زەمەنی ئاوابوونی حیزب و دابڕانی مەعریفی

ژمارەی بینەر 1534

2023-05-15

لەسەرەتای دەیەی چلی زایینییەوە تا هەنووکە، جگە لە کۆماری کوردستان، کە ڕەنگە ئەویش باس و شرۆڤەی لەسەر بێت، هەموو هێزە سیاسییە کاریگەرەکانی ناو بازنەی بزاوتی ڕزگاریخوازیی کوردستان لە نێوان چەمکی ڕزگاری و هاووڵاتیبوون کایە دەکەن و لە هاتوچۆدان. هاتوچۆ بەم مانایە کە خوێندنەوە یان تێگەیشتنێکی تەواو هەڵە و جەبرییان لە چەمکی ڕزگاری هەبووە. بەرجەستەترین تایبەتمەندیی بزووتنەوەی کوردستان بریتی بووە لە ڕزگاری. پرسەکە ئەمەیە: ڕزگاری لە کێ؟ ڕزگاری لە چی؟ ڕزگاری بۆ؟

ئەو هێزە کوردییانە بە گشتی چەمکی ڕزگارییان دابەزاندووە بۆ چەمکی هاووڵاتیبوون لە هەناوی دەوڵەت و یاساکانی دەسەڵاتی داگیرکەری کوردستاندا، لە دووتوێی ئەو چەمکەدا کە خۆیان پێی دەڵێن «ڕیال پۆلەتیک» یان «ئیجباری کایەکانی ناو هەناوی ئەم دۆخە وەک ئەوەی کە هەیە»، نەک ئەوەی کە دەبێ ببێ. واتە ڕزگارییان لە داگیرکاریی نیشتمان و نەتەوەوە دابەزاندووە بۆ چاکسازی لە دەسەڵاتی داگیرکەری کوردستاندا.

کاتێک دەڵێین «بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورستان»، ڕاستەوخۆ دوو چەمکی گرنگ و دوو دەستەواژەی دیکە بەرجەستە دەبنەوە و لەبەرامبەرماندا دەوەستن، کە پەیوەندیی ئۆرگانیک و دیالێکتیکییان پێکەوە هەیە. ئەویش «ڕزگاریی نەتەوەیی و نیشتمانی» و «وشیاریی نەتەوەیی»یە. ئەم چەمکانە لە هەناوی خۆیاندا و بە شێوەیەکی بابەتییانە هەڵگری ئەرک وهۆشیاریی نیشتمانین کە لە دووتوێی چەمکی «کوردایەتی»دا جێگیر دەبن و بە ڕای من هەندێ جیاوازییان لەگەڵ ناسیۆنالیزمی هەنووکە و دێرینیشدا هەیە. بەڵام لەبەر ئاسانکاری هەر چەمکی ناسیۆنالیزم بەکار دێنین.

ناسێونالیزم هاولفی نەتەوە و دەسەڵاتی نەتەوەییە بەسەر نیشتمانی مێژوویی نەتەوەدا. کە دەڵێم «مێژوویی»، بۆ خۆم لەو باوەڕەدام کە کورد «نەتەوەیەکی مێژوویی»یە و کوردستانیش «نیشتمانی مێژوویی» کوردە. لە ڕاستیدا پرسی ئێمە کوردستانییە، بەو واتایە کە داگیرکردنی کوردستان، کوردی بردووەتە دۆخێکەوە کە دۆخی جۆرێک لە کۆیلایەتییە کە کوردی لە فۆرمی بوونێکی سەربەست و ڕزگار بردووەتە دەرەوە و کردوویەتی بە بوونەوەرێکی پڕخەسار.

