دوای ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیمارات رێگریكرد، گه‌وره مافیای تورك ''سه‌دات په‌كه‌ر‘'، به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر ئاشكرا كردنی نهێنیه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا په‌یوه‌ست به گه‌نده‌ڵی، بازرگانی مادده‌ی هۆشبه‌ر و كاری نایاسایی، چه‌ند رۆژێكه مافیایه‌كی دیكه به‌ناوی ''محه‌مه‌د یاقوت'' كه كوردێكی دیاربهكریه له‌سه‌ر رێچكه‌ی په‌كه‌ر درێژه به هه‌ڵدانه‌وه‌ی دۆسیه‌كانی ئه‌ردۆغان و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی ده‌دات. ئه‌م دۆخه‌ش له‌ناو پارتی ده‌سه‌ڵاتداری توركیا شڵه‌ژانێكی دیكه‌ی دروست كردووه. تا رێکەوتی (2 ئایاری 2021)، سه‌دات په‌كه‌ر وه‌كو هاوپه‌یمانی ئاكه‌په له قه‌ڵه‌م ده‌درا. به‌ڵام له‌م رێکەوتە به‌دواوه، په‌كه‌ر كه له دوبه‌ی نیشته‌جێیه له ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه، چه‌ندین نهێنی مه‌ترسیدار و ئابڕوبه‌رانه‌ی ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندی، ده‌وڵه‌ت – مافیا – سیاسه‌ت، له‌م وڵاته‌دا ئاشكرا كرد. زۆربه‌ی نهێنیه‌كانیش په‌یوه‌ست بوون به گه‌نده‌ڵی، كوشتن، بازرگانی مادده‌ی هۆشبه‌ر، ره‌وانه‌كردنی چه‌ك بۆ گرووپه تیرۆریستیه‌كان و به‌رتیل و سه‌رانه وه‌رگرتن.
سه‌دات په‌كه‌ر كێیه؟
یه‌كه‌م جار ناوی په‌كه‌ر، له راپۆرتێكی ده‌زگای هه‌واڵگری توركیا (MİT) له ساڵی 1996 له باره‌ی تاوانی ''بكه‌ر نادیار دا''، به‌ر گوێی خه‌ڵك ده‌كه‌وێت. راپۆرته‌كه باس له دروستكردنی ستافێكی تایبه‌تی نایاسایی ده‌كات بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی په‌كه‌كه و رێكخراوه چه‌په‌كانی تورك. له‌م راپۆرته‌دا، په‌كه‌ر به كه‌سێكی نه‌ته‌وه‌په‌رست وه‌سف ده‌كرێت. په‌كه‌ر ساڵی 1971 له سه‌قه‌ریا له دایكبووه، لە دیمانهیهكیشی له گۆڤاری (ئاكسیۆن) له ساڵی 1992 دا خۆی به كه‌سێكی تورانچی، ده‌ناسێنێت. ساڵی 2006 له راپۆرتێكی گۆڤاری (ته‌مپۆ) ده‌رباره‌ی تاوانی بكه‌ر نادیار كه تیایدا 17 هه‌زار هاووڵاتی كورد (زۆربه‌یان سڤیل بوون) بوونه قوربانی، باس له په‌كه‌ر ده‌كرێت تیایدا ئه‌م چه‌ند رسته‌یه ده‌خاته پاڵ ناوبراو:" بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت به‌هێز بێت، دروستكردنی هه‌موو گروپ و ئۆرگانێك ئه‌گه‌ر له ده‌ره‌وه‌ی یاساش بێت رێگا پێدراوه". له دوای ئه‌م رووداوانه‌ش له زۆربه‌ی راپۆرته بنكۆڵكاریه‌كان ده‌رباره‌ی تاوانه‌كانی مافیا له توركیادا ئاماژه به رۆڵی ئه‌م گه‌وره مافیایه كراوه. ساڵی 1998 له‌و كاته‌ی له (رۆمانیا) ده‌گه‌ڕایه‌وه، په‌كه‌ر له‌ناو فڕۆكه‌خانه ده‌ستگیر ده‌كرێت. به تۆمه‌تی رفاندن، كوشتن و وه‌رگرتنی سه‌رانه به زه‌بری چه‌ك له سه‌رمایه‌دار (عوسمان كاڤاڵا) به حه‌وت ساڵ و شه‌ش مانگ زیندانیكردن سزا ده‌درێت. به‌م شێوه‌یه تا ساڵی 2017 سه‌دات په‌كه‌ر پێیه‌كی له زیندان ده‌بێت پێیه‌كی له ده‌ره‌وه، به‌ڵام كه له ده‌ره‌وه ده‌بێت وه‌كو كه‌سێكی به هه‌ژموون و كاریگه‌ر رۆڵی ده‌بێت له رووداوه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا. له 2017 دوای ئازادكردنی گه‌وره مافیایەکی تر واتە عه‌لائه‌دین چاكجی له زیندان، په‌كه‌ر توركیا به جێدێڵێت و له دوبه‌ی نیشته‌جێ ده‌بێت.
