فوئاد، ئەو سەرکردەی رووی سیاسەتی سور کرد

ژمارەی بینەر 393

2023-08-31

من سەرکردەی زۆرم لەم ناوچەیە بینیوەو لەگەڵیان دواوم، لە  یاسر عەرەفاتی فەلەستینەوە بگرە تاوەکو ئەحمەد شا مەسعود لە ئەفغانستان و بینەزیر بۆتۆ لە پاکستان. تەنانەت ئەوانەی ئێران و لوبنانیش، بەڵام فوئاد موستەفا سوڵتانی جیاوازییەکی لەگەڵ هەموویان هەبوو ئەویش ئەوە بوو کە بۆ ئەو، تەنیا پرسە سیاسییەکە گرنگ نەبوو، بەڵکو پرسە ئینسانییەکە گرنگتر بوو. هەر ئەو خەسڵەتەش وایدەکرد کاریگەری لەسەر هەموو کەس دابنێ.

ئەوە وتەی رەزا دێقه‌تی فۆتۆگرافه‌ری ناودار و نێودەوڵەتیی ئێرانییە لەسەر فوئاد موستەفا سوڵتانی. كه‌ له‌ نێو خه‌ڵك و بزووتنه‌وه‌ی كوردستان به‌ كاك فوئاد ناسراوه.‌

مردن یان نەمان بە هەر هۆکارێک، دیاردەیەکە  چاوەڕێی هەموومان دەکات، به‌ڵام دەگمەنن ئەو کەسانەی کە دوای نەمانیان هەر لە نێو خەڵکدا بمێننەوە. ئایا ئەوانەی نێوو بیرو یادیان دەمێنێتەوە،  ڕازو نهێنیه‌کیان هەیە یان سێحریان لێ کردوین؟ بێگومان نا، ڕازو سێحری ئەوان بۆ مانەوە تەنیا یەک شتە، خۆبواردن لە حەزو بەرژەوەندییە شەخسییەکان لە پێناو خێر و بەرژەوەندی گشتی. بەرژەوەندی و خێری گشتی لای ئەوان هەر هەمان بەرژەوەندی شەخسییە. ئەوەی دوای مردن  دەمێنێتەوەو بەرده‌وام لەگەڵمانە و  بووە بە بەشێک لە ئێمە، تا بەرژەوەندی و خێری گشتی بمێنێ لەگەڵمان دەمێننەوە. ناویان دەبێتە رەمز بۆ هەتاهەتایە. كاك فوئاد، یەکێک لەو کەسانەی مێژووی کوردستانه‌.

فوئاد مستەفا سوڵتانی، ساڵی ١٩٤٨، لە ئاوایی "ئەڵمانە"ی سه‌ر به‌ شاری مەریوان لەدایکبووە. پاش خوێندنی سەرەتایی لە ئاڵمانە، ناوەندی و دواناوەندی لە شاری سنە تەواو کردوەو لە خوێندكاره‌ زیره‌ك و پله‌ یه‌كه‌مه‌كانی قوتابخانه‌ بووه‌. دواتر لە تاقیکردنەوەی گشتی بۆ چوونە زانکۆ لە ئاستی ئێران باشترین پلە بە دەست دەهێنێ و بۆ خوێندنی زانکۆ دەچێتە زانکۆی سەنعەتی شەریف لە تاران و لە بواری  موهەندیسی برقدا درێژە بە خوێندن دەدات.

لە كاتی خوێندنی زانکۆ، لەگەڵ چەند خوێندکارێکیتری کورد لە زانکۆکانی ئێران،  بیر لە دروستکردنی رێکخستنێکی نهێنی دەکاتەوە، پاشان  ئەو بیرۆکەیە ساخ دەکاتەوەو هەموو هەوڵەکانیان لەو پێناوەدا دەخەنە گەڕ، هەر ئەو رێکخستنە نهێنییەش دەبێتە بنەمای دامەزراندنی کۆمەڵە. بەشێکی زۆر لە چالاکییەکانی ئەو سەردەمەشیان پەیوەست دەبێ بە لێکۆڵینەوە لە بەوردی ناسینی دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەوکاتی ئێران و کوردستان تاوەکوو لە کۆتاییدا بەو پێیە بگەنە ئەنجام و گەڵاڵەیەکی عەمەلی. پاشان لە خۆناساندن و ئەندام وەرگرتن زۆر سەختگیر دەبن  تاوەکوو لە چاوی ساواک و ناوەندە ئەمنییەکانی ئەوکات بەدوور بن. لە راپەڕاندنی وەها ئەرکێکیشدا تا رادەیەکی زۆر سەرکەوتوو دەبن.

