بۆ خۆت تووشی کەسێکی کورد کرد، بۆ شووت بە سوئێدیه‌ک نەکرد لە چینی خۆت، تا ژیانێکی ئارامت هەبووایە، بۆ خۆت تووشی کورد و کوردستان کردووە، لە وەڵامدا دەیوت: من رازیم و ئەوە بڕیاری خۆمە، ئەگەر تەمەن بگەڕێتەوە، هەر تۆ هەڵدەبژێرمەوه. زۆر جار باسی ئەوەمان کردووە، کە ئەگەر من پێش ئەو بمرم، یان ئەو دەیگوت ئەگەر من پێش تۆ مردم. بەڵام پێم‌خۆش بوو کە ئەو پێش من کۆچیکرد، چونکە من کەسایەتیم بەهێزترە و بەرگەی نەبوونی ئەو دەگرم. زۆر جار کە تووڕە دەبوو، دەیووت دەزانم تۆش دەتەوێت واز لە من بهێنی و ژنی کورد بێنی، وەک هاوڕێکانت ژنی دووەم بێنی، مەبەستی لەو سەرکردە کوردانە بوو، کە ئەو لە شاخ لەگەڵ ژنەکانیان هاوڕێ بوو، بەڵام لە شار وازیان لێهێنان و ژنی تریان هێنا.
ئەمە گێڕانەوەی ژیانی ژنێکی سوئێدییە کە هاوژینی یەکێک لە سه‌رکرده دیارەکانی بزووتنەوەی کوردستانە کە سەرەڕای بێوەفایی سەرکردەکانی شۆڕش لە ئاستی، نەک لە خزمەتکردنی بزوتنەوەی کوردستان پەشیمان نەبووە، بەڵکوو پاش مەرگیشی خزمەتەکانی بەردەوامە.
ناوی ته‌واوی ئه‌گنێتا کلینگه، له ساڵی 1943 لە "کونگسهۆڵمن' لە ستۆکهۆڵمی پایته‌خت له دایک بووه. دایک و باوکی لە بنەماڵە ئەریستۆکراتییەکانی سویدن، باوکی دایکی بازرگانێکی گەورە بووە لە شاری یۆتۆبۆری، له ساڵانی شه‌سته‌کان کە کۆچی دوایی ده‌کات، له میراتەکه‌ی، نزیکەی 20 هەزار کڕۆن،.لەگەڵ هەندێک پشکی بازرگانی بەر ئەگنێتا ده‌که‌وێ. باوکی بەڕێوەبەری کۆمپانیایەک بوه. هه‌ر بۆیه‌ش که منداڵ بووه لە ماڵەکەیاندا خزمەتکاریان هەبووە و تا گه‌وره‌ش بوه کاری نه‌کردووه.
لە تەمەنی چوار ساڵیدا چووه‌تە باخچەی ساوایان، دوای ته‌واوکردنی خوێندنی ئامادەیی، بۆ ماوەی ساڵێکیش بەشی سکرتاریەتی (بۆ کاری سکرتێری) خوێندووە و دبلۆمیشی لە بواری ئابووری و بازرگانیدا بەدەست هێناوە. زمانه‌کانی سویدی، ئێنگلیزی، ئه‌ڵمانی وئیتالیشی به باشی زانیووه.
له ته‌مه‌نی بیست ساڵیدا، دایک و باوکی له یه‌ک جیاده‌بنه‌وە، پاشان دایکی دوچاری شێرپەنجە ده‌بێ، بۆیە ئەگنێتا مەجبوور بووه دەست بەکارکردن بکات، یەکەم کاریشی لە بەشی تۆمارکردنی زانکۆی ستۆکهۆڵم ده‌بێ.
ساڵی ١٩٦٦ لە زانکۆی ستۆکهۆڵم، لە بەشی وەرگرتنی خوێندکاران کار دەکات، عومەر شێخمووس که گه‌نجێکی خه‌ڵکی عامودای رۆژئاوای کوردستانه، له له‌نده‌نه‌وه ده‌چێته زانکۆی ستۆکهۆڵم، بۆ تۆمارکردنی ناوی خۆی، له‌وێ ئەگنێتا نوسراوه‌کانی لێ وه‌رناگرێ به‌ڵام دواتر له رێگه‌ی هاورێیه‌کیه‌وه بۆ ئاهەنگێک ده‌عوه‌ت ده‌کرێ، لەو‌ێ یه‌کتر ده‌بینن. ئیتر لێره‌وه یه‌کتر ناسینیان ده‌ست پێده‌کات. جوانی، تەبیعەتی زۆر باش و هه‌ڵسوکه‌وتی جیاوازی، جل لەبەرکردنی جیاواز و رێک پۆشیه‌که‌ی ئه‌گنێتا، کوڕه کورده‌که‌ی عامودا هۆگری خۆی ده‌کات و به‌مه‌ش ژیان و خۆشه‌ویستیان بۆ یه‌کتر په‌نجا ساڵ زیاتر ده‌خایه‌نێ.
ساڵی 1974 بڕیار ده‌ده‌ن هاوسه‌رگیری بکه‌ن، بۆ مارەکردن ده‌چنه دادگا و بۆ شەوەکەی کوردەکانی سوید به به‌شداری هاوڕێکانیان، ئاهەنگێکی تایبه‌تیان بۆ ساز ده‌که‌ن. به‌ڵام هه‌ر له ده‌ستپێکی ژیان، شێخمووس پێی ده‌ڵێ: تۆ حسابی ئەوە مەکە تا سەر پێکەوە بژین. من چەپم، نازانم بەیانی لە چین، یاخود لە کوبا خەبات دەکەم، یان بۆ کوردستان دەگەڕێمەوە، لە وڵامدا ئەگنێتا دەڵێ: بە هەموو شتێکی تۆ رازیم. تەنانەت بەوەش کە رۆژێک لە رۆژان بێت و بچین لە شاخەکانی کوردستان ببین بە پێشمەرگە و لەناو ئەشکەوتدا بژین.