لە ڕاستیدا ئەم دۆخی کۆیلەبوونە دۆخێکی یەکجار دژوارە؛ سەدان ساڵە دەسەڵاتی داگیرکەر لە ڕەهەندە کولتووری و مەعریفی و سیاسی و مێژوویی و ناسنامەییەکەیدا، سەرقاڵی سازدانی سڕینەوەی مرۆڤی کورد و جێگیرکردنی ناسنامە و مرۆڤێکی دیکەیە کە کوردستانییە و خۆیشی پێ کوردە. دۆخەکە بە جۆرێک لە دۆخی «زانیاریی کەسەربار» دەچێت کە هێگڵ لە «خودایان و کۆیلە»دا باسی دەکات. لە دەرئەنجامی دەوڵەت نەتەوەی داگیرکەر و کەشی جیهانی مۆدێڕن و گشتگیربوونی مۆدیڕنیزاسیۆندا، ئەم دۆخە بە شێوەیەکی چەندقات و فرەڕەهەندتر لە سەر مرۆڤی کورد و سیاسەتی کوردستان کەوتووەتەوە. تا ئاستێک کە ئیتر باسی پرسی کوردستان نامێنێت و دەبێتە پرسی کورد، یان تەنانەت لە پرسیشدا نامێنێت و دەبێتە کێشەی کورد. چونکە پرس ڕەهەندێکی مەعریفی و تا ئاستێک فەلسەفیی هەیە، بۆیە دادەبەزێنرێت بۆ سەر ئاستی ژیانی ڕۆژانە و خۆشبژێویی تاک و کێشەکانی دەسەڵاتی لاواز و بێتوانا لەگەڵ تاکەکانی کۆمەڵگای خۆیدا و بۆ هەمیشە کێشەی داگیرکردنی کوردستان و داگیرکەربوونی دوژمن لەم چەمک و دەستەواژەیەدا دەسڕدرێتەوە.

لە غیابی بزووتنەوە و جیهانی کوردیدا، بەردەنگی ئەو جۆرە حیزبانە دەسەڵات بووە نەک کۆمەڵگای کوردستان. خۆیان لەبریی کۆمەڵگا بڕیاریان داوە و  ئەنجامشیان داوە. دەشێت بڵێین کەشێکی تاک‌جەمسەری و یەک‌دەسەڵاتی بەسەر نیشتمان و کۆمەڵگادا زاڵ بووە؛ لەبریی ئەوەی حیزب بەشێک بێت لە بزووتنەوەکە، حیزب هەموو بزووتنەوەکە و تۆزێ زیاتریش لەو بووە. ئەمەش یەک‌گوتاری و یەک‌جەمسەریی لێ کەوتووەتەوە، بۆیە دەلێم جەمسەر چونکە حیزب لە کۆمەڵگای ئێمەدا دەسەڵات بووە، هەم وەک گوتار و هەم وەک هێزی سەخت

لە ڕووبەرە سیاسییەکەیدا، ئەم سڕینەوەیە توانیویەتی بزووتنەوە بکاتە حیزب و حیزبیش بکاتە فۆرمێک لە نەریتی بیرکردنەوەی داگیرکەر و ناچاری بکات لە چوارچێوە و هەناوی مەعریفەی داگیرکەردا هەوڵی پێناسە وپۆلێنکردنی خۆی تا سنووری بەیاساییکردنی خۆی لە چوارچێوەی یاساکانی دەسەڵاتی داگیرکەردا بدات. ڕەنگە یەکێک لە خوێندنەوەکانی کوردایەتی هەر ئەم جۆرە لە بیرکردنەوە بێت، کە هەوڵ دەدات لە دەرەوەی مەعریفەی داگیرکەرەوە بۆ سەرچاوەکانی خۆپۆلێنکردن و رەواییدان بە خۆی بگەڕێت. ئەگەر ئەم کوردایەتییە ڕێک وەک ناسیونالیزمیش نەیەتەوە، بەڵام خاوەنی بنەمایەکی هزری و کۆمەڵایەتییە و هەڵگری جۆرێک وشیاریی سیاسیی قووڵە.