کاک فوئاد پاش تەواوبوونی خوێندن لە تاران دەگەڕێتەوە کوردستان و ماوەیەک لە کارخانەی برقی مەریوان کاردەکات بەڵام بە هۆی وەستانەوەی بەرامبەر ساواک و کاربەدەستانی ئەوکات بەرامبەر زوڵم و زۆر، دوور دەخرێتەوە  بۆ  پارێزگای لورستان و لە شاری بروجێرد لە کارخانەی برق درێژە بەکار دەدات. بەڵام فوئاد هاوکات بەردەوام خەریکی لێکۆڵینەوە بووە لە دۆخی سیاسی و ئابووری و گەیشتن بە رێگەیەك لە خەبات بۆ دەربازبوون لەو دۆخە. لەم پێناوەدا تەنانەت بۆ نووسینی یادداشتەکانیشی تووشی سەختی و به‌ربەستی زۆر بووە.

ساعید وەتەندوست لە هاوڕێیانی نزیکی کاک فوئاد لە هەمانکاتیشدا یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی دامەزرێنەری كۆمه‌ڵه یە‌، دەیگێڕێتەوە کە جارێک بۆ سەردان و گۆڕینەوەی بیروڕای هاوڕێیانی تر چوومە لای کاک فوئاد لە بروجێرد. خەریکی كۆمه‌ڵێك نووسین بوو، وتی دەزگای تایپم پێویستە، ئەو کاتیش کەسێک دەزگا یان ماشینی تایپی بوایەت دەکەوتە ژێر چاوەدێری هێزە ئەمنییەکان و تەنانەت دەست خستنیشی ئاسان نەبوو. ماڵەکەی کاک فوئادیش لە تەنیشت ئیدارەی به‌رق بوو، تەقە تەقی ماشینی تایپ، مەترسی ئاشکرابوونی هەبوو. چوومەوە سنە و بە هەڵکەوت لە ناو بازاڕ ماشین تایپێکم دەستکەوت و کڕیم بەڵام دەبوا بۆ تەقەتەقەکەی بیرێکم بکرادایەته‌وە، بە کەسێکم وت سندووقێکم بۆ دروسبکە بەرزیەکەی یەک متر و شەست تا حەفتا سانتیمتر بێت و تیکە تیکە بیخەمە یەک و لە یەک  بازی بکەم و بێشکەیەکی تێدا دابنێم. هاوکات لێفەیەکم دا بە دوورین کە ڕێک قاڵبی ئەو سەندووقە بێت. وام دروستکرد کە کەسێک بتوانێت تێیدا دابنیشێ و هەناسەی سوار نەبێت. ئەو سندووق و لێفەم برد بۆ کاک فوئاد وتم بچۆ ناوی تایپەکەت بکە. زۆر ئیستفادەی بوو. کاک فوئاد کارەکەی لە ناو ئەو سندووقە ئەنجام ئەدا و چەند شتی لەوێدا نووسی، یەکێکیان نامیلکەی"چرا پراکندەایم و چگونە متحد شویم" بوو. ئەویتر نوسراوەیەک بوو بەناوی(جنایت دیگر علیە خلق کرد) ئەویش هەر کاک فوئاد نووسی.

لێکۆڵینەوەو نووسراوەکانی فوئاد و بەشێک لە هاوڕێیانیتری بەردەوام دەبێ. بۆ گۆڕینەوەی بیڕوڕاو رەخنەگرتن چەندین کۆبوونەوەی دوورو نزیک دەگرن. ئەو کات لەو کۆڕەدا بەشێکی زۆریان لەسەر ئەوە کۆک دەبن و هاوڕای کاک فوئاد دەبن کە کۆمەڵگای ئێران و کوردستان نیمە فیوداڵ و نیمە سەرمایەداریییە و بەو پێیەش دەبێ لە باتی تیۆری و هەڵوێستی روناکبیرانەی برج عاج نشین، دەبێ دەست لە کارو فەرمانی ئاسایی کە بۆیان خوێندوە ودامەزراون هەڵبگیردرێت و تێکەڵی چینی هەژارو خواری کۆمەلگا ببن بۆ ئەوەی وشیار بکرێنەوە و رێکبخرێن بۆ خەبات و شۆڕش لە دژی سیستەمی موستەقەر، ئەو بۆچوونە لە کۆمەڵەدا وەک خەتی یەک ناسێندرا کە کاک فوئاد تیۆریزەی کردبوو، لە بەرامبەریشدا روانگەیەکیش هەبوو کە لە ئەقلییەتدا بوو، پێیوابوو کە کۆمەڵگای ئێران تەواو بووە بە سەرمایەدار و دەبێ کار بکرێت بۆ خەباتی چینی کرێکار، کە لە راستیدا لەو کاتەدا نەیتوانیبوو ئەو کۆڕە بە قەناعەت بگەیەنێ و وەک خەتی دوو ناسێندرا.

ئەو زیندانەی کە فواد کردبووی بە شوێنی کادرسازی

فوئاد لە لورستانەوە دەگەڕێتەوە بۆ شاری سنە لەوێ وەک مامۆستا دەستبەکار دەبێت بە هۆی تێکەڵی لە گەڵ خەڵک و خوێندکاران ساواک دەیگرێت و رەزبەری ١٩٧٤ راگوێزی تارانی دەکەن. لە ژێر سەختترین ئەشکەنجەو ئازاردا خۆڕاگرییەکی بێوێنە دەکات و ناتوانن لەسەر رێکخستنەکانی کۆمەڵە هیچی پێ بدرکێنن.

