هەموو شۆرش و راپەرینەکانی دنیا لە رەوتی سەرهەڵدان و گشتگیر بوون و بوونە رۆژەڤدا، کۆهێما و مانا و چەمک و دەستەواژە گەلێک دەئافرێنن، کە لە هەناوی کۆمەڵگادا و بە قووڵی لە زەین و کردەی رۆژانە و هەتا هەمیشەیی جەماوەردا دەبنە بەشێک لە فەرهەنگ و یادەوەریی گشتی. ئەم ئافراندنە بێگومان پرۆسەیەکی میکانیکی و کتوپڕ نییە. ڕاستە لە چرکەسات دا دەخوڵقێن و گشگیردەبنەوە. خوڵقان و گشتگیر بوونەوەیان بەندە بە زەینێکی مێژوویی و فەرهەنگێ کە لەرەوتی ژیان و ژیواردا وەک کۆ وێنەیەکی نەچرکاو جێگایان خۆشکردووە و لە ساتەوەختی شیاودا بەرجەستە دەبنەوە، وەک هێماو مانا و چەمک و دەستەواژەی نوێ پەسەندی گشتی و کۆمەڵایەتی پەیدا دەکەن. وەک هەست و ئاوەزی بزوێنەری ڕاپەرین و شۆرشەکان زەمزەمەی هەمیشەی گەورەو بچووکی کۆمەڵن و لە ویژدانی گشتی کۆمەڵگادا بەرگی هەرمان بۆ هەمیشە دەپۆشن.
ڕاپەڕینی ژینا یەکێ لەو دەگمەن راپەڕینانەیە لە سەدەی دوایی مێژووی کوردستاندا بە شێوەیەکی یەکجار فراوان و کۆمەڵایەتی و جەماوەریی بێ [[چەک]] توانی رووبەرێکی فراوانی کۆمەڵگا بگرێتەوە و لە هەناوی ئاوەزو مەعریفەیەکی کوردستانییەوە خۆی پۆلێن و بەرجەستە بکاتەوە. ڕاپەڕینی ژینا یا شۆرشی ژینا لە دوو رەهەندو رووبەری ئیستراتیژیکدا تێگەو تێڕامانی کوردستانیانی گۆڕی. ئەم گۆڕانە هەم لەفۆرم داو هەم لە ناوەرۆک و مەعریفەی شۆڕشدایە. ڕاپەڕینێ بۆ یەکەم جار بزاوتی کوردستانی لە فۆرمی ههژمۆنی حیزب و حیزبەوە گۆڕی و گواستیەوە بۆ قاڵب و فۆرمی گونجاوی خۆی، کە ههژمۆنی جەماوەریی و بزووتنەوەیییە. لە خۆ داماڵینێکی مەعریفیدا لە مەعریفەی داگیرکەر. وەرچەرخانێکی مێژوویی دیکەی بەرجەستە کردەوە، کە بریتیبوو لە سڕینەوەی سیمای بزاوتێکی داخوازیکار و خوازیاری هاوبەشی دەسەڵات لە گەڵ داگیرکەر، بۆ واقعی خۆی کە دەرکەوتنی بزووتنەوەیەکی دژە داگیرکەرییە، بۆ دەرکردن و ڕاماڵینی داگیرکەر لەکوردستاندا. ئەم گۆڕان و خۆداماڵینە لە مەعریفەی داگیرکەر پێش ئەوەی گۆڕانێکی سیاسی بێت، لەراستیدا گۆڕانێکی فەلسەفی و فەرهەنگی بوو. فەلسەفی بەم مانا کە ڕاپەڕین ناپێک سازی هەمیشەیی یا[ تەزادی ئانتاگۆنیستی ] خۆیی و داگیرکەری لەپرۆسەیەکدا بەرجەستە کردەوە و بە ڕەهایی دەریخست دووانەیەکی دژبەیەکی ناهاوساز پێکەوە بوونیان نەگونجاوە و هەرگیز یەکیان جێگا بۆ ئەوی دی ناكاتەوە. بە مانایەک بوونی هەریەکیان بەواتای نەبوونی ئەوی دیکەیە.