ڕوون و ئاشکرایە کە کوردایەتی بریتی نییە لە خوێندنەوەی ڕابردوو بە مەبەستی دۆزینەوەی سەردەمی زێڕکفتی نەتەوە، ئاوا پرۆسەیەک بە ئاستێک کۆنەخوازانەیە کە دەخوازێ دەقاودەق ڕابردوو بگوێزێتەوە بۆ هەنووکە. ئەمە هەر ئەو ڕێگایە کە ناسیۆنالیزمی فارس زۆر بەتایبەت و ناسیۆنالیزمی عەرەب و تورکیش زۆر بەچڕی پێڕەویان کردووە و لەسەر بنەمای وەهمێکی مێژوویی و ئەفسانە و ئوستوورەی نەبوو و ساختە خۆیان بینا کردووە. بە پێچەوانەوە، کوردایەتی هەوڵێکە بۆ گرێدانەوەی مێژووی نەتەوە بە هەنووکەی نەتەوەوە، ئەویش لە دووتوێی خوێندنەوەیەکی نوێدا کە بتوانێ وەڵامدەرەوەی پرسەکانی سەردەمی کوردستان و کوردستانییان بێت. ئەم ڕەوتە ڕوانگەیەکی دانەبڕاوی لە نەتەوە هەیە، چ وەک بوونێکی مێژوویی و چ وەک بوونێکی سەردەمییانە. کوردایەتی گەڕانەوە بۆ رەسەنایەتیی پەتی نییە، بەڵکوو مەیلێکە بۆ دووبارەدۆزینەوە و خوێندنەوەی هەموو ئەو بەها و نەریت و جیهانبینییانەی کە شیاوی سازان لەگەڵ هەنووکەن و لەگەڵ شارستانییەتی سەردەمدا ناهاوساز نین و خۆیشیان بەشێکن لە شارستانییەتی کوردستان و کوردستانییان.

گرنگایەتیی ئەو ڕوانین و بەها و نەریت و میکانیزمانە لەوەدایە کە سەرەڕای هەموو ئەو داگیرکاری و دابەشکاری و سڕینەوانەی تا ئێستا بەسەر کوردستان و کوردستانییان و شارستانییەتەکەیدا سەپێنراوە، توانیویانە کوردستان و کورد ڕابگرن و بیهێڵنەوە و بیپارێزن. هەر بۆیە دەشێت و دەبێ خۆیان چاوگێکی گرنگی وشیاریی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی بن. ئەم ڕەهەندانە تەنانەت ئەگەر بەتەنها دۆخی نیشتمانخوازی و جۆرێک لە سەر زەوینپارێزییش بن، دیسان بارگاوین بە جۆرێک لە وشیاریی کۆمەڵایەتی و ڕەفتاری گشتی و ڕوانینی سیاسی. باشترین بەڵگە بۆ سەلماندنی ئەم ڕوانین و شرۆڤەیە، ئەوەیە کە ئەو بەها و نەریت و میکانیزمانە وەک خۆیان ماونەتەوە و هەڵگری بوونێکی سەربەستن و نەگۆڕدراون و نەبوونەتە ئەویدی.