رەزا دێقه‌تی کە هاوزیندانی فوئاد بوە لە تاران، دەگێڕێتەوە: ئەوکات رەسم بوو کە ئەفسەر نیگابانی زیندان دەهاتە ژوورەکان دەبوایە ئێمە لەبەری هەستاباین. رۆژێک ئەفسەر نگابانەکە ده‌رگای ژوورەکەی ئێمەی کرده‌وە، کاک فوئاد گوێی نەدایەو خەریکی خوێندنەوەی کتێبەکەی بوو، ئەفسەرەکە سەرەتا وایزانی فوئاد هەستی بە هاتنە ژورەوەی ئەو نەکردوە و تەقەیەکی لە ده‌رگاکە کرد، بەڵام فوئاد هەر خەریکی خوێندەوەی کتێبەکەی بوو، ئەفسەرەکە لێی نزیک بووەوە، خەریک بوو بە پێ لە پێیی فوئاد بدات، به‌ڵام فوئاد هەستا لەگەڵی دەستەو یەخە بوو، پێی گوت چاوەڕێ مەبە لەبەرت هەستم، من کوردم.

فوئاد لە زیندانی قەسری تاران لە خوێندنەوەو لێکۆڵینەوە بەردەوام ده‌بێ، بەردەوام لە هەوڵدا ده‌بێ زانیارییەکانی زیاد بکات و خەڵکیتر لە زانیارییەکانی خۆی ئاگادار بکاتەوە. لەوێ کەسێکی خۆشەویست و بە ئۆتۆریتە ده‌بێ. لەوێ لەگەڵ رێبەران و کادرە سەرەکییەکانی چریک فەدایی بەردەوام لە مشتومڕدا ده‌بێ و رەخنەی لە رێبازی سیاسییان گرتووە. هەوڵیداوە ئەوەیان تێبگەیەنێ کە بە بێ رێکخستن و پشتبەستن بە گروپێکی حیرفەیی شۆڕش سەرناکەوێ.

 هاتنە سەرکاری کارتێر لە ئامریکا، حەمەرەزا شا ناچار ده‌كات، کۆت و بەندو فشار لەسەر زیندانە سیاسیەکان کەم بکاتەوە، کاک فوئاد، سوود له‌م ده‌رفه‌ته‌ وه‌رده‌گرێ و‌ داوا ده‌كات لە زیندانی تارانەوە بیگوازنەوە بۆ زیندانی شاری سنە. بۆیه‌ ساڵی  ١٩٧٧ دەیگەڕێننەوە بۆ سنە.

لە زیندانی سنە، لە ماوەیەکی کەم دا دەتوانێ کار بکاتە سەر زیندانییە سیاسیەکانیتری زیندان و دەبێتە دەمڕاست و خۆشەویستی زۆربەیان. هەر ئەوەش وایکرد بەشێک لەو زیندانییە سیاسی و تەنانەت ئاساییانە دواتر ببنە کادرو فەرماندەی کۆمەڵە.

فوئاد لە زیندانی سنەش لە رێکخستنی زیندانیەکان بۆ مانگرتن و چەسپاندنی داواکارییەکانیان بەردەوام دەبێ. لە مانگرتنێکی سەرکەوتوودا کە بە گشتی ٢٤ رۆژ بوو کە ٢١ رۆژی مانگرتنی تەڕ و ٣ رۆژیشی وشک، توانیان هەموو داخوازیه‌كانیان بچەسپێنن. محه‌مه‌د شافعی کە ئەو کات هاوزیندانی کاک فوئاد بووه‌ لەم بارەیه‌وه‌ دەڵێ: من و کاک فوئاد وەک نوێنەری زیندانییەکان هەڵبژێردراین کە بچین داواکارییەکانمان بە بەرپرسانی زیندان بگەیەنین. داواکارییەکان بریتی بوون لە نەهێشتنی قەدەغەی پەیوەندی لەگەڵ زیندانیانی ئاسایی، هێنانی رۆژنامەکانی چاپی بەیانیان و ئێوارە بە بێ سانسۆڕ، رێگەدان بۆ سەردانی خاچی سور بۆ زیندان، هێنانی رادیۆی دوو مەوج، کە سەرەتا بەرپرسی زیندان کە سەرهەنگێک بوو بە توندی رەتی کرده‌وە بەڵام پێداگری ئێمە وایکرد رادیۆ چوار مەوجەکەی خۆیمان پێبدات. دانانی نوێنەری زیندانییەکان بۆ سەرپەرەشتی لە چێشتخانەی زیندان،  رێگەدان بۆ کارکردن لە کارگەی زیندان کە بریتی بوون لە  دارتاشی و تەون کردن، من دواتر چووم بۆ دارتاشی و کاک فوئادیش تەون کردن، به‌ڵام مەبه‌ستمان لەو داواکارییە کاری رێکخستن بوو.