ڕاپەڕینی ژینا تاڕادەیەکی گرنگ و بەرچاو لە مەودایەکی زەمەنی درێژخایەندا درێژەی کێشاو توانی بەردەوام بێت. ڕاپەرین توانی بەهۆی بەپیتی کۆمەڵایەتی خۆیی و هێزی ئەندێشەو ماناو هێماسازیی و رەمزە دیدەیەکانیەوە پشتیوانیەکی فراون و گشتگیریی گرنگ و بەرین و مەزن بۆ خۆیی دەستەبەر کات. ئەو جوگرافیای وا ڕاپەرینی ژینا تیایدا بە شێوەیەکی کارا و بەرجەستە بۆ خۆیی دەستەبەری کرد و هەموو دەستە و تاقم و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتی و پیشەیی و کولتووریەکان بە بوونی هەموو بەرشوناسەکانیانەوە هاوڕا کرد و چەمک و هێماو ماناو رەمزەکانی کردە بوونی هاوبەش ویستی چەق و تا ڕادەیەک ناسنامەی داهاتوویی هەمووان، لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا و لە مێژوویی هاوچەرخیدا بەراستی نەبووە و کەم وێنەیە. جوگرافیایە لە ئەوپەڕی سنووری باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە تا ئەوپەڕی سنوورەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی نیشتمانیی گرتەوە و یەکخست. دەکرێ بڵێین، بۆ یەکەم جار کۆی جوگرافیایی ڕۆژهەڵاتی نیشتمان بە کۆیی خۆی لە راپەڕینێکی کوردستانیدا دیەوە و پێناسەکراوه. ڕاپەڕینی ژینا توانی ئەم سنوورانەش تێپەڕێنی و لە کۆی جوگرافیایی سازکراوی ئێرانیش دا ولە ناو گەلانی داگیرکراودا هاودەنگ و هاوسۆزیی پەیدا کات و بێتە هەڵگری بەشێکی بەرچاوی ویست و خولیاکانی ئەوانیش. ڕاپەڕین کاریگەریەکی قووڵ ومێژوویی لە سەر زەین و هزرو جۆری بیرکردنەوەی مرۆڤی کورد داناو بۆهەمیشە نەخشی وێژمانێکی رزگاریخوازانەی هەقیقی و نەخشەڕێی سەربەخۆی مەعریفی کێشا. دەتوانم بڵێم، سنوورەکانی کوردستانیشی جێهێشت و لە سەرتاسەری جیهاندا لای هەموو مرۆڤێکی ئازادیخواز و ئازادی زەوتکراو کاریگەری خۆی داناوە. لە رووی هاوسۆزی جیهانی و پشتیوانی میدیاییەوە کەم وێنەبوو. هەرچەندە کورد خۆیی نەیتوانی ئەم دەرفەتە خوڵقاوە بقۆزێتەوەو سوودی شیاویی لێ وەرگرێت. ڕاپەڕینی ژینا لە مێژووی رژێمی ئێراندا تاقانە ڕاپەڕینە کە لە رووی مەعریفی و کولتووریی و رەواییەوە توانیویەتی رژێم بسڕێتەوەو گەورەترین مەترسی بێت بۆ سڕینەوەی یەکجاریی و هەمیشەیی ئەم رژێمه. ژینا لە تاران و لە غوربەتا دەکرێتە قوربانی، بەڵام لە گەڕانەوەی جەستەی شەڵاڵیدا بۆ کوردستان و سەقز پشکۆی راپەڕین دەگەشێنێتەوە و دەبێتە بزاوتێکی مێژوویی گشتگیر.
راپەڕینی ژینا دەتوانێ بۆ ئێرانیەکان سەرمەشق و نموونەیەک بێت بۆ راستکردنەوەی فەرهەنگی خۆیان و چۆنیەتی ڕووبەڕوو بوونەوەی رژێمی مەلاکان، هەر وەک شۆرشی گەورەی فەرەنسا سەرمەشقی جیهانیان بوو لە زۆر رووبەردا، بەڵام راپەڕینی ژینا هەرگیز ئێرانی نەبووەو نابێ. خاوەنی ماریفە . جیهان بینی و جوانیناسی تایبەتی خۆیەتی و پرسەکانی پرسی گەورەی مرۆیی و جیهانی و فەلسەفین.
