنگی ناداپەروەری و سەرکوتی ئازادی و سەربەخۆیی لە کۆمەلگەدا، ئومێد بە ئایندە، باوەڕ بە سەرکەوتنی شۆڕش، بەهێزبونی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان، خەمخۆری و بە بەرپرسیارەتی، باوەڕ بە ئازادی و بەرابەری، پشتیوانی و هاوکاری لە مەیدانی جۆراوجۆردا، لە ڕێگای شؤرشی ژن، ژیان، ئازادی سەری هەڵداوە،

بە درێژایی مێژوو فەرهەنگی گشتی کۆمەڵگە، فەرهەنگی دەسەلات بووە، بەشی زۆری ئەو فەرهەنگانەش لەسەر بنەمای بیروباوەڕی ئاینی و نەتەوایەتیەوە دروست کراوە، ئەگەر فەرهەنگ وەکو یاسای هەڵسوکەوتی ژیانی ڕۆژانەو نەریتی یاساکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی سەیربکەین، بۆ نمونە هاوسەرگیری، تەڵاق دابەشکردنی سەروەت وسامان، پەیوەندی ژن و پیاو، پەروەردەی خێزانی، کراون بە فەرهەنگی کۆمەلایەتی و پەیرەوی لێ دەکرێت. خۆش بەختانە بەهۆی چونەپێشەوەی ئاستی ئاگای و وشیاری کۆمەلگە، خەریکە فەرهەنگێکی بەرەنگاری پێشکەوتوخوازانەی نوی سەرهەڵدەدات، کە ئەم فەرهەنگە تازەیەش لە زۆر بۆنەو جەژنە جیاوازەکان  بە شێوەی ئاشکرا دەبیندرێت.

فەرهەنگی سیاسی باوی دەسەلات، سەرەڕای بەکارهێنانی زوڵم و ستەم دژ بە نەتەوە جیاوازەکان، چەوساندنەوەی چینایەتی، بەکار هێنانی توندوتیژی دژ بە ژنان، گرتن، لێدان و لە سێدارەدانی لاوەکان، هەروەها گۆرانی، مۆسیقا، هەڵپەرکێ، جەژن، شادی، خۆشی، پەیوەندی نێوان کوڕ و کچ، گەڕان وسەیران لە ژێر ناوی حەرام بوونی ئەوانە لە خەڵك قەدەغە کروان.

لە لایەن فەرهەنگی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە جیاتی ڕەوشتی ئەخلاقی، پەرەیان بە بەها ئەخلاقیەکانی کۆمەلگەداوە، وەکو جیاوازیی نێوان ژن و پیاو،جیاکردنەوەی کچان و کوڕان لە قوتابخانەو شوێنە گشتیەکان، لەسێدارەدان، ئەشکەنجە، سیغە و فرە ژنی.

فەرهەنگێک کە چەندین ساڵە هەوڵ دەدات بۆهەڵوەشاندنەوەی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان و پەیوەندی خێزانی و پەیوەندی تاك بە گشت و گشتیش بەتاك، هەروەها چەندین ساڵە تۆویی نائومێد و بێ باوەڕیی لە نێوان ژنان و لاوان دەچێنێت، لەژێر ناوی ئاین و نەتەوە پەرستیەوە، جیاوازی و ناکۆکی دەخاتە ناو ڕیزی تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی، بەرابەری و سەربەخۆیی،

لە فەرهەنگی کۆمەڵگەی کۆنەپەرستانەدا، کەسانی ناو خێزان وەکو تاك  هیچ بەهایەکی سەربەخۆیان نیە، خێزان پێك هاتوە لە کۆی ئەندامانی بنەماڵە،  مافی سەربەخۆبون بونی ئەندام لە ناو خێزاندا وجودی نیە، هەموو هەوڵدان، کار،خۆشی و شادی تاکەکان دەگەڕێتەوە بۆ بنەماڵە، هەوڵێ تاك تەنها بۆ چاکەی خێزانە، بۆیە تاک وەکو ئەندامی خێزان پێناسە ناکرێت، لەم جۆرە سیستەمە هەموو هەوڵیك لە پێناو بەرژەوەندی گشتی دایە ، تاك هیچ مافێکی ئازادی و سەربەخۆیی نیە، هەموو خواستێکی تاك دەبێت لە خزمەت بەرژەوەندی گشتی دابێت، بەرژەوەندی گشتی بەرژەوەندی تاك دیاری دەکات.