 کاک فوئاد رەزبەری ١٩٧٨ لە زیندان ئازاد دەکرێت و قۆناخێکی نوێ لە ئەرک و خەباتی دەستپێدەکات. بنەماڵەكه‌ی دەڵێن فوئاد دوای زیندان تەنیا ٢٢ رۆژ لە ماڵەوە مایەوە هیچمان تاسەمان لێی نەشکا. تەنانەت بنەماڵەی موستەفا سوڵتانی کۆبونەوەیەکی گه‌ورەی بۆ دەگرن و داوای لێدەکەن دوای ئەو هەمووە زیندان و ئازاره‌، دابنیشێ‌ و پشوویه‌ك بدات‌، فوئاد پاش گوێگرتن لە قسەی هەموویان لەوپەڕی دڵسۆزی و ئارامیدا پێیان دەڵێ: ئەمە تازە سەرەتای رێگاو خەباتە کاتی هەدا دان و پشوو نییە.

فوئاد ئهندازیاری رێکخستن

فوئاد جیاواز لەوەی لە رێکخستنی جەمعیەتی شارەکان، دروستکردنی یەکیەتی کرێکارە بێکارەکان، رێکخستنی پێشوازی لە زیندانیانی سیاسی، لەوانە شوعەیب زەکەریایی لە ئه‌ندامانی دامەزرێنەری کۆمەڵە و هاوڕێی نزیکی سەردەمی خوێندنی لە سنە، کۆمەڵەی مامۆستایانی مەریوان، پشتیوانی لە توتنەوانەکانی بانە و هەوڵدان بۆ رێکخستنی ژنان، دەستی باڵای هەبوو، بەڵام گرنگترینیان دروستکردنی یەکیەتی جوتیاران بوو لە مەریوان.

پاش ئەوەی ئیسڵاحاتی ئەرزی  لە هەفتاکاندا لە ئێران  کرابوو، بەشێکی زۆر لە دەرەبەگ و زەمیندارەکانی کوردستان، زەوییەکانیان لێ سەندرابونەوەو درابوە وەرزێڕەکان، بەڵام پاش نەمانی شای ئێران دەرەبەگەکان کەوتنە خۆیان بۆ لێسەندنەوەی زەوییەکانیان. ئەمە ده‌بێته‌ کەڵکەڵەی مێشکی فوئاد. هەر بۆیە بیر لە دروستکردنی یەکیەتی جوتیاران ده‌كاته‌وه‌. یەکیەتی جوتیاران بە فۆرمێکی نوێ لەو کاتەدا دروستکراو تەنانەت بۆ پاراستنی خۆیان و زەوییەکانیان چەکداریش کران. دواتر لە چەندین شاریتری کوردستان یەکیەتی جوتیاران دامەزرا. دروستکردنی وەها یەکیەتییەک ئەویش لە جووتیاران کە  کۆمەڵێ کێشەی تایبەتی کۆمەڵایەتی خۆیان هەیەو پاراستنی ئەو یەکیەتیەش تەنیا لە ئەستۆی ئۆتۆریتەو حیکمەتی فوئاده‌وه‌ دەهات.

راگەیاندنی ئاشکرا کردنی کۆمەڵە

ڕۆژی ١١ی فیبریەی ١٩٧٩ پەیکەرەی شا لە مەریوان هێنرایە خوارەوە. کاک فوئاد یەکەم کەس ده‌بێ لە سەر دیواری حەوشەکەوە ده‌چێته‌ ناو شارەبانی. ئەو شەوە لەسەر پێشنیاری ئه‌و، هەموو سەرۆکی ئیدارەکان گیران. ڕۆژی ٢٣ی ڕێبەندان  فوئاد لە سەقز لە نەخۆشخانە سەردانی حەمە حوسەین کەریمی لە هاوڕێیانی نزیکی و لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە ده‌كات، کە شەوی پێشتر لە کاتی گرتنی شارەبانی شاردا بریندار ببوو.

٢٦ی ڕێبەندانی ١٣٥٧ کە حەمە حوسەین کەریمی گیانی بەختکرد وەکو ڕۆژی ڕاگەیاندنی هەڵسووڕانی ئاشکرای کۆمەڵە ڕاگەیەندرا. ڕۆژی ٢٧ی ڕێبەندان لە ڕێوڕەسمی ناشتنی ته‌رمه‌كه‌یدا بەشدار ده‌بێ و هەر بەو بۆنەشەوە یەکەمین ڕاگەیاندنی ئاشکرابوونی کۆمەڵە بڵاو کرایەوە.

