شەممە ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠١ هەتاوەیی واتە ١٧ سێپتامبەری ٢٠٢٢، لێرە لە کوردستان، گۆڕستانی ئایچی، شاری سەقز، ئامادەبوونی جەماوەرێکی یەکجار زۆری خەڵکی ئەم شارە بۆ بەشداریکردن لە ناشتنی تەرمی کچێک. ژنانی بەشداربوو لەم ڕێوڕەسمەدا، بە وتنەوەی دروشمی ژن، ژیان ئازادی و فڕێدانی لەچکەکانیان، چەخماخەی یەکێک لە گەورەترین بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی-سیاسی لە مێژووی هاوچەرخی کوردستان، ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان لێدا.
سێشەممە ١٣ سێپتامبەری ٢٠٢٢ کاتژمێر ٦:٠٠ی پاشنیوەڕۆ لە نزیک وێستگەی میترۆی حەقانی تاران، کچێکی تەمەن ٢٢ ساڵ بە ناوی ژینا ئەمینی لەگەڵ چەند ژن و کچێکی دیکە لە لایەن پۆلیسی تایبەتی ئێرشادەوە ڕاگیران و دەستبەسەر کران. ئەفسەرەکان بە براکەی ژینا کە لەگەڵیدا بووە وتوە، خوشکەکەی دەگوازنەوە بۆ ناوەندی دەستبەسەرکردنی پۆلیسی ئاسایشی ئەخلاقی لە شەقامی وزەرا ، دوای کاتژمێرێک بەری دەدەین. بەڵام ژینا ئەمینی ئازاد نەکرا، بەڵکو پاش دوو کاتژمێر، هەواڵێک هات کە لە بەشی چاودێری تایبەت لە نەخۆشخانەی کەسرا لە ژێر چاوەدێری پزیشکیدایە. دواتر شایەتحاڵەکان و ئەوانەی لەگەڵیدا دەستگیرکراون باسیان لەوە کردووە کە ژینا دوای بەرەنگاربوونەوە و دەمەقاڵە لەگەڵ ئەفسەرەکان، لێی دراوە. ژینا ئەمینی ٣ ڕۆژ لە کۆمادا بوو و دواجار لە ١٦ی سێپتامبەر کۆچی دوایی کرد.
تاران بەدەم کەسەوە پێناکەنێ
تاران پەچەی بە درەخت گرتەوە
عەبای دا بەسەر ئاوا و
جبەی کردە بەر جادە
عەمامەی کردە سەری باخچە
بەزۆر
ڕیشی بە گۆرانی هێشتەوە
کراسی عاشوورای کردە بەر شیعر و
مۆسیقای بێوەژن کرد و
ژیانی کرد بە پرسە
تاران بەدەم کەسەوە پێ ناکەنێ
بەدەم مەرگەوە نەبێ
ئەو خۆشی لە هیچ نابینێ
لە مەرگ نەبێ
ژنی ئەو، کوڕی ئەو، کچی ئەو
هەموویان ناویان هەر مەرگە و
ئەوەی لەوێ لەدایک نابێ ژیانە (شێرکۆ بێکەس)
گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکان وایکرد کە ڕێوڕەسمی ناشتنی ژینا تەنیا ڕۆژێک دوای کوشتنی بەڕێوە بچێت. بەڵام ئارامگەی ئایچی کە مردووەکان تێیدا دەگەن بە ئارامییەکی ئەبەدی، بوو بە شوێنێک بۆ تێکدانی ئارامی حکومەت، کە بێ وەستان هاووڵاتیانی خۆی دەکاتە ئامانج و خەڵتانی خوێن و مەرگیان دەکات.
ڕستەیەک لەسەر کێلی سادە و پاکی ژینای جوانەمەرگ نووسرا، کە لە چاوتروکانێکدا بوو بە مانشێتی میدیای جیهانی، ژینا گیان تو نامری ناوت ئەبێتە رەمز . لە هەمان کاتدا و لە میانەی ڕێوڕەسمەکەدا ژنان رووسەرییەکانیان فڕێ دا و دروشمی ژێن ژیان، ئازادییان هەڵداو داوایان لە کۆمەڵگای کوردستان و ئێران کرد خۆیان بۆ خەبات و بەرخۆدانێکی دوورودرێژ ئامادە بکەن، بانگهێشتێکەیان بە خێرایی لەلایەن کۆمەڵگای ئێرانەوە قبوڵکرا، بە تایبەتی چالاکوانانی ژن.
