خوێندنەوەیەکی سۆسیۆ-دەروونشیکاری بۆ تیرۆریزم

ژمارەی بینەر 1542

2023-09-09

   پوختە

کارکردن لەم توێژیەنەوەیەدا خوێندنەوە و تێگەیشتنە دەربارەیی تیرۆریزم وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆجی، بە وەرگرتنی هەلومەرجی مەتریاڵی و کارکردە دەروونیەکان، تیرۆر ڕووداوێک نییە لەسەر ئەرزێکی ڕووت ڕووبدات بگرە کۆمەڵێک ڕەگی کۆمەڵایەتی-ئاینی-دەروونی هەن کە ڕێگەخۆشکەرن بۆ لەدایکبوونی، بە تایبەت دوایی یازدەی سێپتەمبەر کە وەک ئەوەی دێریدا ناوی ئەهێنێت بە "ڕووداو"، ئەم ڕووداوە ڕۆژئاوایی بەخەبەرهێنا لەو خەیاڵەی کەوا دەستی تیرۆر بەم ئارامگەیی ڕۆژئاواییەکان ناگات، بگرە تەقینەوەی دووتاوەرەکە سەرەتایی زەنگی مەترسیەکی نێودەوڵەتی و جیهانی بوو لەسەر تیرۆریزم بۆ ناو سەدەی ٢١، میتۆدی توێژینەوەکە، میتۆدێکی تیۆریە ڕێبازی توێژینەوەکەش دەق شیکارییە، ئامانج لە توێژینەوەکەش درکردنە بە تیرۆر وەکو دەرئەنجامی توندڕەوی ئاینی و دۆخی کۆمەڵایەتی، ئامانجێکی دیکەش کەشفکردنی دیوە دەروونشیکارییەکەیەتی، لەم توێژینەوەیەدا ، لە ڕێگەیی مێژوو، پاشان ڕوانینە سۆسیۆلۆژییەکانەوە هەوڵی تەفسیرکردنی تیرۆر دراوە، خۆکوشتن لە ڕوانگەی دۆرکهایمەوە، چەمکی شەهید و هەستی بە پاڵەوانبوون، لە ڕێگەیی دەروونشیکاریشەوە تەئویلی ئەو  پاڵنەرانە کراون کە هانی شەڕەنگێزی و توندوتیژی و تیرۆر دەدەن، پاڵنەری مەرگ و هەستی وێرانکردن، خۆشەویستی و کینەی باوک، کاریگەری نەست، تراوما، ئیرەیی لە ڕوانگەیی ژیژەکەوە، پاشانیش لە کۆتاییەکەیدا چاوپێکەوتنێکی کورتم کردووە لەگەڵ کوڕێکی هەڵگری بیری داعشی، لە کاتی ئاشکراکردنی  خەلافەتەکەی داعش،  کە لە ئێستادا بێباوەڕە.

 

کلیلە وشەکان

تیرۆریزم، تراوما، پاڵنەری مەرگ، خۆقوربانیکردن، دڵەڕاوکێ، خۆکوشتن, ئیرەیی، خەسان ، نەست, توندڕەوی

بەرایی

بیرکردنەوە دەربارەیی تیرۆر لە جیهانێکدا کە گروپە توندڕەوەکان، خولەک بە خولەک،  ڕۆژ لە دوایی ڕۆژ  لە برەو و ترۆپکی چالاکیاندان، گرنگیەکی زۆری هەیە، ئێمەش وەکو ئینسان بە مانا کۆسمۆلۆژیەکەی، پاشانیش وەکو کورد، بە حوکمی: جیوگرافیا، دیمۆگرافیا، جیۆپۆلەتیک،  ناوچەکەمانەوە بەشێکی ڕاستەوخۆین لە پریشکی بەرکەوتن و مامەڵەکردن لەگەڵ تیرۆردا، هەروەها ئەو حزوریەتە مێژووییەی کە گروپە جیهادیە توندڕەوە کوردییەکان کە لە پشتمانەوە وەستاوە زەروورەتی بیرکردنەوە، تیڕامان، تەئویل بۆ پرسەکە زیاتر و پێویستر دەکەن،  ئەو کردەوە تیرۆستیانەش کە لەلایەن گروپە جیهادیە ڕادیکاڵەکانەوە کراون لەناو جوگرافیا کوردیەکان، واتە هەبوونی نوسخەیی کوردی لە تونڕەوی و تیرۆرستی جیهادی،  بە نمونە: کارەساتی خێڵی حەمە، ڕاگەیاندنی  ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ پەیوەندی کردنی چەندەها کوردی موجاهید پێیانەوە، هتد...

دووانەی سۆسیۆلۆژیا و دەروونشیکاری دوو سیستمی فیکری گرنگن بۆ شیکارکردن، هاوپەیوەندیدارن بە تیرۆریزم ، هەر یەکێک لەم سیستمە تیۆری-فیکریانە، بەرگێک لەبەری تیرۆر هەڵدەماڵن، باسکردنی تیرۆر بەبێ ئەو ڕەهەندە ژینگەییانەی کە تیرۆر بەرهەمدەهێنێت  کورت دەهێنێت، بەمانایەکی دیکە، هەلومەرج و کارکردە" ئۆبێکتیڤ"ییەکان ، هەروەک ئەو پرسیارە بنەڕەتیەی کە بەردەوام لەمەڕ بیرکردنەوە لە تیرۆر دێتە بەردەممان [ئایا تیرۆریست بە تیرۆرستی لە دایک دەبێت ؟] بەهەمان شێوەش کارکردە دەروونی و سایکۆلۆجیەکان  بکەرن لە هەڵماڵنینی لوغزی کارەکتەری تیرۆرست،  بە سەرنجدانیش لەو ڕەهەندە "سوبێکتیڤ"انەش کە تیایدا بە شێوەیەکی خۆبەخۆ، تاکە کەسی تیرۆست بەرهەمدەهێنن.

ئەم تێگەیشتنە دەمانباتەوە ناو کێشمەکێشم و پۆلێنبەندی دووانەی (تاک { تاکە کەسی تیرۆریست }/گروپ{ گروپە تیرۆریستیەکان، ژینگەی بارگاوی بە تیرۆر}) ، (فەرد، کۆلێکتیڤیزم) لە مانا فراوانەکەیدا، کە بە شێوازێکی پراکتیکی هەر یەکێک لەم دووانە یەکتر تەواوکەرن {ڕەهەندی سوبێکتیڤ و ئۆبێکتیڤ}، هەڵبەت بۆ کۆمەڵگا ترادسیۆنێل و ئسوڵیەکانی ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە چەندەها  ڕایەڵە هەن ئەم پێکەوە بەندی تاک و گروپ( یان کۆمەڵگا) زیاتر دەکەن، هەر ئەمەشە کە خوێندنەوەی تیرۆریزم لە هەردوو دیوی سۆسیۆلۆژیا، دەروونشیکاری دەبنە زەرووریەت.

 

دالی تیرۆریزم

(هیچ شتێک ساناتر نییە لە تاوانبارکردنی تاوانبار، هیچ شتێک قورستر نییە لە تێگەیشتن لێی )  دۆستۆڤیسکی

زاراوەیی تیرۆریزم لە فەرهەنگی ئۆکسفۆرد بە مانای: بەکارهێنانی توندوتیژی بۆ دەستخستنی ئامانجی سیاسی یاخود لێدان لە دەوڵەت دێت، هەروەها تیرۆر لە لاتینیدا بە مانای (دروستکردنی ئاژاوە دێت)، وەکو بەکارهێنانی دەستەواژەکەش دەگەڕێتەوە بۆ شۆڕشی فەرەنسی لە ساڵی ١٧٩٠ سەردەمی حوکمڕانیە خوێناویەکەی ماکسیمیلیان ڕۆبێسپێر ، کۆمەڵێ مانای زۆر هەن کە دەلالەتن لە تیرۆر بەڵام بە شێوەیەکی گشتی:

"هەر کردەیەک لە ڕێگایی توندوتیژی، ترس و تۆقاندن، هەبوونی هەڕەشە، کاربکات بە پێی ئەو پێناسانەی کە بۆ تیرۆر لە بەردەمماندان کردەیەکی تیرۆرستیە".

دالی سەرەکی بۆ ناسینەوەی تیرۆر دروستکردنی ترس و خەوفە،  هەر بۆیەش بەردەوام جەخت لەوە ئەکرێتەوە کە تاکتیکی کردەوە تیرۆرستییەکان سایکۆلۆجین، میکانیزمەکانی کارکردنیشی بەهەمان شێوە سایکۆلۆجین، بە زمانە دەروونشیکاریەکەی دالی بنچینەیی دروستکردنی "تراوما" یە، خودی کردەکە تراوماتیکە ، گەر کۆمەڵگا وەکو ڕوبارێک تەماشا بکەیت کە کۆمەڵێ نەزمی جێگیری هەبێت ئەوا تیرۆر تێکدانی ئەو ئارامیەیە بە فڕێدانی بەردێک بۆ ناو ڕووبارەکە، دالەکانی ناسینەوەی تیرۆر دروستکردنی سەرنجە دالەکانی، یەکێکی دیکەڕا دروستکردنی سەرنج و فۆکەس خودی تێکدانی ئارامی و ئاسایشە، لادانە لە نەزمی باوی هەر کۆمەڵگایەک{لێرەدا لادان بە زمانە دەرووشیکاریەکەی نا کە مانایەکی سێکسواڵی هەیە بگرە بە مانا سۆسیۆلۆژیەکەی کە دەلالەتی ئارامی و تەقسی باوی کۆمەڵگایە}، دروستکردنی دڵەڕاوكێ Anxiety، ترس fear، دڵەڕاوکێ کە زەنگێکی مەترسیە بۆ سەر دەروونی سوبێکت یەکێکە کە چەمکەکانی ناو دەروونشیکاری کەوا قۆناغی جیا جیای بڕیوە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی دەلالەتە لە دۆخێکی تەمومژاوی  سوبێکت لە ترسی "خەسان" ی باوکی ئۆدیبی ،  دالی باوک لێرەدا دەبێتە گروپە تیرۆرستیەکان کە پێگە و شوناسیان وەکو "باوکی ئومەت" دەناسێنن ،  بەردەوامیش لە ڕێگەی هەڕەشەیی ڕەمزی و واقعیەوە ئامادەگی خۆیان دوپات دەکەنەوە،  گەرچی لەناو دەرونشیکاری خەسانەکە "خەسانێکی ڕەمزی" یە بەڵام مادام ئەگەری خەسان هەیە کەواتە دڵەڕاوکێی و ترس لە خەسانیش هەیە، دڵەڕاوكێ دۆخێکە کە دەلالەتە لە زۆربوونی پاڵنەرەکان،  کە فرۆرید خۆی دەربارەی دەڵێت: "زاراوەی دڵەڕاوکێ ئاماژەیە بۆ حاڵەتێکی دەروونی تایبەت کە سیفەتەکەی بریتییە لە چاوەڕوانی مەترسیەکی تایبەت، بەجۆرێک گەرچی پەیوەستە بە شتێکی نەناسراوەوە بۆ کەسەکە، کەچی لەگەڵ ئەمەشدا ئامادەی دەکات ڕووبەڕوی ببێتەوە"، ئەم ناڕوونیەتەی تیرۆر وا دەکات کە بەردوام لە ڕێگەی دڵەڕاوکێوە جۆرێک لە سیاسەتی تایبەت بە خۆی بەرهەم بهێنێت، چونکە سوبێکتێکی شێواو و نائارام زۆر ئاسانتر دەستی بەسەردا ئەگیرێت وەک لە دەروونێکی ئارام و جێگیر، بەشێکی تر لە میکانیزمەکانی تیرۆریزم "پێشبینی نەکردنە.