کۆچی مێژوویی مهریوان

فوئاد وەک یەکێک لە ئەندامانی شورای شاری مەریوان، هەوڵدەدات لەگەڵ نوێنەرانی حکومەت و پادگان رازییان بکات کە هێزه‌كانی سوپا لە شارەکە نەمێنن یان لانی کەم لە نێوشار بڵاوەیان پێنەکرێت، بەڵام ئەو هەوڵانە سەر ناگرێت، بۆیه‌ لە سەر پێشنیاری عەتای رۆستەمی لە چالاکانی ئەوکاتی مەریوان، داوا دەکات لە خەڵکی مەریوان بۆ ناڕەزایەتی بە بشێوی هێزه‌كانی سوپا لە مەریوان، شار جێ بهێڵن بۆ ماوەیەک بچنە دەرەوەی شار. ٣١ی پووشپەڕ هەتا ١٤ی گەلاوێژ ٥٨ی هەتاوی خەڵکی مەریوان بە تێکڕا شار بە جێ دێڵن. بەشێک لە خەڵکی شارەکانی سنە، سەقز، بانەو بۆکان بۆ پشتیوانی بەرەو مەریوان بەڕێدەکەون و پێشوازییان لێ دەکرێت. وەها کۆچێک کە رێکخەرەکەی فواد بوو تا ئەو کاتە دیاردەیەکی مەدەنی ناوازە بوو کە توانی ببێتە هەوێنێ بۆ درێژە دان بە شۆڕشێکی جه‌ماوه‌ری. لەمەشدا فواد سەرکەوتو بو، هۆکارەکەشی ئەو راستی و شەفافییەتە بوو کە لەگەڵ خەلک هەیبوو و تەنانەت خەڵکی  رۆژانە لە ریزی یەکەبەیەکەی کۆبۆنوەکانی لەگەڵ نوێنەرانی حکومەت ئاگادار دەکردەوە

٢٨ی گەلاوێژ فەرمانی جیهاد بۆ سەر کوردستان

پاش ئەوەی خومەینی زانی کە ئەو هەیمەنەی لە ئێران هەیەتی لە کوردستان نیەتی و بەو جۆرە کە دەیهەوێ بۆی ناچێتە سەر، لە ٢٨ گەڵاوێژی ساڵی ٥٨ی هەتاوی، فتوای جیهادی لە دژی خەڵکی کوردستان دەرکردو داوای لە هەموو هێزە سەربازییەکان کرد هێرش بکەنە سەر کوردستان. هێزه‌كانی خومه‌ینی لەگەڵ بەرگری قارەمانانەی خەڵک بەرەو ڕوو بوون، هه‌ر بۆیه‌ کەوتنە قەتڵوعام و کوشتنی هەزاران کەس لە خەڵک و سوتاندنی بەشێکی زۆر لە دێهات و شارەکانی کوردستان. لەو کاتەدا هێزە سیاسییەکانی کوردستان بۆ بەرگری کەوتنە خۆیان. فوئاد مستەفا سوڵتانی لەو کاتەدا پێشنیاری نووسینی به‌یانیەیەک دەدات بە رێبەرانی کۆمەڵە بۆ داوا کردن لە خەڵک بۆ بەرگری و کۆڵنەدان. بەیانییەکە بووە خالێکی وەرچەرخان لە مێژووی کۆمەڵەدا. ئیرەجی فەرزاد لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە  لەم باره‌یه‌وه‌، دەڵێ: لە بۆکان بوین، فوئاد تەوەرەکانی به‌یانییەکەی بۆمان دیاریکرد من و دوکتور جەعفەری شەفیعی، رەشنووسەکەمان نووسی، فوئاد خوێندیەوە وتی باشە بە بڕوای  من باشتان دەرهاورده‌ به‌ڵام  پێمخۆشە ناوی بنێن ( خلق کرد در بوتەی آزمایش) وتی لە مێشکی خۆمدا پێموایە خەڵکی کوردستان هان لە بواری تاقیکردنەوەدا، بزانین سەربڵند دێنە دەر یان نا.

هەڵبژاردن و هزری فوئاد

یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی فوئاد مستەفا سوڵتانی قودرەتی تەشخیس و لێکدانەوەی بوو. تواناییە سەرەکییەکەشی ئەوە بوو کە  بواری کۆمەڵایەتیی و هاوکێشەکانی ناو کۆمەڵگای بە باشی و بە وردی ده‌ناسی. ئه‌وه‌شی دەزانی کە جومگە سەرەکییەکانی وروژاندن و خستنەگەڕی کۆمەڵگا کامانەن و رێگای یەکخستنی بۆ یەکگرتنیان دەناسی. فوئاد بڕوای بە  سەختترین رێگا بوو بۆ جوڵاندنی کۆمەڵگا و قانع کردنیان بۆ رزگاری. لای وابوو لە باتی ئەوەی لەسەرەوە چەند کەس بڕیار بدەن به‌یانییەک دەربکەن پاشان خەڵکی پێ رازی بکەن بۆئه‌وه‌ی پێوه‌ی پەیوەست بن، دەیوت دەبێ لە خوارەوە لەگەڵ تاک بە تاکی کۆمەڵگا قسە بکەیت و وشیاریان بکەیتەوە بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان، تا مابوو هەر ئەوەشی کردو هه‌ر به‌و رێگایه‌دا رۆیی. یەکیەتی جوتیاران، مامۆستایان،  یەکتەتی کرێکارانی بێکارو یەکیەتی ژنان و جەمعیەتەکان بە دەیان رێکخستنی تر کە دواتر هەموویانی لە کۆمەڵەدا تێکهەڵکێش کرد بەرهەمی هەمان بیرۆکە بوون، ئەوەش دەگەڕایەوە بۆ ئێرادە و ئیمانی تەواوی بەهێزی خەڵک.