بە پێچەوانە لە سیستەمی فەرهەنگی سیاسی مۆدێرندا، بەرژەوەندی تاک لە سەروی بەرژەوەندی گشتیدایە، زۆرکەس پێیان وابوو بە سەرهەڵدانی سیستەمی فەرهەنگی مۆدێرن، خێزان هەڵدەوەشیتەوە، بەلام خێزان بەهیچ شیوەیەک هەڵنەوەشایەوە، بەڵکو فۆرمی خێزان ئاڵوگۆڕی بەسەر داهات، ئەمجارە بە پێچەوانەی خێزانی کۆن، بەرژەوەندی گشتی دەخرێتە خزمەت بەرژەوەندی تاك، تاک تەنها لە خزمەت بەرژەوەندیەکانی خۆی هەوڵ دەدات، مولکی گشتی دەبێتە مولکی تایبەت، وەکو ئێستا دەیبینین سەروەت و سامانی گشتی بۆتە موڵکی کۆمپانیا و حیزبەکان. بەرژەوەندی تاك جێگای بەرژەوەندی گشتی دەگرێتەوە، یانی تاک لە پێناو بەرژەوەندیەکانی خۆی هەر کارێك بیەوێت دەتوانێت ئەنجامی بدات.

بەڵام لە فەرهەنگی  پێشکەوتوخوازانەی بەرەنگاریدا، بە پێچەوانەی فەرهەنگی کۆنەپەرستانەو فەرهەنگی سیاسی مۆدێرن، فەرهەنگی، ژن، ژیان، ئازادی، لە پێناو سەربەخۆیی، یەکسانی و دادپەروەری دەبێتە خواستی سەرەکی کۆمەڵانی خەڵک، لەم فەرهەنگە نوێیەدا نە بەرژەوەندی تاك دەکرێتە قوربانی بەرژەوەندی گشتی، نە بەرژەوەندی گشتی دەکرێتە قوربانی بەرژەوەندی تاك،

ژنان، ڵاوان، خوێندکار، کرێکار و کۆمەڵانی خەڵك، لە نەورۆزی ئەمساڵدا، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵات و باکوری کوردستان نیشانیانداوە، لەبەرامبەر فەرهەنگی کۆنەپەرستانە، خەریکی خوڵقاندنی فەرهەنگیکی بەرەنگاری پێشکەوتوخوازانەن، کەلە هەموو گردبونەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان بە ئاشکرا دەناسرێتەوە. پایەکانی ئەم فەرهەنگە پێشکەوتوخوازانەیە، لە ناو خێزان و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانەوە دەستی پێ کردوە.

دیاردەی ئەم فەرهەنگە پێشکەوتوخوازانەیە، لە، هاوکاری و هاوپشتی کردن، لە خەمخۆری و دڵسۆزی بۆیەکتر، لە یارمەتی بنەماڵەی زیندانیان و گیان بەختکراوان،  دەست لەناو دەستی کچان و کوڕان، لە بەشداری کردن لە خۆشی و ناخۆشیەکانی، لە بەرنامە داڕێشتنی ئابوری بۆ خۆپیشاندان و مەراسم و پرسەکان، لە سەردان و بەسەر کردنەوەی لێ قەوماوان، لە باوەڕ بوون بە خود، باوەڕ بە ئازادی، بەرابەری، یەکسانی و سەربەخۆیی، باوەڕ کردن بە ئاڵوگۆڕ کردنی سیتەمی کۆنەپەرستانە. هەموو ئەوانە نیشانەی بەرجەستەی ئەو فەرهەنگە پێشکەوتوخوازە نوێیەن.