له توركیادا مافیا به‌شێكه له ده‌وڵه‌ت!
ده‌وڵه‌تی توركیا وه‌كو زۆربه‌ی ده‌وڵه‌تانی ئه‌م گه‌ردوونه پێكهاته‌یه‌كی سروشتی نیه، له‌سه‌ر بنه‌مای فه‌لسه‌فه‌ی نه‌ته‌وه‌په‌رستی هه‌ڵچنراوه، له‌سه‌ر خوێنی قه‌تل و عامكردنی نه‌ته‌وه و ئه‌تنیكه‌كانی دیكه ی ناو توركیا بونیادنراوه. بۆ پاراستنی ده‌وڵه‌تیش له‌ناو ده‌وڵه‌تدا، ده‌وڵه‌تی (شاراوه یان قوڵ) ئافرێندراوه. له ساڵانی 1960 تا 1990 بۆ به‌رگرتن له هه‌ڵكشانی كۆمۆنیزم سه‌دان گروپ و جه‌ماعه‌تی ئیسلامی له‌ژێر كۆنتڕۆڵی ده‌وڵه‌ت دامه‌زراون. له ساڵانی 1990، دەوڵەت كه زانی به ته‌نیا بە رێگای سەربازی ناتوانێ بەر لە هەڵكشانی پەكەكە بگرێت، رۆڵێكی دیار و بەرچاوی دایه مافیای تورك. ئەم مافیایە رۆڵی سەرەكی هەبوو لە ئەنجامدانی تاوانی بكەر نادیار لەدژی كوردان كە ژمارەی قوربانیەكان بە 17 هەزار كەس لە قەڵەم دەدرێت. كه‌واته مافیای تورك جیاوازه له مافیای جیهانی. مافیا له جیهاندا پێكهاته‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، پێوانه و په‌یڕه‌وی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه. به‌ڵام له توركیا هه‌موو گرووپه‌كانی مافیا له لایه‌ن ده‌وڵه‌ت و سیسته‌مەوە كۆنتڕۆڵ ده‌كرێن، له كاتی پێویست كارا ده‌كرێن و به‌كاریان دێنن، كه پێویستیش نه‌بوو بێده‌نگ ده‌كرێن و له‌ناویان ده‌به‌ن. بۆیه ده‌سته‌واژه‌ی مافیا بۆ مافیای تورك ده‌ست نادات، باشتر وایه مافیای تورك به "چه‌ته" ناوزەد بكرێت. چونكه ئه‌م مافیایه به گوێره‌ی پێداویستی ده‌وڵه‌ت دروستكراوه و به گوێره‌ی پێداویستی ده‌وڵه‌تیش كار ده‌كات. له‌م سۆنگه‌یه‌وه هه‌وڵه‌كانی پێشتری سه‌دات په‌كه‌ر و هه‌وڵه‌كانی ئه‌م رۆژانه‌ی دوایی محه‌مه‌د یاقوت بۆ ناشیرینكردن و هه‌وڵدان بۆ رووخانی ده‌سه‌ڵاتی ئاكه‌په وه‌كو هه‌وڵی ده‌وڵه‌ت یان سیستەم له قه‌ڵه‌م بده‌ین بۆ رووخانی ده‌سه‌ڵاتی ئاكه‌په. به‌تایبه‌تی له‌م كاته‌دا كه كه‌متر له دوو هه‌فته بۆ هه‌ڵبژاردنی گشتی توركیا