بە پێی ئەو توێژینەوانەی کە کراوە، خۆتەقێنەرەوەکان ئەوانە بوون کە ماوەیەکی دوور و درێژ لەناو ڕێکخستنی گروپە ڕادیکاڵەکان بوون، ئەمەش دەرئەنجامی تواندنەوەی شوناسی سوبێکت و دروستکردنی تاکە شوناسێکی گروپییە، دالی سەرەکی گروپە جیهادیەکان بونیادنانی "پان-ئیسلامیزم"ە، هەر بۆیە تواندنەوەی تاک لە ناو گروپدا دەرئەنجامێکیان گیانفیداکردنە، ئامانج و هەدەفی گیانفیداکردن کۆڵەکەی سەرەکی ئەو  ئایدۆلۆژیایە کە  ئەبێتە خەسڵەتی ئەم جۆرە خودکوژیە، چەمکی دووەم (خۆکوشتنی قەدەری)  ئەو خودکوژیەیە کە وەکو چارەنوسێکی حەتمی وەردەگیرێت چارەنوسی ماناکەشی لە ناوەیەکیدا کە وەکو قەدەرێک سەیرئەکرێت، ئەم خۆکوشتنە هۆی سەرەکی لاوازبوونی، تێکەڵاوبونی کۆمەڵایەتیە، پێچەوانەی خۆکوشتنی گیانفیدایی ئەم خۆکوشتنە{خۆکوژی قەدەری} لاوازی بەستنەوەی سوبێکتە بە کۆمەڵگاوە، بۆشاییەکی گەورەیە لەم پەیوەندیە،  لاوازێتی پێگە کۆمەڵایەتیەکەی کەسی جیهادی و ڕادیکاڵ لە گەڕان بە شوێن مانادا خۆی ڕادەستی هێزە تیرۆرستیەکان ئەکات، وە خۆکوشتن لە پێناو خودا وەکو قەدەرێک سەیر ئەکات، تەنانەت لە پەیوەندی بە گروپە ڕادیکاڵەکانیشەوە خۆی وەکو کۆیلە و قوربانیەک ئەبینێت هەر بۆیە ڕادەستی هەموو فەرمایشتەکانی گروپەکە ئەبێت، هەر ئەمەشە کە ئەریک فرۆم بە تایپێک لە ماسۆشیزم لە کتێبەیدا بە ناوی (هەڵهاتن لە ئازادی) باسی ئەکات

نەبوونی پێشبینیکردن و تەوەقوعات یەکێکە لە ڕەگەزە بنەڕەتیەکانی بەردەوامبوونی تیرۆر ، چونکە ناتوانرێ بەریپێبگریێت بەتایبەت کردەوە تیرۆستیەکانی وەکو، تەقینەوە، هەر بۆیەش تیرۆریزم بە هێز کۆنترۆڵ ناکرێت چونکە بەتەواوەتی جەنگەکە هەرچەندێک هێز و میکانیزمی سەربازی بێت،  بنەماو شوعلە بنەڕەتیەکەی جەنگێکی فیکرییە، جەنگی ئەمریکا بۆ تیرۆر بە تایبەت دوایی ١١ سێپتەمبەر دەرخەری ئەم ئارگومێنتەن، جەنگ لەلایەن حزوری دوو هێزی سەربازی یاخود، دوو دەوڵەت، یان دوو جیهەتی واقعیدا ئەکرێت، لە ڕاستیدا تیرۆریزم وەک تارماییەک هیچ جەستەیەکی نییە، بگرە وەکو ناڕوونیەک و نادیارێک، چەشنی شەبەح بەبەردەماندا دێت و دەچێت، گەر لە سەدەی بیستەمدا جەنگی تیرۆر لە ڕێگەی هێزی سەربازیەوە کرابێت ئەوا لە سەدەی ٢١یەکەمدا ئەم میکانیزمە شکست دەهێنێت و هێناویشیەتی، هەر بۆیە هێزەکانی هاوپەیمامان شکستیان هێنا لە کۆنترۆڵکردنی ئەلقاعیدە بگرە لەناو پاشماوەو شانە نوستووەکانی ئەلقاعیدەوە لە ساڵی ٢٠٠٨ و ٢٠٠٩ دەست بە دروستکردنی داعش دەکرێت کە لە ساڵی ٢٠١٤ بە دواوە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ئیعلانی خەلافەتی ئیسلامی ئەکەن، ڕووداوێکی تر شکستی سوپای ئەمریکیە لەبەرامبەر تاڵیبان کە لە ساڵێ ٢٠٢١ ەوە بە تەواوەتی ئەفغانستان جێدەهێڵن و ڕادەستی دەسەڵاتی تیرۆرستی تاڵیبانی ئەکەن.

سەرباری ئەو پێناسە جیاوازانەی کەوا تیرۆر هەڵدەسەنگێنن، جۆرەکانی تیرۆریزمیش جیاوازن وەک تیرۆری ( سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئایینی، کلتوری) {کە من لەم پەیپەرەدا لەسەر تیرۆری ئایینی لە گۆشەیەکی سۆسیۆ-دەروونشیکاریەوە، دەوەستم} بەڵام لە ناوەڕۆکدا هەڵگری هەمان مانان کە بریتییە لە ڕکابەریکردنی دەسەڵات و دروستکردنی پشێویی، کە ئامانجی سەرەکیش دروستکردنی سترێسی دەروونی و مەترسی واقعیە، لەسەر دانیشتوانی مەدەنی، بەکار‌هێنانی پانتایی  ڤیرچوەڵ یاخود مەجازی، خۆشکردنی زەمینەی کۆمەڵایەتی و کلتوری، بە بەردەوامی گۆڕینی شێوازەکانی گەیاندنیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، ئەو میکانیزمانەی کە بەکاریدەهێنن تەواو میکانیزمی مۆدێرنن، هەر لە جەنگی تەکنەلۆژی و بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان هەر ئەمەشە لێرەدا بە "دژیەکی تیرۆر یان هەڤدژی تیرۆر" ناوی contradiction بڕوانین، دەبەم دژ بە مۆدێرنیتێ و لە هەمان کاتتدا بەکارهێنانی دەستکەوتەکانی مۆدێرنیتێ بۆ گەڕاندنەوەی سەردەمی خەلافەتی تەقلیدی و سونەتی،

تیرۆریزم گوتارێکی فەندەمێنتاڵ و ئسوڵی و سەلەفییە بە میکانیزمێکی تەواو مۆدێرن و کارکردنی مۆدێرنەوە.

 

کورتیلە مێژووی تیرۆریزم

مێژووی تیرۆریزمی ئایینی بە پێچەوانەی ئەو تێگەیشتنانەی کە بۆیان هەیە ڕێڕەوێکی بازنەیی هەیە، واتە بە شێوەیەکی بازنەیی لە مێژووی دێرینەوە هەتا ئێستا درێژە بە خۆی ئەدات، فۆڕمێکی کۆنکرێتی و گۆڕاو، هاوشانی ناوەڕۆکێکی ئەبستراکت و جێگیر، ڕێڕەوی بازنەیی، ڕێڕەوێکە کە بەشێوەیەکی دووبارەوەبوو خۆی مانیفێست دەکات واتە ڕوودانی تیرۆر و مێژووەکەی ڕاستەهێلیک نییە کە تەنیا یەک ڕەهەندی هەبێت بگرە بازنەیی و دوبارەبووەوەیە، مێژووەکەی بۆ پێش ئایینی کرستیان و ئیسلام دەگەڕێتەوە، وەکو بیرۆکەش " ناسەقامگیرکردنی دوژمن" بەهەمان شێوە، بیرۆکەیەکی دێرینە،  بەپێی کتێبی (مێژووی تیرۆریزم لە چاخەدێرینەکانەوە تا داعش) کە لە نوسینی (جێرارد شالیاند و ئارناود بلین)، یەکەم گروپی تیرۆرستی کە بەشێوەی گروپ ئیشیان کردبێت زیلۆتەکان بوون، گروپێکی جووی فەندەمێنتاڵیست بوون لە سەدەی یەکەمی زایینی، زۆربەشیان ئەندامی گروپی ئایینی ڕادیکاڵ بوون شەڕی ڕۆمەکانیان لە خاکی فەڵەستیندا ئەکرد، نزیک لەو جوگرافیایە هەزاران ساڵ دواتر، یەکێک لە گروپە تیرۆستیە بەهێزەکان کە گروپی حەشاشینەکان بوون دروست بوو، حەشاشینەکان لقێک بوون لە بنەماڵەیی ئیسماعیلیەکان کە دوو سەدە ڕکابەریی تورکە سەلجوقیەکانیان ئەکرد لە سەدەیی یازدەهەم، دواتر لە سەدەیی سێزدەیەمدا لەلایەن مەغۆلەکانەوە تەواوی خاپورکران، مەغۆلەکانیش بە هەمان شێوە درێژەپێدەری تیرۆر و ستراتیژی حەشاشینەکان بوون بە تایبەت لە سەردەمی جەنگیز خان  و پاشانیش تەیمورلەنگی تورکی ، ئەم مێژووە بە هەبوونی چەند گروپێکی تر کە لەم نێوەندەدا درێژە دروست بوون بەردەوام ئەبێت،  هەتا گەیشتن بە شۆڕشی فەرەنسی لە سەدەی هەژدەهەمدا ، کە زاراوەیی "تیرۆری مۆدێرن" لە دایک ئەبێت { لەم نێوەندەدا چەندەها گروپ و میکانیزمی دیکە لە لەسەدەیی ١٦ و ١٧ لەسەر ڕیفۆرمی ئایینی دروست بوون، بەڵام گەشە و چڵەپۆپەی خۆی لە شۆڕشی فەرەنسی دەبینێتەوە} واتە مێژووەکەی هەتا سەدەیی ١٩ پچڕپچڕ بووە.

تیرۆری مۆدێرن لە ١٨٦٠  فۆرمەلە ئەبێت لە سەردەمی داهێنانی داینامێت، لەلایەن ئەلفرێد نۆبڵ،  بە چوار شەپۆل گەشەئەکات ( ئەنارشییەکان، دژە-کۆلۆنیالەکان، هەندێک بزاوتی ناو چەپەکان{ ستالین و هیتلەر}،  تا نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم و پاشانیش ناوەڕاستی سەدەی بیستەم، سەردەمی لە دایکبوونی گروپە ئیسلامیە-جیهادییە-ڕادیکاڵەکان )، تیرۆری مۆدێرن هاوسەردەمی لە دایکبوونی دیموکراسییە، شێوازەکانی کارکردنیشیان هاوتەریب و هاوئاراستەیە، تیرۆری مۆدێرن لە ململانێکردن لەگەڵ دیموکراسیدا نەوەستاوە،  ئەشبێت ئەمە بڵێین کە لە بەرجەستەبوونی تیرۆری مۆدێرن هاوسەردەمی دوو ڕوداوی گرنگە: جەنگی جیهانی یەکەم ، شۆڕشی ڕوسیا،  دواتر سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە پشتگیریەکی گەورە لە هێزە تیرۆرستیەکاندا وای کرد لە دوای ١٩٧٩ سەرکەوتنی جمهوری ئیسلامی ئێرانی کۆمەکی گەورە بە تیرۆرستان بکات، هاوکات دەستی ڕاستەوخۆشی هەبێت لە دروستکردنی چەند گروپێکی تیرۆرستی بە نمونە حیزبوڵای لوبنانی، بەشێوەیەکی بەرچاویش زۆرترین چالاکیە تیرۆرستیەکان لە پێش و دوای جەنگی جیهانی یەکەم لەو ناوچانە ڕوویاندەدا،  کە لەلایەن ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و نەمساوە داگیرکرابوون، هەروەها ڕووداوگەلی وەک ١١ سێپتەمبەر و چەند کردەوەیەکی دوای جەنگی سارد تیرۆری گروپە جیهادیە ئیسلامیەکان دەگەیننە لوتکە لەوانەش( حەماس، بۆکۆحەرام، حیزبوڵا، ئەلقاعیدە، داعش، ئەنساروئیسلام، جوندوئیسلام { کە هەردووکیان گروپی جیهادی کوردی بوون لە کۆتایی نەوەدەکان و سەرەتایی دووهەزارەکان لە ناوچەی تەوێڵە، نیشتەجێبوون}، تاڵیبان، ئەلنوسڕە، ئەبوسەیف، هتد..)