لە ئایچی، سەرقەبرانی شاری سەقز چەخماخەی گۆڕانێ لێدەدرێت کە دەبێتە هەوێنی شۆڕشێکی گرنگی وەرچەرخانی سیاسی و مەعریفی و نوێ لە کۆی رەهەندەکانی ڕاپەڕین و شۆرشدا، بەلایکەمەوە لە کۆمەلناسی شۆرشدا تا هەنووکه. ڕاپەرینێ لە میکانیزم و شێوەی ڕێخستن و باری ئاوەزی و مەعریفیدا تازە و تاقانە لەکوردستانی بندەستی داگیرکەردا. لەڕاستیدا ئەم ڕاپەڕینە هەرچەندە بەروونی لاچاوێکی لە گۆڕانی سیاسی و دەسەڵاتی سیاسیە لەئێران دا، بەڵام بە ڕاشکاویی و شەفاف هەوڵی ڕاماڵینی بوون و مەعریفەی داگیرکەری سەدان ساڵەی ئێرانیی فارس چەق دەدات و داویه. ئامڕازو میکانیزمەکانی خرۆشان و ڕاپەڕین و ناڕەزایەتی بە خەستی [ ئەخلاقی و مرۆیی و جوانبوون] و هەن. ئەو ئامرازە جوانانەی کە لە ناڕەزایەتیە مۆدێرنەکاندا بووەتە دلەراوکەو کەڵکەڵەی زۆرێک لە کونج کۆڵان و خاوەن ڕایانی کۆمەڵناسی شۆرشە کۆمەلایەتیەکان و بەناوی جوانیناسی شۆرش یا نارەزایەتی ناوزەدی دەکەن. ئەوان پێیان وایە جوانیناسی ڕاپەڕین چەند چەمکی گرنگی ناو هەناویی هەیەکە به شێوەیەکی تۆڕیی ئاوێزانی یەکبوون، کە بریتین لە کۆمەڵناسی و سیاسەت وفەلسەفەو هونەر. لە بنەمادا ڕەوەندی جوانیناسانەی بزاوت بۆ بیستن و دیتنە لەدەرەوەی خۆی. کۆ ئامڕاز و میکانیزمێ بە کاردێنێ کە لەو ڕووبەرانەدا هەن و دەتوانن پێکهاتەی سیاسی و ئابووری ومەعریفی رژێم و هەموو هەڵاواردن و نابەرابەریە جێگیربووەکان هەڵتەکێنێ و ناڕەوابوونی نا بەرجەستە و نمایش بکات بەشێوەیەکی دیدەیی و بیسراو کە تێگەیشتنی کولتووریی و مەعریفی و سیاسی و فەلسەفی و لە رێگای هونەرەوە پاڵپشتی و بەرجەستە کرابنەوه. لەم دۆخەدا[ دەق، ئەو هۆکارە دیدەیی و بیسراوەکان] ڕۆڵێکی سەرەکی و گرنگ دەبینن، کە دەتوانن بە ئاسانی و بەرجەستەیی شیاوی گوێزانەوەی خێراو ئاسان بن و جێگیربوونیان لای زۆرینەی جەماوەر بەردەست و گونجاوبێت. ڕاپەڕینی ژینا لەم بارەوە یەکجار دەوڵەمەندەو من هەنووکە ناتوانم بپەرژێمە سەر [رەنگەکان، گۆرانی، سروود، کردە بەکۆکان.] و بەشەکانیتری ئەم جیهانەی راپەڕینی ژینا. چوون بابەتەکە درێژتردەکاتەوە، بۆیە تەنیا ئاور لەهەندێ لەو دروشمانە دەدەمەوە ،کە پێموایە زۆرترین کارتێکەریان بووەو بارێکی فەلسەفیی و سیاسی و کۆمەڵناسانەو هونەریی بەرچاویان هەیە.