ئه‌گنێتا پێش ئەوەی هاوسه‌ره‌که‌ی بناسێ، نه وشەی کوردی بیستبوو، نه هیچ شتێکی لەسەریان دەزانی بۆیه ده‌ڵێ" لای من وابوو کورد هەمووی سواری ئەسپن و خەنجەر لەبەر پشتێنیان دایە"، بەڵام عومەر نە ئەسپی هەبوو و نە خەنجەر. هاوسه‌ره‌که‌ی پێی ده‌ڵێ: ئەگنێتا، دەتوانی پاشناوەکەی خۆشت هەر بهێڵیتەوە. ئەو دەڵێت: نا، پێم خۆشە ببمە شێخمووس.
ئه‌وه‌ش ده‌ڵێ: دوای ئه‌وه، هەرچەند زمانەکەشم نەدەزانی لە کۆبوونەوەی کورده‌کان ئامادە دەبووم، بەشداریم لە خۆپیشاندان و بۆنە نەتەوەییەکانی وەک نەورۆز دەکرد. فێری هەڵپەرکێی کوردی بووم و لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی سویدی لە هەڵپەڕکێ کاندا بەشدار دەبووین.
ساڵێک دوای هاوسه‌رگیریه‌که‌یان هاوسه‌ره‌که‌ی ده‌بێته ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان هه‌ر بۆیه لە ساڵی ١٩٧٩، ده‌گه‌ڕێتەوە بۆ کوردستان، بەنیاز بووه تەنیا سێ حەفتە بمێنێته‌وە، بەڵام شەش مانگی پێده‌چێ. ئه‌گنێتا ده‌ڵێ: لەو ماوەیەدا تووشی دڵەڕاوکێیەکی زۆر هاتم، لەو کاتانەشدا زۆر لە سیاسی و رۆژنامەنووسەکان پەیوەندییان پێوە دەکردم و پرسیاریان دەربارەی بارودۆخی سیاسیی کوردستانی رۆژهەڵات و باشوور لێ دەکردم، کاتێک عومەر گەڕایەوە بۆ سوید وتی: "ئیتر ناگەڕێمەوە بۆ کوردستان"، بەڵام دوای چەند رۆژێک بۆچوونی خۆی گۆڕی و وتی: "دەبێت بگەڕێمەوە بۆ کوردستان". منیش ئەم جارە وتم: "بڕۆیت، لەگەڵتا دێم". سەرەتا وتی: "نابێت شتی وا بکەیت"، بەڵام من پێداگریم کرد و وتم: "تۆ بڕۆیت، منیش دێم". لەدواییدا تێگەیشت، کە سوورم لەسەر ئەو بڕیارە، رەزامەندی دەربڕی.
دەستپێکی ساڵی 1980 بڕیارم دا لەگەڵی بڕۆم و هەموو شتێک لە سوید بەجێ بهێڵم. پێش ئەم سەفەرەش بە ماوەیەکی درێژ، لەگەڵ عومەر بەشداریم هەبوو لە کارە سیاسییەکاندا، ئەم جارە دەمویست بەکرده‌وە بەشداری بکەم. گەلی کورد چەندین سەدەیە بە شێوەیەکی زۆر خراپ دەچەوسێنرێتەوە و چەندین جار بێ‌ئومێد کراوە، هەر بۆیە بە بۆچوونی من خەباتکردن لەپێناوی مافەکانی گەلی کورددا، مەسەلەیەکی گرنگە".
بۆم سه‌فه‌ره رۆژانە کاتژمێرێک تەرخان دەکه‌ن بۆ فێربوونی زمان، عومەر شێخموسی هاوسەری بۆ ماوەی سێ حەفتە وانەی کوردیی فێرده‌کات. دوایی ده‌ڵێ : "بەسە". ئه‌گنێتا ده‌ڵێ: دەترسا لەوەی زیاتر فێر ببم. لەپێناو سەلامەتیی من، نەیدەویست زیاتر تێبگەم، نەیدەویست بەتەواوی لەو مەترسییە گەورانەی رووبەڕوومان دەبێتەوە تێ بگەم، چونکە ماوەکە کورت بوو بۆ فێربوونی زمانێکی تازە، بۆیە نەمدەتوانی بە باشی بە کوردی بدوێم و تێبگەم.
دیدار له گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی شێخمووس
لە ساڵی ١٩٨٠ که له سوئێده‌وه به‌رێده‌که‌ون، سه‌ره‌تا ده‌چنه دیمه‌شقی پایته‌ختی سوریا‌و مۆڵه‌تیان پێده‌درێ هافته‌یه‌ک بچنه ماڵه باوان. هه‌ر بۆیه ئه‌و هه‌له له‌ده‌ست ناده‌ن ئه‌گنێتا ده‌ڵێ: کاتێک گەیشتینە عاموودێ، گەشبینییەکی زۆر و بێ ڕادە رووی عومەری داپۆشیبوو، لە دەوروبەری خۆم سەیرم کرد، شتێکی تایبەت لەم شارەدا نییە کە سەرنجم بۆ لای خۆی راکێشێت، بەڵام بە دڵگەرمی و دڵخۆشی عومەر، دڵم خۆش بوو. له‌و سه‌فه‌ره‌دا بنه‌ماڵه‌که‌ی رێزێکی زۆر له ئه‌گنێتا ده‌گرن و به‌مه‌ش زیاتر خۆشحاڵ ده‌بێ.