باشترین فۆرمی ئەم دۆخەش لە کوردایەتی بریتیە لە ، ڕوانگەی بنکۆڵانە و مێژووییانەی ڕەخنەگرانەیە، نەک پەسەندکردن و گوێزانەوەی میکانیکیی ڕەسەنایەتی و خۆماڵیبوون بۆ ئەم سەردەمە. دروستبوونی گێڕانەوەی کوردستانی بەبێ ناسینەوەی ئەم دۆخ و مێژوو و نەریتی گێڕانەوەیە ، کە خۆی جۆرێکە لە جیهانی کوردستانی ولەهەناویدا هەڵگری  ڕەگەزەکانی مەعریفەیە و بە بەرجەستەیی ئەم ڕەگەزانە دیارن، بۆیە بێ رامان لەم پرۆسەیە دروستبوونی ئەو گێرانەوە نەگونجاوە. دەتوانین بڵێن هیچ یەک لە گێڕانەوە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان  بێ ئەم پرۆسە و فۆرموولەکردنە، نە بووە و نە هەیە و نە دەشگونجێ کە ببێت، تەنانەت ڕێچکە فەلسەفییەکانیش دەکەونە ئەم بەریانەوە. لە ڕاستیدا ئاڕاستەی نوێی هزریی کە دەکرێت وەک پرۆژەش بناسرێت، لەم زەروورەتە بابەتییەوە سەر هەڵدەدات کە «دەبێ هەمووشتێک بۆجارێکیش بووە دیسانەوە بخرێتە بەر رەخنە و بە شێوەیەکی رەخنەکارانە بونیاد و بوون و بنەما و هەناوی بە ڕەخنە نۆژەن بکرێتەوە».هەنووکە ئەو چرکەساتەیەکە دەبێ جیهانی کوردی بخرێتە بەر ئەم میتۆدە لەرەخنە. ئەگەر ئەم ڕەوتە وەک زەروورەتێکی کۆمەڵایەتی و مێژوویی نەبێ و دەر نەکەوێت، دەبێ مرۆڤ چی بێت جگە بوونەوەرێکی ترساوی دەقگرتوو بەوەی کە هەیە و بە هەنووکەیەکی نەگۆڕەوە؟

بەپێچەوانەی هەموو ئەوانەی کە واهەست دەکەن کوردایەتی دەرئەنجامی خۆهۆشیاریی مرۆڤی کورد نییە، لە ڕاستیدا کوردایەتی دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی خۆهۆشیاری و بردنەوەی خەباتی رزگارییە لە بەرامبەر هەموو «خاوەنکاران»ی هەژمۆنیخوازدا لە ڕووبەرە ئەقڵانییەکەیدا. ئەگەر مێژووی جیهان و کۆمەڵگا و مرۆڤایەتی بریتی بێت لە خۆهۆشیاریی مرۆڤ بەسەر خۆیدا، یان وەک هگڵ دەلێ بریتی بێت لە «هۆشیاریی من بەسەر منی خۆمدا و بەکردەکردنی ئەم هۆشیارییە»، ئەوە کوردایەتی ڕێک ڕاپسکانێکە لە دۆخی خۆناهۆشیاری. هەر لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین بڵێن، بەریەککەوتنە سەرەکییەکان و دژواری و شەڕەکان لە هەناوی پرۆسەی هەستکردنەوە بە خۆهۆشیاری و بەرەنگاربوونەوەی جیهانێکەوە ڕوو دەدات کە دەخوازێ بتسڕێتەوە یان هەر لەو دۆخەدا بتهێڵێتەوە. کە وابوو، دەتوانم بڵێم کوردایەتی بەرجەستەبوونەوەی ئەو ئاوەزەیە کە هەستکردن بە خود و خۆهۆشیاری بەرهەم دێنێت. کوردایەتی ڕێک هەموو ئاوەڵناوەکانی خۆهۆشیاری لەگەڵدایە و ئاخێزگەکەی نەریتێکی مەعریفییە کە لە چەقیدا «جیهانێ دەردەکەوێت و بەرجەستە دەبێتەوە بەناو جیهان-ژینی کوردی یان کوردستانیدا». جیهانی کورردی یان کوردستانی ئەو جیهانەیە کە تا هەنووکە یان لانیکەم سەدان ساڵە کورد کایەی تێدا نەکردووە و کایەکانی خۆی لە جیهانێکی دیکەدا دەکات کە جیهان-ژینی ئەو نییە و جیهانی داگیرکەرەکەیەتی. کورد دەبێ سەرپاکی کایەکانی خۆی بگوێزێتەوە بۆ هەناوی ئەم جیهان-ژینە. بۆ دەرچوون لە جیهانی داگیرکەرانی کورد، گەڕانەوە بۆ ئەم جیهانە ئەو زەرورەتە بابەتی و مێژوویی و ڕەخنەییەیە کە دەبێت ئاڕاستەی کۆی بوونی مێژوویی و بنەماکانی جیهانی کوردی، تەنانەت تا هەنووکە، بکرێت. خولقاندنی ئەم جیهانە لە کۆئەندام و نهۆمسازی لە جیهانی داگیرکەردا نە کراوە و نە دەکرێت و نە گونجاوە کە بکرێت. تەنها بەخەساردانی وزە و هێزێکە کە لە بنەڕەتدا دبێ بۆ خولقاندن و ئافراندنی جیهانی تایبەتی خۆی دەکاری بکات. مانەوەش لە پەراوێزی جیهانی داگیرکەردا دیسانەوە نە گونجاوە و نە مل دەدات و نە بە هیچ فۆرم و ناوەرۆکێکەوە ئەم جیهانە کوردییە قبووڵ دەکات. لە ڕاستیدا ناهاوسازی و ناپێکهاتنەوەیەکی هێندە قووڵ لە نێوان ئەمانەدا هەیە کە دژایەتییەکە بە ڕوونی دەگەیەنێتە ئاستی دژایەتیی «ئانتاگۆنیستی».