لە ڕەوەندی راپەڕینی ژینادا یەکبوون ویەکانگیریەکی فراوانتر لەیەکێتی خوڵقا. لەراستیدا و لە پرۆسەی هاوکاریی نێوان پاژەکانی ڕاپەڕیندا بوو، کە لەکۆبەندی خۆیدا بووە هاودەنگی و یەکدەنگی. [دروشمەکان، ماناکان، وێنە و سروودی سەر قەبری قوربانیانی ڕزگاری، رەنگە شادەکان و بە مانایە گۆڤەند گێرانەکان]هەموو ئەو پاژانە بوون کە بنەمای زەنجیری لەپسان نەهاتووی ڕاپەرینیان خوڵقان. دروشمەکان وەک بەشێکی کاریگەری ئەم گشتیەتە، کە ئاخێزگەیەکی فەلسەفی و مەعریفیان هەبوو، وە لە قوڵایی فەرهەنگی سیاسی و کۆمەڵایەتی نەتەوە و نیشتمانەوە سەرچاوەیان دەگرت و بەکردەی هونەریی پاڵپشتیان دەکرا کاریگەریەکی یەکجار گرنگیان هەبوو لە جۆش و تاودانی کوردستانیاندا. سەرەتای ئەم دروشمانە وادەزانم بەم دروشمە گرنگ و جەماوەر هەژێنە دەستی پێکرد کە دەڵێ [تا کورد دەوڵەتی نەبێ هەرئەمە حاڵی دەبێ] ئەم دەقە کە لە فۆرمی دروشمێکدا دارێژراوە، رەوایەتی مێژوویەکی رەهای ئەزموونکراوی نەتەوەیەک دەکات کە باش دەزانێ دەرچوون لە فۆرمی چەوسانەوەکان و ئافراندنی تاک و کۆی سەرفەراز و ئازاد هیچ کات بوون و ئەگەرێکی گونجاو نیه مەگەر لەو دۆخەدا کە ئازادیی تاک بە تاکی گەلێکی داگیرکراو نوێنەرایەتی رزگاریی و ئازادی راستەقینەی هەموومان بکات. ئەمەش بە دابەشکردنی نیشتمان و سەروەریی نەتەوە لەگەڵ داگیرکهردا هەرگیز وەدی نایەت. ئەگەر سەرنجێکی ئەم دروشمە بدەین بە کورتە وەستانێ پێمان دەڵێ، ئەم دروشمە هەم جوگرافیای سیاسی و مرۆیی کوردستان دیاری دەکات و هەم پێداگریەکی وشیارانەی هزرییە لە سەر یەکبوونی کوردستانیان بەهەموو شوناسە بەرایەکانیتریانەوە لەسەر شوناسی سەرەکی و کوردستانی بوونیان. [ئێرە خاکی کوردستانە، گۆڕستانی فاشستانە] سەرەڕای ئەوانەش سنووربەندیەکی تۆکمە لەنێوان ئادیدیا و ماریفەی کوردستانی و فاشستیدا دەکات کە دوو پێکناسازی سەرەکین و هەڵکردنیان پێکەوە نەگونجاوه.
دروشمەکانی [کوردستان ئێران نییە، کوردستان کوردستان، گۆڕستانی فاسستان. هەتا کوردێ بمێنێ، کوردستان هەردەمێنێ. داگیرکەری ئێرانی، قاتڵی ژینامانی. وە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی. وەک دروشمێ کە دەبێتە دروشمێکی چەق و سنوورەکانی کوردستان جێ دێڵێ و دەتوانم بڵێم، دەبێتە دروشمێکی جیهانی. لەبنەمادا جگە لەوەی رەوایەتی دۆخی کوردستانیان دەکات و پێکهاتەی ماریفی داگیرکەر لێک هەڵدەوەشێنیەوە و هەموو نابەرابەریی و هەڵاواردنە رەگەزیەکان بەرجەستە دەکاتەوە و مرۆڤی کوردیی لێ بە ئاگاتر دێنێتەوە. نمایش و رەوایەتی جیهانی نێرسالار و پڕ هەڵاواردنی هەنووکەشە و بە ئاواز و دەق و فۆرمێکی ئەقڵانی و هونەری دەبێتە وێردی زمانی جیهانیان. ئەم دروشمە ئاماژە بە سێ رووبەرو چەمکی یەکجار گرنگی فەلسەفی و سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکات لە کوردستاندا، کە بریتین لە، مافی یەکسانی مرۆڤ تەنیا بەهۆی مرۆبوونیەوە، داماڵراو لەهەموو رەگەزو پێش ناسنامەو هاوەڵناوێکیتر. ژیان واتە مافی ژین کە هیچ هێزو دەسەڵات و پێکهاتەیە بۆی نییە لەمرۆڤی بستێنێتەوە چوون مافێکی سروشتی مرۆییەو لەسەرو هەموو دەسەڵاتێکەوەیە. ئازادی چەمکێکی لەراستیدا فەلسەفی و سیاسییە کە لە بەستێنی خۆیدا پەیوەندییەکی دانەبڕاوی قوڵی دیالیکتیکی هەیە لەگەڵ داد، ماف و سەربەخۆیی تاک و کۆ. مافێ کە یاسا سنوورەکانی تاکەسی و گشتی دەپارێزێت و هیچ هێزێ وەک مافێکی سروشتی مافی سەندنەوە زەوتکردنی نییە. هەرسێ مافی ئاماژەکراو بۆ مرۆڤی کورد هەنووکە دەستەبەر نیەو هەڵاواردن و کوشتن و سەرکوت لە غیابی هێزی پارێزەری ئەمانەدا بێ پسانەوە پێشێل دەکرێن و لە کوردستانیان زەوتکراون. هیچ کوردستانیە ناتوانێ لەم دۆخەدا بە چرکەش لەو ئاستانەدا ئەرخایەن بێ تا دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی نەبێت و هێزێکی نیشتمانی بۆ پارێزگاریان نەبێ کە دەرئەنجامی ئازادی گشتی کوردستانیان و بەرئەنجامی یەکبوونێکی سەرفەرازانەی نیشتمانی نەبێت.