دواتر که ده‌گه‌نه ئێران، به‌ره‌و کوردستان به‌رێده‌که‌ون. که ده‌گه‌نه مەهاباد جلەکانیان ده‌گۆڕن و جلی کوردی لەبەر ده‌که‌ن. تا سەردەشت و بێوران بە ئۆتۆمبێل ده‌چن، پاشان بە پیادە. سەرەتا ئەگنێتا هەر سوور ده‌بێ لەسەر ئەوەی ئەویش بە پێ رێگە ببڕێت، بەڵام ئەو سواری وڵاخ ده‌که‌ن تا ده‌گه‌نه خڕی ناوەزه‌نگ. هاوکات تازه‌ش هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د هاوسه‌ری مام جەلال چوو بووه شاخ، هه‌ر بۆیه مام کە بیستبووی ئەگنێتا دێت، لە پشت خانووەکەی خۆیان خانوویەکیان بۆ دروست ده‌کات.
ژیان له خڕی ناوەزه‌نگ
لێره‌وه داستانی ژیانێکی جیاوار ده‌ست پێده‌کات، هەر لە یەکەم رۆژی گەیشتنی بۆ ناوزەنگ تا دوو مانگ، ئەژنۆکانی توشی ژان دەبێ، لە کاتی جل و قاپ شووشتندا، دەبوو بە هەڵترووشکانەوە دابنیشیت، هه‌ر بۆیه‌ش ئەوه بۆ ئه‌گنێتا زۆر سەخت ده‌بێ. له‌و کاته‌شدا هه‌ر پێنج ژن له شاخ ده‌بن که ئه‌وانه‌ش، هێرۆ، نەرمین، رووناک، ده‌بن سەرەتا لەگەڵ هێرۆدا هاوڕێیه‌تی دروست ده‌کاو، دواتر رۆژ بە رۆژ پەیوەندی لەگەڵ ئەوانیتر ساز دەکات.
بووکه‌که‌ی عاموودا بریار ده‌دات ببێته پێشمه‌رگه بۆیه له لایه‌ن نەوشیروان مسته‌فاوه که به زمانی ئه‌ڵمانیش قسه‌یان ده‌کرد، فێری بەکارهێنانی چەک ده‌بێت و وه‌ک یه‌که‌م ژنی بیانی له ریزه‌کانی شۆڕشی کورددا ده‌بێته پێشمه‌رگه‌و نازناوی (تارا) ی بۆ هه‌ڵده‌بژێرن.
ئه‌گنێتا به‌م شێوه‌یه دیمه‌نی ژیانی شاخ، وێنا ده‌کات: ئێمە لەناو چادر یان ژوورێکی قوڕ دەژیاین، شوێنەکەمان تەسک بوو، زۆربەی بارەگاکان حەمامی بچووکیان لە بەرد و قوڕ دروست کردبوو، خۆمان ئاومان گەرم دەکرد، چواردەورمان پڕ بوو لە رشک، ئەسپێ، دووپشک ، مشک و مار. کە شەوان دەنووستین، دەمانچەکانمان لەژێر سەرینی خۆمان دادەنا. خواردن کەم بوو، رۆژانە یەک جار نانمان دەخوارد، زۆربەی جارەکان نان و نیسک یان برنج بوو، گۆشت نەبوو، مانگی یەک جار دەستمان دەکەوت یان نا، بەڵام ئاو زۆر بوو، ئاوی سارد و خۆش لە رووبارەوە دەهاتە خوارەوە. هه‌ر چه‌ند بەلامەوە تا رادەیەک ئاسان نەبوو. به‌ڵام ژیان لەو‌ێ زۆر سادە و ساکار بوو.
له شاخدا، پەیوەندیم لەگەڵ قادر خەبات زۆر باش بوو، دەمانتوانی بە بێ کێشە زیاتر لە نیو کاتژمێر بەیەکەوە قسە بکەین و لەیەکتریش تێبگەین، من بە سویدی و ئەو بە کوردی، زۆریش چێژم لە گفتوگۆکەمان وەرده‌گرت. هەروەها پەیوەندیم لەگەڵ کاک نەوشیروان مستەفا زۆر باش بوو، ناو بە ناو کە دەچوو بۆ بەسەرکردنەوەی بارەگاکان، لەسەر شاخەکان گوڵی سروشتیی جوانی بۆ دەهێنام. ئەمەم زۆر پێ خۆش بوو، وەکوو دیاردەیەکی شارستانی لەو کاتانەدا سەیرم دەکرد. د. کەمال خۆشناویش وەک برایەک وابوو، ناویشم نابوو برا گەورە. بە د. خدر مەعسومم دەوت: "برای بچووک" و ناویشم نابوو سپیدی گۆنزالیس کە کارەکتەرێکی فیلمی کارتۆنییە، خێراترین مشکە لە مەکسیک، بۆیە ئەم ناوەشم لێنا، چونکە هەموو کارێکی بەپەلە و بەخێرایی دەکرد، خێراش نانی دەخوارد. پەیوەندیم لەگەڵ رووناک خان و مەلا بەختیار و لەگەڵ نه‌رمین خان و شێخ دارۆش زۆر باش بوو. هەروەها لەگەڵ هێرۆ خان‌یش دوو هاوڕێی نزیک بووین. له گه‌ڵ مام جه‌لالیش پەیوەندیمان باش بوو، کەسێکی قسەخۆش و خۆشمەشرەف بوو. لە سەرەتادا ئەوەندە جدیی نەبوو، بەڵام وردە وردە پەیوەندیمان قووڵتر بوو.