 

گۆشەیەکی سۆسیۆلۆژی بۆ تیرۆریزم

سۆسیۆلۆژیای تیرۆریزم بواری توێژینەوە و لێکۆڵینەوەیە لەسەر تیرۆریزم لە گۆشەیەکی سۆسیۆلۆژی و مامەڵەکردنی وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی، ئەوەشی کە گرنگە لەناو سۆسیۆلۆژیادا خوێنەوەی ئایینە وەکو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی، کەواتە پرسی تیرۆری ئایینیش ڕاستەوخۆ گرێدراوە بە هەلومەرجی ژینگەیی و سۆسیۆلۆژیاوە،  توندوتیژی و تیرۆر دەرئەنجامی کایە ژینگەیی و کۆمەڵایەتی و ئایینیەکانن، بە تایبەت لەم کۆمەڵگا ئسوڵیانەی ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە قۆناغی ڕۆشنگەری، ڕێنسانسی فیکری، ڕیفۆرمی ئایینی، بە مانا فەلسەفیەکەی ڕوویاننەداوە، بە درێژایی ئەم ٤٠٠ ساڵەش هەموو ئەو هەوڵانەش کە لەو جوغزەدا خولاونەتەوە شکستیان پێهێنراوە، هێشتا خورافە و توندڕەوی ئایینی باڵادەستن بۆیە ئەمجۆرە کۆمەڵگایانە مۆڵگەیی بەرهەمهێنانی تیرۆریزمن، بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نایەت کەوا لە ڕۆژئاوادا گروپکەلی تیرۆرستی بوونیان نەبێت، بگرە بەشێکی زۆری موجاهیدەکانی ناو داعش، هاوڵاتی ناو کۆمەڵگا ڕۆژئاواییەکان بوون، بەڵام فاکتەری چوونە ناو گروپە جیهادییەکان چەندە گشتەکی بێت،  ئەوەندەش پانتایی بەشەکی و جوزئی هەیە، کە هەر کۆمەڵگایەک خاوەنی ستراکچەری تایبەت بە خۆیەتی هەر بۆیە فاکتەرەکانی چوونە ناو گروپە تیرۆریستەکان چەندێک فاکتەری گشتی و گەردوونی بن بۆ هەموو ئینسانەکان، ئەوەندەش هۆکاری بەشەکی و جوزئیەکانی هەر کۆمەڵگایەک دەبنە پێودانگ.

دەگەڕێمەوە سەر پرسیارە بنەڕەتیەکە " ئایا هیچ تیرۆرستێک، بە تیرۆرستی لەدایکدەبێت؟"

نەخێر، سۆسیۆلۆژیا پێمان دەڵێت هیچ تیرۆرستێک بە تیرۆرستی لە دایک نابێت بگرە لە هەلومەرجێکی ژینگەیی، ئایینی، کۆمەڵایەتی دەبێتە تیرۆرست، کۆمەڵێک فاکتەر دەیکەن بە تیرۆرست، د.ئیبراهیم ئەلحەیدەری لە کتێبەکەیدا بە ناوی ( سۆسیۆلۆژیای توندوتیژی و تیرۆر) بەمجۆرە وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە "تیرۆر باڵاترین شێوەی توندوتیژی سیاسیە، بە تەنها توشی تاکەکان نابێت، بەڵکو توشی کۆمەڵگە و ئەو گروپانەش دەبێت کە تیایدا دەژی، ئەمەش بە واتای ئەوە دێت کە تیرۆرست لەسەر ئەو کلتوری توندوتیژییە پەروەردە دەبێت، کە کۆمەڵگا بە سەریدا دەسەپێنێت، لەڕووی سۆسیۆلۆژیەوە توندوتیژی و تەتەروف گەڕانەوەی مرۆڤە بۆ دۆخە سەرەتاییە بەراییەکەی، توندوتیژی ئەو کاتە ڕووئەدات کە دامەزراوە، کۆمەڵایەتی، ئابوری، سیاسیەکان، نابنە وەڵامدەرەوەی ویستەکانی سوبێکت"، کۆمەڵێک فاکتەر هەن کەوا دەکەن لەناو کۆمەڵگاو سیستمی ئایینی-سیاسیەوە تیرۆر بەرهەم بێت کە بەمجۆرە پۆلێنیان دەکەین:

١- بەیەکددانی شارستانیەتەکان

ژینگەی کۆمەڵایەتی ئسوڵی و عەشایر کە لەگەڵ ئەو مەیلەی تیرۆرستە- جیهادییەکان هەیانە بۆ گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، سۆز بۆ ڕابردوو یەکێکە لەو هۆکارانەی کە زۆرینەی تیرۆرستەکان، کوڕی کۆمەڵگای تەقلیدیین، دووانەی سەلەفیزم  و مۆدێرنیزم ، هەڵگری ن دوو مانای جیاواز و دوو روئیای جیاوازن لە تەفسیرکردنی دنیا و شێوە ژیان life style  لەگەڵ گەشەکردنی سیستمی مۆدێرنی ڕۆژئاوایی وە هاوردەکردن و پەڕینەوەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەیکەلیەتی کۆمەڵاتی دەستی بە گۆڕانکردووە، دروستکردنی فەزای گشتی نوێ، گۆڕانکاری لە فۆڕمەکانی پەیوەندی، هەوڵدان بۆ یەکسانی جێندەریی، هەوڵی گۆڕان لە مانا چەقبەستووەکانی پیاوبوون وەک نێرێکی سەرکوتکەر، دەرفەتی کار و ئابوری سەربەخۆ بۆ خانمان، هتد..، ئیسلامیستی ڕادیکاڵ لەم جۆرە ژینگە نوێیانەدا هەست بە ئارامی و ئەمان ناکات، دانپێندراون نین بە مانا هیگڵیەکەی، داننان بە شوناسدا بەشێکی گرنگە لە پرۆسەی بە سوبێکت بوون هەستکردن بە ئاسایشی دەروونی ، جیهادییەکان لەم جۆرە کۆمەڵگایەندا کە هەوڵی کرانەوە دەدەن و تەقالیدی کۆمەڵایەتی پێشوو تێدەپەڕێنن خۆیان بە نامۆ و غەریبە ئەزانن، هەوڵی گەڕانەوە بۆ کۆمەڵگا بەراییەکان لەم ترس و قبوڵنەکردنەی ناو دنیای تازەوە دێت، کە جیهادیە ڕادیکالەکان ناتوانن لەگەڵ ئەم ژینگەیەدا هەڵبکەن.

 

٢- دوالیزمی ڕەها( ئەویتری دوژمن)

جیهادییەکان بەردەوام لەسەر گوتارێک تەڵقیندراون کە ئەویتری دوژمنی خۆرئاواییە، بە مانا فەردیەکەشی ئەویتری غەیرە مسوڵمان، ئەم دابەشکارییە برینێکی لەمێژینەیە لەناو ئایدۆلۆژی ئیسلامیزمی ڕادیکاڵ، ئەویتری دەرەوەی ئیسلام بە بەردەوامی وەکو دوژمنێک لە دەرەوەڕا وەستاوە بۆ دەستگرتن بەسەر خاکی مسوڵمانان، هەر ئەو شیعارەشی کەوا خۆیان بەردەوام هەڵگرین پاراستنی مسوڵمانان لە ئاکتی داگیرکاری کافران، یاخود کۆلۆنیالیزمی خۆرئاوایی بۆ سەر خاکی مسوڵمانان، یاخود ئەوەی کە خۆیان لە ڕێگەی هزری "بەقوربانیکردنی مسوڵمانان" لەبەرامبەر ڕۆژئاوایی دوژمندا ناوی دەنێن ، دوالیزمی مسوڵمان/کافر ، بەشێکی گەورە لە ستراکتۆری ئیسلامی پێکدێنێت، هەر بۆیەش لەم ئایدیایەوە درێژ دەبیتەوە بۆ جەنگ و هەوڵی بە یەکڕەنگ کردنی هەموو دونیا، فەرزکردنی تاکە ئایدۆلۆژیایەک، بەشێکی ئەساسی و بنەڕەتیش هەوڵی بەدەستهێنانەوە یاخود زیندووکردنەوەی خەلافەتی مسوڵمانە، ئەم حوزنە بۆ ڕابردوویەکی لە دەستچوو، فەنتازیایەکی نوستوی ناو نەستی جیهادییە ڕادیکاڵەکان و ئیسلامیە ڕادیکاڵەکانە، کۆنسێپتی جیهادیش  دالی بە ڕیاڵتیکردنی کردنی ئەم فەنتازیایە، بەدیهاتنەوەی خەونێکی لەدەستچوو بەمانا دەروونشیکاریەکەی.

٣- لاوازی دەوڵەت ( کایەی سیاسی )، گەندەڵی ئابوری

دەوڵەت پایەکی سەرەکی ڕاگرتنی ئەمن و ئاسایشی هەر کۆمەڵگایەکە، بە مانا فراوانەکەشی هەر ناوچەکەیە، لاوازبوونی کایەی سیاسی و گەندەڵی ئابوری پایەی سەرەکی نائومێدی هاونیشتیمانی هەر کۆمەڵگایەکیشە، باوک بە مانای دەوڵەت کاتێک هاوڵاتیەکانی نائومێد ئەکات لە عەدالەتی ئابوری و نیشتیمانی، بە شێوەیەکی خۆبەخۆ ئەم فەراغی نائومێدیە لەلایەن ‌هێزێکی دیکەوە پڕ دەکرێتەوە کە مژەی عەدالەت و یەکسانی لە گوتار و تێکستەکانیدا هەیە، ئەم فەراغە، ئەم کەلێنە سیاسی و ئابوریە فاکتەرێکی ئێجگار گرنگە  لە هاندانی گەنج بۆ تەسلمبوون بە گروپە تیرۆرستیەکان، نادادی ئابوری و گەندەڵی دەرئەنجامێکی دیکەی هەیە کە هەژاریە ، ئەویش چینایەتی لە نێوان کۆمەڵگاکەدا ئیبراز ئەکات، بیرۆکەیەی دادپەروەریش  گەرچی خەونێکی یۆتۆپی ئینسانە ، بەڵام بەدرێژایی مێژوو شەڕی لەپێناودا کردووە، هەڵبەت بەقەراربوونی تەواوی دادپەروەری و یەکسانی موتڵەق، زیاتر لە کۆمارە یۆتۆپیەکەی ئەفڵاتوونەوە نزیکە نەک لەپێودانگەکانی واقیع، بەڵام کاری باوک (دەوڵەت)،  کە لە ڕێگەی یاسا و دادی کۆمەڵایەتی و ئابوریەوە کار بۆ کەمکردنەوەی ئەم کەلێنە بکات  GAP،هۆیەکی دیکە لە گەشەسەندنی شانە تیرۆرستیەکان نائاگایی سیاسی و نەخوێندنەوەی مەترسیە، هەبوونی مەجال و مەسافەیەکی زۆر بۆ تەشەنەسەندی بیری توندڕەوی کە ئەمە وەکو ئەجێندایەکی کۆمەڵایەتی-ئاینی ببینرێت لە کاتێکدا بێ ئاگا لەوەی هەموو دیاریەکەی کۆمەڵایەتی- ئاینی لە بنەڕەتەوە سیاسین و بەدەر نین لە ئاکت و ئەجێندای سیاسیانە، لە بنەڕەتیشدا ئەم جۆرە گروپگەلانە خۆیان گروپی سیاسی ئاینین کە هەدەفی ئەساسیان دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتە.