بیرمەندی بەناوبانگی جیهانی لیبراڵیزم [جان لاک] سێ بنەمای سەرەکی بۆ جیهانی نوێ و مرۆڤی مۆدێرن و دەتوانین بڵێن، وەک بەشێکی بنەمایی مانیفێستی لیبراڵیزم دەسنیشان دەکات و بە ناوی مافی سروشتی ناویان دێنێ، کە بریتین لە مافی [ ژیان، ئازادی ، خاوەندارێتی] پاراستنی ئەم سیانە بێگومان دەبێ بکەوێتە ئەستۆی هێزێکی باڵادەست لە کۆمەڵگادا، کە دەرئەنجامی پەیمانێکی خۆخوازانەی هاوبەشی کۆمەڵایەتیەو ئەنجامی ڕەچاو کردن و پاراستنی بەرژەوەندی گشتیە، کە دەوڵەتە. ئەم ئەرکە چ وەک ئەرک و چ وەک یاساو چ وەک ماف لە جیهانی ئەمڕۆدا ئەرکی دەوڵەتانە. کورد و کوردستانیان لەم جیهانەدا یەک لەو گەلانەن کە لە ئەنجامی ویستی خۆخوازانەی خۆیان و هیچ پەیمانێکی کۆمەڵایەتیدا نەبوونەتە ئێرانی و تورکی و عەرەبی، بۆیە هەرچەندە لە چوار دەوڵەتدا دەژین بەڵام بێ دەوڵەتن و هیچ مافێکی شارۆمەندیان نیەو ناشبێت. لەبنەڕەتەوە کوردستان و کوردستانیان داگیرکراون و سەرچاوەی مەترسی نەبڕاوەو ئەوی دین بۆ دوژمنی داگیرکەر. لەو ئاستانەدا هەموو، رۆژانە و بە بەرچاوی جیهانەوە بوون و ماف و نیشتمانیان وێران و پێشێل دەکرێت. راپەڕینی ژینا بە هەموو پێوەرەکان و بە هەموو ئەم دروشمانەو میکانیزمەکانی دیکەی ڕاپەڕینێ کوردستانیەو جیهانی ماریفەو ئاخێزگەی سەرهەڵدان و ئاراستەکانی لەگەڵ جیهانی ئێرانی بەتەواوی جیاوازە. بەراورد کردنێکی ئەم دروشم و میکانیزمانەی راپەڕینی ژینا لەگەڵ ئەوانەی ئێرانیەکان وەک[ سەوزی پڵاو ماسی و. ... و نە ئەم وەریی و نە ئەو وەری ...و یا تیری چراخی مەش مەمەدەلی .... نەنەت بەسیجی] و کۆیەکی دیکە لەم دروشم دەقانە دەری دەخات ئەم دوو جیهانە چەند لێک دوورن. راپەڕینی ژینا دەتوانێ بۆ ئێرانیەکان سەرمەشق و نموونەیەک بێت بۆ راستکردنەوەی فەرهەنگی خۆیان و چۆنیەتی ڕووبەڕوو بوونەوەی رژێمی مەلاکان، هەر وەک شۆرشی گەورەی فەرەنسا سەرمەشقی جیهانیان بوو لە زۆر رووبەردا، بەڵام راپەڕینی ژینا هەرگیز ئێرانی نەبووەو نابێ. خاوەنی ماریفە . جیهان بینی و جوانیناسی تایبەتی خۆیەتی و پرسەکانی پرسی گەورەی مرۆیی و جیهانی و فەلسەفین.