زەینییەت یان سەربەستی؟

ژمارەی بینەر 1371

2023-07-26

(کردەی ڕەوان و خودی ئۆتۆنۆمیک)

سەرەتا بۆ ئەوەیکە بتوانین لە ڕەهەندێکی جیاوازەوە سەیری چەمکی سەربەخۆیی یان سەربەستی بکەین پێویستە لە هەر جۆرە ڕوانینێک کە سەربەستی کاڵێکتیڤ و بەکۆ دەبینێ خۆمان دوور کەینەوە و لە سۆنگەیەکی نزیکترەوە بڕوانینە تاکی سەربەخۆ و سەربەست، کە ئەم سۆنگەیە شێوازەکەی نزیک بوونەوەی فامی ئێمەیە لە پرسی بکەریی (agency). کاتێک ئاوا سۆنگەیەک هەڵبژێرین ڕاستەوخۆ دەکێشرێین بەرەو مژاری خود (self) کە جۆری تێگەیشتن لێی بەرهەمهێنەر و پاشخانی کردەی سەربەخۆیانەیە.خود یان “self” لە پێش گۆڕانێکی مانایی لە نێو پارادایمی فەلسەفی وەک زەینییەت (subjectivity) دەبینرا، واتە ئەزموونە جۆراوجۆرەکانی خود لە نێو زەینییەتێک بەجێدەهێنرێت کە ئەو زەینییەتە هێزی پاڵنەری خودە بۆ خوێندنەوەکان کە هەمووکات لێکچوویی و لکاندی شتەکانە لە نێو هاوشێوەیەتی. واتە سابجێکتیڤیتی یان زەینییەت بە بۆنەی پێزانینێکی ورووژراو لەنێو ئاگایی بە هاوشێویەتی لە جۆری تێگەیشتن لە شتەکان و پرسەکان دەزانێ، کە ئەم زانینە خاوەن سنوورێکی پێناسەکراو یان پێناسە نەکراوە. لە ناوخۆی بنەمای زەینییەت ”هاوشێوەیی” دەبێتە ڕێوشێونێک بۆ پێزانین (perception) کە لەم رێگاوە مانا بەرهەم دێت و جۆری پەیوەندی زەینی‌کراو لەگەڵ پرس و دیاردەکان دەرخەری مانایەکە کە بۆ خۆی بناغەکەی لێکچووییە؛ ئەمە بە پێی فۆرم لە نێوان پرس و دیاردە جۆراجۆرەکان پەیوەندی ساز دەکات.(١)

مادام سەربەخۆبوون بە لەسەر پێ خۆ وەستانی تاک مانا بکەینەوە هیچ زەینییەت و باوەڕێک ئێمە یەکپارچە ناکات و ئێمە لە قەیران دەرباز ناکات جیا لەو ئاشنایەتییە لەگەڵ خۆمان کە بەرپرسیارەتییەکی سەرانسەر تاکێنراوە بۆ ژیان. ئەمە کاتێک هەست پێ دەکرێ کە بزانین تاوانبارین. تاوانبارین تاکوو خۆمان بین. تاوانباربوون بەستێنی ئیمکانی ئەوەیە کە خۆمان بین و لە نێو حەزی هەرا و دەربڕینی ئەو زەینییەتەی کە بۆشایی لەگەڵە، خۆمان لە نێو زۆربڵەیی نەدۆڕێنین. ئەم تاوانبارییە بوونانە (existential guilty) دۆخێکە کە لە نێویدا من دەبمە بەشێکی جیانەکراو لەوەیکە ئەنجامی دەدەم. بەم شێوەیە کردەی خودێکی ئۆتۆنۆمیک لە بەرانبەر پرس و مژارەکان کراوە و ڕەوانە تاکوو بکەر خۆی ڕادەستی سەرچاوەیەکی نادیار و گومانلێکراو نەکات