٤- بانگهەشەیی ئاینی

فاکتەری ئاین شادەماری دروستبوونی گروپە تیرۆرتیستیەکانە هەروەک لە مێژووی تیرۆریشدا  کرۆنۆلۆژیانە باسمان لێوەکرد، گروپە ئیسلامیەکان لە ژێر کاریگەربوون بە کۆمەڵێک ئەجر و پاداشتی ناو ئاین بارگاوین بە گروپە تیرۆرستیەکان ، بە نمونە، کۆنسێپتی جیهاد و شەڕکردن لە پێناو خودا بۆ گەیشتن بە بەهەشت، فیردەوسی ئەعلا ، کە موجاهیدەکان هاوشانی دەستگەیشتن بە (حۆری ئەلعەین) پێی مەستن، هەبوونی فەتوایی ئاینی هاندانی جیهاد، تەنانەت هاندانی خۆتەقاندنەوەش، بەردەستبوونی هەم فەتوا و هاندانانە،  لە یوتیوب و کۆمەڵی وێب سایتی ناو ئینتەرنێت، بەردەستبوون و بڵاوکردنەوەی مەنهەجی توندڕەوی، هەموو ئەو تێکست و کتێبانەی کە تیرۆر بەرهەم دە‌هێنن لە بازاڕە ئازادەکانی ناو هەرێمی کوردستانیش بە ئاشکرا دەفرۆشرێن و ئاڵوگۆریان پێوە ئەکرێت، کە لەکاتی ئەم توێژینەوەیەدا بە دوایی هەندێک لەو کتێبانە گەڕاوم، لەناو بازاڕی کتێبی ئایینیدا بەردەست بوون، هەندێک لەو کتێب و تێکستانە بە شێوەیەکی ئاشکرا لەناو بازاڕەکان کڕین و فرۆشتنیان پێوە ئەکرێت، پلەبەندی جیهاد لە ڕووی ئایینیەوە هاندەرێکی گرنگە بۆ چوونە ناو گروپە جیهادیە-ڕادیکاڵەکان،(شەهیدبوون لە پێناو دەسەڵاتی خودا) یەکێکی ترە لە پاڵنەرەکانی ناو بانگەشە ئایینیەکان کە گروپەکان بەکاریئەهێنن،  بیرۆکەیەکی دیکەی ئایینی کە ڕێگەخۆشکەرە بۆ ناو تەشەنەسەندن و هاندانی خەڵکی بۆ ناو گروپە جیهادیەکان، ئەویش بانگهێشت کردنە (الدعوة)، دەعوەکردن یەکێکە لە کۆنسێپتەکانی ناو ئایینی ئیسلام کە فەزڵی مسوڵمانانە، جیهادیستەکان بە وەرگرتنی ئەم کۆنسێپتە ئەتوانن کە بانگهێشتی کەسانی مسوڵمان بکەن بۆ هاتنە نێو گروپە توندڕەوەکان بە زمانی خۆیان بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکی خوداو دامەزراندنی خەلافەتی ئیسلامی لە قورئانیشدا باس لە فەزڵی و واجبی بانگەشەکردن بۆ ئایین کراوە وەک ئەم ئایەتە  {يَا أَيُّهَا النَّبِيُّ إِنَّا أَرْسَلْنَاكَ شَاهِدًا وَمُبَشِّرًا وَنَذِيرًا . وَدَاعِيًا إِلَى اللَّهِ بِإِذْنِهِ وَسِرَاجًا مُنِيرًا} [الأحزاب:45-46] بە واتای( ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر ئێمه تۆمان ڕه‌وانه کردووه که شایه‌ت بیت (به‌سه‌ر ئومه‌تی ئیسلامه‌وه له په‌یامی خوات پێ ڕاگه‌یاندوون) وه مژده به‌خشیت (به ئیمانداران به‌وه‌ی که ڕه‌زامه‌ندی خواو به‌هه‌شتی به‌رین چاوه‌ڕێیانه‌) ه‌و ترسێنه‌ریشیت (بێ باوه‌ڕان ده‌ترسێنیت له خه‌شم و قینی خواو دۆزه‌خ)هه‌روه‌ها بانگه‌واز ده‌که‌ی بۆلای خوا له‌سه‌ر مۆڵه‌‌تی ئه‌و، چرایه‌کی ڕووناکیشی (بۆ سه‌رجه‌م سه‌رگه‌ردانان).
لەم ئایەتەدا هیچ بانگهەشەیەک بۆ تیرۆر یاخود دەعمێکی تیرۆر لە ئارادا نییە، بەڵام وەکو کۆنسێپت، بیرۆکەی دەعوەکردن بەشێکە لە ئاینی ئیسلام واتە ئایینەکە بانگهێشتکردنی تیادا هەیە وەکو ئارەزوویەکی تاک مامەڵەیی لەگەڵدا نەکراوە، تیرۆرستان بە وەرگرتن و بەکارهێنانی کۆنسێپتی جیهاد هانی مسوڵمانان و غەیرە مسوڵمان ئەدەن کە پەیوەندی بە گروپە جیهادیەکانەوە بکەن، لە هەمان کاتیشدا ئایەتێک هەیە کە ئەڵێت زۆرکردن و زۆرە مڵی لەناو ئاییندا نییە.

فەتوایی شێخ و زانا ئیسلامیەکان هۆیەکی بەرچاو و ئەساسین لە پەیوەندیکردن بە جیهادیستەکان، جەنگی خاچپەرستان و پرسی ئەمریکا و غەرب وەک دوژمنێکی ئەساسی لە ڕێگەی حەماسەتی ئایینی و جۆشدانی ئایینی، جەنگی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینیش دیوێکی گرنگی ئەم دیاردەیەیە،

پرسی تیرۆری ئایینیش ڕاستەوخۆ گرێدراوە بە هەلومەرجی ژینگەیی و سۆسیۆلۆژیاوە،  توندوتیژی و تیرۆر دەرئەنجامی کایە ژینگەیی و کۆمەڵایەتی و ئایینیەکانن، بە تایبەت لەم کۆمەڵگا ئسوڵیانەی ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە قۆناغی ڕۆشنگەری، ڕێنسانسی فیکری، ڕیفۆرمی ئایینی، بە مانا فەلسەفیەکەی ڕوویاننەداوە، بە درێژایی ئەم ٤٠٠ ساڵەش هەموو ئەو هەوڵانەش کە لەو جوغزەدا خولاونەتەوە شکستیان پێهێنراوە، هێشتا خورافە و توندڕەوی ئایینی باڵادەستن بۆیە ئەمجۆرە کۆمەڵگایانە مۆڵگەیی بەرهەمهێنانی تیرۆریزمن، بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نایەت کەوا لە ڕۆژئاوادا گروپکەلی تیرۆرستی بوونیان نەبێت، بگرە بەشێکی زۆری موجاهیدەکانی ناو داعش، هاوڵاتی ناو کۆمەڵگا ڕۆژئاواییەکان بوون، بەڵام فاکتەری چوونە ناو گروپە جیهادییەکان چەندە گشتەکی بێت،  ئەوەندەش پانتایی بەشەکی و جوزئی هەیە، کە هەر کۆمەڵگایەک خاوەنی ستراکچەری تایبەت بە خۆیەتی هەر بۆیە فاکتەرەکانی چوونە ناو گروپە تیرۆریستەکان چەندێک فاکتەری گشتی و گەردوونی بن بۆ هەموو ئینسانەکان، ئەوەندەش هۆکاری بەشەکی و جوزئیەکانی هەر کۆمەڵگایەک دەبنە پێودانگ.

بەشداریکردنی ژنان لە ناو گروپە تیرۆرستی و جیهادیەکاندا جیاوازترە وەک لە بەشداریکردنی پیاوان، ژنان لە ڕێگەی فەتوای"جیهادی نیکاح" بەشداری لەناو ڕێکخستنەکاندا ئەکەن، حزور و ئەرکیشیان جیاوازە لە موجاهیدە نێرەکان، ئەلحەیدەری سەبارەت بە جیهادی نیکاح لە کتێبەکەی بەم جۆرە دەنوسێت:" فەتوایەکی نادیارە، لە پەراوێزی جەنگی سوریادا بڵاوبۆوە، خرایە پاڵ بانگخوازی سعودی محەمەد ئەلعورەیفی، ئەم فەتوایە داوا لە ژنانی مسوڵمان ئەکات، ڕووبکەنە ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی قاعیدەدان، لەپێناو جۆرێکی تایبەت لە جیهاد، کە بریتیە لە چێژ وەرگرتنی موجاهیدەکان لە سوریا بۆ چەند سەعاتێکی دیاریکراو، بە پێی عەقدێکی زەواجی کاتی، تاکو هانیان بدەن بۆ شەڕکردن، دواتر ئەوە بڵاوکرایەوە کە ١٣ کچی تونسی وەڵامدانەوەیان هەبووە بۆ ئەم فەتوایە"، ژن لەناو ئەم گوتارانەدا ئامێری دەستخستنی چێژی سێکسواڵی، زامنکردنی پەتی سێکسواڵیتەن، کورتکردنەوەیان وەکو ئۆبێکتێکی چێژبەخشەر بە موجاهیدەکان، لەناو داعشدا ڕەهەندی سێکسواڵی ئاشکرا هەن کە بە فۆڕماتێکی جیاوازترن لەناو گروپەکانی دیکە، هەڵبەت لەم کۆتاییەنەدا کە خەلافەتەکەی داعش لە موسڵ کۆتایی پێهێنرا، ژنە داعشیەکان کە مێردەکانیان لە جیهاددا کوژرابوون لە دوایی مێردەکانیان چەکیان هەڵگرتوو، درێژەیان بە هەمان فیکرە ئەدا، واتە جیاواز لە ئەرکە سێکسواڵیەکە پەڕینەوە بەرەو بوون بە موجاهید، هەڵبەت لەم کاتەدا کە ئێمە ئەم پەیپەرە دەنوسین بەشێکی زۆری ژنان و مناڵانی داعش لەناو کەمپی (هۆڵ) دەستبەسەرن و کار بۆ ڕێکخستنەوەی خۆیان ئەکەن، پاشماوەکانی داعشیش لە زنجیرە چیای حەمرین خەریکی خۆڕێکخستنەوەن، ئەمەش پاڵپشتی ئەو ئارگومێنتە ئەکات کە داعش کۆتایی پێنەهاتووە نە لە ڕووی فیکری نە لە ڕووی سەربازی، بگرە ئەگەری گەڕانەوەیان لەبەردەمماندایە.

٥- فەزای گروپە کۆمەڵایەتیە- ئایینیە داخراوەکان

دروستکردنی گروپگەلی کۆمەڵایەتی – ئایینی داخراو، واتە بەرهەمهێنانی کۆمەڵ لەناو کۆمەڵگادا،  کۆمەڵێکی بچوک لەناو کۆمەڵگایەکی فراوانتردا، کە ئەم گروپە داخراوانە هەڵگری نۆرم و تەقسی تایبەت بە خۆیانن کە سۆسیۆلۆژیانە جیاواز و دابڕاون، کۆمەڵێ نۆرم و شێوە ژیانی تایبەت کە تێکەڵاوی و سەروکاریان لەگەڵ کەشە کۆمەڵایەتیە گشتیەکەدا نییە، بە چاویلکەی کلتوری کوردی سەیری بکەین، گەر هاتوچۆکردن و سەردانکردنی کەس و شوێنە گشتیەکان هەڵگری ستراکتۆرێکی تایبەت بێت بە کۆمەڵگای کوردی، ئەوا ئەم گروپە بچووکانە سەروکار و هاتوچۆکردن، تێکەڵاوی کۆمەڵایەتیان لەگەڵ هاوبیر و هاوجسنەکانی خۆیانە، هەڵگری ژینگەیەکی داخراون، تێکەڵاوی ژینگەی دەرەوەی خۆیان نابن، کە دەرفەتی هێنانە پێشەوەی ئایدیا وبیری جیاوازتر لە خۆیان نییە، تەنها یەک ڕەهەند و یەک ئاراستەی دابڕاو لە کۆمەڵگا، نەریتە کۆمەڵایەتیەکانی وەک هاوسەرگیریکردنیش تەنها لە نێوان ئەم گروپانە خۆیان ڕووئەدات، هەمان ئایدیای قەبیلە و خێڵە کەوا بزوێنەرێکی نادیاری ئەم گروپە کۆمەڵایەتی-ئایینیانەیە، هەر ئەمەشە کە چەمكی کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵایەتی Social control، کۆمەکێکی باش دەکات بۆ تێگەیشتن لە سروشتی ئەم گروپانە


٦- شکستی گوتاری سیکۆلاریزم و ‌ناوەندە ڕۆشنگەرەکان

ئەم جۆرە کۆمەڵگایانەی ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە خاوەنی قۆناغی ڕێنسانس و رۆشنگەری و زانست نین، یاخود پڕۆژەی مۆدێرنیتێ لێرە سەریهەڵنەداوە، تا ئێستاش گوتارێکی ئەقڵانی بۆ ڕەخنەکردنی نەریتی کۆمەڵایەتی- سیاسی- ئایینی ئامادەگی تیایدا نییە، بگرە ئەوەی هەیە غیابێکی گەورەی بزاڤە ڕۆشنگەرەکانە، هەر دەنگێکی لەم جۆرەش گەیشتبێ تەنها هاوردەکردنی مۆدێرنیتێی ڕۆژئاوایی بووە لە ئاستی شکڵ و  فۆڕمدا، لە ئاستە زانستیەکەشدا تەنها بەکاربەر و بەرخۆری زانست و تەکنەلۆژیای غەربی بوون، ئەو ناوەندانەشی کە نوێنەرایەتی بیری سیکۆلاریزم و هەڵگری گوتاری ڕۆشنگەرین لە میکانیزمی کارکردن و خوێندنەوەی سیاقی خۆیاندا دووچاری شکست و چەقین بوون، هێزە  سیاسیە سیکۆلارەکانیش توانای نوێکردنەوەی گوتارەکانی خۆیانیان نییە باشتر بڵێم هیچ زەمینەیەک لە ئارادا نییە، هەر بۆیە ئەم بۆشاییە کلتورییە بە شێوازێکی خۆبەخۆ لەلایەن هێزە فەندەمێنتالیستەکانەوە هەوڵی پڕکردنەوەی ئەدرێت، بە شێوازێکی دیالەکتیک غیابی گوتاری سیکۆلاریزم سەلەفی توندڕەو بەرهەمدێنێت، بە پێچەوانەی ئەو ڕایە کڵێشەیەی کە پێی وایە هێزە جیهادیە ڕادیکاڵەکان خاوەنی حزور و پێگەن، لە ڕاستیدا لە ئاستە قوڵ و ڕیشەییەکەیدا لاوازی هێزە دیموکرات و نوێگەرەکانە کە فەزایەکی ئاوەڵا بۆ مۆڵبوونی تیرۆر دەسازێنێت.

