هەرێمی کوردستان، گۆڕەپانی شەڕی دەوڵەت و باڵی چەپ و ڕاستی تورکیا

ژمارەی بینەر 1672

2023-05-07

بەرەبەیانی 2ی ئاپریلی 2023، کاتژمێر 9:30، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمۆبێلێکی لە نزیک قەزای ماوەت لەناوچەی شارباژێڕی نزیک باشووری کوردستان کردە ئامانج. زانیارییەکانی دوای ئەو بۆردومانە هێندە کەم و ناڕوون بوون کە جێگەی هەڵوێستەی زۆرن. بە تایبەتی لەکاتێکدا ئەگەر پەکەکە رووبەڕووی هێرشێک ببێتەوە هەر زوو زیانە گیانی و مادییەکانی خۆی ئاشکرا دەکات.
چەند کاتژمێرێکی نەبرد، ئەنجامی بۆردومانەکە وردە وردە دەرکەوت، ئەمەش لەڕێگەی ئەو پێگانەوە کە لایەنەکانی نزیک لە دەوڵەت و نزیک لە چەپەکانی تورکیا بەڕێوەی دەبەن.
هەرچۆنێک بێت ئەنجامی بۆردومانەکە ئاماژەیە بۆ قۆناخێکی نوێ لە باشووری کوردستان. قۆناخێک کە تەنها شەڕ لەنێوان پەکەکە و لایەنەکانی سەر بە پەکەکە لەگەڵ دەوڵەت نابێت، بەڵکو لەنێوان دەوڵەتی تورکیا و دژبەرەکانی دیکەشیەتی کە نوێنەرایەتی بەرەی راست و چەپی دژ بە دەوڵەت دەکەن و هەندێکیان لەڕابردوو و هەندێکیش ئێستاشی لەگەڵدابێت دژبەری پەکەکەن.

یەکەمین هێرش بۆسەر چەپی تورکیا لە باشووری کوردستان

لە دەرەنجامی بۆردومانەکەی تورکیا کە گوندی گەڵاڵەی سەر بە قەزای ماوەتی گرتەوە، سێ کەس بە ئامانج گیراون کە ناسنامەی یەکێکیان ئاشکرابووە، ئەویش ئیبراهیم چیچەک، سەرکردەی حیزبی کۆمۆنیستی مارکسیست-لێنینیست ی تورکیا و کوردستان (مەلەکەپە) بوو کە پارتێکی چەپی چەکداری دژبەری تورکیایە. چیچەک، پێشتر رۆژنامەڤان بووە و یەکەمین جار، لە 15ی مارسی ساڵی 1996، کاتێک لەڕێگادابووە بۆ سەردانیکردنی ماڵی باوکی، بەگوێرەی مادەی 168ی یاسای سزاکانی تورکیا دەستگیرکراوە. بەگوێرەی مادەی 168ی یاسای سزاکان، هەرکەسێک ببێتە ئەندام لە رێکخستنێکی دژ بە دەوڵەت، یان دژایەتی سەروەری و یەکپارچەیی دەوڵەت بکات، دەکرێت تاوەکو سزای زیندانی تاهەتایی زیندانی بکرێت.(1) بەو هۆیەوە چیچەک کە ئەوکات لە رۆژنامەی "ئاتڵم" کاریدەکرد، سزای پازدە ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا. ساڵی 2013، جارێکی دیکە چیچەک بەتۆمەتی هاوکاری لەگەڵ مەلەکەپە دەستگیرکراوەتەوە، بەڵام دواتر ئازادکرا و بەرەو هەرێمی کوردستان هەڵهات. لەوکاتەوە چیچەک لەنێوان هەرێمی کوردستان و رۆژئاڤای کوردستان هاتوچۆدەکات و وەک یەکێک لە سیما دیارەکانی مەلەکەپە ناسراوە. ئەو لەدایکبووی ساڵی 1956ی ناوچەی دیڤریگی سەر بە شاری سیواسی باکووری کوردستانە و لە بنەماڵەیەکی کوردی عەلەوی لەدایکبووە و یەکێک بوو لە سیما دیارەکانی مەلەکەپە. هەر بۆیە، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا چیچەک دەخاتە لیستی سووری داواکراوانەوە و بڕی 10 ملیۆن لیرەی تورکی وەک پاداشتی رادەستکردن یان کوشتنی دابنێت. لەو لیستەدا کە مانگانە نوێدەکرێتەوە دەوڵەتی تورکیا 28 کەسی وەکو داواکراو ناساندووە، 9 کەسیان لە لیستی سوور، کەسێک لە لیستی شین، 6 کەس لە لیستی سەوز و 10 کەسیان لە لیستی خۆڵەمێشیدان.