ئەگنێتا له شاخدا له گه‌ڵ هاورێ ژنه‌کانی رێکده‌که‌ون ئه‌م فێری زمانی ئینگلیزییان بکات و ئەوانیش ئه‌گنێتا فێری زمانی کوردی، به‌ڵام له بیره‌وه‌ریه‌کانی بەپێکەنینەوە دەڵێت: راستییەکەی ئەوان فێڵیان لە من کرد و فێری کوردی‌یان نەکردم، تەنیا چەند وشەیەک فێر بووم.
له کاتی مانه‌وه‌ی له شاخ بۆ یه‌که‌مجار بۆردۆمانی فرۆکه ده‌بینێ به‌ڵام ناترسێ، وه‌ک خۆی ده‌ڵێ: لە فڕۆکە نەدەترسام، چونکە پێشتر نەمبینیبوو، نەمدەزانی چۆن بۆمب فڕێ دەدات و شەڕ دەکات، بۆ یەکەمجار کە فڕۆکە بۆردومانی ناوچەکەمانی کرد، من دەمویست سەیریان بکەم تا بزانم چۆن شەڕ دەکەن، بەڵام دیارە ئەوە شتێکی خەیاڵی بوو، چونکە لەکاتێکدا کە من لە نزیک کونەتەیارەکەوە وەستابووم بۆ ئەوەی تەماشای فڕۆکەکان بکەم چۆن بۆردومان دەکەن، دوو کەس دەستی منیان گرت و منیان راکێشایە ژووره‌وه، بەڵام لە مشک دەترسام، بۆیە هەر کە مشکێک بەدیار دەکەوت هاوارم دەکرد و بە پێشمەرگەکانم دەوت وەرن لێرە دووریان بخەنەوە. پێشمەرگەکانیش پێم پێدەکەنین. لە راستیدا لە ماری ژەهراویش زۆرتر دەترسام.
دوای ماوه‌یه‌ک ئه‌گنێتا، بۆ سه‌ردان ده‌گه‌رێته‌وه بۆ سوئێد و وه‌ک خۆی ده‌ڵێ: من بۆ خۆم ژنێکی لاواز بوم، لە ناوزەنگ پێنج کیلۆم کەمکردبوو، کە گەڕامەوە سوید لە ئاوێنە سەیری خۆم دەکرد، وام دەزانی لە ئۆردووگا زۆرە ملێکانی جوولەکەکانی سەردەمی هیتلەر گەڕاومەتەوە.
له‌و پێوه‌ندیه‌دا، عومەر شێخمووسی هاوسەری له بیره‌وه‌ریه‌کانیدا ده‌گێرێته‌وه: ساڵی (1980) بۆردومان کراین، شەهید و بریندارمان هەبوو پێموت ئەگنێتا لەگەڵ ژنەکان بچۆ گوندی کانی زەرد، وتی ناڕۆم، وتم دەبێت بڕۆیت، ناتوانم ئاگام لە تۆ بێت و ئاگاشم لە پێشمەرگەکان بێت، هاوارم کرد بەسەریدا، وتی: ئەوە دەڕۆم، بەس دەبێ ئەوەش بزانی، کە دەبێ ئەوە دوا جارت بێت هاوار بکەیت بەسەرمدا. رێکەوت وابوو گەڕایەوە بۆ سوید، لەوێش بە ئازایەتییەوە باسی خۆی بۆ هاوڕێکانی دەکرد کە چۆن ئازابووە و نەترساوە. پێشمەرگایەتی چه‌ند خۆشە و چۆن چەکی هەڵگرتووە. هاوڕێکانی زۆر بەلایانەوە سەیربوو، دەیانووت تۆ چۆن بەرگەی ئەو دۆخەت گرتووە؟! منیش بۆ خۆشی پێمدەوت: ئەوە چییە، تۆش فێری فشەکردن بوویت؟»
ئه‌گنێتا دوای ساڵێک دیسان ده‌گه‌ڕێته‌وە بۆ ناوزه‌نگ و درێژه به کاره‌کانی ده‌دات، وای هه‌ست ده‌کرد پەیوەندییەکی رۆحی لەگەڵ کورد و کوردستان دروستکردوه به‌ڵام سه‌ره‌رای ئه‌مانه‌ش زۆر ره‌فتاری نامۆ له فه‌رهه‌نگی کو‌رده‌واریدا ئازاری ده‌دا
وه‌ک خۆی ده‌ڵێ: هەندێک رەفتار بەلامەوە نامۆ بوو، بۆ نموونە، هەندێک پیاوی موحافیزکار و ئاینی هەبوون، ئامادە نەبوون تەوقە لەگەڵ ژن بکەن، بەتایبەتی من لە کۆمەڵگەیەکی یەکسانخوازەوە هاتبووم و ئەم رەفتارەم بەلاوە پەسەند نەبوو. هەرچەند عومەر هۆکارەکەی بۆ شیکردمەوە، به‌ڵام بەرانبەر برادەرە بەرپرسەکانی ناو یەکێتی، رەتمکردەوە و بە جیاکاری و بەکەم سەیرکردنم ده‌زانی.