لە خوێندنەوەی «شۆرشی ژینا»دا بە وردی و بەرجەستەیی ئەم دژایەتی و ڕاسانە لەیەکە بێئاشتەواییە دەبینین کە بە دیاریکراوی لە دروشم، زمان، ئاڕاستە، ویست و ڕوانینەکاندا دەردەکەوێت. لە بەرچاومانە کە چۆن جیهانی ئێرانی دەخوازێ بە دەستبەسەراگرتنی دڵخوازانە فۆرم و زمان و ئەقڵییەت و جیهانی خۆی بەسەر جیهانی کوردیدا بسەپێنێت و لە ڕووی مەعریفییەوە وەک هەمیشە و بۆ جارێکی دیکە جیهانی کوردی هەڵلووشێت. لە هەمان کاتدا لەو جیهانە کوردییە بەرجەستەبووەدا دەبینین کە چۆن لە کۆی ڕەهەندەکاندا و بۆ یەکەم جار لە ماوەی ئەم سەد ساڵەی دواییدا، ڕێگە نادات ئەو جیهانە داگیرکەرە بیکاتەوە بە قوربانی و کایەی «شوێنگۆڕکێی قوربانی و جەلاد» جارێکی دیکە ڕێک بخاتەوە.

کوردایەتی، بزووتنەوە و حیزب

بزووتنەوەی ڕزگاریخواز و کۆمەڵایەتی کۆتایبەتمەندییەکی بەرجەستە و بەرچاوی هەیە کە دەکرێ ئاماژە بە هەندێک لەو تایبەتمەندییانە بکەین؛ سەرەتا و لە پێناسەی بزاوتەکەدا، بزاوتی ڕزگاریخوازی هەموو کات هەڵگری پاشگر یان ئاوەڵناوی کۆمەڵایەتییە. ئەم جۆرە بزووتنەوە و کۆمەڵگایانە ڕاستەوخۆ پێوەندیەەکی ئۆرگانیک و قووڵیان پێکەوە هەیە. لە ڕاستیدا ئەوە چینە کۆمەڵایەتییەکانی کومەڵگان کە هەم بزووتنەوەکە ساز دەکەن و هەم لە دەوری بزووتنەوەکە و بابەتێکی سەرەکی کۆ دەبنەوە کە هەمووان بەرژەوەندیی خۆیانی تێدا دەبیننەوە. هەر بۆیە دەتونین بڵێین ئەم جۆرە بزووتنەوانە کۆبەندی داخوازی و ویستە سەرەکییەکانی کۆمەڵانی خەڵکن، کە دەکرێت لەژێر ناوی «مەزنەویست»دا پێناسەی بکەین. هەر بەم پێیە، ئەم بزووتنەوانە هەڵگری ئەم کۆتایبەتمەندییە گرنگانەن، واتە کۆبوونەوەی جەماوەر لەسەر بنەمای ویست و داخوازییەکی داواکراو کە دەکرێت وەک دژایەتیی بنەمایی سەیر بکرێت. ئەم بابەتە بابەتێکی دیاریکراوە و فۆرمێکە کە هەمووان بە خۆوە دەبەستێتەوە، باوەڕ و دروشم و بنەما فیکرییەکانی ڕوونە و هەڵگری هەموویانە، ئاخێزگەیەکی مەعریفیی ڕوونی هەیە و هەمووان لە پرۆسەیەکی ناوکۆییدا ئەو رەگەزانە دەناسن و لایەنگرانی بزووتنەوەکە دەبنە خاوەنی ناسنامەی هاوبەش و ئاگایی، لە بەرامبەر یەکتردا هەست بە هاوبەشی لە شوناسدا دەکەن و یەکگرتوون، پێوەندی لە هەناوی بزووتنەوەدا پێوەندییەکی ناوهەناوییە و هیچ پەیوەستی حیزب و ناوەند و ڕێکخراوە گەورە و زەبەلاحەکان نییە، لە ڕاستیدا پێوەندییەکە پێوەندییەکی ناوهەناوییە و لە دەرەوەی خۆی نایگرێت. بزووتنەوە هەڵگری هیچ فۆرمێکی بۆرۆکراتیک نییە، بەڵکوو وەک تۆڕێکی بەرفراوان و نافەرمی لە نێوان هاوبیران و هاوەڵان و هاوڕێیاندا کار دەکات کە وەک ڕایەڵەیەک هەیە و بزاوت پشتئەستوور بەو ڕایەڵەیە.