ناڕەزایەتی بەشێک لە چالاکانی ژن لە بەردەم نەخۆشخانەی کەسرا لە تاران بە توندی سەرکوت کرا. بەڵام ناڕەزایەتییەکە سەریهەڵدا. ئەوەی حکومەتی ئێرانی بیری لێ نەکردبوەو لایوابوو نابێ بقەومێ لێی قەوما. ناڕەزایەتی و بەرخۆدانی خەڵک لە سەقز، سنە، مەهاباد، دیواندەرە و کەرەج، سەرەڕای سەرکوتی توندی حکومەت، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر و زیاتر پەرەی سەند. ژنان لە تاران و شارەکانی دیکەی ئێران بە کۆبوونەوە لە شوێنە جیاوازەکان هەوڵی دەستپێکردنی ناڕەزایەتییان دەدا. ئامادەبوونی ژنان و پێشەنگ بوونیان لەو ڕۆژانەدا زیاتر بەرچاو بوو. ناڕەزایەتی و ویستی شۆڕشگێڕانە زیاتر پەرەی دەسەند. لە بەیاننامەیەکی هێزی پۆلیسدا، مامەڵەی خراپ و لێدانی ژینا ئەمینی ڕەت کرایەوە.
هاشتاگی مەهسا ئەمینی، ناوی داسەپاوی ژینا، هەر زوو بوو بە ترەندێکی جیهانی بۆ پشتیوانیکردن لە ژینا، دوایین ئامارەکان دەریدەخەن کە هاشتاگەکە 300 ملیۆنی بڕیەوە. یەکشەممە ١٨ی سێپتامبەر، خوێندکارانی زانکۆکانی تاران، کوردستان و شارەکانی دیکە شۆڕشەکە دەبەنە قۆناغێکی دیکەوە. ئەوان بە داگیرکردنی کەمپی زانکۆ ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر کوشتنی ژینا. لە هەمان کاتدا چەندین هونەرمەندی دەروەست و کەسایەتی کۆمەڵایەتی پەیوەست بوون بە کەمپەینی پرچ بڕین، وەک نارەزایەتییەکی سەمبۆلیک دەژی شەهید کردنی ژینا.
مینۆ مەجیدی ٢٠ی سێپتەمبەر لە شاری کرماشان بە تەقەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران گیانی بەخت کرد. پرسەکەی بوو بە گۆڕەپانی ناڕەزایەتی خەڵک ؛ له ته نیشت گۆڕه که ی له کرماشان، کچه که ی وێنه یه کی بڵاوکرده وه که هەم لەچکی لەسەر لابردبوو هەم قژیشی تاشیبوو .
لە هەمان رۆژدا، نیکا شاکرەمی کە بوێرانە بەشداری خۆپیشاندانەکان بوو دەکەوێتە بۆسەی هێزە ئەمنییەکان . نیکا لە دوایین پەیوەندیدا باسی لەوە کردبو کە هێزە سەرکوتکەرەکان لە بلواری کشاوەرزی تاران بەدوایدا دەگەڕێن، دواتر دیار نەماوە. دوا وێنەکان، نیکا نیشان دەدات کە لە نێوان ئۆتۆمبێلەکاندا خۆی حەشارداوە بۆ ئەوەی نەتوانن دەستگیری بکەن. بە وتەی شایەتحاڵەکان، دوای ماوەیەکی کەم لەم ساتە، دەستگیر دەکرێت و لەناو ئۆتۆمبێلێکی پۆلیسدا دەبینرێت. بەڵام دوای ١٠ ڕۆژ تەرمەکەی نیکا بە شێوێندرای لە کەهریزەک بۆ ناسینەوەی نیشانی بنەماڵەکەی دەدرێت. پاشانیش تەرمەکەی لەلایەن ئەفسەرانی ئەمنیەوە دزراو و بە نهێنی بەخاک سپێردرا.