زەینییەت بە جۆرێک خودی ڕاستی شتەکان بە بنەمای تێگەیشتن و ڕووبەڕووبوونەوە وەرناگرێ بەڵکوو ئەوە زەین و مێنتاڵیتییە کە ماناکەرەوەی پەیوەندیی نێوان شتەکانە. بەڵام پرسیار ئەوەیە زەینییەت خۆی شتێکی وەرگیراوە یان شتێکی دروستکراوە لە کەشێکی هزری. زۆرجار ئێمە زەینییەت و گریمانەگەلێکمان هەیە سەبارەت بە ڕاستی شتەکان بەڵام لە ئەساسدا نازانین کەی وەرمان گرتووە یان کەی هاتووەتە نێو ئەم زەینیەتە کە ئێمە شتەکانی پێ دەخوێنینەوە و هەردەمیش تەشەنە دەسێنێ و پەرەی پێ ئەدەین بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ هەر جۆرە بابەتێک. بۆیە یەکێک لە خاڵە گرنگەکان سەبارەت بە خود کە واتای زەینییەت دەدات ئەوەیە کە سنوورەکانی زەینییەت ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە کەشێکی فکری یان بیرکردنەوەی تاکەوە نییە بەڵکوو زۆرجار ئێلمنتەکانی بە شێوەی خوو یان لەبەر باوبوون وەردەگیرێ و دەیشگۆڕێ تاکوو لە سەرەنجامدا ”خود“ وەک بنەمای هەموو ئاشنایی و شهوود لە خۆمان ببێت بە خود-ڕوانین. واتە خود لە ڕوانێکی زەینی‌کراو دانابڕێ تاکوو جارێکی دیکە توانای بیرکردنەوەی لە شتە بیرلێکراوەکەی خۆی ببێت. بۆیە لەم پارادایمەدا ئەوە خود نییە کە بەرپرسیار و خاوەنی سۆنگەیە بەڵکوو زەینییەتێکی سازکراوە کە دەتوانێ بە بێ بەشدارییەکی فکری و تاکییانە لەگەڵ پرس و بابەتێک، ڕێنوێنی ”کردەی خود“ بکات. بەم پێیە ئایدیالۆژی زەینییەتێکی درکێندراوە کە باوەڕمەندە بە زەینییەت و بۆ خۆی ئایدیای پێ ناسنامە و پاڵنەری خودی خاوەن کردەیە. هەر لەم چوارچێوە ئەو شتەیکە ڕوانین یان گریمانەی خودە بە شێوەی بوونناسانە هی خود نییە بەڵکوو هی سەرچاوەی نادیاری زەینییەتە. ئەمە بابەتێک دێنێتە ئاراوە ئەویش ئەمەیە: تا چ ڕادەیەک دەتوانین زەینییەت کە هەمووکات زەینییەتی باو سەبارەت بە شتە باوەکانە بە بیر، فکر یان ڕای سەربەخۆ پێناسە بکەین؟ لێرە پرسی زەین و دووربوونی لە خود وەک بکەریی پێشان ئەدات، گۆڕانکارییەکانی نێو زەینییەت دابڕاوە لە سەرچاوەی بنچینەیی و بوونناسانەی خود کە هەرجۆرە بیر و ڕایەک مومکین دەکات.

کاتێک لە نێوان خود و زەینییەت یان خود و کردە کەلێنێک ساز دەبێت تاک زۆرتر لە بەرانبەر ڕێسا یان نۆرم و دروستبوونی کردەکە بەرپرسیار نییە بەڵکوو دەگات بە جۆرێک لە خۆدیتنەوە و نواندن لە بەرانبەر شتێکی کاڵێکتیڤ یان بەکۆ  کە بەڵێ منم کە خاوەن جۆرێک لە ڕوانین یان بیرکردنەوەم. بەم شێوەیە ڕا و بۆچوونەکان بەبێ ئەوەیکە وەک بەرهەمی کەشێکی فکری و بیرکەرەوانە ببینرێن، باس کردنیان زۆرتر دەبێت بە بەستێنێک بۆ پێشکەشکردنی کەسایەتی کەسەکان. ئەمە پێشان ئەدات تا چ ڕادەیەک سەرچاوەی ڕا و بۆچوونەکە ناڕوونە کە قەیرانێکی دەروونیشی ساز کردووە، چونکە لێرە کەس بە دووپاتکردنەوە و هاواری ئەویدی بە شتێک پابەندە، پێ دەزانێ کە بە شتێک پابەندە. بۆیە دەتوانین سەربەخۆییمان بوێت بەڵام لە ئەساسدا تاکێکی سەربەست نەبین.