ماوه، ده‌ركه‌وتنی محه‌مه‌د یاقوت بۆ ته‌واوكردنی ئه‌و ئه‌ركه‌ی سه‌دات په‌كه‌ر ده‌ستی پێكرد، ئاشكرا كردنی زانیاری گرنگ ده‌رباره‌ی كرده‌وه نایاسایه‌كان، گورزێكی گه‌وره‌یه بۆسەر پارتی ده‌سه‌ڵاتداری توركیا و له هه‌مان كات سوودێكی گه‌وره‌یه بۆ ئۆپۆزسیۆن ئه‌گه‌ر بزانێ سوودی لێ وه‌ربگرێت. به گوێره‌ی ئه‌م زانیاری و بانگه‌شانه‌ی هه‌موو رۆژێك بڵاوی ده‌كاته‌وه، پێده‌چێت یاقوت له‌م ماوه‌یه‌دا تا هه‌ڵبژاردن رۆڵێكی دیار بگێڕێت له هه‌ڵدانه‌وه‌ی ژیانی كادیر و سه‌ركرده‌كانی ئاكه‌په.
كاریگه‌رییه ههژێنهرهكانی په‌كه‌ر
په‌كه‌ر گورزی توندی وه‌شاند و بەشە جۆراوجۆرەکانی ناو ده‌وڵه‌تی توركیای تووشی شۆكرد، چه‌ندین پرسیاری له مێشكی كۆمه‌ڵگای توركی دروستكرد. په‌كه‌ر ده‌رباره‌ی، وه‌زیر، په‌رله‌مانتار، راوێژكار و كه‌سانی ده‌وروبه‌ری ئه‌ردۆغان چه‌ندین ڤیدیۆی بڵاوكرده‌وه كه بووه هۆی جۆره لێدانێك له سه‌نگ و پێگه‌ی ئاكپارتی كه پێشتر به‌خۆیه‌وه نه‌بینی بوو، په‌كه‌ر به بانگه‌شه‌كانی هه‌موو كه‌سی ناچاری لێپێچینه‌وه كرد. گورزه توند و چاوه‌ڕوان نه‌كراوه‌كه‌ی په‌كه‌ر، ده‌سه‌ڵاتی ئاكپارتی له هاوینی 2022 ناچار كرد هه‌موو هه‌وڵێك بخاته‌گه‌ڕ بۆ راگرتنی. بۆیه ئاكپارتی له كاردانه‌وه‌یدا دژ به په‌كه‌ر په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ ئیمارات به خێرایی ئاسایی كرده‌وه و هه‌نگاوی بۆ دواوه نا. چونكه ئه‌ردۆغان تا ئه‌و كاته ئه‌م وڵاته‌ی به سه‌رچاوه‌ی دارایی كوده‌تای 15 ته‌مموزی 2016 له قه‌ڵه‌مده‌دا. بۆ بێده‌نگكردنی په‌كه‌ر به "تكا و پاڕانه‌وه" له به‌رده‌م میره‌كانی دوبه‌ی چۆكیدادا. هه‌رچه‌نده میرنشینی دوبه‌ی گوێی به داواكاری سه‌ره‌كی ئه‌ردۆغان نه‌دا كه بریتی بوو له راده‌ستكردنه‌وه‌ی په‌كه‌ر، به‌ڵام هێڕشه میدیاییه‌كانی په‌كه‌ری دژ به ئه‌ردۆغان راگرت. به گوێره‌ی چه‌ندین شرۆڤه له‌و كاته‌دا، ئه‌گه‌ر په‌كه‌ر به‌رده‌وام بووایه له‌سه‌ر ئاشكراكردنی نهێنی و