فوئاد وەک بیری سیاسی و ئایدیالۆژی خۆی بە سوسیالیست دەزانی و لەو پێناوەشدا خەباتی دەکرد. بیری سوسیالیستی تەنیا وەک ژێستێکی روناکبیرانە نەبوو لەلای، ئەو بە کردار و ئەخلاقیش هەر هەمان هەڵسوکەوتی یەکسانی خوازانەی لەگەڵ خەڵک و دەوروبەرییەکانی هەبوو. هەموو ئەوانەی ئەو کات لەگەڵیدا بوون بە یار و نەیارەکانیشەوە لە نووسراوەکان و قسەکانیاندا شایەدی ئەو راستییە دەدەن. لە لای فوئاد رزگاری نەتەوەیی کە ئەو کات پێ دەوترا مسالەی ملی، لە رێگای تەیار کردن و جوڵاندنی چینی خواری کۆمەڵگاوە مسۆگەر دەکرا، ئەو پێی وابوو کە چینی هەژارو خواری کۆمەڵگا زیاترین پێکهێنەری چینەکانی کوردستانن. تەنانەت لە كاتی باسەکانی ئەو کاتیشیان بۆ پێویستی دروستکردنی حیزبی کمونیستی ئێران لە بەرامبەر بەرەی راستی ئەوکاتی ئێران، لای وابوو دەبێ حیزبی کمۆنیستی کوردستانیش دابمه‌زرێ. تەنانەت لە کۆبونەوەیه‌ك له‌ مەهاباد باس لەوە دەکات دروستکردنی حیزبی کمونیستی ئێران بە نووسینی بەیانیەی چەند رووناکبیر لە تاران  نایەتە دی و سەرناکەوێ بەڵکوو دەبێ لە واقێعی کۆمەڵگادا لە خوارەوە کاری بۆ بکرێت وەک ئەوەی لە کوردستان کراوە

به‌رده‌وام كاری بۆ یه‌كریزی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵكی كردستان كردوه‌ه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ به‌رامبه‌ر دوژمندا به‌هێز بێت. پێوه‌ند به‌ پارچەکانیتری کوردستانیش هەر هەمان روانگەی هەبووە بڕوای بە یەکگرتوویی و هاوهەڵوێستی هەبووە. لە خڕی ناوەزەنگ، له‌ باشوور چاوی بە مام جەلال کەوتووە، دوای چەندین کۆبونەوە، داوای دەرکردنی بەیانێکی هاوبەشی لێکردوە، ساعێد وه‌تەندوست لەم بوارەره‌ دەڵێ،  کاک فوئاد بە مام جەلالی وت بۆ لە سەر ئایندەی کوردستان شتێک نەنووسین و هەردوولامان ئیمزای بکەین. ئەوە یەکەم جار بوو شتی وا مەترەح دەبوو. تاڵەبانی کاک فوئادی بۆ هەوەڵ جار ئەدیت و ناویشمان نابوو کاک عەلی. کە هاتینە دەرەوە مام جەلال وتی ئەم کاک عەلییە زۆر بلیمەتە نەشیزانی  کە ئەمە کاک فوئادی مستەفا سوڵتانی یە. کاتێک کە کاک فوئاد شەهید بوو پێمانوت، زانی ئەوە کاک فوئاد بوو. زۆرجار بە منی وتووە سوڵتانی زۆر زیرەک و بلیمەت بوو، ئەگەر ئەو بمایە کۆمەڵە چارەنووسێکیتری پەیدا ئەکرد.

لە هەمان کاتیشدا فوئاد پەیوەندی لەگەڵ چالاکانی کورد لە باکوری کوردستان ساز کردبوو، تەنانەت کۆبونەوەیەکیشان لە مەرگەوەڕ بۆ هاوپشتی و هاوخەباتی لەگەڵ دەکەن. پێشتریش لە نوسراوەیەکیدا بە نێوی پیلانێکی تر لەدژی گەلی کورد، لێکدانەوەی لەسەر پەیمانی ١٩٧٥ جەزائیر بڵاو کردبووە وه‌.

فوئاد  له‌ چۆنییەتی و روودانی پێشهاتەکاندا چەند پێشبینی کردوە کە زۆریان راست دەرچوون، لە چەندین نووسراوەو نامیلکەی دا کە ئەو دەم سەردەمی سەرۆک وەزیرانی ازهاری بووە، پێشبینی کردوە کە رۆژئاواییەکان لە ترسی یەکیەتی سۆڤیەت لە داهاتوودا پشتیوانی ئیسلامییەکان دەبن و هەر واش دەرچوو.