بیره‌وه‌ریه‌کی تاڵم هه‌یه، جاروبار ئاغاکانی دەوروبەر دەهاتنە لای عومەر، جارێکیان وا رێکەوت کە من بۆخۆم راستەوخۆ قسەیان لەگەڵدا بکەم، کە ویستم دەستیان لەگەڵ بده‌م، ئەوان ده‌ستیان نه‌دا، لەبەر ئەوە گوایە من ژنم، زۆر دڵم بەو رەفتارە تەنگ بوو. عومەر هەوڵیدا قەناعەتم پێ بکات، کە ئەوە دابونەریتی لادێیە لە ناوچەکەدا، بەڵام من هەر قەناعەتم نەکرد. کاتێک عومەر قسەی لەگەڵ هەردوو ئاغاکە کرد، یەکێکیان رازی بوو کە ده‌ستم لەگەڵ بدات، بەڵام ئەویتریان هەر رازی نەبوو.
شتێکی خۆشتریش، کاتێک مام جەلال، عومەر، هێرۆ خان و من بچووینایە بۆ ناوچەیەک، یان سەردانێک، مام و عومەر ئێمەیان پێش خۆیان دەدا، دەمبینی هەندێک لەو پێشمەرگانەی لەگەڵماندا دەهاتن، بەهێمنی و نهێنیی پێکەنینیان بەو جۆرە رەفتارە دەهات، کە چۆن دەبێت ئێمە لە پێش ئەوانەوە بڕۆین
گه‌رانه‌وه بۆ سوئێد
ساڵی 1981 ئه‌گنێتاو هاوسه‌ره‌که‌ی جارێکی‌تر له رێگای رۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌وه به‌ره‌و تاران به رێده‌که‌ون تاوەکو بە فرۆکه له‌وێوه گه‌شتی ده‌ره‌وه بکه‌ن، هاوسه‌ره‌که‌ی که پێشتر سەردانی مامۆستا شێخ عیزەدین حوسێنی کردبوو، دوو نامەی ناوبراوی هێنابوو، کە یه‌کیان بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەوی تریشیان بانگەوازێک بوو بۆ رای گشتیی جیهان دەربارەی ئەو نەهامەتی و چەوساندنەوەی رژێمی ئێران دەرحەق بە گەلی کورد دەیکات. ئەوە هەر ئەو دوو نامە بوون کە چەند مانگ پێشتر شێخ عیزەدین ویستبوی لە رێگەی کەسێک به ناوی قەرەنی کەریمی رەوانەی بکات بەڵام لە رێگەی تاران دەگیرێ و ئیعدام دەکرێ. لە نزیک سەردەشت پاسدار رایانده‌گرێ بۆ ئه‌وه‌ی بیان پشکنێ، شێخمووس نامەکان بە ئەگنێتا ده‌دا و داوای لێده‌کات بیانشارێتەوە. هه‌ر بۆیه ژنێکی پاسداریش بۆ پشکنینی ئەگنێتا ده‌هێنن و داوای لێده‌که‌ن گیرفانەکانی بەتاڵ بکات، ئه‌گنێتاش که نامەکانی لەناو هێندێک دەسماڵی کلینکس لە گیرفانیدا شاردبووەوە، هیچ خۆی تێک نادا و بەتووڕەییەوە بە ژنە پاسدارەکەی ده‌ڵئ: ئەوە چییە، دەتەوێت تەماشای کلینکسەکەش بکەیت؟ ئیتر ژنە پاسدارەکە وازی لێ دێنێ و تەماشای هیچیتری ناکات.
ئه‌گنێتا هه‌مان ساڵ له گه‌ڵ هاوسه‌ره‌که‌ی بۆ به‌شداری له کۆنگره‌ی چواری حیزبی دیمۆکرات دەچێتە شاری مهاباد، دکتۆر قاسملو که ئاشنایه‌کی کۆنی له گه‌ڵیان ده‌بێ پێشتر دووجار له سوید، ئه‌وان ماڵی خۆیان بۆ د. قاسملوو و هاوڕێکانی چۆڵکردبوو، بۆیە د. قاسملوو بە ئەگنێتا ده‌لّێ: لە شوێنێ داتدەنێم شا و شابانوو لێی نوستوون، مه‌به‌ستی ئه‌و کۆشکه‌ی شای ئێران بوو، که له سه‌ر سەدی مهاباد پێش شۆڕشی ٧٩ دروستکرا بوو، دواتر ئەگنێتا پێی ده‌ڵێ لەوەتەی له کوردستانم لە شوێنی وا خۆش نەخەوتووم.