کوردستان مەتەرێزی مانگرتن و خۆڕاگری
لە ساڵی ١٩٧٩ کوردستان یەکێک لە گرنگترین مانگرتنەکانی دژ بە ئاژاوەگێڕی سوپای پاسداران لە مەریوان ئەنجامدا. هه ڕوه ها هاوینی ٢٠٠٥ له ناڕه زایه تی به کوشتنی شه وانەی سه ید قادر له شاری مهاباد، مانگرتنێکی گه وره لە هەموو شارەکانی کوردستان بەڕێوە چوو . شکۆمەندترین و بەرفراوانترین مانگرتن لە کوردستان لە ١٣ی مای ٢٠١٠، لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە لەسێدارەدانی فەرزاد کەمانگەر و چوار بەندکراوی تر لە زیندانی ئێڤینی تاران ئەنجامدرا. ئەمجارەش بە هەمان شێوە دوکان و بازاڕی شارەکانی کوردستان، بە پێی ئەو نەریتە، چوار ڕۆژ دوای گیانبەخت کردنی ژینا، یەکێک لە گەورەترین مانگرتنەکانیان لە ئیلامەوە تا ورمێ بەڕێوە برد . تەنانەت داوای لە هەموو سەندیکا و بازرگانانی ئێرانی کرد کە بەشداری مانگرتنەکە بکەن. سەرەتا ئەو داوایە وەرنەگیرا، بەڵام دوای چەند مانگێک و دوای بانگهێشتی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستان، بەشێک بازاڕەکانی تاران و شارەکانی دیکەی ئێران بە ئەرێنی وەڵامی داواکارییەکەی کوردستانیان دایەوە. لە ماوەی چوار مانگدا، کوردستان شەش مانگرتنی بێ وێنەی بەخۆیەوە بینی، واتە هەر هەفتەو یەک مانگرتنی یەک لە دوای یەک. بەڵام بازاڕی تاران و شاره گه وره کانی تری ئێران به رده وام نه بوون له مانگرتنه کانیان.
سنە و مەهاباد بۆ ماوەی زیاتر لە دوو مانگ گۆڕەپانی تێکهەڵچوونی ناڕازییان و ستەمکاران بوون. حکومەت بە کردەوە یاسای سەربازی لەم دوو شارەدا ڕاگەیاندبوو. لەم دوو شارەدا لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا دەیان کەس گیانیان لەدەستدا.
ڕۆژی سێشەممە ٢٠ سێپتەمبەر، دوای بڵاوبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان لە سنە، سەقز و دیواندەرە، حکوومەت بە کەڵک وەرگرتن لە فیشەکی جەنگی چەند کەسێکی شەهید کرد. لە هەمان کاتدا دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بووەوە. کۆمپانیای نێتبلۆکس کە ڕاپۆرتی گواستنەوەی ئینتەرنێت لە جیهان بڵاو دەکاتەوە، پچڕانی ئینتەرنێتی لە ئێران بە ڕادەیەکی بەرچا پشتڕاستکردەوە. هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان، حوسێن فروزێش، بەڕێوەبەری گشتیی پزیشکی قانونی ، ڕایگەیاند کە لە پشکنینی جەستەی ژینادا هیچ خوێنبەربوون و نیشانەی برینداربوونێ لەسەر سەر و دەموچاوی بەدی نەکراوە. بەڵام ئەمجەد ئەمینی باوکی ژینا لە چاوپێکەوتنێکدا ئەو بانگەشەیەی ڕەتکردەوە.