 

سۆسیۆلۆژیای خودکوژی(خۆتەقاندنەوە) و مەرگدۆستی لە دیدی دۆرکهایمەوە

ئیمیلی دۆرکهایم سۆسیۆلۆگی  فەڕەنسی بە دامەزرێنەری دیسپلی ئەکادیمی دائەنرێت بۆ سۆسیۆلۆژیا، دۆرکهایم بە توێژینەوەیەک لە ساڵی ١٩٧٩ بەم جۆرە پێناسەی خۆکوشتن ئەکات:"کاتێک کەسێک خۆی ئەکوژێت بەو هۆیە نییە، کەوا کەسەکە گریمانەی ئەوە بکات ئە ئەیکات، بگرە وەکو ئەرکێک ئەیبینێت، کاتێک شکست دەهێنێت لە پابەندبوونەکانی بە کۆمەڵگاوە، کاتێکە کە هەست بە شکانی شەرەف و سزادان ئەکات، بە زۆری لەلایەن دەستور و نۆرمە ئایینیەکانەوە، هەر ئەوەی کە ئێمە ئەیبینین، کەسێک کە هێشتا لە ژیاندا ماوە ڕێزی گشتی لە دەستداوە، ژیانێکی تری شکۆمەندانە لەو دیو گۆڕەکەیەوە چاوەڕێی ئەکات، زەبری کۆمەڵگا هانی کەسەکە دەدات و بیری ئەخاتەوە کە ژیانی خۆی وێران بکات و لەناوی ببات."

لە دیدی دۆرکهایمەوە خۆکوشتن دەرئەنجامی زیاد پەیوەستبوونی کۆمەڵایەتی، یاخود لاوازی تێکەڵاوبوونی کۆمەڵایەتیە، دوو چەمکی سەرەکی هەن لای دۆرکهایم کەوا زمانحاڵی کردەیی خۆکوشتنن وەکو دیارەیەکی کۆمەڵایەتی، ئەوانیش چەمکی "ڕێکخستن و گونجانی کۆمەڵایەتی social regulation، تێکەڵاوبوون و پەیوەستبوونی کۆمەڵایەتی social integrations"زیاد و کەمکردنی هەر یەکێک لەم چەمکانە لای دۆرکهایمەوە دروستبوونی هۆکاری خۆکوشتنە، هەموو کۆمەڵگایەک خاوەنی ستراکتۆری تایبەت بە خۆی و ڕێکخستنی تایبەت بە خۆیەتی، گۆڕان لەم ستراکتۆرە کۆمەڵایەتیە وا ئەکات کەسانی تیرۆرست هەست بە نائارامی بکەن، وە هەستی خۆبینینەوە و ئیعترافکردن لە لایەن ئەویتری کۆمەڵگاوە لە دەست بدەن، هەر بۆیەش کاتێک ئایین لە خۆیان ئەگرێت و مانا و کەرامەتیان پێ ئەدات، وەکو موجاهیدێکیش مەوقعیەتی گرنگ و پاداشتیان بۆ دائەنێت لە ڕاستیدا پاڵنەری خۆتەقاندنەوە و خۆفیداکردنە، دۆرکهایم چوار جۆر خۆکوشتن پۆلێن ئەکات ( خۆکوشتنی ئانۆمی، خۆکوشتنی ئیگۆیستی، خۆکوشتنی چارەنووسی، خۆکوشتنی گیانفیدایی)، هەر یەکێک لەمانە هۆکارەکەی زیادبوون، یان بڕی کەمبوونی پەیوەستبوون و گونجانی ناو کۆمەڵگایە، بەڵام بۆ پرسی تیرۆریزم دەتوانین لە ڕێگەیی دوو جۆر خۆکۆشتنی کۆمەڵایەتیەوە فینۆمینی خۆتەقاندنەوە بخوێنینەوە خۆکوشتنی گیانفیدایی، ئەم خۆکۆشتنە دەرئەنجامی زیاد تێکەڵابوون و پەیوەستبوونە بە گروپە تیرۆرستیەکان کە کەسی تیرۆست ئامادەی بەخشینی ژیان و گیانفیداکردنە لە پێناو ئایدیایەک، هاوشووناسبونی زێدە لەگەڵ گروپەکاندا، بە واتەیەکی دیکە زێدە-تێکەڵاوبوون، بە پێی ئەو توێژینەوانەی کە کراوە، خۆتەقێنەرەوەکان ئەوانە بوون کە ماوەیەکی دوور و درێژ لەناو ڕێکخستنی گروپە ڕادیکاڵەکان بوون، ئەمەش دەرئەنجامی تواندنەوەی شوناسی سوبێکت و دروستکردنی تاکە شوناسێکی گروپییە، دالی سەرەکی گروپە جیهادیەکان بونیادنانی "پان-ئیسلامیزم"ە، هەر بۆیە تواندنەوەی تاک لە ناو گروپدا دەرئەنجامێکیان گیانفیداکردنە، ئامانج و هەدەفی گیانفیداکردن کۆڵەکەی سەرەکی ئەو  ئایدۆلۆژیایە کە  ئەبێتە خەسڵەتی ئەم جۆرە خودکوژیە، چەمکی دووەم (خۆکوشتنی قەدەری)  ئەو خودکوژیەیە کە وەکو چارەنوسێکی حەتمی وەردەگیرێت چارەنوسی ماناکەشی لە ناوەیەکیدا کە وەکو قەدەرێک سەیرئەکرێت، ئەم خۆکوشتنە هۆی سەرەکی لاوازبوونی، تێکەڵاوبونی کۆمەڵایەتیە، پێچەوانەی خۆکوشتنی گیانفیدایی ئەم خۆکوشتنە{خۆکوژی قەدەری} لاوازی بەستنەوەی سوبێکتە بە کۆمەڵگاوە، بۆشاییەکی گەورەیە لەم پەیوەندیە،  لاوازێتی پێگە کۆمەڵایەتیەکەی کەسی جیهادی و ڕادیکاڵ لە گەڕان بە شوێن مانادا خۆی ڕادەستی هێزە تیرۆرستیەکان ئەکات، وە خۆکوشتن لە پێناو خودا وەکو قەدەرێک سەیر ئەکات، تەنانەت لە پەیوەندی بە گروپە ڕادیکاڵەکانیشەوە خۆی وەکو کۆیلە و قوربانیەک ئەبینێت هەر بۆیە ڕادەستی هەموو فەرمایشتەکانی گروپەکە ئەبێت، هەر ئەمەشە کە ئەریک فرۆم بە تایپێک لە ماسۆشیزم لە کتێبەیدا بە ناوی (هەڵهاتن لە ئازادی) باسی ئەکات، کەوا ئەم ماسۆشیزمە دەلیلی تواندنەوەی سوبێکتیڤیتەیە لەناو ئەویتردا لە ڕێگەی پاڵنەرێکی سادی بۆ باڵادەستی، لە غیابی نەبوونی کەسایەتی و تواندنەوەی لەویتردا وەرگرتنی هێزێکە کە کەسی ماسۆشی بەدوایدا وێڵە، هەربۆیەش لە ئازادی هەڵدێت تیرۆرستەکان پێویستیان بەوەیە خۆیان لە ڕێگەی ‌هێزی گروپەوە بدۆزنەوە، بتوێنەوە لەناو گروپدا، تا لەو غیابە ڕزگاریان ببێت.

sacrifice هەروەها "خۆقوربانیکردن, martyrdom چەمکی "شەهیدبوون

مانای ڕیشەیی و بنەڕەتی لەم ئاکتی خودکوژیە هەڵدەماڵن، چەمکی شەهید کەچەمکێکی ئایینیە، هەڵگری شکۆ و بە شوناسی بە پاڵەوانبوونە، دانپێدانانی کۆمەڵایەتی و دەستەجەمعی بۆ سوبێکت دروست ئەکات، کلتوری توندوتیژ بەردەوام دنەی هەستی خۆبەقوربانیکردن و مەرگدۆستی لەناو کۆمەڵگادا ئەدات، ئەمەش دالی بنەڕەتی "تیرۆری پیرۆز" ە، کەوا تیرۆرستەکان ناوی دە‌هێنن، لە ژێر سێبەری عەقیدەی تیۆلۆجی ئایینیدا، هەڵبەت هەندێک توێژەر ڕەخنەیی ئەوە دەگرن کەوا خۆتەقاندنەوە خۆکوژی نییە بە مانا دۆرکهایمیەکە بگرە خۆقوربانیکردنێکی ئایینینە، کەوا ئایین جۆشی ئەدات.

لە ڕووی مێژووییەوە  خۆتەقاندنەوە، کەیسێکی مۆدێرنە، بە حوکمی ئەوەی کە تەکنیکی ئەنجامدانەکەشی لە ڕووی تەقەمەنی و مەتریاڵیەوە لەناو دنیای مۆدێرن و کەشفی زانستیەوە شکڵ ئەگرێت، بەڵام وەکو کۆنسێپت خۆقوربانیکردن دێرینە، هەر لە زیلۆتەکانەوە سەیری بکەین هەتا کە لەناویاندا هەبووە بۆ پڵنگەکانی تامیل، ئەلقاعیدە و داعش ، بەڵام بە دیاریکراوی لە دوایی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە ئەگات بە ترۆپکی خۆی لە دوایی ساڵی ١٩٧٩ شۆڕشی ئیسلامی ئیرانەوە، بە پێی ئامارێکی ناوەندی توێژینەوە لەسەر تیرۆریزم ژمارەیی قوربانیانی تەقینەوە خۆکوژییەکان لە ساڵی ١٩٩١ زیاترە ٣٧٠٠٠ کەس وە برینداربوونی ١٠٢ کەس لە هەموو جیهاندا، لەناو مێژووی ئیسلامیشدا تیرۆر و خۆقوربانیکردن بە پێی سەرچاوەکانیان ئەگەڕێتەوە بۆ خەواریجەکان ، کە ئیبراهیم ئەلحەیدەری لە کتێبەکەی بەم جۆرە باسی ئەکات؛" خەواریجەکان یەکەمین بزوتنەوەی جیهادی نەیار و ڕێکخراوبوون لەناو مێژووی ئیسلامدا، کە بەهۆی ناکۆکی نێوان معاویەی کوڕی ئەبو سوفیان و عەلی کوڕی ئەبوتاڵیب دامەزران"، دووەمین بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی، بەنگکێشەکان بوون، بزوتنەوەی ئاینی بوون پێش ئەوەی وەربگەڕێت بۆ بزووتنەوەی سیاسی، دەستەیەکی فاتیمی توندڕەوبوون لە فاتیمیە شیعەکانی میسڕ جیا بوونەوە بە سەرکردایەتی حەسەن سوباح، لە ناوەندی دەسەڵاتی سەلجوقیەکان لەباکوری ئێران دامەزران، یەکەم کردەوەی تیرۆرستیشیان لە ساڵی ١٠٩٢ کە تیرۆرکردنی وەزیری باڵایی سەلجوقی (نیزام ئەلمولک) بوو، هەروەها وەکو پێشەنگی خۆکوژان لە ئیسلامدا ناو دەبرێن.

