شكانی مه‌نشووره‌كان، عه‌رز و گه‌زی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی

ژمارەی بینەر 374

2023-06-09

 

  ئێرانییەکان لە هەڵسوکەوت لەگەڵ بیانییەکان،  زیرەک، نهێنی پارێز، درۆزن، فێڵەباز، دووڕوو، زمان چەور، خیانەتکار و هەلپەرەستن، بە تایبەتی درۆ کردن سەرەکیترین خەسڵەتی ئێرانییەکانە. ئەمە وەسفی  کۆنە سیاسەتڤان و لێکۆڵەری ئەمریکی، گراهام فولێرە  بۆ ئێرانییەکان.

بەڵام  تەنیا لەگەڵ بیانییەکان خاوەن ئەو خەسڵەتانە نیین،  هەڵسوکەوتی  سیاسیان لەگەڵ خۆشیان بە هەمان شێوازە.

 بە جۆرێکە درۆ و خیانەت تەنیا تایبەتمەندی دەوڵەت و کاربەدەستی ئێرانی  نییە، ئۆپۆزسیۆنەکەشی گیرۆدەی هەمان دەردە.

هەر لەسەردەمی شۆڕشی مەشروتەدا کە لایەنەکانی ئۆپۆزسیون بۆ گەیشتن بە دەسەڵات پاشقولیان لە یەکتر دەدا، یەکەم بەرگی خیانەتیان لە مێژووی نیمچە مۆدێڕنی ئێراندا تۆمار کردو بوونە سەرەکیترین هۆکار بۆ شکست هێنانی شۆڕشی مەشروتە کە ئەنجامەکەی بوو بە دەسەڵاتداری دووباری پاشایەتی.

پاشان لە ساڵەکانی١٩٤١ بۆ ١٩٥٣ ی زایینی، کە بۆشایی دەسەڵات لە ئێران دروست ببوو، دیسان دەرفەتێکی تر بۆ پاشەکشێ کردن بە دیکتاتۆریەت و سەرەڕۆیی خوڵقا، هەر هەمان کولتوری سیاسی ئۆپۆزسیۆن کە کاکڵەکەی لەسەر درۆ وەستاوە، رێگەی خۆش کرد بۆ پەرە سەندنی دووبارەی دەسەڵاتی رەهای حەمەرەزا شای پەهلەوی.

 حیزبی تودە لە لایەک، نەتەوەپەرەست و ئاینییەکانیش لەلایەکەوە ژێربەژێر چەکیان لەیەک راکێشا بوو، بەردەوام (بەڕەیان) لە لای یار و نەیار لە دژی یەکتر دەکێشایە دەرێ. هەر لایەنێک و بە نۆرە رێگەی دوریان ببوە باڵوێزخانەی بەریتانیا و یەکیەتی سۆڤیەتی ئەوكات.

دواتر ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی تاوەکوو شۆڕشی ١٩٧٩ی زایینی هەر هەمان رێچکەیان گرتە بەر، بە جۆرێکە خیانەت بە یەکتر، گورزی قورسی لێیانداو بەشێکی زۆر لە چالاکانیان بە زیندان و سێدارە دران. تەنانەت كار گەشتبووە ئەوەی ساواک خۆی سیاسەتەکانی حیزبی تودەی دیاری دەکرد. ئەرکی سەرەکی حیزبی تودەش ببووە ناسین و راپۆرتدان لە هێزەکانی وەک موجاهیدین و چریکی فەدایی.

هەر هەمان شت دوای شۆڕشی ١٩٧٩ش درێژەی پێدرا، حیزبێکی گەورەی وەک تودە و چریکی فەدایی ئەکسەریەت، کە وەک ئۆپۆزسیۆن خۆیان پێناسە دەکرد، ببونە چاوساقی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی و تەنانەت لە قۆناغێکدا بە فەرمی چونە پاڵ کۆماری ئیسلامی. پاشان کە هاوپەیمانی شورای ملی مقاومت راگەیەنرا تەنیا دوو ساڵی نەخایاند کە هەڵوەشایەوە.

پاش ١٩٩٧ی زاینی کە جموجۆڵێک لە ناوخۆی حکومەتدا دروست بوو، کۆمەڵێک کەس وەک ریفۆرمخوازی حکوومەتی و ئۆپۆزسیۆن خۆیان پێناسە کرد، هیوایەکیان لای بەشێک لە خەڵکی ئێران بۆ چاکسازی ساز کرد. بەڵام ئەوانیش بە هەمان دەردی خیانەت و درۆو تەزویر چوون. بە جۆرێک کە خاتەمی سەرۆککۆماری رێفۆرمخواز بە ئاشکرا رایگەیاند من نەهاتووم هیچ بگۆڕم من هاتووم کۆماری ئیسلامی بپارێزم.