٢٨ سێپتەمبەر، سوپای پاسداران بە چەندین فرۆکەی بێ فرۆکەوان و72 موشەک، بنکەی حیزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستانی لە کویە، زەرگوێز، پردێ و چەند ناوچەیەکی دیکەی ھەرێمی کوردستانی بۆردومان کرد. ئەم ھ-رشانە بووە ھۆی شەھید بوونی دەیان کەس و برینداربوونی ٥٨ کەس، یەکێک لەو کەسانەی لە کۆیە گیانی لەدەستدا، ژنێکی دووگیان بوو بە ناوی رەیحان، بەڵام منداڵەکەی بە سەلامەتی لەدایکبوو و دواتر ناو نرا وانیار. دوای رۆژێک مانەوە لە نەخۆشخانە، وانیاریش گیانی لەدەستدا. لەبەرامبەردا حیزبەکان رایانگەیاند کۆماری ئیسلامی وەڵامی ئەو هێرشانە لە خەڵک و لە شەقامەکان وەردەگرێتەوە.
دوای چەند ڕۆژێک، ناڕەزایەتییەکان لە شارەکانی کوردستان زیاتر بوو، هەموو شارەکانی کوردستان چالاکانە بەشداری ناڕەزایەتییەکان بوون. لە زۆرێک لە شارەکان هێزی پۆلیس و ستەمکاران ڕاونران بۆ پەراوێزی شارەکان. شاری شنۆ بە تەواوی کەوتە دەستی خەڵک، سنە چەند مانگێک شاهیدی ململانێی خەڵک بوو لەگەڵ ستەمکاران.لە ورمێ، پیرانشار، دێگولان، قوروە، بیجاڕ کامیارانەوە بگرە تا کرماشان و ئیلام، ببوە گۆڕەپانی شەڕی خەڵک و دەسەڵات. شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵکی کوردستان، ورەی خۆپیشاندەرانی شارەکانی دیکەی ئێرانی بەرزکردەوە. لە حەوتەمین ڕۆژی ناڕەزایەتییەکاندا، زیاتر لە ١٨٠ شار لە سەرانسەری ئێران بەشداری ناڕەزایەتییەکان بوون و بوێری زۆریان لە بەرامبەر هێزی سەرکوت نیشان دا. خۆپیشاندەرانی شاری مەهاباد بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک ئەو شارەیان لە دەست هێزە سەرکوتگەرەکان ئازاد کرد. وێنەکانی بەرخۆدانی مەهاباد زۆر زوو سەرنجی میدیای جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا.
ورەی هێزەکانی سەرکوت لە ڕۆژی حەوتەمەوە دابەزی. زۆرێک لە سەرکوتکەرانی پۆلیس و سوپا ئامادە نەبوون بچەنەوە سەر ئەرک و فەرمانەکانیان. تەنانەت زۆرێک لە فەرماندە باڵاکان بە نهێنی دەستیان لەکارکێشایەوە. هەواڵی ململانێ و دووبەرەکی لە نێوانیاندا دزەی کردە دەرەوە. هێزە ئەمنییەکان بۆ گواستنەوەی یەکەکانی سەرکوتکردن و لە ترسی خەڵک ناچاربوون لە ئامبولانس و کەرەستەی پزیشکی کەڵک وەربگرن، ئەمەش بە کاردانەوەی پزیشکەکانی لێ کەوتەوەو لە ڕێگەی راگەیاندنێکەوە داوایان کرد ئامبوڵانس و کەرەستەی پزشکی بۆ سەرکوتکردنی خەڵک بە کارنەهێنن.
٢ی ئۆکتۆبەر، دوابەدوای ناڕەزایەتی خوێندکارانی زانکۆی ئەمیر کەبیر، خوێندکاران لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و بەسیجەوە گەمارۆ دراون، سەرەتا خۆێندکارانیان بە فیشکی رەنگڕێژ دەکردە ئامانج پاشان لە کاتی هاتنە دەرەوەیان لە بینای زانکۆ یان دەگیران یان دەکوژران. ڕۆژێک دواتر بەشێک لە قوتابیانی ناوندی و دوا ناوندی سەرەتا وێنەی ڕێبەری ئێستا و پێشووی کۆماری ئیسلامی لەناو قوتابخانەکەیان دڕاند و پاشان بەبێ حیجابی ئیجباری لە شەقامەکاندا ڕێپێوانیان کرد و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"یان وتەوە. کچە قوتابییەکان بە وتنەوەی دروشمی "بێ شەرەف، بێ شەرەف" بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردەیان لە قوتابخانەکە دەکردە دەرەوە.