لێرەدا بە کورتی دوو مۆدێلی کردە یان بکەریی شی دەکرێتەوە تا مەبەست لە کەلێنی نێوان خود و کردە یان خود و زەینییەت باشتر ڕوون بێتەوە.

مۆدێلی یەکەم  Analytic agency theory  یان Deliberative action

لەم پاڕادایمەدا کردە یان ڕا ئاوایە کە بکەر بە هۆی ئەوەیکە ئامانجی کردەکەی لە نێو کۆتاییدا پێشبینی دەکات فڵان کردەی هەڵبژاردووە یان خاوەن ئاوا بۆچوونێکە. واتە لە ڕێگایەکی ئەقڵانی و لێکدەرەوە ئامانجی کۆتایی نێو کردەکە پێشبینی دەکات و لەبەرچاو دەگرێ. بۆیە ئاکامەکەی داوەری‌کردنە یان بە شێوەیەک ڕاوێژکاری‌یانە (deliberative). واتە بکەر یان خاوەن ڕا بە شێوەی ڕاوێژکارانە باشترین شێوە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکان هەڵدەسەنگێنێ یان بە جۆرێک باشترین ڕوانینەکان بۆ نزیک کردنەوەی خۆی لە ڕاستی دڵخوازانەی پرسەکان بەراوەرد دەکات. لەم مۆدێلەدا خود یان “self” لە نێو کەسایەتی دەروونییدا بێچم دەگرێ . بە دوا کەوتنی ئامانج کاتێک ئەقڵانییە کە ئاکامی داوەرییەکە  سوودمەندانە بێت ئەویش سەبارەت بە باشترین ڕێگەگەلێک کە بتوانێ خود ساخ کاتەوە یان هەستی پابەندبوون بئافرێنێ. بۆیە لەم مۆدێلەدا واتە مۆدێلی کردەی ڕاوێژکراو یان ڕاوێژکاری‌یانە نییەت یان مەبەست دەکەوێتە بەر بەرپرسیارەتی و کردە و هەر جووڵەو دەربڕێنێک کەلێنی نێو خود و کردە پێشان دەدات. بۆیە باوەڕە لۆژیکییەکان  ڕێگە پێشاندەری ئەوەن کە چ کردە و بۆچوونێک ڕاستە. بەردەوام بکەر نەک لەبەر کەشێکی فکری و تاکەکەسییانە بەڵکوو بۆ ئەوەیکە بە شتێک پابەند مابێ لە  دەربڕینی ڕاو بۆچوونەکانیدایە. بۆیە  بە پێی  زنجیرەی هۆکارەکان یان “sequence of causes” دەزانێ چی دەکات و ئامانجی چییە نەک ئەوەیکە لە کەشێکی تاکییانە بەوە وەڵام بداتەوە کە چ پێویستییەک و دابەزاندنێکی زەینی، ئەو لە ڕاستی و حەقیقەتی شتەکان نزیک دەکاتەوە. بۆیە زەوی یان بنچینەی دیاریکەری کردە بکەرێکی نێوخۆیییە کە بەردەوام لە لایەن کەلێنی نێوان خود و زەین بانگهێشت دەکرێت تاکوو بە وەبەرچاوهێنانەوەی (represent) کردە و ڕوانینەکەی لەنێو قەرەباڵغی و شلووقییەکی خەڵکی پێ بزانێ کە خاوەن ئاوا دیتنێکە. ئەمە بە مانای ئەوە نییە لە پانتایی گشتی بەشدار نەبین بەڵکوو مانای ئەوەی لە خۆ گرتووە کە چۆن پانتایی گشتی و ئەقڵانییەتی گشتی ڕێگە پێشاندەری تێگێشتنی خودە لە خود کە تێیدا ڕاستی شتەکان لە هەمبەر زەینییەت دادەشکێت.