ئه‌گنێتا له سوئێد به‌رده‌وام ده‌بێ له خزمه‌ته‌کانی. دەست ده‌کات بە دەرکردنی کۆپی ئینگلیزیی رۆژنامەی (شەرارە - The Spark) کە رۆژنامەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو، دوای چاپکردنی، دابەشی دەکرد بەسەر دەزگاکانی راگەیاندنی ئەوروپی و نێودەوڵەتیدا. هەروەها هاوکار ده‌بێ لە چاپکردن، هەڵەبڕی و دیزاینکردنی نووسراو و بڵاوکراوەکان بە زمانی سویدی و ئینگلیزی، پاشان دابەشکردن و بڵاوکردنەوەیان. له گه‌ڵ چه‌ند هاورێیه‌کیتر به‌شێک له شیعره‌کانی شێرکۆ بێکه‌س، شاعیری ناوداری کورد بۆ زمانی سوئێدی وه‌رده‌گێڕن. هاوکاتیش لە زۆربەی چالاکی و خۆپیشاندانەکان، کۆڕ و کۆبوونەوە و سیمینارەکان بەشدار دەبێ. به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی یه‌کێتی شێخمووسی هاوسه‌ری بۆ کارێک له ده‌ره‌وه راده‌سپێرن، به‌ڵام نازانێ کاره‌که نایاساییه، بۆیه به‌و هۆیه‌وه، توشی کێشه‌یه‌کی گه‌وره ده‌بن، شێخمووس بڕیار ده‌داو واز له یه‌کێتی ده‌هێنێ. هه‌ڵوێستی یه‌کێتی دۆستانه نابێ، ئه‌مه‌ش کار ده‌کاته سه‌ر ئه‌گنێتاو به بێوه‌فایی داده‌نێ و ناره‌حه‌تی ده‌کات هه‌ر بۆیه‌ش بۆ ساڵانێکی زۆر سه‌ردانی کوردستان ناکات.
هه‌ر چه‌ند به سه‌رکه‌وتنی راپه‌ڕینی باشووری کوردستان ئه‌گنێتا خۆشحاڵ ده‌بێ و هیوای لا دروست ده‌بێ به‌ڵام شه‌ری ناوخۆ بێ ئومیدی ده‌کات. له ساڵی ٢٠٠١ به هۆی کاری هاوسه‌ره‌که‌یه‌وه روو ده‌کاته ئه‌مریکاو تا ساڵی ٢٠٠٧ لەو‌ێ ده‌مێننه‌وه، دواتر ساڵی ٢٠٠٨ بۆ یه‌که‌م جار سه‌ردانی کوردستان ده‌کات.
له‌و سه‌ردانه‌دا مام جەلال و کەمال فوئاد پێی ده‌ڵێن: تۆ حەقت لەسەرمان هەیە و لەگەڵماندا ماندوو بویت، دەتەوێ چیت بۆ بکەین، پەیکەر یان شەقامێک، ده‌ڵێ: قوتابخانەیەکی کچان بکەن بە ناومەوە، دواتر سەردانی دوو قوتابخانەی کچان ده‌کات له پۆلەکاندا لەگەڵ قوتابیەکان قسە ده‌کات، بەڵام مخابن تا لەژیاندا بوو ئەم کارەی بۆ نەکراو به چاوانی خۆی ئه‌م د‌یمه‌نه‌ی نه‌بینی. به‌ڵام له ساڵی ٢٠١٤ له لایه‌ن مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتیه‌وه خه‌ڵاتی رێزلێنانی پێشکه‌ش کراوه.
ئه‌گنێتاو خواردنی کورده‌واری
ئه‌گنێتا له نزیکه‌وه دۆستایه‌تی له گه‌ڵ زۆرێک له سه‌رکرده‌کنی کورد هه‌بووه، هه‌ر بۆیه‌ش له رێگه‌ی ئه‌وا‌نه‌وه فێری برنج لێنان ده‌بێ، له‌و پێوه‌ندیه‌دا هاوسه‌ره‌که‌ی ده‌گێرێته‌وه.
ساڵی 1970 د. قاسملوو و هاوڕێکانی هاتن بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەی خوێندکاران لە ستۆکهۆڵم، ئاشنایەتی ئێمەش لە (1965)ەوە دروست ببوو، بۆیە لەگەڵ ئەگنێتا پەیوەندییەکی باشیان دروستکردبوو، ئەوە بوو قاسملو برنجی لێنا، کوردی رۆژهه‌ڵات زۆر حەزیان لە برنج لێنانە، بۆیە ئەگنێتای بانگ کرد و وتی: وەرە بافێرت بکەم چۆن برنج لێ بنێیت و بنکڕ بگرێت. ساڵی (1987)یش مام جه‌لال ده‌عوه‌تمان بوو، خواردنمان زۆر کرد و دەمانزانی حەزی بە خواردنی خۆشە، بەڵام بە ئەنقەست تەنیا هەندێ خواردنی دەریاییمان دانا، خواردی و وتی کوا؟ خواردنیتر نییە؟ وتم نا، وتی هەستن با بڕۆینە دەرەوە خواردن بخۆین، وتم مام گاڵتە دەکەم خواردنمان کردووە، هێنایان یاپراخ و پەتاتە بوو، وتی: ئەی کوا برنج، وتمان برنجمان لێنەناوە، وتی هەستە ئەگنێتا بە بەیەکەوە برنجێک لێ بنێین، ئەوەبوو خۆی لێینا و ئەگنێتاشی فێر کرد، هەرچەندە رۆژنامەنووسێکی ئینگلیز هاتبوو بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ مام جەلال و شۆڕشی شەهید عەلی عەسکەریش لەگەڵمان بوو، بەڵام ئەو برنجی خۆی لێناو تا نه‌یخوارد وتووێژەکەی نەکرد.
به‌ڵام ئه‌گنێتاش بیره‌وه‌ریه‌کی تایبه‌ت له سه‌ر شێخمووس ده‌گێرێته‌وه و ده‌ڵێ: رۆژێک لە مەتبەخ نانی ئێوارەم ئامادە دەکرد، عومەر بە دڵێکی خۆش هاتەوە و وتی: وەرە سەیر بکە و ببینە. سەیرم کرد، لە عەلاگەکەی دەستیدا چ ببینم، سەری مەڕێکی بە خوێنی لەناودا بوو، لەترسا حەپەسام و وتم: ئەم شتە لە من دوور بخەوە با نەیبینم! ئەو ئێوارەیە، بەتەنیا بۆ خۆی، سەری مەڕەکەی لێناو خواردی.