زانیاریه‌كان، ده‌سه‌ڵاتی ئاكه‌په تووشی پڕۆسه‌یه‌كی پڕ له ئاڵنگاری ده‌بوو. چونكه بانگه‌شه‌كانی په‌كه‌ر له‌باره‌ی گه‌نده‌ڵی و به‌رتیل ببوونه رۆژه‌ڤی سه‌ره‌كی كۆمه‌ڵگای توركی. هه‌ر كورته ڤیدیۆیه‌كی په‌كه‌ر له تویته‌ر زیاتر له 50 ملیۆن جار سه‌یر ده‌كرا. ئه‌مه له كاتێكدا كه به‌شێكی زۆری كۆمه‌ڵگای توركیا متمانه‌ی به بانگه‌شه‌كانی په‌كه‌ر هێنا بوو. په‌كه‌ر به ئاشكرا له‌و كه‌سانه‌ی ده‌دا، كه هۆكاری پچڕانی په‌یوه‌ندی خۆی بوو له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته دژ به كاراكته‌ره‌كانی ناو ده‌سه‌ڵات كه هه‌وڵیان دابوو رۆڵ و پێگه‌ی په‌كه‌ر لاواز بكه‌ن ده‌ستی به شه‌ڕ كردبوو. سه‌ره‌ڕای لێهاتوویی، توانا و ئه‌زموونی ئه‌م گه‌وره مافیایه ناكرێت بڵێین شه‌ڕی په‌كه‌ر دژ به ده‌سه‌ڵات و هه‌ندێك ئه‌كته‌ری ناو ده‌وڵه‌ت شه‌ڕی تاكه كه‌سێك بووه، به‌ڵكو له پشت په‌كه‌ر باڵێك یان هێزێكی ناو ده‌وڵه‌ت هه‌بووه. له‌و كاته‌ی په‌كه‌ر له مانگه‌كانی ده‌ستپێكی 2022، له چه‌ندین بۆنه به‌ڵێنی به رای گشتی توركیا ده‌دا، كه چه‌ند مانگێك به‌ر له هه‌ڵبژاردنی گشتی زانیاری و ورده‌كاری زۆر هه‌ستیار ئاشكرا ده‌كات، چاودێران پێیانوابوو، ئه‌م به‌ڵێنه‌ی په‌كه‌ر راسته‌وخۆ په‌یوه‌سته به ئه‌ردۆغان. به‌ڵام دیاره نه‌یتوانی ئه‌م به‌ڵێنه‌ی بباته‌سه‌ر، چونكه ده‌سه‌ڵاتدارانی ئیمارات، مانه‌وه‌ی پهكهریان له وڵاته‌كه‌دا به سه‌پاندنی مه‌رجی به‌كارنه‌هێنانی تۆڕه‌كانی سۆسیال میدیا له‌لایه‌ن خودی پهكهرەوە به‌سته‌وه. به گوێره‌ی زانیاریه‌كانی ناو میدیای توركیا ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی كراوه ده‌رباره‌ی راده‌ستكردنه‌وه‌ی په‌كه‌ر به ئه‌نقه‌ره ئه‌م ئه‌نجامه‌ی لێكه‌وتۆته‌وه: ئیمارات په‌كه‌ر راده‌ستی توركیا ناكات، له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌شدا په‌كه‌ر به ته‌واوه‌تی له سۆسیال میدیا بێبه‌ش ده‌كرێت.
محه‌مه‌د یاقوت جێگای په‌كه‌ر ده‌گرێته‌وه!