ئێمە وەفادار دەمێنین بە چۆنیەتی و ڕوانین بۆ لە ئەستۆگرتنی ڕۆڵی ئەو خودەی کە بە بۆنەی پێداگری لەسەر زەینییەت وەک فۆرم وەرمان گرتووە. ئەم وەفادار مانەوە مانای ڕەسەنایەتی و خۆخاوەنداریەتی نادات چونکە بەر لەوەیکە وەفادار بین بە ڕوانینێک، ئێمە بۆ خۆمان لە نێو قەوارەی ڕێسای کۆمەڵایەتی (social norm) وەک خودێکی جیاواز پەروەردەبووین. ڕەنگە بوترێ ئەم ڕێسای کۆمەڵایەتییە دەتوانێ تێکەڵ و بەرهەمی پەروەردەیەکی نایەکخەر بێ بەڵام پەروەردەبوون لێرەدا بە واتای ئەوەیە ئێمە چۆن وەک خود کردەی ئۆتۆنۆمیکمان خولقاندووە و خاوەنین. گەر کردەیەک ئۆتۆنۆمیک و نۆرماتیڤ نەبێ ئەوەیکە دەیخوازین زۆرتر پرۆسەی دروسکردنی کەسایەتییەکی تاکی نەبووە کە سەربەستی بۆ ئەو نەک ڕێسای کۆمەڵایەتی نییە بەڵکوو دەیشتوانێ لە بەرانبەر خودی ئۆتۆنۆمیک پەرچەکردار بنوێنێ. خودی ئۆتۆنۆمیک نواندنی بەرانبەر دەبینێ، هەرچەن نازانێ بۆ خودی زەینی‌کراو زەینییەت دەنوێنێ، بەڵام لە بەرانبەردا ئەوە خودی خاوەن زەینییەتە کە دەزانێ بۆ دەبێ زەینییەت بنوێنێ. ئەو زەینییەت دەنوێنێ چونکە تا ئێستا ڕاستی شتەکان بۆ ئەو پێشوویەتی نییە و هەروەها بە وەبەرچاوهێنانەوە لە نێو پانتایی گشتی قەرەبووی بۆشایی نێوان زەین و خود دەکاتەوە. پانتایی گشتی دەرفەت دەدات زەینییەت وەبەرچاو بێتەوە، کەوابوو ئێمە ڕاکێشی کەشێکی فکری یان ئەقڵانی ناکات بەڵکوو بە پێچەوانە ئەوەی کە دەیبینین پرۆسەی دروسکردنی کەسایەتییە.