لە ناو بزاوتەکاندا بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی دژەداگیرکاری و نەتەوەییەکان، دوژمنیان داگیرکەرە و ئامانجیان بونیاتنانی دەوڵەتی سەربەخۆی نیشتمانییە، ئەم جۆرە بزووتنەوانە فۆرمێکی بازنەییان هەیە و بەشێوەیەکی فراوان هەر تاکەو هەڵگری ئەرکێکە و تاک بەتاکی وشیاری ئەم بزاوتەن. تا ئاستێکی بەرین یەکسانیی ئەرک و بەرپرسیارێتی بیچم دەگرێت و لە فۆرمی گونجاوی خۆیدا دەچێتە پێشەوە.

لەم دۆخەدا، واتە دۆخی بزووتنەوە، بەردەنگ کۆمەڵگایە. باشترە بڵێم کۆمەڵگا و بزووتنەوە لە یەک ئاست و لە یەک پێوەندیدان کە پێوەندییەکی نزیکی ئۆرگانیکە. هەر لەبەر ئەمەش وەک یەکەیەکی یەکگرتوو کار دەکەن و دینامیزمی نێوهەناویی بزووتنەوەکە هەر هەمان دینامیزمی نێوهەناویی کۆمەڵگایە. تاکی کارا و بزاوتی بەکۆمەڵ بە یەکەوە و بۆ یەک مەبەست دەجووڵێن و بەبێ پسانەوە و بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە یەکتر دەخوێننەوە. هەر ئەم ڕەوتەشە کە جۆر و ئاستی خەبات و میکانیزمەکانی دیاری دەکات. ئەم بزووتنەوانە هەروەک چۆن لە ئاخێزگەیەکی مەعریفییەوە دێن، هەر ئاواش لە ڕەوتی خۆیاندا هۆشیاریهێن و زانیاریبەخشن؛ کۆمەڵ هۆشیارتر و زانیارییش بەردەستتر و فراوانتر دەکەن. بزووتنەوەی ڕزگاریخواز لە دەرەوەی دەزگای مەعریفی و نەریتی بیرکردنەوەی داگیرکەردایە کە مانا و بوون پەیدا دەکات و دەتوانێ بەرجەستە بێتەوە. لەسەر بنەما مەعریفییەکانی خۆیەتی کە وێژەمانی خۆی ئاڕاستە و گەڵاڵە دەکات. بۆیە دەتوانین بڵێین ئەم وێژەمانە «ڕزگاریخواز»ـە، چونکە لەسەر بنەمای هزریی خۆیی و لە هەناوی بیرکردنەوەی دژەداگیرکەرەوە هاتووە، واتە هەڵگری هەموو ڕەگەزەکانی جیهان-ژین و ئەزموونی جیهانیی خۆیەتی نەک جیهانی داگیرکەرەکەی. بە نموونە دەتوانین ئاماژە بە ڕاپەڕینی ژینا بدەین. لەم شۆڕشەدا سەرپاکی دەزگای مەعریفیی داگیرکەر دەکەوێتە بەر زەبر و تێکشکانێکی دیسکۆرسی