بەلوچستانی خۆڕاگر
دوابەدوای بانگەوازێک بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە کوشتنی ژینا ئەمینی و دەستدرێژیکردنە سەر کچێکی تەمەن ١٥ ساڵەی بەلوچ لەلایەن فەرماندەی پۆلیسی چابەهارەوە، ڕۆژی هەینی ٣٠ سێپتەمبەر لە زاهیدان خۆپیشاندانێک بەڕێوەچوو. دوای نوێژی هەینی کۆمەڵێک نوێژخوێن ڕوویان لە بنکەی پۆلیسی ژمارە 16ی زاهیدان کرد و لەوێ کۆبوونەوە و دروشمی دژە حکومەتیان دەوتەوە. تاکە وەڵامی حکومەت بۆ خۆپیشاندەرانی بەلوچستان فیشەک بوو. لە بەلوچستان زیاتر لە 100 خۆپیشاندەر گیانیان لەدەستدا. هەرچەندە تاوانێکی لەو شێوەیە نەبووە هۆی پاشەکشەی خەڵکی بەلوچستان. خەڵک چەند مانگێکە نوێژی هەینییان کردووە بە ڕێوڕەسمی ناڕەزایەتی دەربڕین. بەرخۆدانێکی ناوازە و مێژوویی
٨ی ئۆکتۆبەر، ژمارەیەک لە مامۆستایانی شاری سەقز، وەک نیشانەی هاوسۆزی و هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی بەلوچستان، سەردانی یەکێک لە لقەکانی خوێن بەخشینیان کرد و بۆ بریندارانی هەینی ڕەشیی زاهێدانیان بەڕێ کرد. ئەم مامۆستایانە لە پلاکاردەکەیان نووسیبویان „گیانمان بۆ قوتابیانمان بەخت دەکەین "، "کوردستان پشتیوانی زاهیدان" و "ژێن ژیان ئازادی" .
شەوی ١٥ی ئۆکتۆبەر ئاگرێکی گەورە لە زیندانی ئێڤین کەوتەوە. لەم ڕووداوەدا چوار زیندانی کوژراون و ٦١ کەسیش بریندار بوون. لە ڕۆژانی دوای ئاگرەکە ٤ برینداری دیکە گیانیان لەدەستدا و کۆی ژمارەی کوژراوەکان گەیشتە ٨ کەس. بە وتەی زیندانیانی ئێڤین، پیلانی ئاگر تێبەردانەکە لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە بۆ ترساندن و تۆقاندنی زیندانیانی سیاسی دارێژرابوو .
لە درێژەی ناڕەزایەتییەکاندا لاوانی تەورێز لە بەیاننامەیەکدا نووسیویان: ماتەمینی هەموو شەهیدانی شۆڕشی ژنانی ژیانی ئازادی، لە ژینای کوردستانەوە تا خوێندکاری ستەملێکراوی ئەردەبیلی ین. شەقام بە شەقام و گەڕەک بە گەڕەک شەڕ دەکەین و زێدی خۆمان وەردەگرینەوە. خۆپیشاندەران بە داگیرساندنی ئاگر و دروستکردنی بەربەست لە شەقامەکانی تەورێز دروشمی "مەرگ بۆ دیکتاتۆر"یان بەرزکردەوە و خوازیاری ئازادی و ڕووخاندنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بوون.
٢٢ی ئۆکتۆبەر، دوای بانگەوازی کۆمەڵەی خێزانی قوربانیانی فڕینی PS752، خۆپیشاندەران لە سەرانسەری ئەوروپا و ئەمریکاوە بەشدارییان لە خۆپیشاندانێکی بەرفراوان کرد کە ٨٠ بۆ ١٠٠ هەزار کەسی تێدابوو لە ناوەندی شاری بەرلینی ئاڵمان. پێشتریش لە شاری تۆرۆنتۆی پایتەختی کەنەدا، جەماوەرێکی ٥٠ هەزار کەسی، خۆپیشاندانێکی بەرفراوانیان دژ بە کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی ڕێکخست.