 

دژایەتی لەگەڵ ناتۆ، دروشمێکی سەرەکی مەلەکەپەیە، تەنانەت یەکەمین چالاکی سەربازی "فەسک" بەدژایەتی ناتۆ دەستیپێکرد، ئەم دژایەتییە، کێشەی گەورە بۆ پرسی کورد دروستدەکات و دەبێتە هۆی رەوایەتیدانی زیاتری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ تورکیا، تاوەکو هێرشبکاتە سەر باشووری کوردستان، بەتایبەتی ئێستا کە ناتۆ ناچارە بۆ راگرتنی دڵی تورکیا سازش لەسەر هەندێک بابەت بکات کە رەنگە بۆ ئەوان هێندە گرنگ نەبن.
ئەمە لەکاتێکدا کۆی گشتی داواکراوان لەلایەنی دەوڵەتی تورکیاوە ژمارەیان 1300 کەسە. جگە لەوەی ناودارترین قەڵەمی مەلەکەپە بوو، چیچەک رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە یەکخستنی بزاڤی کۆشۆڕشگێڕ و کرێکارانی کۆمۆنیستی تورکیا لەگەڵ بزاڤی کرێکارانی کۆمۆنسیتی تورکیا و یەکگرتنیان لەچوارچێوەی مەلەکەپە لە 10ی سپتامبەری 1994.

بەگوێرەی بەڵگەنامەیەکی داواکاری گشتی کۆماری تورکیا، کە لە 13ی ئاپریل 2018 دەرچووە، چیچەک یەکێکە لە سەرکردە سەربازییەکانی مەلەکەپە و هاوتا لەگەڵ ئەرکی بانگەشە بۆ رێکخراوەکە رۆڵی لە چەندین کردەوە هەبووە کە دیارترینیان ئەو کردەوانەن کە مەلەکەپە لەژێر ناوی باڵە چەکدارەکەی واتە،  "ھێزی چەکداری ھەژاران و چەوساوەکان " ئەنجامیدەدات، کە کورتکراوەکەی لە تورکیدا دەبێتە "فەسک".(3)  ئەم گرووپە، یەکەم چالاکی سەربازیان بریتی بوو لە دانانی بۆمبێک لە کۆبوونەوەی وڵاتانی ناتۆ لە ساڵی ٢٠٠٤ کە لە هۆتێلی ھیڵتۆن بۆسفۆری ئیستانبوڵ بەڕێوەدەچوو، بەم چالاکیە "فەسک" خۆی ئاشکراکرد کە بووە هۆی کوژرانی 4 کەس. لەدوای ئەو رێکەوتە، "فەسک" کەمترین دەرکەوتنی هەبوو، بەڵام لە ساڵی 2007ەوە خراوەتە لیستی تیرۆرەوە کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی تورکیاوە رادەگەیەندرێت.