مێرلۆپونتی وەک بیرمەند و دیاردەناسێک سەبارەت بەم مۆدێلە زەینی و کردەییە دەڵێ؛ لەم مۆدێلە پڕۆژە و کارەکان جیهان دوولەت دەکەن و کۆیەک لە نیشانەکان دەردەکەون تاکوو کردە و ڕا و بۆچوونەکان ڕێنوێنی بکات. ئەو ئەم مۆدێلە لە کردە و بەرپرسیارەتی کە مۆدێلێکی ناڕەسەنە ئاوا دەشوبهێنێ کە وادیارە ئێمە لە نێو مووزەیەکین و بەڵگەی ڕاگەیاندنی مووزەکە بە گەشتیار و تووریستەکان دەدرێ. لەم ڕوانینەدا لەنێو ئەم بەستێنە هیچ وشیارییەک بوونی نییە ئەوەی کە هەیە جۆرێک پەیوەندی نێوان milieu و action - یان دەوروبەر و پەرچەکردارە. بەم هۆیەیە کە سەرەتاش ئاماژە کرا دەتوانین چەن کاتژمێر بڵێین ئەوەین و ئەوە نەبین. ئێمە چەن کاتژمێرێکیش لە نێو مووزەکە بە بلیتێک بگەڕێین دیسان ئێمە وەک ”خود“ سەردانیکەر نین بەڵکوو بە زەینییەت و بە پێی پێناسەی باوی ئەوەیکە سەردانیکەر بوون چۆنە، سەردانیکەرین. بۆیە کەشێکی وا کەشێکە کە لە نێویدا پرۆژەی خود و کەسایەتییەکان بۆ ئەوەیکە بۆشایی زەین و تاک پڕ کەنەوە بەر یەک دەکەون، لێرەدا هەست بە ئاگایی یان دۆخێکی بیرۆکەیی ناکرێ.

بەڵام لە بەرانبەر ئەم مۆدێلە زەینی و ئەقڵانییە مۆدێلێکی دیکەمان هەیە:

Existential-phenomenological model

بە ناو “fluid action” یان کردەی ڕەوان. لێرەدا ڕەوان مەبەست جۆرێک کراوەییە کە جیاوازیی هەبێت لە بەرانبەر مۆدێلی زەینی. لە مۆدێلی کردەی ڕەوان بە پێچەوانەی مۆدێلی ڕاوێژکاری‌یانە، بکەر بە هۆی ناسینی خواستەکانی یان بەراوەردی لەوەپێشی مەبەستی کردەکە، لە کردەدا نییە. ئەو سەبارەت بە کەشی نێوخۆیی خۆی و بیر و ڕاکانی جارێکی دیکە بیرناکاتەوە تاکوو هەڵیانبژێرێ وبە سنووری دەسکردی زەین پابەند بمێنێتەوە تاکوو خودەکەی نەگۆڕ ڕاوەستێت. ئەو شێوەکان لەوە پێش هەڵناسەنگێنێ تاکوو بزانێ بە پێی کام جۆری ئەقڵی و بەراوەردکارانە دەتوانێ باشترین دەسکەوت لە کردەکەی وەربگرێ. بەڵکوو بکەر یان خود بە شێوەی رەها ڕوانینە، دیتنە، بۆچوونە. پێویستی بە پێداچوونەوە و پاراستنی سنوورە زەینییەکانی نییە بەڵکوو ڕوانینە لە واتای ئەوەیکە ڕاستی شتەکان وەک فێربوون لە کەشێکی فێرخوازانە وەردەگرێ نەک ئەوەیکە شتەکان کاتێک ڕاستن کە تەنها خود بتوانێ وەڵامی خودێکی دیکەی پێ بداتەوە. لە مۆدێلی کردەی ڕەوان یان “fluid action” بکەر لە سەرەتاوەوە تەواوەن ڕوانینی بێ زەینییەت بەڵام ئامانجداریشە. ئامانج لە کردەدا تێگەیشتن و ئاگابوون لە کردەیە ئەو کاتەیکە کردە هەنووکەیە. ئەمە مانای ئەوە ئەدات سیستمی ناوخۆیی زەینی یان “inner mental system” لەگەڵ سیستمی هۆکارە دەرەوەییەکان (outer causes) چی دیکە لە یەک دانەبڕاون و دەبنە یەکێک و یەکپارچەن. بۆیە لەم مۆدێلە ئەرکی کردە ئەوە نییە بەشوێن هۆکارێک لە نێو زنجیرەیەکی هەڵکەوتی بگەڕێ تاکوو ئامانجی خۆی دیاری بکات بەڵکوو سیستمی کردەی ڕەوان ستایلێکی نوێییە لە تێگەشتنی خۆمان لە جیهان و پێداویستییەکان بۆ فامی دیاردە ڕۆژانەکان تا ئاڵۆزترین پرس و مژارە ڕۆژباوەکان. بۆیە کردە هیچ جیاوازی و دوورییەک لە نێوان بکەر و بۆچوونەکە پێشان نائەدات، بەڵکوو زۆر ڕەوان و کراوە بەشێوەی تاکییانە بەرپرسیارە. لێرەدا پێ یان بنچینەی کردە ئۆتۆنۆمیکە و لەسەر زەینییەت نەوەستاوە بەڵکوو بە شێوەیەک هەردەم خاوەن یەکە‌بوونێکی تاکییە کە دەتوانین نێوی بکەری ڕەسەن یان کردەیەکی خاوەندارانەی لێ بنێین. لە سەرەنجامدا بکەر وەک تاکەکان نامێنن کە مانای جیاوازی تاکیی لە یەکتر بدات بەڵکوو بکەر دەبێت بە بوونێک کە مەرجی کردەی سەربەست و خودمختارانەیە. ئاوا سەربەخۆ بوون ڕەسەنایەتییە و بەم شێوە ڕەسەنایەتی بوونێکی کراوە و نۆرماتیڤە کە سەرچاوەی ڕەسەنبوون لە لکاندنی خۆی بە شتە کاتییەکاندا وەرناگرێ بەڵکوو ڕەسەنایەتی لە ناوەندی بکەرییەکی ئۆتۆنۆمیکە فام دەکات. بە جێی ئەوەیکە خود وەک پێشخان (foreground) و دیاری ترین شوێن وەک سەرچاوەی کردە ببینرێ کە کردەکە پێمان بڵێ خود کێیە، دەبێ خود وەک پاشخانی  (background) کردەی واتادار و بە بڕیار ببینین نەک وەک دەرەنجام یان پابەندبوون بە زەینییەتێک. لێرەدا مانای خودی ڕەسەن دەبێت بە وەرگرتنی بوونناسانە کە ئیدی خود لێکەوتەی دەرەوەیی و بەرجەستەی جۆری ڕوانین نییە بەڵکوو پاشخانی هەر جۆرە ڕوانینە. سەربەست‌ بوون ئەوە نییە کە چۆن سەربەست بین؛ خودی سەربەست نیگەرانی ئەوە نییە چۆن سەربەستیی دەپارێزێ یان مانای وێناکراوی سەربەستی چییە بەڵکوو خودی سەربەست لە تێگەیشتنێکی بوونناسانەوە  و بە پێی ئیمکانی بوون زۆرترە لە هەر خودێکی شێواز پێبەخشراو؛ بەم شێوەیە خودی سەربەست ناسەربەخۆ نییە. سەربەستی ئاوا واتەیک دەبەخشێ کە گرێدراوی بەرپرسیارەتی تاکییە و بەردەوام لە ژێر سێبەری ڕێسای گشتی بڕشت دەبێت.

زەینییەت بە جۆرێک خودی ڕاستی شتەکان بە بنەمای تێگەیشتن و ڕووبەڕووبوونەوە وەرناگرێ بەڵکوو ئەوە زەین و مێنتاڵیتییە کە ماناکەرەوەی پەیوەندیی نێوان شتەکانە. بەڵام پرسیار ئەوەیە زەینییەت خۆی شتێکی وەرگیراوە یان شتێکی دروستکراوە لە کەشێکی هزری. زۆرجار ئێمە زەینییەت و گریمانەگەلێکمان هەیە سەبارەت بە ڕاستی شتەکان بەڵام لە ئەساسدا نازانین کەی وەرمان گرتووە یان کەی هاتووەتە نێو ئەم زەینیەتە کە ئێمە شتەکانی پێ دەخوێنینەوە و هەردەمیش تەشەنە دەسێنێ و پەرەی پێ ئەدەین بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ هەر جۆرە بابەتێک. بۆیە یەکێک لە خاڵە گرنگەکان سەبارەت بە خود کە واتای زەینییەت دەدات ئەوەیە کە سنوورەکانی زەینییەت ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە کەشێکی فکری یان بیرکردنەوەی تاکەوە نییە بەڵکوو زۆرجار ئێلمنتەکانی بە شێوەی خوو یان لەبەر باوبوون وەردەگیرێ و دەیشگۆڕێ تاکوو لە سەرەنجامدا ”خود“ وەک بنەمای هەموو ئاشنایی و شهوود لە خۆمان ببێت بە خود-ڕوانین.