بۆ جاری دووهەم هەژموونی کۆماری ئیسلامی شکا، بەجۆرێک کە لە زۆر ناوچەدا یان هێزەکانی حکومەت نەیانتوانی سەرکوت بکەن یان بەهیچ شێوەیەک ئامادە نەبوون بیکەن. ٢٦ی ئۆکتۆبەر، سەقز جارێکی تر بوو بە چەقی ناڕەزایەتییەکان. لەمڕۆوە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی چلە بووە جێگای ناڕەزایەتی و نیشاندانی هاوپشتی زیاتر لە زۆربەی شارەکان. سەرەڕای هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ پێشگرتن لە ڕێوڕەسمی چلەی ژینا، خۆپیشاندەران ڕێپێوان و خۆپیشاندانێکی زۆر گەورەیان ئەنجامدا. ئامادەبوونی ٨٠ بۆ ١٠٠ هەزار کەس لە سەقز و بەشداربووانی دیکە لە شارەکانی دیکەی کوردستان و ئێران تا سەر گۆڕی ژینا جارێکی دیکە ناڕەزایەتییەکانی زیاتر کرد و بزووتنەوەکەی گەیاندە قۆناغێکی دیکە. یەکێک لە وێنەکانی چلەی ژینا، بووە یەکەم وێنەی هەموو میدیا جیهانیەکان. پاشان چلەی زۆرێک لە شەهیدان بە وتاری ئومێدبەخشی دایک و باوک یان کەسوکاری نزیکی شەهیدان وزەیەکی نوێی بە بزووتنەوەکە بەخشی.
کاردانەوە جیهانیەکان و پشتیوانی کەسایەتییە هونەری و سیاسی و وەرزشییەکان بۆ بزووتنەوەی ژینا و خەڵکی ناڕازی بە شێوەیەکی بێ وێنە فراوانتر بویەوە. چند رۆژ دواتر ڕێگای ترانزێتی بوکان بۆ میاندۆب لەلایەن خەڵکەوە گیرا. لە شارەکانی کەرەج، مەریوان، بۆکان، کرماشان، شیراز، و ئیسفەهان خوێندکاران هاتنە سەر شەقامەکان و دروشمیان دژی کۆماری ئیسلامی دەوتەوە. لە ئیسفەهان شەوانە جەماوەرێکی زۆر ڕژانە سەر شەقامەکان و دروشمیان دەوتەوە. ناڕەزایەتییەکان لە تاران بەردەوام بوون. گەڕەکی ئێکباتان بوو بە ناوەندی ناڕەزایەتیەکانی تاران، ناڕەزایەتییەکانی ئێکبەتان بۆ چەند مانگێک بەردەوام بوو. لە تەورێزیش ناڕەزایەتیەکان پەرەی سەندو ئەم دروشمەیان دەوتەوە:
"نە شاه چیم و نە شێخچی، میللەتچیم میلەتچی”.
٣ی نۆڤامبێر یەکێک لە رۆژە گرنگەکانی ناڕەزایەتیەکان بوو. کۆبوونەوەی بەرفراوانی خەڵک لە بێهەشت سەکینە، چلەی حەدیس نەجەفی، یەکێک لە قوربانیانی ناڕەزایەتییەکانی کەرەج، گۆڕا بۆ خۆپیشاندانێکی دژە حکومەتی. خەڵکی شاری کەرەج چەند سەعاتێک ئەوتوبانی تاران – کەرەج یان داخست دروشمیان دژی ڕێژیم وتەوە.
حکومەت لە ١١ بۆ ١٦ی نۆڤامبر لاوانی شاری بۆکانی خەلتانی خوێن کرد. دەیان خۆپیشاندەر بە فیشەک و لە هەندێک حاڵەتدا بە چەقۆ شەهید کران. محەممەد حەسەن زادە، یەکێک لە شەهیدەکانە، کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا گیانی لەدەست دا. محمەد بڕیار بوو لە ١٣ی نۆڤامبر بۆ عەمەلی چاوی بچێتە تاران، ئەو چاوانەی کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی چەند رۆژ پێشتر بە ساچمە کرابوونە ئامانج، بۆ بەشداریکردنی ناڕەزایەتییەکان گەڕایەوە بۆکان، ڕۆژی دواتر ، لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە تەقەی لێکراو شەهید بوو، دوو ڕۆژ دواتر هاوڕێی نزیک و دڵسۆزی بە نێوی شەهریار محەمەدی بەهەمان شێوە کەوتە بۆسەی هێزە ئەمنییەکان و شەهید کرا.