هەروەها پێش هێرشی ئێران بۆ سەر کوردستان لە چەندین کۆبونەوەدا باس لەوە دەکات کە ئەم دۆخە ئازادە لە کوردستان کاتییەو رژێم خەریکی پیلان دانانە. وتووێژەکانیان بۆ کڕینی کاتە و خۆی بۆ هێرشێکی گەورە ئامادە دەکات، ئێمە دەبێ ئامادەی بەرەنگاری بین.

مەرگی فوئاد

رۆژی ٣ی خەرمانانی ١٣٥٨ی هەتاوی بە فەرمانی خەڵخاڵی نوێنەری تایبەتی خومەینی ٩ کەس لە تێکۆشەرانی شاری مەریوان لەوانە دوو برای کاک فوئاد بە ناوەکانی حسین و ئەمین، لە پادگانی مەریوان ئێعدام دەکرێن، فوئاد لەو کاتەدا بۆ رێکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و دانوستان لەگەڵ یەکیەتی نیشتمانی کوردستان، لە بانە دەبێ، رۆژێک دواتر خەبەرەکەی پێدەگات، زۆر خەمبارو تاسەباری دەکات بەڵام نایشڵەژێنێ و بەردەوام دەبێت لە کارەکانی. لەدەستدانی دوو رۆڵەیتری بنەماڵەیەک کۆسپێکی گەورەیە بۆ دایە بەهیە، دایکی کاک فوئاد، رەزا مستەفا سوڵتانی، برای دەگێڕێتەوه‌و دەڵێ: لەبیرمانە کە دایکمان  لە ناو شیوەن و ڕۆڕۆی دوو براکەی ترمان  واتە حوسەین و ئەمین دا بەردهوام ئەمەی دەگوتەوه "تەیارەی چەمران شانەو شان ئەکات، داوای جوانەکان مەریوان ئەکات". دوای چەند رۆژ لە بیستنی مەرگی ئەو ٩ کەسە فوئاد لەگەڵ تیمێکی پێشمەرگەی یەکیەتی نیشتمانی دەگەڕێتەوه‌ بۆ مەریوان. چەند کۆبونەوە لە دەرەوەی شار دەگرێت. دواتر بڕیار دەدات دیسانەوە بگەڕێتەوە بۆ بانە. سەرەڕای ئەوەی داوای لێدەکەن هێزێک لەگەڵ خۆی بەرێ بەڵام دەڵێ ئەو رێگای ئێمەی پێدا دەچین حکومەتی لێ نییە پێویستە هێزەکان بۆ به‌رگری لێرە بمێننەوە من نامەوێ. بەڵام هێزەکانی حکومەتی ئێرانی لە ناکاو لەو ناوە دەردەکەون رێگاکەیان لە دەگرن و لە ئەنجامی تێکهەڵچوون و شەڕێکی چەند سەعاتە کاک فوئاد شه‌هید دەبێ. له‌كتێبی( كاك فوئاد كێ بوو، ئامانجی چی بوو. چۆن گیانی به‌ختكرد؟ كه‌ له‌ نووسینی مه‌له‌كه‌، ره‌زا و حشمه‌ت موسته‌فا سۆڵتانیه.‌ له‌م كتێبه‌دا، بنەماڵەکەی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی زۆریان کردوە لەسەر وردەکارییەکانی رۆژی ٩ی خەرمانان چ لە لای بەرپرسانی باڵای یەکیەتی نیشتمان و چ لە لای بەرپرسانی ئەوکات و ئێستای کۆمەڵە، هیچ وڵامێکی کۆنکرێتییان وەرنەگرتوەو ناڕوونی لە لای بنەماڵەکەیی و خەڵک بە نیسبەت ئەم پرسە هەر ماوە. هەرچەند کاک فوئاد لە پاراستنی خۆی و رەچاوکردنی رێوشوێنی ئەمنی خەمسارد بووە، لە هەمان کاتیشدا بە پێی لێکدانەوه‌کانی بەشێکی زۆر لە بەرپرسانی ئەوکاتی یەکیەتی، ئەو فەرماندەیەی کە یەکیەتی بۆ پاراستن لەگەڵ کاک فوئادی خستبوو، کەسێکی ترسنۆک و بێ بڕست بووەو لە کاتی شەڕەکەشدا بە بێ هیچ دەستکردنەوەیەک ئه‌وی بە تەنیا هێشتوەتەوە.