و هزرییەوە، دروشمێک دەبێتە چەقی شۆرش و گشتگیر دەبێت کە ڕاستەوخۆ نوێنەرایەتیی جیهان و هزرێکی نوێ دەکات لە کۆی ڕەهەندەکاندا. دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» ڕاستە کە پۆلێنکراو و پوختەی زەینی ئۆجەلانە، بەڵام هیچ گومانی تێدا نییە کە دەرئەنجامی خوێندنەوەی قووڵی کۆمەڵگای کوردستانە بە ڕەچاوکردنی ئاوەزی مرۆڤایەتیی سەردەم. ئەم دەرئەنجامە، ڕامانی فەلسەفییانەی ئۆجەلانە بۆ خوێندنەوەی قووڵ و وردی کۆمەڵگای کوردستان و جیهان-ژینی مرۆڤی کورد لە قووڵترین پەڕەکانی مێژووەوە تاکوو ئەمرۆ. نە بەو مانایە کە ئەم دروشمە لە جیهان-ژینی دێرینی کورددا بەردەست بووە، بەڵکوو بەم مانایە کە جیهان-ژینی کورد لە ڕەوتی مێژوویی خۆیدا تا هەنووکە کاری لەسەر ئافراندنی زەینییەتی ئامادە بۆ ئەم دروشمە کردووە و هەنووکە زەمەنی بەواقیعبوونی ئەم دروشمەیە. واتە جیهانی مرۆڤی کورد، بەپێی فامی گشتیی کۆمەڵگا، ئێستا لە دۆخی دابڕانێکی گرنگدایە کە دۆخی دابڕانی مەعریفییە لە سەرباشقەی پێشووتری خۆی و ئەم چرکەیە چرکەساتی خولقاندنی سەرباشقەیەکی نوێیە. جیهان-ژینی داگیرکراو و پەراوێزخراو و سڕاوەی کورد، دەرفەتی دەرکەوتن و بەرجەستەبوونەوەی لێ سنراوەتەوە یان بە پاشکۆی جیهانی داگیرکەرەکەی کراوە کە ئەویش بۆ خۆی سڕینەوەیەکی دیکەیە. هەنووکە ئەم وەرچەرخانە سەرباشقەییە دەخوازێ لە هەموو ئەو بەربەستانە تێپەرێت و دەیەوێت وەک ئەوەی کە هەیە، بە ئەزموون و فام و گێڕانەوەی کوردانەی مرۆڤی کوردەوە خۆی نمایش بکات و هەموو فۆرمەکانی سڕینەوە و بەکۆیلەبوون بسڕێتەوە.

کورد «نەتەوەیەکی مێژوویی»یە و کوردستانیش «نیشتمانی مێژوویی» کوردە. لە ڕاستیدا پرسی ئێمە کوردستانییە، بەو واتایە کە داگیرکردنی کوردستان، کوردی بردووەتە دۆخێکەوە کە دۆخی جۆرێک لە کۆیلایەتییە کە کوردی لە فۆرمی بوونێکی سەربەست و ڕزگار بردووەتە دەرەوە و کردوویەتی بە بوونەوەرێکی پڕخەسار.