ساڵی 2012، "فەسک" بەئاشکرا داوای لە لایەنگرانی کرد، هەرچی زووە پەیوەندی بکەن بە یەکینەکانی پاراستنی گەل لە رۆژئاڤای کوردستان و ببنە بەشێک لەو بزاڤە، هەر دوای ئەوە، لە ئاپریلی ٢٠١٥دا، مەلەکەپە رایگەیاند کە "فەسک" ناوەندێکی پەروەردەی سەربازی هەمیشەیی لە "هەرێمەکانی پاراستنی میدیا" کە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی پەکەکەیە لە باشووری کوردستان دامەزراندووە.
ئەگەرچی دەوڵەتی تورکیا بەردەوام ئەوەی راگەیاندووە کە ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە پەکەکە لەباشووری کوردستان بەدەر نییە لە بەرەنگاربوونەوەی مەلەکەپە و باڵە سەربازییەکەی، بەڵام هێرشەکەی رۆژی 2ی ئاپریل، دەکرێت وەکو یەکەمین بە ئامانجگرتنی راستەوخۆی رێکخراوەکە لەلایەن تورکیاوە هەژماربکرێت لەناو خاکی کوردستان.

مەترسییەکانی بوونی مەلەکەپە لە باشووری کوردستان
مەلەکەپە، وەک سایکۆلۆژیا رێکخراوێکی چەپی تورکیە، پەیڕەو و پرۆگرامی مەلەکەپە، لە چوار بەش پێکدێت. بەشی یەکەم، تایبەتکراوە بە پرسەکانی سەرمایەداری، کۆمەڵگەی جێندەر، پیاوسالاری و شۆڕشی ژنان، ئیمپریالیزم و شۆڕش و پاشخانەکانی پرۆلتاریا. هەرچی بەشی دووەمە، پەیوەستکراوە بە کۆمۆنیزم و گواستنەوە بۆ کۆمۆنیزم و بەشی سێهەمیش بەناونیشانی یەکەم هەنگاوی شۆڕشە و چوارەم بەشیش بۆ پرسەکانی دژە ئیمپریالیزم، دژایەتی توندوتیژی خێزانی و بەرنامەی شۆڕشی دیموکراسی ئازادی جێندەریە. لە بەرنامەی مەلەکەپەدا بەمشێوەیە، باسی باشووری کوردستان کراوە؛
" کاردەکەین بۆ گۆشەگیرکردنی بۆرژوازی لە باشووری کوردستان کە سەرکردە بۆرژواکانی خەباتی نەتەوەیی کورد نوێنەرایەتی دەکات و کۆک و هاوکارە لەگەڵ زلهێزانی کۆلۆنیالیزم و ئیمپریالیزم لە ناوچەکەدا و پەرەدەدەین بەو هێڵەی خەبات لەلایەن هەژاران و کرێکارانی کوردی بەگەڕخراوە" هاوکات لەبارەی باکوری کوردستانەوە دەڵێت؛
" تورکیای فرەنەتەوە، کۆلۆنی دارایی-ئابووری ئیمپریالیزمە و بەو هۆیەوە باکووری کوردستان لە ژێر چەقۆی کۆلۆنیالیزمدا ماوەتەوە، ئۆلیگارشی سەرمایەدار سەرکەوتووبوون لەوەی خەبات تەنها لەچوارچێوەی بەدەستهێنانی سەرمایەدا کورت بکەنەوە."(4) هەرچی وەکو ئامانجە، ئاماژەیان بۆ ئەوەکردووە کە مەلەکەپە " کار بۆ دامەزراندنی فیدراسیۆنی دیموکراسی یان سۆسیالیستی ناوچەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باڵکان و قەفقاز دەکات" لێرەوە دەردەکەوێت، مەلەکەپە پرسی کورد وەکو پرسێکی نەتەوەیی ناناسێنێت، بابەتێکیش نییە بەناوی خەباتی نەتەوەیی کورد و ستەمی نەتەوەیی دژی کورد، هەموو ئەوەی لای مەلەکەپە هەیە بریتییە لەوەی پرسی ئیمپریالیزم و کۆلۆنیالیزم لەلایەک و "ستەمی سەرمایەداری" لەلایەکی دیکە سەرچاوەی نەهامەتییەکانی کوردن.