له‌و كاته‌ی واده‌ی هه‌ڵبژاردن له توركیا نزیك ده‌بێته‌وه، په‌كه‌ر ده‌خوازێت رۆڵێكی هه‌بێت له گۆڕینی ده‌سه‌ڵاتدا، بۆ ئه‌وه‌ی دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی قسه‌كانی به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت. ئه‌وانه‌ی له‌ناو ده‌وڵه‌تیش پشتگیری له په‌كه‌ر ده‌كه‌ن باش دركیان به‌م راستیه كردووه، له‌م سۆنگه‌یه‌وه بڕیاری ده‌ستپێكردنی هه‌ڵمه‌تێكی نوێیان داوه. ئه‌و هێزه‌ی دوێنێ په‌كه‌ری ده‌كرده ئه‌كته‌ری لێدان له ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ردۆغان ئه‌مڕۆ له رێگای مافیایه‌كی دیكه به‌ڵام كورد، درێژه به هه‌وڵه‌كانی ده‌دات. له‌م رۆژانه‌ی دواییدا محه‌مه‌د یاقوت، كه كوردێكی دیاربهكریه، له‌ناو رای گشتی ناسراو نیه و زۆرشت له باره‌یه‌وه نازانرێت، ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێت كه خانه‌واده‌كه‌ی نزیكن له ده‌وڵه‌ت، سۆسیال میدیای تورك به تایبه‌تی تویته‌ری ته‌نیووه‌ته‌وه، راست و چه‌پ ده‌رباره‌ی گه‌نده‌ڵی و خراپ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن ئه‌ردۆغانه‌وه زانیاری بڵاوده‌كاته‌وه. هه‌رچه‌نده یاقوت ده‌خوازێت خۆی وه‌كو چاكه‌خواز و سه‌ربه‌خۆ نمایش بكات، به‌ڵام زۆر به روونی دیاره كه ناوبراو په‌یوه‌ندی نایاسایی به بالێكی ناو ده‌وڵه‌ت هه‌یه بۆ مه‌رامێكی تایبه‌ت به‌كاردێت. له شێوازی قسه‌كردن و جوڵه‌ی جه‌سته‌دا دیار ده‌بێت كه بێ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌م كاره ناكات. یاقوت كاتێك كه قسه ده‌كات لاسایی سه‌دات په‌كه‌ر ده‌كاته‌وه و دیاره پێی كاریگه‌ر بووه و ده‌خوازێت له‌سه‌ر شوێن په‌نجه‌ی ئه‌و بڕوات. ئه‌وه‌ی یاقوت و په‌كه‌ر لێك جیاده‌كاته‌وه، ته‌نیا یه‌ك خاڵه:" یاقوت پهكهرێكی هه‌ژاره”. بەڵام چۆن؟ په‌كه‌ر كه ڤیدیۆی بڵاو ده‌كرده‌وه له ژوورێكی لۆكس و كه‌لوپه‌لی نوێی به‌كار ده‌هێنا. به‌ڵام یاقوت له‌سه‌ر مێزێكی ساده قسه ده‌كات. په‌كه‌ر له هه‌ڵبژاردنی وشه و ده‌سته‌واژه‌كاندا زۆر ورد بوو، به‌ڵام یاقوت كاتێك قسه ده‌كات دیاره خۆی له‌بیر ده‌كات و له چوارچێوه‌ی بابه‌ته‌كه دێته ده‌ره‌وه، بێ سهروبهرە قسه ده‌كات و جوێن ده‌دات. په‌كه‌ر ئاماژه‌ی به‌و په‌رتووكانه ده‌كرد كه خوێندوویه‌تیه‌وه، ره‌نگدانه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌ی به‌سه‌ر جهستهیەوە دیار بوو، به‌ڵام یاقوت به پێچه‌وانه، وه‌كو نه‌خوێنده‌وارێك هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات. به گوێره‌ی زانیاریه‌كان یاقوت و په‌كه‌ر هاوڕێی یه‌كتر بوونه و له یه‌ك قوتابخانه خوێندوویانه، له ماوه‌ی رابردوودا له نێوانیاندا چه‌ندین په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی هه‌بووه. پارێزه‌ره‌كه‌ی پهكهریش پشتڕاستی ده‌كاته‌وه كه له نێوان هه‌ردووكیاندا په‌یوه‌ندیه‌كی گه‌رموگوڕ هه‌یه. ئه‌و دۆسیانه‌ی كه په‌كه‌ر لهبارهیانهوهی زانیاری ئاشكرا كردووه وه‌كو (ناو، كۆمپانیا، په‌یوه‌ندی نێوان كۆمپانیاكان، رۆڵی تاكه‌كان له‌ناو كۆمپانیاكان و ژیانی تایبه‌تی كه‌سه‌كان) هاوتای ئه‌و زانیاریانەن كه تا ئه‌مڕۆ یاقوت ئاشكرای كردووه. نامومكینه رێكه‌وت بێت، په‌كه‌ر و یاقوت زانیاری له‌باره‌ی ئه‌م كه‌سانه بڵاوبكه‌نه‌وه كه زۆر نزیكن وهه‌ندێكیان ئه‌ڵقه‌ی یه‌كه‌من له دەوری ئه‌ردۆغان. ئه‌م ره‌هه‌نده گرنگترین رێسای یاریه‌كه‌یه كه ئه‌م دووانه به هاوكاری باڵێكی ناو ده‌وڵه‌تی شاراوه ئه‌نجامی ده‌ده‌ن. په‌كه‌ر و یاقوت به لێدوان و ئاشكرا كردنی زانیاریه‌كان راسته‌وخۆ بێت یان ناڕاسته‌وخۆ ئه‌ردۆغان ده‌كه‌نه ئامانج. په‌كه‌ر تا ئه‌و كاته‌ی بۆی هه‌بوو قسه بكات، راسته‌وخۆ ئه‌ردۆغانی نه‌كرده ئامانج. به‌ڵام بهڵێنیدا بوو كه ڤیدیۆیه‌ك تۆمار بكات و داوای گه‌رده‌ن ئازادیی بكات له ئه‌ردۆغان. بێگومان ده‌سته‌واژه‌ی گه‌رده‌ن ئازایی به‌و واتایه دێت كه هه‌ردووكیان له به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كتریان داوه . هه‌رچی یاقوته بێ ئه‌وه‌ی ناوی ئه‌ردۆغان بێنێت، راسته‌وخۆ ئامینه ئه‌ردۆغان هاوژینی سه‌ركۆماری توركیا، بیلال ئه‌ردۆغانی كوڕی سهركۆمار، به‌رات ئهلبایراكی زاوای ئه‌ردۆغان ده‌كاته ئامانج، هه‌وڵده‌دات به‌م شێوه‌یه له سه‌نگی ئه‌ردۆغان بدات و به ناڕاسته‌وخۆ ئاماژه به‌وه ده‌كات كه سه‌ركۆماری توركیا هۆكاری هه‌موو گه‌نده‌ڵی و كاره دزێوه‌كانی دیكه‌یه.
ئه‌ردۆغان و داروده‌سته‌كه‌ی له به‌رامبه‌ر یاقوت چ رێگایه‌ك ده‌گرنه‌به‌ر؟
په‌كه‌ر هه‌وڵده‌دات له رێگای یاقوتەوە سه‌رله‌نوێ بانگه‌شه‌كانی بكاته رۆژه‌ڤی سه‌ره‌كی رای گشتی توركیا تا بتوانێ ئه‌ركه‌كه‌ی ته‌واو بكات. ده‌سه‌ڵاتی ئاكه‌په توانی ده‌نگی په‌كه‌ر ببڕێت، به‌ڵام حسابی بۆ سه‌رهه‌ڵدانی ده‌نگێكی دیكه‌ی وه‌كو یاقوت نه‌كرد بوو. یاقوت به ئاشكرا كردنی گه‌نده‌ڵی و به‌رتیل وه‌رگرتن له‌ناو دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت و كاره نه‌شیاوه‌كانی بیرۆكرات و وه‌زیره‌كانی حكوومه‌تی ئاكپارتی بۆ ده‌نگده‌ری تورك ئاشكرا ده‌كات، كه بێگومان كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر ئاكپارتی له هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا دروست ده‌كات. بۆیه به‌هه‌ر نرخێك بێت ده‌خوازێت یاقوت به ده‌ردی په‌كه‌ر ببات و بێده‌نگی بكات! كه ئه‌مه‌ش چه‌ند رێگایه‌كی هه‌یه. ده‌سه‌ڵات له هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا له رێگه‌ی دادگا