١٦ی نۆڤامبر، کیان پیرفلەک، تەمەن 9 ساڵ دانیشتووی شاری ئیزە، لەکاتی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە لەگەڵ دایک و باوکی و برا بچوکەکەی لە ئۆتۆمبێلێکدا، دوای هێرشەکەی سەر بازاڕی ئیزە، لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە تەقەی لێکرا و گیانی لەدەستدا.
ڕۆژانی ٢٠ و ٢١ی نۆڤامبر، ئەمجارە، حکومەت شاری جوانڕۆی کردە قەسابخانە. ١٠ خۆپیشاندەر بە فیشەکی جەنگی و دۆشکا بە رۆژی رووناک و لە چەند مەترییەوە کرانەوە ئامانج و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوون. ئەم تاوان و جینایەتە بە وتنەوەی اللە اکبر لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە ئەنجامدرا. هه ڕوه ها له١٠ی دیسامبەر لە کاتی ی ڕێوڕه سمی چلەی شه هیدانی جه وانڕۆ، حکوومه ت تەقەی لە بەشدراو بوان کرد و بورهان ئیلیاسی شەهید کردو بە دەیان بەشداربوی بریندار کرد.
موحسین شێکاری ٨ی دیسامبر لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە لە سێدارە درا. تەنها دوو ڕۆژ پێش لەسێدارەدانی دۆسیە و ناوەکەی ئاشکرا کرا و ئەمەش کاردانەوەی بەرفراوانی و توڕەیی لێکەوتەوە.
هەر لەم رۆژەدا چلەی کومار دەرئۆفتادە لە پیرانشار بەڕێوەچوو: کۆمار لاوێکی تەمەن ١٦ ساڵ کە ٣٠ی ئۆکتۆبەر لە دووری ٣ مەترەوە گوللەی جەنگی بەرکەوت و دوای ڕۆژێک لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا. باوکی کۆمار لە چلەکەیدا داوای کرد لە خەلک کۆڵ نەدەن و بەرەنگاری حکومەت ببنەوە.
١٥ی دێسامبر، سۆنیا شەریفی خۆپیشاندەری دەستگیرکراو، دوای خۆڕاگری و ئازایەتی چەندین رۆژەی خەڵک لە شاری ئابدانانی پارێزگای ئیلام، حکومەتی ناچار کرد بە دانانی بارمتە ئازادی بکات.
٢٦ دێسامبر، لە شاری ئیزە، جەماوەرێکی زۆر لە چلەی کیان پیرفەلەک بەشدارییان کرد و دژی کۆماری ئیسلامی دروشمیان دەوتەوەو پشتیوانیان لە موجاهید کورکور کرد کە حکومەت دەیویست وەک بکوژی کیان بیناسێنێت و بیکاتە قوربانی.
٢٧ی دێسامبەر، چلەی ئایلار حەقی لە شاری تەورێز بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک بەڕێوەچوو، ئەم ڕێوڕەسمەش لە لایەن حکومەتەوە هێرشی کرایەسەر. باوکی ئایلار حەقی، دەنگ و رەنگی کۆماری ئیسلامی لە کوشتن و زڕاندنی ناوبانگی کچەکەی تۆمەتبار کرد. لە ئەنجامدا باوکی ئایلار و دەیان کەس لە بەشدار بوانی چەلەکە دەستگیر کران.