ئەمە لەکاتێکدا، زۆرینەی رەهای ئەندامەکانی کە بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتی رووبەرووبوونەوەی تیرۆری کۆماری تورکیا ژمارەیان نزیکەی هەزار ئەندامە، خەڵکی پارێزگاکانی باکووری کوردستانن، بە دیاریکراویش ئەو پارێزگایانەی کە دانیشتوانی سەر بە پێکهاتەی کوردی عەلەوین. مەلەکەپە هاوشێوەی رێکخستنە چەپەکانی دیکەی تورکیا رۆڵێکی گەورە دەگێڕن لە ئاوەژۆکردنی پرسی کورد و گۆڕینی بۆ پرسێک کە تەنها پەیوەستە بە خەباتی چینایەتیەوە، ئەمە جگە لەوەی رۆڵی بەرچاویان هەیە لە دژایەتیکردنی هەموو ئەو سیمبۆلە مێژووییانەی لە کوردستان بەگشتی و باکوری کوردستان بەتایبەتی وەک هێمای دژە دەوڵەت و خەباتی نەتەوایەتی ناسراون.

یەکێک لە کارە بەردەوامەکانی مەلەکەپە، دابڕینی پێکهاتە ئاینییە جیاوازەکانە لە کورد، وەکو کوردانی عەلەوی لەباکووری کوردستان و کوردانی ئێزدی لە باشووری کوردستان.
هەربۆیە لەپاڵ ئەو ناوچانەی کە دانیشتوانی کوردانی زازان، ناوچەکانی وەک شنگال و سنونێ، شوێنی چالاکی چەکدارانیانن.
لەڕابردوودا، بەتایبەتی پێش راگەیاندنی چالاکیان لەژێر ناوی مەلەکەپە، ناکۆکی گەورە لەنێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و سەرکردەکانی ئەو رێکخراوە هەبوو، بەتایبەتی لە پارێزگای دێرسمی باکووری کوردستان. ئەودەم، پەکەکە لەڕێگەی باڵە سەربازیەکەیەوە کە دکتۆر باران رابەرایەتی دەکرد، دژایەتی خۆی بۆ هەوڵەکانی ئەو رێکخستنە چەپانە دەربڕی و بەئاشکرا دروشمی ئەوەی بەرزکردەوە کە "چەپی تورک لە باکوری کوردستان تەنها دەتوانن میوان بن"، بەڵام هێندەی نەبرد دکتۆر باران لەرووداوێکی تەمومژاویدا کوژرا و لەدوای ساڵی 2011ەوە بە تەواوی مەلەکەپە لە پەکەکە نزیکبووەوە.
لایەنێکی دیکەی مەترسیەکانی ئەو رێکخراوە، بوونی چەکدارانی بیانییە لەنێو ریزەکانیدا کە وەک چەکدارانی "ئەنتیفا" ناسراون. تەنانەت ئەنتیفاش بە فەرمی دان بەوەدا دەنێت کە مەلەکەپە هاوبەشێکی سەرەکی ئەوانە لە ناوچەکە و پەسەنی باوەڕی ئەوان دەدات.(5)

کاریگەری گولەنیەکان تەنها پەروەردە و سیاسەت نییە، بەڵکو ئەوان چونەتە ناو وردترین پێکهاتەی کۆمەڵگە کە خێزانە. بۆ کەسێکی گولەنی، پێکهێنانی خێزان وا باشترە لەچوارچێوەی بزاڤەکە نەچێتە دەرەوە، لە ئاستی شوناسدا باوەڕیان بە زاڵکردنی شوناسی سونی و باڵاکردنی کلتووری تورکی هەیە.