ئه‌گنێتا و پرسی کورد
پرسی کورد، بەلامەوە پرسێکی زۆر رەوایە و باوەڕی ته‌واوم بە خەباتی گەلی کورد هەیە. ئەم نەتەوەیە زۆری چەشتووە و مەینەتی زۆر بینیووە لەپێناو بەدەستهێنانی مافە دیموکراتییە سەرەتاییەکانی، زۆریان قوربانی داوە لەپێناو ئازادی و سەربەخۆیی و خه‌باته‌که‌یان زۆری خایاندووە. لە روانگەی منەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بزووتنەوە و بەرپرسە کوردەکانیش بەرپرسیارێتییان دەکەوێتە ئەستۆ، ئیتر کاتی ئەوە هاتووە رێگەی باش و ئاشتییانە بۆ ئەم پرسە گرنگە بگرنە بەر.
کە لە شاخ پێشمه‌رگه بووم، هەستم دەکرد زیاتر کوردم و هەر وەکوو یەکێکی خۆیان تەماشایان دەکردم، ئەمە بژاردەی خۆم بوو. کە سویدم بەجێهێشت، دەمزانی کۆمەڵێک کێشە رووبەڕووم دەبێتەوە، به‌ڵام به هیچ شێوه‌یه‌کیش له‌وه‌ی هه‌ڵمبژاد په‌شیمان نیم.
سەرەتا ئەو راستییانە بۆ من نامۆ بوون، زۆرم دەربارەیان نەدەزانی، بەڵام دواتر و ئێستا هەموو شتێکم لا روونە، هەرگیز ئەو پێشمەرگانەم بیر ناچێتەوە کە لە کاتی بۆردومانی فڕۆکە عێراقییەکان لە 1980 شەهید و بریندار بوون، هەروەها مامەڵەی پاسدارانی ئێرانم لەگەڵ کوردانی رۆژهەڵات هەرگیز له بیر ناچێتەوە.
هەندێک جار بە لامەوە قورسە تێبگەم لەو ناکۆکی و نەگونجانەی، کە هەیەو هەبووە لە نێوان کەسە بەرپرسەکان، هەروەها ئەو گەندەڵییەی کە لەم ساڵانەی دواییدا له هه‌رێمی کوردستان هەیە، زۆر جار دەپرسم باشە چۆن دەبێت ئەو کەسانەی، کە ئامادەیی بەخشینی ژیان و هەموو شتێکیان هەبوو لەپێناو ئازادیی گەل و وڵات، ئێستا ئەو هەڵانە بکەن لەپێناو بەرژەوەندیی کەسی و خۆیان، بۆچی گەندەڵی دەکەن؟ من ئیتر تەحەمول ناکەم، ئەوە خەتای سەرکردایەتی بزووتنەوەی کوردییە کە 10ساڵ جارێک کارەساتێک بەسەر ئەو میللەتە دێت، راسته کۆمەڵگەی جیهانی خەتای هەیە، بەڵام سەرەتا ئێوە خۆتان خراپن.
پرۆژه‌کانی ئه‌گنێتاو هاوسه‌ره‌که‌ی
ئەگنێتا و شێخمووس منداڵیان نیه، هۆکاره‌که‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شێخمووس که سه‌ره‌تا رازی نابێ منداڵیان هەبێ، دواتر که بڕیار ده‌ده‌ن، ئه‌گنێتا بە هۆی توشبوونی به شێرپه‌نجه‌ی ره‌حم مناڵی له بار ده‌چێ، هەر بۆیە ساڵی 1988، دوای روودانی کارەساتی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە، لەگەڵ هێرۆخان قسە ده‌که‌ن، کە "کچ و کوڕێک"ی هەڵەبجەییان بۆ بدۆزێتەوە تا تەبەنییان بکەین. ناوبراو منداڵه‌کان ده‌دۆزێته‌وه‌و خێزانەکەیان رازی ده‌کات، بەڵام دواتر خزمەکانیان پەشیمانیان ده‌که‌نه‌وه. لەم ساڵانەی کۆتاییدا، هەردووکیان که خانەنشین ببوون، بڕیارده‌ن پڕۆژەی بیرەوەرییەکانیان بنووسنەوە، ئەگنێتا، وەکو سویدییەک و ژنێکی ئەوروپی کە لەگەڵ هاوسه‌ره‌که‌ی سەردانی عیراق، سوریا، تورکیا، ئێران و کوردستانی کردووە، هەست و بیرووبۆچوونی خۆی بنووسێ، هاوسه‌ره‌که‌شی وەکو کوردێک کە لە سوید و بەریتانیا ژیاوه، بیروبۆچوونی خۆی بنووسێ، ئه‌گنێتا (60) لاپەڕە ده‌نوسێ، بەڵام بەداخەوە تەواوی ناکات و مردن به‌رۆکی ده‌گرێ.