لە گەرمەی بزوتنەوەی سەوزیشدا هەر هەمان کولتوری سیاسی درۆتەوەری ئۆپۆزسیۆن وایکرد، بەلاڕێدا بچێت. یەکێک پیلانی ئەسپی تراوای بۆ دادەڕشت، یەکی تریان دەست لە نێودەستی ئیتلاعاتی سپا، بانگەشەی گرتنی پاستۆری دەرکرد.

تایبەتمەندی ئەم درامایە لە پاش شۆڕشی ژیناوە زیاتر خۆی نیشان داوە و ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بە هەمان رێگە کۆنەکەی پاردا چونەوە.

بەشێکی زۆر لە ئۆپۆزسیۆنی بە ناو کۆماریخوازو چەپی ئێرانی، دەستەوسان و پەسیڤ، مەیدانیان بۆ کوڕی شای پێشووی ئێران چۆڵ کرد. ئەویش لە رێگەی دوو میدیای زەبەلاحییەوەو چەندین تۆڕی بەرتەسکی وەک فەرەشگەرد و کۆڕی ئێرانییەکان، لە هەوڵدا بوو خۆی وەک نوێنەری خەڵکی ئێران لە قەڵەم بدات.

تەنانەت بە کۆکردنەوەی چەن کەس لە دەوری خۆی مەنشورێکی راگەیاند. چەن  کەسی تریش شورای تەسمیمیان دروست کرد، شۆرای مدیریتی گذاریش کە چەند ساڵ پێشتر، دوای هەڵوەشاندنەوەی اتحاد برای دمکراسی، دامەزرابوو بێدەنگەی لێکرد. تەنانەت کارکردی شوراکەشیان لە کێبەرکێ بۆ نزیکبونەوە لە کوڕی شا، سڕ کرد. هەروەها کەسانی سەر بە ملی مەزهەبی و کۆنە ریفۆرمخوازی حکومەتی میتینگێکی ئینتێرنێتی یان لە ژێر نێوی نجات ایران رێک خست. بەڵام هەموو ئەم مەنشور و پەیمانانە چەند مانگی نەخایاند، تێکشکان. کوڕی شای پێشوی ئێران لە مەنشورە دەستکردەکەی خۆی بە خشکە هاتە دەرێ. شورای تەسمیم هەڵوەشایەوە، رێکخەری گشتی شواری گذار دەستی لە کار کێشایەوە. شکانی مەنشورەکان و هەڵوەشاندنەوەی پەیمانەکان پاش نزیک بوونەوەی ئێران و سعودی رویدا. ئەمەش سەرە داوێکی گرنگی ترە کە تێبگەین ئەم هێزانە هەموو هیواکانیان لەسەر دەستی دەرەکی هەڵچنیووە،  نەک هێز و جوڵەی ناوخۆی خەڵکی ئێران.

ئەمە لە کاتێکدایە بەشێکی زۆر لەمانە تەنانەت ئامادە نین، هێمایینیش بووە داوا بکەن سپای پاسداران بخرێتە لیستی تیرۆرە. ئەمە سەرە داوێکی گرنگە بۆ ئەوەی بیهەوێ هۆکاری هەڵسوکەوتی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بزانێت.

 ئێرانییەکان بە پۆزسیۆن و ئۆپۆزسیۆنەوە مێژوویان پڕە لە خیانەت و درۆ، قەتیش نەیانتوانیوە حکومەت بگرنە دەست. هەموو ئاڵوگۆڕەکانی مێژووی کۆن و سەردەمی ئێران، تەنانەت تا ڕادەیەک بە شۆڕشی١٩٧٩ شەوە، ئۆپۆزسیۆن نەیکردوە، بەشێکی زۆریان تەنیا رۆڵی خیانەتکاریان بۆ باڵوێزخانەکان و زلهێزەکان بینیوە. ئەوه‌ی کراوە  بە پاڵپشتی دەستی دەرەکی بووە لە رێگەی ئەمانەوە.

ئێستاکەش بەلارێدا بردنی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و پاراستنی سپای پاسداران  بوەتە ئەرکیان، بەڵام  پێوانی ئەم عەرزە بە گەزی  ئەوان  ئەستەمە.