لە مارسی 2015، مەلەکەپە رایگەیاند کە چەکدارێکی بیانی سەر بە رێکخستنەکەیان، کە لەڕێگەی ئەنتیفاوە چووبووە نێو ریزەکانیان لە چوارچێوەی شەڕی دژ بە تیرۆرستانی داعش لە نزیک تەلتەمر لە حەسەکەی رۆژاڤای کوردستان کوژرا.
دوای ئەوەی ناسنامەی چەکدارەکە ئاشکرابوو، کە ئیڤانا هۆفمانی ئەڵمانیە، داواکاری گشتی شاری دویسەبۆرگ دەستی بەسەر تەرمەکەیدا گرت و بەڵێنی دادگاییکردنی چەکدارانی مەلەکەپە و هەموو ئەوانەیدا کە هاوسۆزن لەگەڵ "ئەو رێكخراوە تیرۆریستیە بیانییە" ئەو هەماهەنگییە لەگەڵ چەکدارانی ئەنتیفا، جگە لەوەی لەڕووی یاساییەوە کێشەی گەورە بۆ پرسی کورد دروستدەکات، هاوکات لەڕووی سیاسیشەوە پرسی کورد دەخاتە بەرەی دژە راستی ئەوروپا و ئەمریکاوە کە ئێستا لەهەمووکات زیاتر بەتایبەتی لە وڵاتانی ئەورووپا(بەرەی راست) دەسەڵاتدارن.لەرابردووشدا، دەوڵەتی تورکیا سوودی زۆری لەپرسی ئەنتیفا و هاوکاری ئەو رێکخراوە لەگەڵ پەکەکە وەرگرت، بەتایبەتی دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی دژ بە کوشتنی جۆرج فڵۆیدەوە، ئەنتیفای وەک بزاوتێکی تیرۆرستی ناوبرد، راستەوخۆ دوای ئەوە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا، پێوەندی بە ترامپەوە کرد و گەنگەشەی پەیوەندی ئەنتیفای لەگەڵ پەکەکە و هەسەده‌ و مەلەکەپە کرد، ئەمە جیا لەوەی رۆژنامەیەکی وەکو یەنی شەفەق کە زمانحاڵێکی حزبەکەی ئەردۆغانە بە ئاشکرا رایگەیاند، "پەکەکە تیرۆرستانی ئەنتیفا بۆ ئەمریکا دەنێرێت"(6)

دژایەتی لەگەڵ ناتۆ، دروشمێکی سەرەکی مەلەکەپەیە، تەنانەت یەکەمین چالاکی سەربازی "فەسک" بەدژایەتی ناتۆ دەستیپێکرد، ئەم دژایەتییە، کێشەی گەورە بۆ پرسی کورد دروستدەکات و دەبێتە هۆی رەوایەتیدانی زیاتری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ تورکیا، تاوەکو هێرشبکاتە سەر باشووری کوردستان، بەتایبەتی ئێستا کە ناتۆ ناچارە بۆ راگرتنی دڵی تورکیا سازش لەسەر هەندێک بابەت بکات کە رەنگە بۆ ئەوان هێندە گرنگ نەبن. لایەنێکی دیکەی مەترسیداری مەلەکەپە، دژایەتیکردنی فۆرمی خێزانە لەژێر ناوی کۆتاییهێنان بە میراتی پیاوسالاری، مەلەکەپە بەئاشکرا پاڵپشتی خۆی بۆ پرسی جێندەر پۆڵەتیک دەخاتەڕوو و وەک خێزان دەیانناسێنێت.
ئەم پرسە، لەدونیای مۆدێرندا بابەتێکی زۆر جێگە گەنگەشەیە. لەلای مەلەکەپە خێزان لە دایک و باوک پێکنایەت، بەڵکو دەکرێت لەدوو کەسیش پێکبێت کە هەمان رەگەزی بایۆلۆژیان هەیە، ئەمەش لەکۆتاییدا واتای بەخشینی مافی لەخۆگرتنی منداڵ دەدات بەو کەسانە.
لێرەدا، پرسەکە ئەوە نییە کە ئایا ئەمە باشە یان نا؟ هێندەی ئەوەیە کە ئەمە هەوڵێکە بۆ دەستکاریکردنی ستراکتور و فۆرمی خێزانی کوردی لەلایەن کەسانێکەوە کە کورد نین. جگە لەوە، یەکێک لە لێکەوتە چاوەڕوانکراوەکانی ئەم بانگەشانە، نزیک کردنەوەی ئەو کوردانەیە کە خۆیان وەکو کەسانی راست یان کۆنپارێز دەناسێنن. ئەم سیاسەتە لەباکوری کوردستان زیانی گەورەی لە هەدەپەدا، وایکرد بەشێکی دەنگدەری کورد بەرەو هوداپار و ئاکپارتی و حزبەکانی دیکە بڕۆن، ئێستاش هێنانی بۆ باشوور و برەوپێدانی لە رۆژاڤا جێگەی گومانە.