و له‌سه‌ر سكاڵای، به‌ره‌ت ئهلبایرك توانی ڤیدیۆ، دیمانه و زانیاریه‌كانی یاقوت له‌ناو تۆڕه‌كانی سۆسیال میدیا بسڕێته‌وه. به‌ڵام ئه‌م هه‌نگاوه ته‌نیا له‌ناو سنووری توركیادا كاریگه‌ری هه‌یه، به هاوبەشکردنی بابه‌ته‌كانی یاقوت له سۆسیال میدیا له ده‌ره‌وه‌ی سنووری توركیا به ئاسانی جارێكی دیكه ده‌گوازرێته‌وه ناو توركیا. له ئێستادا بانگه‌شه ده‌كرێت كه یاقوت له ئه‌ڵمانیا نیشته‌جێیه، به‌ڵام ئه‌مه پشتڕاست نه‌كراوه‌ته‌وه. ئه‌گه‌ر یاقوت له ده‌ره‌وه‌ی سنووری توركیا گیرسابێته‌وه ده‌سه‌ڵاتی ئاكپارتی هه‌وڵده‌دات شوێنه‌كه‌ی بدۆزێته‌وه و به هاوكاری وڵاتانی دیكه ئه‌ویش بێده‌نگ بكرێت، كه ئه‌مه‌شیان پێویستی به كاته و تا هه‌ڵبژاردن یاقوت ئه‌ركه‌كه‌ی ته‌واو ده‌كات. به‌ده‌ر له‌م دوو رێگایه‌ی سه‌ره‌وه كه ئه‌وه‌ی یه‌كه‌میان كاریگه‌ریه‌كه‌ی سنوورداره، رێگای سێیه‌میش له ئارادایه، ئه‌ویش سازشكردنی ده‌سه‌ڵاتی ئاكه‌په‌یه له‌گه‌ڵ خودی محه‌مه‌د یاقوت. ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات بخوازێ رێگای سێیه‌مین بگرێته‌به‌ر ناچاره له سه‌ره‌تادا كه‌سانێك بدۆزێته‌وه تا بتوانن ناوبژیوانی له نێوان هه‌ردوولادا بكه‌ن. ئایا یاقوت ئاماده‌ی سازشكردنه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات؟ بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره ده‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌ر ڤیدیۆ و لێدوانه‌كانی یاقوت. ناوبراو كه مه‌سه‌له‌یه‌ك ده‌وروژێنێت، ته‌نیا چه‌ند سه‌ره داوێك ئاشكرا ده‌كات و ده‌ڵێـت: "دواتر ورده‌كاریه‌كان به ڤیدیۆ ده‌خه‌مه‌ڕوو". به‌م رسته‌یه یاقوت په‌یام بۆ ده‌سه‌ڵات ده‌نێرێت كه ورده‌كاری له‌لایه، به‌م شێوه‌یه له‌لایه‌ك په‌یامی ئاماده‌یی بۆ سازشكردن به گوێی ده‌سه‌ڵاتدا دهچڕێنێت، له‌لایه‌كی دیكه هه‌ڕه‌شه له ده‌سه‌ڵات ده‌كات.
كاردانه‌وه‌كانی ده‌سه‌ڵات به‌رامبه‌ر به یاقوت
سه‌ردار ئاكنان رۆژنامه‌نووسێكی توركه، به‌ر له چه‌ند رۆژێك دیمانه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د یاقوت سازكرد. له دوای دیمانه‌كه یه‌كسه‌ر پۆلیس ئاكنانی ده‌ستگیركرد، ئه‌مه‌ش وه‌كو ترسی ده‌سه‌ڵات له لێدوانه‌كانی یاقوت له‌ناو رای گشتی لێکدرایه‌وه. دووهەمین هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵه‌ی ئاكه‌په بۆ بێده‌نگكردنی یاقوت، له رێگای په‌یوه‌ندیكردنی په‌رله‌مانتار مه‌تین كوللوك بوو به محه‌مه‌د یاقوت، كه ئه‌مه‌شیان به نه‌رێنی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی ئه‌ردۆغان شكایه‌وه. چونكه پێشتر گه‌وره مافیا ( په‌كه‌ر) بێ ئه‌وه‌ی ناوی بێنێت رایگه‌یاندبوو كه ئه‌و مانگانه بڕی 11 هه‌زار دۆلاری داوه‌ته