کردەی ئۆتۆنۆمیک کە خودی ڕەسەن خاوەنداریەتی دەرخستن و پێداگربوون لەسەر حەقیقەتێکی جەوهەری نییە کە خواستە شەخسییەکان خوازیارین، بەڵکوو کردەی ئۆتۆنۆمیک پێکهاتەی گشتگیری هەر ئەو خودەیە کە دەتوانێ خواستێکیشی هەبێت. بە هۆی ئەمە ڕەسەنایەتی فامی خود وەک یەکپارچەییە کە هیچ زەینییەتێکی پارچە پارچە کە بەردەوام پێویستی بە پابەندبوونە ناتوانێ بەرهەمی بهێنێت. مادام سەربەخۆبوون بە لەسەر پێ خۆ وەستانی تاک مانا بکەینەوە هیچ زەینییەت و باوەڕێک ئێمە یەکپارچە ناکات و ئێمە لە قەیران دەرباز ناکات جیا لەو ئاشنایەتییە لەگەڵ خۆمان کە بەرپرسیارەتییەکی سەرانسەر تاکێنراوە بۆ ژیان. ئەمە کاتێک هەست پێ دەکرێ کە بزانین تاوانبارین. تاوانبارین تاکوو خۆمان بین. تاوانباربوون بەستێنی ئیمکانی ئەوەیە کە خۆمان بین و لە نێو حەزی هەرا و دەربڕینی ئەو زەینییەتەی کە بۆشایی لەگەڵە، خۆمان لە نێو زۆربڵەیی نەدۆڕێنین. ئەم تاوانبارییە بوونانە (existential guilty) دۆخێکە کە لە نێویدا من دەبمە بەشێکی جیانەکراو لەوەیکە ئەنجامی دەدەم. بەم شێوەیە کردەی خودێکی ئۆتۆنۆمیک لە بەرانبەر پرس و مژارەکان کراوە و ڕەوانە تاکوو بکەر خۆی ڕادەستی سەرچاوەیەکی نادیار و گومانلێکراو نەکات.

 

تێبینی

١. بۆ نموونە من کتێبێک دەخوێنمەوە کە بۆ یەکەمجار بەڵگە و شاهیدێکی مێژوویی تێدا دەبینمەوە کە بە پێچەوانەی تێگەیشتنی پێشووم بووە، ئاگاداری لەم زانیارییە مێژووییە من دوو دڵ دەکات سەبارەت بە هاوشێوەکردنێکە پێشووتر زەینییەتی پێی دەبەخشام. ئێستا ئاگاداری لەم زانیارییە لەبەرانبەر یەک زانیاریی کۆنتر نەوەستاوە بەڵکوو گشتێتی سیستمێکی هاوشێوەیی و لەیەکچوو لە نێوان دیاردە پەیوەندیدارەکان دەگۆڕێت. بۆیە لێرەدا زەینییەت فۆرمێکی بێ ناوەڕۆکە کە بە گوێرەی ئەوە بە شتی بیرلێکراو سامان دەبەخشێت.

٢. لە شیکردنەوە مۆدێلەکانی بکەریی و دەسپێکی ئەم باسە خۆم وامداری ئەم وتارە دەزانم:

Mark A. Wrathall (2015) Autonomy, Authenticity, and the Self