بزاڤەکەی گولەن، لە شەڕی ئایدۆلۆژیەوە بۆ شەڕی هەواڵگری

بزاڤەکەی گولەن، کە خۆیان وەک بزاڤی "خزمەت" دەناسێنن، چەندە بزاڤێکی ئاینین، نوێنەرایەتی کەڵتێکی ئاینی دیاریکراو دەکەن، هێندەش بزاڤێکی سیاسین.
ئەم بزاڤە، لەڕووی ئایدیالۆژییەوە وەکو راستی ناوەڕاست و هەندێکجار ئەوپەڕی راست ناسراون. ئەگەرچی لە هەشتاکانەوە لە تورکیا هەن، بەڵام لەباشووری کوردستان، لەساڵی 1994ەوە، لەڕێگەی کۆمپانیای فەزالەر یەکەم قوتابخانەیان دامەزراندووە و تاوەکو ئێستا لە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک، کەرکوک، سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی سۆران و زاخۆ قۆتابخانەیان هەیە، ئەمە جگە لەبوونی دوو زانکۆ لە هەولێر و سلێمانی. ئەم بزاڤە، ئیلهام لە بیروباوەڕەکانی ئەو "پیاوە ئاینی"یە تورکە سوننییە وەردەگرن، کە ناوی 'فەتحوڵا گولەن'ە و ئێستا دانیشتووی پەنسلڤانیایە لە ئەمریکا. بزاڤەکەی گولەن، یەکێک لەدیارترین ئەو چەمکانەی تیشکی دەخەنە سەر، چەمکی "کۆچ"ە کە هاوتای "هجرة"ی عەرەبییە. گولەن لە هەشتاکانەوە داوا لە شوێنکەوتوانی دەکات کۆچ بکەن بەدونیادا لەپێناو بڵاوکردنەوەی کولتووری ئاینییەکەی.(7) لایەنی مەترسیداری ئەم بزاڤە، جگە لە  ئاینییەکە، کە پێچەوانەی کولتووری ئاینداری کوردیە، ئەوەیە کە هەڵگری پەیامی پەروەردەی شاراوەیە. لە قوتابخانەکانی گولەن، کار لەسەر فێرکردن و خۆشەویستکردنی زمانی تورکی، کەلتووری ئاینداری سونیانەی تورکی دەکرێت، ئەمە جگە لەوەی کار بۆ ئەوەدەکات قوتابی، یان شوێنکەوتووی گولەن، قبوڵی ئەوە بکات کە تورکیا ناوەندی سیاسی و کلتورییە بۆ گەلانی موسڵمان و لە نێویشیاندا کورد.  گولەنیەکان، جگە لەوەی باوەڕیان بە خوێندنی سەردەمیانە نییە، بەهەموو شێوەیەک بڕوایان وایە پەروەردە پرۆسەیەکی هێواشی مێشک شوشتنەوەیە کە لەڕێگەیەوە دەتوانن شوێنکەوتوو بۆخۆیان زیاد بکەن. خودی گولەن نکوڵی لەبوونی کورد ناکات، بەڵام کاتێک باس دێتە سەر کورد، گولەن کورد وەکو رۆڵگێڕێکی گرنگ لە مێژووی تورکیادا دەناسێنێت بەشێوەیەک دەبێت تورکیا پارێزگاری لەو رۆڵگێڕە بکات، ئەو چەندین جار ئەوەی دوپاتکردوەتەوە کە سەعیدی نورسی، کە یەکێک لە دیارترین ئەو کەسانەیە کە کاریگەریان بەسەر گولەنەوە هەبووە کوردە. لە هەمان کاتدا ئەوەشمان بیرنەچێت گولەن بە ئاشکرا دژایەتی خۆی بۆ گفتوگۆکانی ئاشتی نێوان حکومەتی تورکیا و پەکەکە دەربڕی و لەڕێگەی میدیاکانیەوە زۆرترین هێرشی کردە سەر ئەو گفتوگۆیانە.(8) کاریگەری گولەنیەکان تەنها پەروەردە و سیاسەت نییە، بەڵکو ئەوان چونەتە ناو وردترین پێکهاتەی کۆمەڵگە کە خێزانە. بۆ کەسێکی گولەنی، پێکهێنانی خێزان وا باشترە لەچوارچێوەی بزاڤەکە نەچێتە دەرەوە، لە ئاستی شوناسدا باوەڕیان بە زاڵکردنی شوناسی سونی و باڵاکردنی کلتووری تورکی هەیە.(9) ئەمە جیا لەوەی رێکخراوەکە خاوەنی تۆڕێکی گەورە لە کۆمپانیا و بزنسی گەورە و بچوکە، کە لەو رێگەیەوە تێچووی چالاکیەکان و قازانجێکی زۆر کۆدەکەنەوە. لە باشوری کوردستان، کەمترین کایە هەیە کە ئەندامانی گولەن خۆیان نەخزاندبێتە ناویەوە، لە فرۆشگای هەویرکاریەوە، بۆ رێستورانت و کۆمپانیای بیناسازی و زانکۆی تایبەت تا دەگاتە دامەزراوەی میدیایی و بانک. زۆرینەی رەهای ئەوانەشی ئەو دامەزراوانە بەڕێوە دەبەن، ئەو کەسانەن کە لەلایەن گولەنیەکانەوە پەروەردە کراون، بەو پێیەی بزاڤەکە باوەڕی بەوەیە پێگەیاندنی کادیری کارامە باشترین سەرمایەگوزاریە و خاوەنی بەڕێوەبەرایەتییەکی بەهێزی سەرچاوە مرۆییەکانە.(10)