په‌رله‌مانتارێكی ئاكه‌په. دواتریش سوله‌یمان سۆیلو وه‌زیری ناوخۆی توركیا له وه‌ڵامی پرسیارێكدا ده‌رباره‌ی بانگه‌شه‌كه‌ی په‌كه‌ر رایگه‌یاندبوو كه" مه‌تین كولـلهك ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌یه مانگانه پاره‌ی له په‌كه‌ر وه‌رگرتووه". بۆیه په‌یوه‌ندیكردنی كولـلهك به یاقوت تا هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی دژ به سه‌رانی ئاكپارتی رابگرێت نه‌وه‌كو ئه‌نجامی نه‌بوو، به‌ڵكو به زیانی ئاكه‌په شكایه‌وه. چونكه یاقوت له ڤیدیۆیه‌كی له 15 نیساندا گووتی:" مه‌تین كولـلهك ته‌له‌فۆنی بۆ كردووم داوای لێكردووم ئاشكرا كردنی نهێنیه‌كان رابگرم". ئه‌وه‌ی دیاره ده‌سه‌ڵات ده‌زانێ ئه‌م جۆره لێدوانانه له‌م قۆناخه‌دا كه هه‌ڵبژاردن نزیك بۆته‌وه، زیانی گه‌وره‌ی پێده‌گه‌یه‌نێت بۆیه هه‌ڵپه ههڵپیهتی تا بێده‌نگیان بكات. یاقوتیش پێیوایه به‌و لێدوانانه كاریگه‌ر ده‌بێت، له‌لایه‌ك دادگا ده‌خاته جوڵه ده‌رهه‌ق به‌و كه‌سانه‌ی ناویان ده‌هێنێت، له‌لایه‌كی دیكه به‌م لێدوانانه له دووی سازشكردن و به‌ده‌ستهێنانی دهستكهوتە .
ئۆپۆزسیۆن چی ده‌كات؟
دووباره بوونه‌وه‌ی ئه‌م بانگه‌شانه به‌بێ هه‌بوونی به‌ڵگه‌ی یه‌كلاكه‌ره‌وه، سوود به ده‌سه‌ڵات ده‌گه‌ینێت. چونكه گفتوگۆی ئه‌م بانگه‌شانه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی گفتوگۆكردن له‌باره‌ی قه‌یرانی ئابووری، هه‌ڵاوسان، بێكاری، خزمه‌تگوزاری خراپی ته‌ندروستی، په‌روه‌رده و دیموكراسی له رۆژه‌ڤ بێته ده‌ره‌وه. له‌م سۆنگه‌یه‌وه ده‌بێت ئۆپۆزسیۆنی ئه‌م وڵاته ئه‌م ده‌رفه‌ته بقۆزێته‌وه له‌گه‌ڵ قوڵبوونه‌وه‌ی له‌سه‌ر وروژاندنی كێشه‌كانی دیكه و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ر كردنیان، لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر بانگه‌شه‌كانی یاقوت بكات و له‌باره‌یه‌وه هه‌ڵوێست رابگه‌ینێت. له تۆڕه‌كانی سۆسیال میدیا زۆر به به‌رفراوانی له‌سه‌ر ئه‌م بانگه‌شانه گفتوگۆ ده‌كرێت. كه ئه‌مه‌ش بەردەنگی ئه‌م كێشانه زیاتر نیگه‌ران ده‌كات و ده‌شڵه‌ژێنێت. به پوختی ئه‌م بانگه‌شانه راست بن یان ناڕاست، گه‌وره‌تر له قه‌باره‌ی خۆیان ده‌خرێنه روو یان نا ئه‌مه مه‌سه‌له سه‌ره‌كیه‌كه نیه، مه‌سه‌له سه‌ره‌كیه‌كه ئه‌وه‌یه ئۆرگانه‌كانی ناو ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌كان تووشی گه‌نده‌ڵی و دیارده‌ی دزێو بوونه‌ته‌وه. به‌ستنه‌وه‌ی ئه‌م بانگه‌شانه به به‌ڵگه‌ی حاشا هه‌ڵنه‌گر و ئاشكرا كردنی راستیه‌كان، بۆ پاراستنی هه‌یبه‌تی ده‌وڵه‌ت و ئه‌نجامدانی گۆڕانكاری له ده‌سه‌ڵات و بونیادنانی سیسته‌مێكی شه‌فاف ناچاریه. ئایا ئۆپۆزسیۆنی توركیا ئه‌مه ده‌بینێت و كاتی بۆ ته‌رخان ده‌كات؟