Psychoanalysis and terrorism دەروونشیکاری و تیرۆریزم

لەناو سیستمی دەروونشیکاریدا کۆمەڵی چەمک دەتوانن یارمەتیمان بکەن بۆ تێگەیشتن لە سایکۆلۆجیای کەسانی جیهادی-توندڕەو یەکێک لەوانە چەمکی "نەست"، بەیەكێک لە چەمکە بنەڕەتیەکانی ناو سیستمی فرۆیدیزم دادەنرێت، لە ئاستی تەفسیریدا نەست جۆرە کارکردێکە کە دەبێتە هۆی چالاکی نائاگایانە، بەپێی تۆپۆلۆژی فرۆید سێ ئاست هەیە یاخود سێ ڕەگەز هەن کە دەستیان بەسەر دەروونی مرۆدا گرتووە ئەوانیش بریتین لە "ئید، ئیگۆ، سوپەرئیگۆ"، لە ڕوانگەیی دەروونشیکاریەوە ئید شوێنگەی چەپێندراو و دیوە غەریزەکانی سوبێکتە، هەموو غەریزەکان لە ئیدەوە سەرچاوە دەگرن، ئید کۆنترین و بنەڕەتیترین دەڤەری دەروونیمانە، هەر یەکە لە ئیگۆ و سوپەر ئیگۆش لە ئیدەوە سەرچاوە دەگرن بە واتایەک لە منداڵدانی ئیدەوە دێنەدەر، شوێنگەی نەست و فۆرمولە بوونی نەستیشە،  ئیگۆ لەناو میتاسایکۆلۆژی {فرۆید دەروونشیکاری ناوزەند دەکات بە میتاسایکۆلۆژیا}، ئەو بونیادەیەیە کەوا لە ئەنجامی بەرکەوتنی لەناو پرنسیپی واقیع دروست ئەبێت، شکڵگرتنی دەروونە لە نێوان ئید و سوپەرئیگۆ، سوپەرئیگۆ بریکاری هەڵسوکەتەکانی سوبێکتە، ڕۆڵی پۆلیسێکی ئەخلاقی دەبینێت لە داوەریکردن و هەڵسەنگاندی باش و خراپ، چالاکیەکانی ئیگۆ دەخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە، سوپەرئیگۆ کەرچی بەشێکی جیاوەبووی ئیدە بەڵام لە ئەنجامی پەرچەکردار و بەرهەڵستیە بەسەر خواستەکانی ئیددا بۆ داوەریکردن و کۆنترۆڵکردنی ئیگۆمان، نەست کانگای غەریزە چەپێندراوەکانە، غەریزەکانیش ئەو پێویستیانەن کە لە ئیدەوە هەڵدەقوڵێن، بە پێی میتۆدی فرۆیدی شکڵگرتن و فۆرمۆلەبوونی نەست پەیوەندی بە مناڵی سوبێکتەوە هەیە،  فرۆید پێی وایە سوبێکتیڤیتە هەتا تەمەنی ٥ ساڵی شکڵ دەگرێت ئەوەشی لە دوایی ٥ ساڵیەوە ڕووئەدات دووبارە کردنەوەی ئەو ٥ ساڵەیی تەمەنە، ئەم ئایدیایە ئەوەمان پێ دەڵێت کەوا کلتوری توندوتیژ کە مناڵێک لەسەری پەروەردە ئەبێت هەمان ئەو ئەگەرەیە کە نەستێکی توندوتیژ بەرهەم دێت لە کۆتاییشدا سوبێکتێکی بیمار و سایکۆسیس، بە ئەگەرێک کەسی تیرۆرست لە مناڵیدا زۆرینەی کات لە ژێر سایەی کلتورێکی توندوتیژدا ژیاوە، هەر بۆیە فرۆیدیانە سەیری بکەین نەستی فۆرمۆلەبوونی ئەم توندوتیژیەیە، چەمکی نەست پێمان دەڵێت سوبێکت بەرهەمی مێژوویەکی کلتوری -جەستەیی-دەرونیە کە دالی سەرەکین بۆ دروستبوونی سوبێکتیڤیتە، بەو واتایەی هەموو ئەوانەی کەوا دەیانکەین ئێستا و ئێرەیی نین بگرە ڕایەڵەیەکن کە دەمانبەستنەوە بە مناڵیمانەوە، چەمکی نەست ئەوەمان پێ دەلێت کە دەرەوە و ناوەوەی سوبێکت { دەرەوە مەبەست لە ژینگە و کلتورە، ناوەوەش مەبەست لە دەروون و نەستە}، بە قوڵی و ڕیشەییەوە بە یەکدیەوە بەستراون و پێشمەرجن بۆ یەکتری، هەر بۆیە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەش میتاسایکۆلۆجی و سۆسیۆلۆجی یەکدی تەواوکەر و پێکەوەبەستران.

پاڵنەری مەرگ و غەریزەی وێرانکردن لەناو سوبێکتی تیرۆرست

پاڵنەری مەرگ یەکێکی ترە لە چەمکە بنەڕەتیەکانی ناو دەروونشیکاری کەوا کۆمەکمان دەکات لە تێگەیشتن، دوو چەمکی دوانەیی هەن [ ئیرۆس، تاناتۆس] ، ئیرۆس پاڵنەری ژیان و پرنسیپی چێژە ، پاراستنی یەکێتی غەریزەکانە، بە پێچەوانەوەی تاناتۆسەوە کە غەریزەی مەرگ وپارچەپارچەکردن و وێرانکردنی غەریزەکانە، خواستی غەریزەی تاناتۆسی ئەوەیە کە زیندوێتی و ئەندامێتی بگۆریت بۆ نا زیندوێتی و پارچەپارجەبوون، فرۆید لە ناو تێکستی (لەودیو پرەنسیپی جێژەوە) بە ڕوونی ئایدیاکانی خۆی لەسەر پاڵنەری مەرگ دەڵێت، و بە دۆخێکی بنەڕەتیتر لە پاڵنەری ژیان و ئیرۆس ئەیبینێت، پاڵنەری مەرگ بە مانایی سرەوتن دێت، گەر دۆخی پێش بوون دۆخی سرەوتن بێت مەبەستمان  لە "نەبوون"، سوبێکت بەرهەمی گواستنەوەیە لەنێوان نەبوون بۆ بوون، سرەوتن و نەبوون بەرەو ژیان، هەر بۆیە پاڵنەری مەرگ هەوڵی گەڕانەوەیە بۆ نەبوون و سرەوتن هەر بۆیەش پێی ئەڵێن "کۆنەپارێز" چونکە مەیلێکی زۆر هەیە بۆ گەڕانەوە بۆ پێشوو، بەدیدی فرۆید ژیان درز و خەسانی نەبوون و عەدەمیەتە، پاڵنەری ژیان و ئیرۆس لە غەریزەی تاناتۆسەوە لە دایک دەبن،  هەر بۆیەش شەڕەنگێزی و وێرانکردن  گوزارشت و زمانحاڵی پاڵنەری مەرگن، وەکو دوو بنەماش بەردەوام لەناو سوبێکتدا خۆژێنانە بوونیان هەیە، ئەم ویستە زۆرەی تیرۆرست بۆ وێرانکردن و خاپورکردن بە قوڵی دەرخەری پاڵنەری مەرگە، تەقینەوە وخۆتەقینەوە ئەم ویستە قوڵ و بنەڕەتیەن بۆ گەڕانەوە ی دۆخە بنەڕەتیەکە کە بریتیە لە سرەوتن، هەر بۆیە سەمپتۆمی پارچەپارچەبوونی جەستە وخۆتەقاندنەوە و وێرانکردنی جەستە هەمان میکانیزمی کارکردنی پاڵنەری مەرگە، سەربڕینی دیلەکان وەک ئەوەی کە لەناو ڤیدیۆکانی ناو چەکدارانی داعش دەمانبینین ئەم غەریزە چەپێندراوەی ناو سوبێکتە بۆ مەرگ و وێرانکردن،ئارەزوویەکی قوڵیش بۆ لە ئامێزکردنی مەرگ تەنانەت وێرانکردنی ئاسەوار و تەقاندنەوەی شوێنەوارەکانی موسڵ وێنەدانەوەی ئەم پاڵنەرەیەگوتاری مەرگدۆستیی.

فرۆید لە باسکردنی شارستانیەت ئەو  ئایدیایە سەرپێ دەخات، شارستانیەت و پێکەوەژیان لەسەر بڵندکردنەوە و چەپاندنی پاڵنەرەکان وەستاوە، چەپاندن بەشێکی گرنگ و ئەساسیە لە هەڵکردن لەناو کۆمەڵگادا، تیرۆرست لە ڕێگەی واڵاکردن و مومارەسەکردنی چەپێندراویەکانیەوە لەناو نۆرمە کۆمەڵاتیەکانەوە جێگەی نابێتەوە و دەبێتە کەسی بێزراو ، ددان پیانەندراوی کۆمەڵگا، نمونەی کچانی شەنگال و دەستدرێژەییە سێکسواڵیەکان دەرخەری ئەم تێزەن، چۆن تیرۆرستەکان دوور لەهەموو پێودانگێک بەربەریانە دەرگا لەسەر دیوە چەپێندراوەکانیان دەکەنەوە.

، لە خوێندنەوەی (why we suffer پیتەر مایکلسۆن نوسەری کتێبی (بۆچی ئازار دەچێژین

چەمکی پاڵنەری مەرگ لەمەڕ تیرۆریزم لە توێژینەوەیەکدا بەم جۆرە دەنوسێت:" تیرۆرستەکان باشترین بەڵگەن بۆ دروستی تیرۆرەکەی فرۆید، ئەو ڕاستی کرد، کە پێی وابوو دەروونی مرۆڤ لەنگەری بە پاڵنەری مەرگەوە گرتووە، غەریزەی خود-وێرانکردن و باوەشێکی قوڵی نەستەکی بە مەرگ، تیرۆرستەکان بڕوایان وایە کە فەنتازیا توندوتیژ و تۆڵەکەرەوەکانیان، مانا و دەلیلی هێزە، لە ڕێگەی ئەم فەنتازیانەوە ئەیانەوێت ئەو دیوە لاواز و پەکەوتووەیان بشارنەوە، تیرۆریزم لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی وێرانکاریەوە یاخود وێنەیەکی وێرانکەر دەیانەوێ باوەڕ بە خۆیان بهێنن کە بەهێز و خاوەن عیزەتن، بەڵام ئەمە میکانیزمێکی بەرگری سایکۆلۆجیە بۆ شاردنەوەی لاوازییەکانیان، تیرۆرستەکان پاسیڤانە ئەو فاکتەمان بۆ بەیاندەکەن کەوا ڕادەستبوونیان بە ئامانجێک و دۆگما ئایدۆلۆژییەکانیان خواست و ئامانجی ئەوانی دیکەیە".

سەمپتۆمی ئیرەیی

ئیرەیی وەکو چەمکێکی بنەڕەتی ناو دەرووشیکاری کۆڵەکەی زۆر لە غەریزە و پاڵنەر و ڕەگەزە بنەڕەتیەکانی ناو دەروونی سوبێکتە، ئەتوانین بڵێن ئیرەیی جۆرە شینێکی لەدەستچووە بۆ ئارەزوویەک یاخود ئۆبێکتێکی لەدەستدراو، حزوری ئیرەیی دەلالەتێکی نەقس یاخود کێماسیەکی دانپێدانراوە لای سوبێکت گەرچی تەواو نەستەکیش بێت،  بە مانایەک کاتێک ئیرەیی دەخروشێت سوبێکت نەستەکیانە بڕوایی بەوە هێناوە کە شتێکی لەدەستداوە یاخود شتێکی نییە، چونکە ڕەگەزی ئیرەیی لە ڕاستیدا هاوپەیوەندیدارە بە ئەویتر، بە مانایەک کاتێک ئیرەیی دروست ئەبێت کە ئەویتر یاخود بەراوردکاری بە ئەویترەوە دەخرۆشێت، کەواتە لەمەوە گەیشتینە ئەو ئارگومێنتەی ئیرەیی دەرئەنجامی حزوری ئەویترە لەناو سوبێکتدا، ئەو ڕایەڵانەیە کە سوبێکت لەگەڵ سوبێکتەکانی دی و ئۆبێکتەکانی دی پێکیانەوە دەبەستێتەوە، فرۆید لە دەقی (ئیرەیی، پارانۆیا، هاوڕەگەزخوازی jealousy, paranoia, homosexuality)

سێ جۆر لە ئیرەیی دەستنیشان ئەکات، کە بەم جۆرەن:

١-ئیرەیی کێبەرکێکارانە کە ناوی ئەنێت بە ئیرەیی نۆرماڵ

٢-ئیرەیی دەرهاوێژراو

٣-ئیرەیی وەهمی

فرۆید ئیرەیی و غەم بە یەکتر بەراورد ئەکات و وەکو هەستێک ئەیانشوبهێنێت بە یەکتر ، وەکو دۆخێکی نۆرماڵ لە قەڵەمی دەدات و پێی وایە گەر کەسێک توشی ئیرەیی نەیەت ئاوا توشی چەپاندنی هەستەکانی هاتووە، بەمەش چەپاندنی ئیرەیی ڕۆلی چەندقاتی لە خودی ئیرەیی پەتی هەیە لەناو ژیانی دەروونی سوبێکتدا، بەمجۆرە لەبارەیەوە دەنوسێت" دەروونشیکاری کۆمەڵێ شتی هەیە کە لەسەر ئیرەیی کێبەڕکێکارانە بیڵێت کە دەتوانین تێبگەین ئەم هەستە تێکەڵەیەکە لە خەم، ئازاری بیرکردنەوە لە ئۆبێکتی خۆشویستراو، ئیرەیی ئاوێتەیەکە لە هەستی دوژمنایەتی دەرهەق بە ڕکابەرە سەرکەوتووەکە، کەمتازۆر ڕێژەک لە خۆسەرزەنشتکردنیش، کەوا ئیگۆی کەسەکە هەوڵدەدات خۆی بە سەبەبکاری ئەم لەدەستچوونە بزانێت، ئەم هەستە ڕیشەی دەچێتەوە سەر نەست ئیدی لە ڕاستیدا درێژەدانێکە بە کۆنترین جۆش وخرۆشەکانی ژیانی عاتیفی مناڵ"، هەڵبەت لەلای فرۆید ئیرەیی هاوپەیوەندیەکی قوڵی بە ژیانی سێکسواڵێ مناڵەوە هەیە دەرئەنجامی  گرێی ئۆدیب یاخود گەشەکردنی سێکسواڵی سوبێکت، کە دەرئەنجامی ئۆبێکتی لە دەستدراوە، لەلای ژیژەک ئەم تێگەیشتنە شۆڕدەبیتەوە بۆ تێگەیشتن لە کاراکتەر و دەروونی تیرۆرست، پرسێکی ئۆبێکتیڤی وەک شێوە ژیان، بە دیدی ژیژەک فەندەمێنتاڵیستەکان بەردەوام لە رێی هەستی ئیرەیی و نوقسانی دەستکەوتنی چێژەوە لە هەوڵی سڕینەوەی چێژی ئەویترن {مەبەست لە بێباوەڕانە }، نەستەکیانە مادام من مەحکومم نوقسانی لە چێژ و دەستگەیشتنم بە ژوینسانسی تەواو ئەوا ڕێگەنادەم ئەویتری بێباوەڕیش دەستی بە ژوینسانس بگات{ ژوینسانس بە مانای زێدەچێژ یاخود ژانەچێژ دێت، هاوشێوەی پاڵنەری مەرگ لای فرۆید لای لاکان ژوینسانس و دەستگەڕایشتن بە چێژی تەواو دەکەوێتە ئەودیو پرەنسیپی چێژەوە، ژونسانس کۆمەڵەکەی ڕاگرتن و ئیدارەدانی سوبێکتە بە چێژەوە}، ژیژەک بەمجۆرە دەربارەی ئیرەیی تیرۆرست دەنوسێت:" فەندەمێنتاڵیستە تیرۆریستەکان، چ موسڵمان بن یان مەسیحی، بە مانای وشەکە فەندەمێنتاڵیستن؟ هەر بەڕاست باوەڕدارن؟

تیرۆریزم بە هێز کۆنترۆڵ ناکرێت چونکە بەتەواوەتی جەنگەکە هەرچەندێک هێز و میکانیزمی سەربازی بێت،  بنەماو شوعلە بنەڕەتیەکەی جەنگێکی فیکرییە، جەنگی ئەمریکا بۆ تیرۆر بە تایبەت دوایی ١١ سێپتەمبەر دەرخەری ئەم ئارگومێنتەن، جەنگ لەلایەن حزوری دوو هێزی سەربازی یاخود، دوو دەوڵەت، یان دوو جیهەتی واقعیدا ئەکرێت، لە ڕاستیدا تیرۆریزم وەک تارماییەک هیچ جەستەیەکی نییە، بگرە وەکو ناڕوونیەک و نادیارێک، چەشنی شەبەح بەبەردەماندا دێت و دەچێت، گەر لە سەدەی بیستەمدا جەنگی تیرۆر لە ڕێگەی هێزی سەربازیەوە کرابێت ئەوا لە سەدەی ٢١یەکەمدا ئەم میکانیزمە شکست دەهێنێت و هێناویشیەتی، هەر بۆیە هێزەکانی هاوپەیمامان شکستیان هێنا لە کۆنترۆڵکردنی ئەلقاعیدە بگرە لەناو پاشماوەو شانە نوستووەکانی ئەلقاعیدەوە لە ساڵی ٢٠٠٨ و ٢٠٠٩ دەست بە دروستکردنی داعش دەکرێت کە لە ساڵی ٢٠١٤ بە دواوە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ئیعلانی خەلافەتی ئیسلامی ئەکەن، ڕووداوێکی تر شکستی سوپای ئەمریکیە لەبەرامبەر تاڵیبان کە لە ساڵێ ٢٠٢١ ەوە بە تەواوەتی ئەفغانستان جێدەهێڵن و ڕادەستی دەسەڵاتی تیرۆرستی تاڵیبانی ئەکەن.

ڕەنگە ئەوەی لای ئەوان نوقسان بێت، بریتی بێت لەو شتەی سیمای دیار و ناسراوی هەموو فەندەمێنتاڵیستێکە، لە بودییەکانی تیبتـەوە بیگرە بۆ ئامیشـەکانی ئەمریکا: نەبوونی بوغز و ئیرەیی، بێباکییەکی قووڵ بەرامبەر شێوازی ژیانی بێ‌باوەڕان. ئەگەر بەناو فەندەمێنتاڵیستەکانی ئەمڕۆکە بڕوایان وایە ڕێگەی حەقیقەتیان دۆزیوەتەوە، ئەی بۆچی هەست بە مەترسی دەکەن بەرامبەر بێ‌باوەڕان؟ چ پێویست دەکات ئیرەییان پێ ببەن؟ وەختێک بودییەک ڕووبەڕووی چێژپەرستێکی ڕۆژئاوایی دەبێتەوە، سەرکۆنەی ناکات، بەڵکو تەنها ئەوە بەبیری خۆی دەهێنێتەوە، هەوڵی چێژپەرستەکە بۆ خۆشبەختی، ئاکامەکەی خۆ دۆڕاندنە. پێچەوانەی فەندەمێنتاڵیستە ڕاستەقینەکان، دەبینین فەندەمێنتاڵیستە ساختەکان پڕن لە بێزاری و دڵەڕاوکێ و سەرسامی بەرامبەر شێوازی ژیانی -پڕ لە گوناهـ- بێ‌باوەڕان. بەجۆرێک مرۆڤ هەستدەکات، ئەمانە وەختێک دژی ئەویتری گوناهبار دەجەنگن، ئەوا لەبنەڕەتدا بەگژ وەسوەسە و ئیغراکانی ناو خۆیاندا دەچنەوە. ئەم بەناو فەندەمێنتاڵیستە مەسیحی و ئیسلامییانە، پەڵەی ڕەشن بەناو چاوانی فەندەمێنتاڵیزمی ڕاستەقینەوە"، ئەوە دەخاتە ڕوو کەوا دەستبەرداگرتنی شێوە ژیانێک یاخود سەپاندنی یەک جۆری ژیان و لایف ستایل هەر ئەوەی لە دنیا بچکۆلەکانی جیهادییەکان کە دروستی ئەکەن ئەیبینین، بە نمونە خەلافەتەکەی داعش لە موسڵ بە یەکجۆر کردن، تاکە جلوبەرگێک بۆ ژنان و پیاوا، ئەمانە هەمووی ترسن لە بەئاگاهاتنەوەی چەپێندراوەکانیان،ژیژەک باس لەوە ئەکات لەڕاستیدا مەیلی تیرۆرستان بۆ وێرانکاری و تەقاندنەوەی شارستانیەتی ڕۆژئاوا پەیوەندیدارە بەوەی بەرگەی ژیانی مەسرەفکەری ڕۆژئاوایی ناگرن کە تیایدا چێژ بۆ بێباوەڕان فەراهەمکراوە  هەروەک ژیژەک لە وتاری ( بوغزی تیرۆرست terrorist resentment) بە بەستنەوەی تێزە بەناوبانگەکەی لاکان بەمجۆرە باسی لێ ئەکات " وەک لاکان دەڵێت، کێشەی ئارەزووی مرۆڤ ئەوەیە بەردەوام «ئارەزووی ئەویترە» بە تەواوی مانای وشەکە: ئارەزووکردنی ئەویتر؛ ئارەزووی بوون ‌بەئارەزووی ئەویت ربەتایبەت، ئارەزووکردنی ئارەزووی ئەویتر ئەمەی کۆتایی سەرچاوەی ئیرەییە، هەمان ئەو ئیرەییەی وا بوغزی لەخۆیدا هەڵگرتووە، هەردووک پێکەوە دەبنە ڕەگەزی پێکهێنەری ئارەزووی مرۆڤ"، ئارەزووکردنی ئارەزووەکانی ئەویتر خاڵی جەوهەری هەموو ئەو تێگەیشتنانەی کەوا ئارەزووی جیهادییەکان  فۆرمەلە ئەکەن، نکۆڵکردن و ڕەتکردنەوەی شێوەژیانی خۆرئاوایی ئەو میکانزیمی بەرگریەیە کە پێمان دەڵێت نەستەکیانە هەوڵی چەپاندن و ئارەزوویەکی زۆرە بۆ بەخۆرئاوایی ژیانکردن، هەر ئەوەشە کەوا ژیژەک ناوی ئەهێنێت بە "فەندەمێنتالیزمی ناڕەسەن" پێشی وایە نوقسانی ‌هێرشکەرەکانی ناو ١١ سێپتەمبەر مەیلێکی قوڵ نییە بۆ گەڕانەوە بۆ بنەڕەت و سەرەتاکانی شێوە ژیانکردن بگرە خیانەتکردنە لە خودی "فەندەمێنتالیزمی ڕەسەن" کە ئەو تایپە فەندەمێنتاڵیستەن کەوا بێ ئیرەیی و کینەن، بەڵام ئەم جۆرە تیرۆرستانە فەندەمێنتاڵیستی ناڕەسەنن لە خودی ئایدیاکە چونکە مەیلی لێسەندنەوەی ئارەزووی ئەویتری بەرخۆری خۆرئاواییان هەیە نەک گەڕانەوە بۆ بنەچەیەک.

لە دوایی یانزەی سێپتەمبەر ئەو تێگەیشتنە تووشی چەقین هات کەوا تەوژم و پریشکی تیرۆر ناتوانێ دەستی بە ئارامگای خۆرئاواییەکان و بە تایبەت خودی ئەمریکادا ڕابگات، بگرە تەقینەوە و خاپوربوونی دوو تاوەرەکە، بە شێوەیەکی ڕەمزی پەیامی وێرانکاری و دەستڕاگەیشتن بوو بە هەموو دونیادا، هەر ئەوەشی کە ژیژەک لە کتێبی (بەخێربێن بۆ بیابانی ڕیاڵ) بەمجۆرە باسی ئەکات" دەبێت ئەو تەفسیرە باوە پێچەوانە بکەینەوە کە دەڵێت تەقینەوەکانی سەنتەری بازرگانی جیهانی هاتنی کتوپڕی ڕیاڵ بوو، ڕێک بەپێچەوانەوە- ئەوەی کەوا تەقینەوەی بە تاوەرەکان کردی بەئاگا هێنانەوەی ئێمە بوو لەو واقیعە دروستکراوەی کە تیایدا دەژیاین، ترسەکانی جیهانی سێیەممان بەو شتە دەزانی کە بە فیعلی بەشێک نییە لە واقیعی کۆمەڵایەتی ئێمە، شتێک کە وەک ڕەشاییەکی تارمایی ئاسا بەسەر شاشەیی تەلەفزیۆنەوە هەبوو، ئەوەشی کە ١١ سێپتەمبەر پێچەوانەی کردەوە ئەوە بوو ئەم ڕەشاییە خەیاڵیە هاتە ناو واقیعی ئێمە"، ژیژەک دوورتر ئەڕوات و پێی وایە ئەوەی ڕوویدا خودی بە ڕیاڵێتیکردنی فەنتازیای ئەمریکا بوو کە ناوی ئەنێت بە " ئۆبێکتی فەنتازیا" بە جۆرێک ئەمریکا گەیشت بەوەی کەوا فەنتازیای پێوەدەکرد، بۆ کۆمەککردن لە تێگەیشتن لە مەوقعیەتی ڕووداوەکە لەناو کۆمەڵگای ئەمریکی ، گەر بێت و خودی تیرۆر ئۆبێکتی فەنتازیای ئەمریکا بێت ئەوە تێپەڕین و بە واقیعکردنی فەنتازیاکە چارەسەر و هەڵوەشاندنەوەی فەنتازیەکە.