لە کاتێکدا کە هێشتا بزووتنەوەی ژینا لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران بەردەوام بوو، گرووپێکی ٦ کەسی بە واژۆکردنی مەنشوری مهسا بانگەشەی سەرکردایەتی بزووتنەوەکەیان کردو سەرنجی کۆڕوکۆمەڵە ناوخۆیی و دەرەکییەکانیان بۆ خۆیان ڕاکێشا. گروپێکی نایەکسان بە ئامانجی جیاواز کە چەند مانگێک زیاتری نەخایاند و لەیەکتر جیابوونەوەو دەستیان لەو کارە کێشایەوە. پاسیڤ بوونی ئەم گرووپە لە پێشخستنی ئامانجەکانی بزووتنەوەکەدا، هەروەها بێدەنگی ڕەوتە سیاسییەکانی دیکە و رەخنە کردنی هێزە ئەمنییەکان بۆ ناویان، گورزێکی گەورەی لە بزووتنەوەی ژینا دا. لە هەمانکاتدا بۆ حیزبەکانی رۆژهەڵاتیش تاقی کردنەوەیەکی گەورە بوو کە چەندە دەتوانن لە ئاڵوگۆرەکاندا دەور ببینن؟ ئەوان سەلماندیان کە نەک ئامادە نیین بەڵکوو لەو چەند مانگەی شۆڕشی ژیناشدا بە جۆرێک بوونە رێگرو هۆکاری سەرلێشێواوی خەڵکی کوردستان. ئەوان تا ئێستاش بە هۆی پەرتەوازەیی و رێکنەکوتنیان دەرفەتێکی مێژوویان لە کیسی خۆیان دا.
بزووتنەوەی ژینا کە زیاتر لە حەوت مانگ تەنگی بە حکومەت هەڵچنیبوو، بە جۆرێکە زۆربەی کاربەدەستان پلانیان دانابوو وڵات جێبهێڵن. ئەم بزوتنەوە تاوەکوو ئێستاش بوەتە قوربانی ساتوسەودای وڵاتانی ئەوروپایی و ئەمریکا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بۆ بەرژەوەندییە ئابوری و ئەمنییەکانی خۆیان .
هەر چەند ئەو لەچکەی کە ژینا دوای چەندین ساڵ توندوتیژی سیستماتیک لەسەری کردبو وە بووە هۆی شەهید بوونیشی، بەڵام پەردەی لەسەر حکومەتێک لابرد کە ساڵانێک بە دووڕووییەوە حوکمڕانی گەلەکەی دەکرد. حیجابی لەسەر نەوەیەک لابرد کە چیتر نایەوێت وەک نەوەکانی پێش خۆی بژی. نەوەیەک کە دەیەوێت چارەنووسی خۆی دیاری بکات.
سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ ڕایانگەیاندوە کە ژمارەی گیانبەختکردوانی بزووتنەوەی ژن ، ژیانی ئازادی، لە ١٧ی سێپتامبری ٢٠٢٢ەوە تاوەکوو ١٠ی ژانویەی ٢٠٢٣ ٥٢٠ کەسە، کەلە نێویاندا ٧٠ کەسیان منداڵ و مێرمنداڵی خوار ١٨ ساڵن. بەلوچستان بە زیاتر لە 100 حاڵەتی گیانلەدەستدان، شارەکانی کوردستان زیاتر لە 140 کەس گیانیان لەدەستداوە زۆرترین ژمارەی گیانبەختکردویان هەیە. هەر بۆیە دەکرێت بلێین شۆرشی ژینا لە کوردستانەوە سەریهەڵدا و لە بەلوچستان مۆرکی خۆڕاگری لێدرا.
لەم شۆرشەدا زۆر کەس پاش پێکانیان بە ساچمە چاویان لەدەستدا، بەهەزاران کەس زیندانی کران. سۆمایی لە چاوی زۆر باوکان بڕا، بەرۆکی زۆر دایکان دادڕا، زۆر منداڵ بێ دایک و باوک و هەتیو کەوتن، زۆر ژن وپیاو هاوژینەکەیان لەدەستدا. ئەوانەی ڕۆیشتن لە باشترین و ڕاستگۆترین کەسانی چەند نەوەی رابردوو بوون کە گیانیان بەخشی بۆ دەستەبەرکردنی سەرەتاییترین مافەکانیان. ئەوان دژی ڕەشەبا وەستانەوە تا چرای ماڵێک بە ڕووناکی بهێڵنەوە تەنانەت ئەگەر خۆشیان بمرن.