بزاڤەکە خاوەنی رێکخستنێکی هەرەمیە، کە لە ئەندامی ئاسایی و شوێنکەوتوویەکی سادە دەستپیدەکات دواتر دەگاتە پلەکانی "برا گەورە" و "سەرپەرشتیاری باڵ" و لە ئاستی وڵاتیشدا بۆ هەر ناوچەیەک یان وڵاتێک کەسێک کارەکان بەڕێوەدەبات کە وەکو "ئیمام" ناسراوە. جگە لە ئیسرائیل و ئێران و سعودیە، کەم وڵاتی موسڵمان هەیە ئەو بزاڤە چالاکی تیادا نەبووبێت، لەئاستی کوردستانیشدا لەنێوان باکوور و باشوور تەنها لە دێرسم چالاکی نەبووە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ناکۆک بوونی لەگەڵ باوەڕی عەلەویەکان.

شەڕی گولەنیەکان لە کوردستان

دوای هەوڵی کودەتای 15ی ژوەنی 2016، بەتەواوی بزاڤەکەی گولەن وەکو بزاڤی تیرۆرستی خرانە لیستی تیرۆری کۆماری تورکیاوە، جگە لەوەی تەواوی ئەندام و لایەنگرانیان وەکو داواکراو ناسێندران. لەوکاتەوە هەرێمی کوردستان بووە پەناگەی بەشێک لە شوێنکەوتوانی گولەن و زۆرجار وەکو پێگەی ترانزێت بۆ رۆیشتن بەرەو وڵاتانی دیکە بەکارهێندراوە. ئەگەرچی، لەسەرەتاوە بانگەشەی ئەوەکرا کە دامەزراوەکانی گولەن لە کوردستان فرۆشراونەتە کۆمپانیای دیکە، بەڵام مانەوەی گولەنیەکان و هەندێکجار زیادبوونیان لەو دامەزراوانە جێگەی پرسیارە. راستەوخۆ دوای ناساندنی بزاڤەکەی گولەن وەکو رێکخراوێکی تیرۆرستی، یەکێک لەوکەسانەی لە لیستی داواکراوترین کەسانی سەر بە گولەن بوو، تاڵب بیوک، کەسی یەکەمی گولەن بوو لە کوردستان کە لە لیستی پرتەقاڵی داواکراوان جێگەی گرت و حکومەتی تورکیا ملیۆنان لیرەی لەپاداشتی دەسگیرکردن یان کوشتنی دانا. ئەمە بووە هۆی ئەوەی تاڵب بیوک کوردستان بەجێبهێڵێت و لە به‌ریتانیا نیشتەجێ ببێت. لە ژانویەی ساڵی 2018، ئەسڵان چەلیک، کەسی یەکەمی رێکخراوەکەی گولەن لە سلێمانی دیارنەما و تاوەکو ئەم ساتە چارەنووسی نادیارە. دیارنەمانی چەلیک یەکەمین گورزی راستەوخۆی هەواڵگری بوو کە حکومەتی تورکیا لەدژی گولەنیەکان لە کوردستان وەشاندی.6ی ژانویە دووەمی 