یەک لە هۆکارەکانی سڕینەوە و بەرجەستەنەبوونەوەی گێڕانەوەکانی جیهانی کوردی، گۆڕانی سەرباشقەی(پارادایم) ڕزگاریی نیشتمانی بووە بۆ هاوبەشبوون لە دەسەڵاتی داگیرکەردا و کایەکردن لە جیهانی مەعریفە و دیسکۆرسی داگیرکەردا، هەر بۆیە بە گشتی ئاوەڵناوی ڕزگاری و ڕزگاریخوازی لە پرسی کوردستان دەسڕدرێتەوە و لەبری ڕاماڵینی داگیرکەر، ڕەواییدان بە داگیرکەر لە فۆرمی خەباتی دیمۆکراسیخوازیدا دەبێتە وێژەمانێکی کونبڕکراوی حیزبە سیاسیەکانی کوردستان، ئەڵبەت جگە ئەوانەی کە سەربەخۆییخوازن.

لە غیابی بزووتنەوە و جیهانی کوردیدا، بەردەنگی ئەو جۆرە حیزبانە دەسەڵات بووە نەک کۆمەڵگای کوردستان. خۆیان لەبریی کۆمەڵگا بڕیاریان داوە و  ئەنجامشیان داوە. دەشێت بڵێین کەشێکی تاک‌جەمسەری و یەک‌دەسەڵاتی بەسەر نیشتمان و کۆمەڵگادا زاڵ بووە؛ لەبریی ئەوەی حیزب بەشێک بێت لە بزووتنەوەکە، حیزب هەموو بزووتنەوەکە و تۆزێ زیاتریش لەو بووە. ئەمەش یەک‌گوتاری و یەک‌جەمسەریی لێ کەوتووەتەوە، بۆیە دەلێم جەمسەر چونکە حیزب لە کۆمەڵگای ئێمەدا دەسەڵات بووە، هەم وەک گوتار و هەم وەک هێزی سەخت. هەنووکە ئەم دۆخە بەتەواوی گۆڕاوە بۆ چەندجەمسەری و چەندگوتاری، یان باشترە بڵێم دووگوتاری هەیە: گوتاری هێزە ناسەربەخۆیی خوازەکان و گوتاری کۆمەڵگای سڤیل و دەستەبژێر کە لە شەقامی تاراوگەی کورددا گوتاری سەربەخۆییخوازییە و سەرباشقەی کۆنی جێ هێشتووە و بە ڕوونی نوێنەرایەتیی ئەم دابڕانە مەعریفییە دەکات کە لە نێوان کۆمەڵگا و ئەو فۆرمە لە حیزب و ڕێکخستندا هەیە کە ئاماژەی پێ کرا. ئەم زەمەنی دووگوتارییە ئەگەر درێژ بێتەوە و بەریەککەوتنە گوتارییەکە پێداگریی لەسەر بکرێت، پێدەچێت زەمەنی ئاوابوونی حیزب وەک دەسەلاتی گوتاری و سەخت لە ئاسۆی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستاندا دەست پێ بکات. ئەگەر حیزب بتوانێ ئەو قەیرانەی کە هەنووکە پێیەوە دەناڵێنێ تێپەرێنێت -کە قەیرانی دەستەپاچەیی و نەبوونی پرۆژە و بێدەرەتانی سیاسییە لە ئاست شۆڕشی ژینادا کە بە گشتی خۆی لە مانەوە لە پارادایمی کۆندا دەبینێ، هەروەها ئەگەر بتوانێ بەشێک بێت لەو بزووتنەوەیە کە سەروەریی کوردستان و کوردستانییان بە بنەما دەگرێت، ئەگەری دەربازبوون لە قەیرانی هەیە

 

سەرچاوە

  1. گفتاری در بندگی خود خواستە؛ اتین دولا بووئسی مترجم ؛ لالە قدکچی

نشر گمان ؛ سال ١٣٩٢

٢_ خدایگان و بندە ؛فردریش هگل؛ مترجم؛حمید عنایت؛نشر خوارزمی؛ سال١٣٥٢

٣-تاریخ اندیشە سیاسی غرب ؛جان مکلند ؛ مترجم؛ جهانگیر معینی علمدار؛ نشرنی