هەروەها شێخمووس باسی پڕۆژەیەکیتر ده‌کات و ده‌ڵێ: ئێمە هەمیشە یەک حسابی بانکمان هەبووە، بۆیە ئەو پارەیەی ئەو لە باپیر و باوک و دایکی بۆی ماوەتەوە، هەروەها منیش هەندێک پارەم هەیە و دەبێ ئەو خانووەشی کە تێیدام بیفرۆشم و بیکەمە شوقەیەکی بچووک و پارەکەشی بخەمە سەر حیسابەکە، ئەم فەندە بۆ ئەوەیە دوو خوێندکار یەکێکیان سویدی بێت و بێت لە کوردستان بخوێنێ، ئەویتر بە پێچەوانەوە و ئێمەش تێچووەکەی دابین بکەین.لای پارێزەر وەسێتمان کردووە و ئیمزامان کردووە و دامانناوە. لەو بارەیەوە کەسوکاریشمان لەو پڕۆژەیە ئاگادارکردۆتەوە
به‌ڵێن ساڵح رۆژنامه‌نووسی کورد له ئه‌مریکا، که ساڵانێک هاورێی نزیکی شێخمووس و هاوسه‌ره‌که‌ی بووه له سه‌ر ئه‌گنێتا ده‌ڵێ:
درەختێک، لەوپەڕی دنیاوە، سەفەری ئەم نیشتمانە مەلولەم دەکات و خۆشیدەوێت
گۆرانییەک، لە ڕۆژئاوای لێوان لێو لە ئاوازی قەشەنگ،
باریکە ڕێگەی مان و نەمانی ئێمە دەگرێتەبەر و
لە ئامێزی دەگرێت
ئاسمانێک، زێدی خۆی دەپێچێتەوە و
لە کوختێکی ئەو بنارانەدا لە ئایندە دەڕوانێت
ئەگنێتا،
هەموو جیهان دەکاتە شیرین ترین نوقڵی دنیا و
عەشقی هۆمەری شێخموس و
نیشتمانەکەی پێ ئاو دەدا...
ئەمە کورتترین ناسنامەی ئەگنێتایەکە، لە کورد کوردتر و لە مرۆڤیش مرۆڤتر
مه‌رگی ئه‌گنێتا و خه‌مه‌کانی شێخمووس
عومەر شێخموسی له باره‌ی هاوسه‌ره‌که‌یه‌وه دەڵێ: ئەگنێتا زۆر بە شەخسییەت و کەللەڕەق بوو، زۆریش تووڕە دەبوو. لەم ساڵانەی دواییدا زۆر لە ماڵەوە دادەنیشت، دەبوو بە زۆر بیبەمە پیاسەکردن، تووشی خەمۆکی و رووخان ببوو، جگەرەی زۆر دەکێشا. شه‌وێک چووم بۆ ده‌ستشۆر، کاتێک گەڕامەوە ئەویش چوو، من چاوم چووەوە خەو، لەپڕ بەئاگا هاتم هێشتا نەهاتبۆوە، چووم لە دەرگای دەستشۆرەکەمدا و با‌نگم کرد ئەگنێتا تۆ باشی، وتی باشم بەڵام وەرە هاوکاریم بکە، ناتوانم هەستم، باوەشم پێداکرد، ئەو هەستا، بەڵام کەوتەوە و دوا هەناسەی دا‌و لە باوەشی خۆمدا کۆچیکرد، ئه‌و شه‌وه تاڵه ٢٠ نۆڤامبه‌ری ٢٠١٩ کاتژمێر (5:50) دەقیقەی بەیانی بوو.
بە بێ ئەو، زۆر هەست بە تەنیایی دەکەم، بەتایبەتی کە لە هەمان ماڵدا ماومەتەوە و دەبێ بیفرۆشم. کە دەچمە سەر گۆڕەکەی، هەواڵی دەپرسم و بۆی باسدەکەم کە چیمکردووە، هەواڵی کەسوکاری پێدەڵێم لە هەمووشی گرنگتر داوای لێبوردنی لێدەکەم کە هەندێکجار فەرامۆشم کردووە، بەراستی سەرباری ئەوەی کە من کابرایەکی شۆڕشگێڕ و سیاسیم، بەڵام نەمزانیبوو کە لایەنێکی زۆر سۆزداریشم هەیە.
من نیشتمانی یەکەمم کوردستانە، دواتر بەهۆی ئەگنێتاوە سوید بوو به نیشتمانی دووەمم. به‌ڵام ئێستا حەزدەکەم بڵێم نیشتمانی من ئەگنێتایە و قەبری تەنیشت ئەویشم کڕیوە و دەمەوێت لە پاڵ ئەودا بنێژرێم و هاوڕێیانم لەوە ئاگادارکردۆتەوە، ئەوان ناڕازین و دەڵێن: «دەبێت لە سلێمانی بنێژرێیت، کەسوکاریشم هەمان گلەییان هەیە و دەیانەوێ لە رۆژئاوای کوردستان بم، بەڵام من بڕیاری خۆمم داوە و ده‌مه‌ّوێ له ته‌نیشتی ئه‌گنێتا بم.
بێگومان ئەوە عەشقی عومەر شێخموس بوو کە ئەگنێتای راکێشا بۆ تێکەڵبوون بە بزوتنەوەیەکی پڕ لە کەندو کۆسپ، هەورازو نشێو، سەرکەوتن و داکەوتن، وایلێکرد ببێت بە بەشێک لە ئێمەی کورد. هەرچەند بێوەفایی سەرکردەکانی شۆڕش لە باشور پاشگەزی نەکرد له خزمه‌ت و پشتیوانیه‌کانی له کورد، بەڵام وەفای راسته‌قینه‌ی عومه‌ر بۆ ئەگنێتا وانەیەکی گەورەیە بۆ تێگەیشتن لە پێوەندی نێوان عەشق و سیاسەت، خۆشەویستی و دەسەڵات، کە راگرتنی هاوسەنگی نێوان ئەوانە لە کەسی دەگمەنی وەک عومەر شێخموس دەوەشێتەوە.