2021، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، هەردوو بەرپرسى ڕێکخراوى فەتحوڵا گولەن لە هەولێر و بەغدا، لەکاتى هەڵهاتنیاندا لە ئۆکرانیا دەستگیرکراون و ڕادەستى تورکیا کراونەتەوە. جگە لەم رووداوانە، چەندین کەسی خەڵکی باشووری کوردستان بەهۆی هەبوونی پێوەندی لەگەڵ بزاڤەکەی گولەن لەلایەن تورکیاوە لەناو خاکی تورکیا دەستگیرکراون، لەنێوانیاندا کوڕی وەزیرێکی پێشووتری هەرێمی کوردستان هەیە. بوونی چالاکی گولەنیەکان جگە لەوەی مەترسیە بۆسەر شوناسی کوردبوونی باشووری کوردستان و بیانوی داوەتە تورکیا چالاکی دژیان ئەنجامبدات، لەهەمانکاتدا بووەتە هۆی ئەوەی تورکیا دامەزراوەیەکی پەروەردەیی گەورە لەژێر ناوی "قوتابخانەی نێودەوڵەتی مەعاریف" لە هەولێر بکاتەوە. ئەو قوتابخانەیە، چ وەکو پرۆگرام و چ وەکو میتۆد و ئایدۆلۆژیای فێرکردن، قوتابخانەیەکی تورکیە. لەوێ رۆژی منداڵان هاوشێوەی هەرێمی کوردستان 1ی حوزەیران نییە، بەڵکو 23ی نیسانە هاوشێوەی کۆماری تورکیا.

 

سەرچاوەکان؛

1. https://cpj.org/data/people/ibrahim-cicek/

2. Türkiye'nin Terörden Arananlar Listesi, Pınar Demirci, PP:19-48

3. https://expressioninterrupted.com/tr/wp-content/uploads/2019/05/SemihaSahin_PinarGayip_iddianame.pdf

4. http://mlkp-info.org/?icerik_id=503&pagebreak=6#503

5. Antifa, The Anti-Fascist Handbook- by: Mark Bray, PP:125-130

6. https://www.yenisafak.com/en/news/pkk-sends-antifa-terrorists-to-us-2789589

7. MH Yavuz, Islamic Political Identity in Turkey, pp. 211, 173

8. Turkey’s Gülen Movement: Between Social Activism and Politics, BAYRAM BALCI, OCTOBER 24, 2013, ARTICLE, Carnegie Endowment for International Peace

9. Conceptualizing and understanding the Gülen movement - Scott T. Fitzgerald, PP:6-8

10. Cosmopolitanism Perspective on the Gülen Movement, by: Dela Restu Bumi Patriana, Gonda Yummier