 

for love of the father لە پێناو خۆشەویستی باوک

چەمکی باوک لەناو دەروونشیکاریدا چەمکێکی سەنتراڵە، هەڵبەت کە باسی باوک دەکەین یەکسەر سەرنجمان بۆ تیۆرێکی دەروونشیکاری دەچێت کە "گرێی ئۆدیپ"ە، باوک لەناو گرێی ئۆدیپدا هەم باوکێکی زۆردارە چونکە سوبێکت بە هۆی داگیرکردنی دایکەوە توشی تراومای خەسان ئەکات هەمیش بە مانایەک باوکێکی ڕزگارکەرە بەو مانایەی وا ئەکات سوبێکت ئارەزووی لە دایکەوە وەربگێڕێتە سەر "ئۆبێکتی-ئارەزوو"ی خۆی، واتە باوک ئەم باوکێکی داگیرکەرە هەمیش ڕزگارکەی سوبێکتە، فرۆید دەربارەی گرێی ئۆدیپ دەڵێت"ئارەزووە سێکسواڵیەکان لە بەرامبەر دایکدا چڕتر دەبێتەوە بەهۆی ڕێگریەکانی باوک وهەبوونی باوک هەر ئەمەشە کە وەردەگەڕێت بۆ گرێی ئۆدیپ"، هەڵبەت مادام گرێی ئۆدیپ هەیە ئەوا لە بەرامبەریشیدا "چەپاندن repression " هەیە بۆ دروستبوونی میکانیزمی بەرگری لە بەرامبەر پڕکردنەوەی گرێ دەروونیەکانی سوبێکتدا و چەپاندن ڕێیەکە بۆ شوێنگۆڕکێ ئۆبێکتەکان بەیەکتر، وەک نمونەی هانسی بچکۆلە، کە چەپاندنی باوکی وەرگێڕابۆوە سەر ترسان لە ئەسپ، کاتێک کە هەوڵدەدرێت لە ڕێی دەروونشیکاریەوە تیرۆریزم بخوێنینەوە ئەوا دەبێت بگەڕێینەوە بۆ چەمکی باوک، فرۆید لە هاوپەیوەندی چەمکی باوک بە ئاینەوە دەنوسێت"لە بنەڕەتتدا خودا لە باوکێکی بەرز زیاتر هیچی دیکە نییە"، چەمکاندنی خودا بە باوک ئەو دەلاقەیە دەکاتەوە کە بتوانین لە ڕێیەوە لە خودا وەک باوکێک تێبگەین، محەمەد عەتا کە یەکێک بوو ئەندازیارانی ١١ سێپتەمبەر هەروەها لە ئەندامێکی چالاکی ناو ڕێکخراوی قاعیدە بووە، لەپاش ڕووداوەکە کۆمەڵێ نامەی دەستنوس دەدۆزنەوە بە ناوی "کۆتا شەو"، ئەم نامانە دەلاقەیەک دەکاتەوە بۆ کۆمەڵی تێگەیشتن و لێکۆڵینەوە سەر سایکۆلۆجیەتی خۆتەقاندنەوە و خۆشەهیدکردن، کتێبەکەی ڕوس شتاین بە ناوی ( لەپێناو خۆشەویستی باوک) یەکێکن لەو کتێبانەی کە هەوڵی دەقشیکاریان داوە بۆ نامەکانی موحەمەد عەتا لە ڕوانگەیەکی دەروونشیکاریەوە، ڕوس بەرمەبنای نامەکان خودا لە ڕێگەی چەمکی باوک ی دەروونشیکاری شیئەکاتەوە، کاتێک باوک وەکو مێتافۆڕیک بۆ چەمکی خودا بەکاردێنین ئەوا ئەو ئەرکانەشی کەوا خودا لەسەری بانگهەشەیی ئەکات فۆڕمێکی باوکانە وەرئەگرن، بە نمونە شێخ ئەحمەد یاسین ڕێبەری ڕێکخراوی جیهادی حەماس لە بانگهەشەی خۆتەقاندنەوە وتەڵقیندانی تیرۆرستان بۆ خۆکوژی لە گوتارەکانیدا بەم جۆرە باسی لێوە دەکات" عەشق بۆ شەهیدبوون شتێکی قوڵە لەناو دڵدا، بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نایەت کە ئامانجە گەورەکە بریتی بێت لە هەبوونی شەهید، بگرە تاکە ئامانج ڕازیکردنی خودایە  ئەمەش بەدەستدێت بە ڕێگایەکی زۆر خێرا و ئاسان کە بریتیە لە مردن لە پێناو خودادا".

ڕوس لە کتێبەکەیدا بە قوڵی لەسەر چەمکی "گۆڕان یاخود وەرچەرخان" لە مانای ڕق بۆ خۆشەویستی دەوەستێت، گۆڕان لە ڕق لێبوونەوە بۆ خۆشەویستی بۆ عەشق، عەشقی کوڕێک بۆ ڕەزامەندی و ڕازیکردنی باوکە ئایدیاڵەکەی ملکەچ کردن بۆ ڕازیکردنێکی تەواوەتی، ڕووس لە کتێبەکەیدا دەڵێت" خاوەندارێتی کردنی گۆڕانەکان لە ڕق لەخۆبوونەوەوە و  ئیرەیی بۆ خۆشەویستی خودا، خۆشویستنی خودا هاندانە بۆ لەناوبردنی ئەو بەشانەی تاک کەوا دژ و ناکۆکە لەگەڵ هەستی ناچاریەکی ڕووت"، مەبەستی ڕووس لێرەدا ئەوەیە کە بەجێگەیاندنی فەرمان و ئەرکی جیهادی و تیرۆرستەکان لە هەستی خۆشەویستی و عەشقەوە زۆر ئاسانتر دەگات بە ئەمری واقع و جێبەجێکردن چونکە  کاتێک خۆشەویستی نەبێت ئەوا لە ڕێگەی هەستی ناچاریەوە ڕەنگە کەڵکەڵە بۆ گومان و دەرگای کۆمەڵێ هەستی شێوێنەر لەبەرامبەر ئەرکەکەدا بکاتەوە، وێنای مەرگ و ژیانێکی دی کە دەسکەوتنی بەهەشتە یەکێکی ترە لەو تێمایانەی کەوا لەم کتێبەدا زۆر لەسەری دواون، تێرمی مسۆگەربوونی ژیانێکی تر، بەهەشت بۆ شەهیدان وەک خۆیان دەڵێن یەکێکە لە تێما  گرنگەکانی ناو ژیان و جۆشدانی تیرۆرستان، پێش ماوەیەک لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە نزیک چەمچەماڵ دوو تیرۆرستی سە بە ڕێکخراوی داعش کوژران ، لەناو پاشماوەیی جێهێلدراویاندا نامەیەکی نوسراو هەبوو کە دیار بوو تیرۆرستە کوردەکە لەگەڵ کاراکتەری محەمەد عەتادا هاوشوناس ببوو کە دیار بوو نامەکەبۆ باوکی خۆی نوسرابوو، " بإذن للە لە بەهەشت یەکتری ئەبینینەوە، سوپاسگوزاری اللە م کە کوڕی تۆ بووم".

ئەنجامگیری

١-ئەو ئەنجامگیریانەی کەوا لەم نوسینەدا خۆیان بەیاندەکەن بەمجۆرەن، تیرۆریزم ڕووداوێک نییە کە تەنها لەسەر ئەرزێکی ڕووت بەبێ زەمینە تیایدا ڕووبدات بگرە گرێدراوی ناو کایە کۆمەڵایەتی-ئاینی-سیاسی-ئابوری ەکانە، تیرۆر دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی پاشان دەروونیە،- هیچ تیرۆرستێک بە تیرۆرستی لەدایک نابێت بگرە لەناو هەلومەرجێک دەبێتە تیرۆرست و کۆمەڵێ فاکتەر دەوریان داوە

٢-پاڵنەرەرە دەروونیەکانی سوبێکت وەک پاڵنەری مەرگ ڕێگەخۆشکەرن بۆ دروستبوونی توندڕەوی و توندوتیژی بەڵام بە هاوکاری لەگەڵ کۆمەڵگاکەدا کەوا ڕێگەخۆشکەرە بۆ نەچەپاندنی پاڵنەری مەرگ، پاڵنەری ئیرەیی بەویتری خۆرئاوایی ، ئیرەییە بە قبوڵنەکردنی شێوەژیان و ڕەتکردنەوەیان وە هەستی وێرانکاری ، تیرۆر کردەکەیەکی تراوماتیکە و بەردەوام لەڕێگەی دروستکردنی تراوما و پاڵنەرە سایکۆلۆجیەکانەوە درێژە دەدات بە خۆی.

٣-مێژووی تیرۆریزم بۆ پێش ئاینەکانی کرستیان و ئیسلام دەگەڕێتەوە خاوەنی مێژوویەکی دێرینە، بەشێوەیەکی بازنەیی بەردەوامی دەدات بە خۆی، لە فۆڕمدا گۆڕاو و لە ناوەڕۆکدا جێگیر.

 

ژێدەرە یان سەرچاوەکان

١-جێرارد شالیاند و ئارناود بلین،  ٢٠١٩،  مێژووی تیرۆریزم لە چاخەدێرینەکانەوە تا داعش، وەرگێڕانی هاوکار عەبدوڵا، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم.

٢- د.ئیبراهیم ئەلحەیدەری، ٢٠١٨، سۆسیۆلۆژیای توندوتیژی و تیرۆر، و: دانا مەلا حەسەن، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم.

٣-پول-لۆران ئاسۆن، ٢٠٢١،  فەرهەنگی شرۆڤەیی فرۆید،  و: وەلید عومەر، ناوەندی ڕۆشنبیری ڕەهەند.

٤- زیگمۆند فرۆید، ٢٠٢١، ئیرەیی پارانۆیا هاوڕەگەزخوازی، و: وەلید عومەر، ناوەندی ڕۆشنبیری ڕەهەند.

٥- زیگمۆند فرۆید، ٢٠٢٠، هێڵە گشتیەکانی دەروونشیکاری ، و: وەلید عومەر، ناوەندی ڕۆشنبیری ڕەهەند.

٦- سلاڤۆی ژیژەک، ٢٠١٥، بەخێربێن بۆ بیابانی ڕیاڵ، و: وەلید عومەر، ناوەندی غەزەلنووس.

٧-   سلاڤۆی ژیژەک، بوغزی تیرۆریست، وەرگێڕانی: شێروان ئیبراهیم، ماڵپەڕی نێگەتیڤ.

8- Ruth Stein, 2010, For Love of the Father                                                     

A Psychoanalytic Study of Religious Terrorism, Stanford University Press.

9- Dana Snellen, A Durkheimian analysis of the development of terrorism and the motives of suicide bombers

10- Philip Thomas Holdrege, A Durkheimian Explanation for Suicide Terrorism

11- shuki cohen, the unconscious in terror: an overview of psychoanalytic contributions to the psychology of terrorism and violent radicalization.

12- ivan Sascha Sheehan, 2014, are suicide terrorist suicidal? A critical assessment of evidence.

13- fahri erenel, 2020, the human body becoming the terrorist weapon: the phenomenon of suicide terrorism.

14- noami Janowitz, 2022, framing the intentions of suicide bombers.    

15- A sociological perspective to suicide bombing.                                  

16- otto kernberg, te concept of death drive: A clinical perspective.

17- A multi – dimensional approach to suicide bombing.                         

18- Peter Michaelson, 2011, Terrorism and the Death Drive

19- https://www.britannica.com/topic/terrorism/Types-of-terrorism

20- https://www.oxfordlearnersdictionaries.com/definition/english/terrorism