گۆرستانی تاڵهسوار

مه‌له‌كه‌ مسته‌فا سۆڵتانی خوشكی، له‌ سه‌ر هێنانه‌وه‌ی ته‌رمی كاك فوئاد بۆ گونده‌كه‌یان ده‌ڵێ: خه‌ڵكێكی زۆر له‌ ماڵی ئێمه‌ كۆبوونه‌وه‌ ماشینێكی زۆر بۆ ناوه‌وه‌ی دێهات ده‌هاتن كه‌ چووین به‌ره‌و پیر‌یانه‌وه‌ كه‌سێك كه‌ ئامۆزای دایكم بوو پێی وت: ئه‌وه‌ ته‌ر‌می كاك فوئاده‌ به‌ ڕاستی ده‌یمه‌نێكی وه‌حشه‌تناك بوو. من و ره‌زای برام چووینه‌ پشت ماشینه‌كه‌ سه‌یرم كرد كاك فوئاده‌ به‌ڵام ده‌م قیژاند و ده‌موت  دایه‌‌ درۆ ده‌كه‌ن كاك فوئاد نیه‌. دواتر ده‌ستمی‌ گرت و وتی مه‌گه‌ر دوای ئه‌مین و حسه‌ین، كوڕی ترم شه‌هید ده‌بێت. ده‌ستی داده‌ فایزه‌می گرت و وتی هه‌ڵپه‌ڕه‌ ئه‌مڕۆ زه‌ماوه‌ندی فوئاده‌. له‌ كاتی ناشتنی ته‌رمه‌كه‌ی چووه‌ ناو گۆره‌كه‌یی و وتی من له‌ باتی فوئاد داپۆشن. فوئاد كاری هه‌یه‌،  فوئاد ره‌فیقه‌كانی چاوه‌ڕوانی ده‌كه‌ن. فوئاد هێشتا ماندوویی زیندانی ده‌رنه‌چووه‌.

ته‌رمه‌كه‌ی فواد له‌ گۆرستانی تاڵه‌سوار به‌ خاك سپێردراوه‌و تا ئێستاش  كێلی گۆڕه‌كه‌ی چه‌ندین  جار له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی كۆماری ئیسلامییه‌وه‌ شكێندراوه‌.

 رازی مانەوەی فواد

 له‌ مێژووی كورددا فوئاد مستەفا سوڵتانی یه‌كێك له‌و سه‌ركردانه‌یه‌ كه‌ به‌ نه‌مری ماوه‌ته‌وه‌و هه‌ر ده‌مێنێ. فوئاد نەک لەبەر ئەوەی لە خێڵ و عەشیرەیەکی گەورەوە سەریهەڵدا، بە پێچەوانە پشتی لە هەموو ئەو یاساو رێسانە کرد. نەک لەبەر ئەوەی سەرکردەیەکی خاوەن دارو دەستەو هێزی سەربازی بێت و خەتابی ئاگرین بدات، بە پێجەوانە خاوەن سپا و تاقم نەبوو، زۆریش مەند و لەسەرخۆ بووە لە قسە کردندا. نەک لەبەر ئەوەی تیوری زانیوەو خستبێتییە خزمەت دەسەڵاتەکەیەوە، بە پێچەوانە تیوری لای ئەو لە کاتی کردار دا بەرهەم دەهات و کۆمەڵگا و بەرژەوەندییەکانی تیورییەکەی دیاری دەکرد. نەک لەبەرئەوەی خاوەن کاریزمایەکی سەیرو سەمەر بێت و کەڵکی لێ وەر گردبێت بۆ رێبەرایەتی کردن، بە پێچەوانە کەسێکی ئاسایی کۆمەڵگا بوو، دەسەڵاتی لە یەکە بە یەکەی تاکی کۆمەڵگادا دەبینی نەک لە خۆیدا. ئەرکی رێبەری کردن لای ئەو سەرەتا لەخۆیەوە دەستی پێدەکرد نەک تەنیا راسپاردە. بۆ نموونە فوئاد لە میانەی وتوێژەکانی حکومەت لەگەڵ شۆرای شاری سنە کە سدیقی کەمانگەر نوێنەری شار بوو، تانەنەت بە فەرمی هێشتا نەببووە ئەندامی کۆمەڵەش دەڵێ ئێستا سدیق رێبەرمانە ئەرکی من لەم کاتەدا لەم کۆبونەوەدا پاراستنییەتی وەک پێشمەرگەیەک.

گرنگی کەسی وەک فوئاد بۆ ئێستاو ئەم رۆژانەی ئێمە نەک پیرۆزکردن و ستایشیەتی، بەڵکو رێبازە، ئەو رێبازەی بەرژەوەندی خەڵک و پشت بەستن بە هێزی خەڵک و رێکخستن و یەکگرتوویانە نەک پشت بەستن بە وەهم و خەیاڵی بێگانەو دەرەکی. ئەو رێبازەی وەک ئاگۆرای یۆنانی کۆن، سیاسەتی هێنایە نێو خەڵک و ئاپۆڕەی جەماوەر، رووی دیموکراتیکی سیاسەتی بە خەڵک ئاشنا کرد، ئەوەی فوئاد کردی سوور کردنی رووی سیاسەت بوو لە لای خەڵک نەک روو زەردی و دەغەڵکاری. هه‌ر ئه‌وه‌ش ره‌مزو رازی مانەوەی فوئاده‌. فوئاد رۆیی، به‌ڵام وه‌ك سەمبولێک و یادگارییەکی ئەبەدی به‌ گه‌وره‌یی مایه‌وه‌، هاورێكانی مانه‌وه‌، به‌ڵام یه‌كتریان شكان.