چارەنووسی ڕۆژهەڵات لە ئامێزی ئێران یان کوردستان؟

ژمارەی بینەر 525

2026-03-22

پاش ڕووخانی کۆماری کوردستان و لەسێدارەدانی پێشەوای نەمر، ئەندێشەی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵات گۆڕانکاریی بەسەردا هات. هۆکاری سەرەکیی ئەم گۆڕانکارییە نە ڕامانێکی هزریی بیرلێکراوە ، بەڵکوو لە هەناوی شکست و بەئامانج نەگەیشتنەوە سەرچاوەی دەگرت. وێنای سەروەریی گشتی و بنیاتنانی دامەزراوەی دەوڵەتی کوردیی سەردەمی کۆماری کوردستان و سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی کورد لە پێگەی شارۆمەندی کوردستانییەوە، جێگای خۆی دا بە وێنای کورد وەکوو تاکی ئێرانیی نێو دەزگای دەوڵەتی ئێرانی. لە پاش ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتیی ئێرانی، دەرفەتێک بۆ خۆڕێکخستنەوەی ئەندێشەی کوردی ڕەخسا بەڵام ئەم دەرفەتە لە نێوان تێگەیشتنی جیاوازی ڕووناکبیران و نایەکسانی ئایدیای سیاسیی حیزبەکان، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە وێنای کوردستانییەوە بەرەو وێنای ئێرانی پاشەکشەی کرد و تا ئێستایش لە ئاستی ڕێبەرایەتیی حیزبیدا بەردەوامە، بەڵام کۆمەڵگا و شەقامی ڕۆژهەڵات پێچەوانەی ئەم ڕەوتە گەشەی کردووە.

ڕووداوەکانی دوو دەیەی ڕابردووی پێوەندیدار بە دەنگی شەقامی ڕۆژهەڵاتەوە بە ڕوونی سەلمێنەری لادان و ڕەتکردنەوەی هەرچەشنە ژێردەستەییەکی هزریی ئێرانی بووە و لە فۆرمێکی ڕادیکاڵدا داخوازیی ڕاسانی ئەندێشەی کوردستانیی بەڕۆژەڤ کردۆتەوە. وێنای ئێرانیی پێکهاتەی حیزبەکان لە لایەک و وێنای کوردستانیی شەقامی ڕۆژهەڵات، دووانەیەکی لێکدژی هەنووکەیی بازنەی سیاسەت و هزری سیاسیی ڕۆژهەڵاتە. لە ڕواڵەتدا و لەکاتی کارەساتدا ئەم دووانەیە دەڕۆنە نێو چوارچێوەیەکی هەستەکی و سۆزدارانەوە و لێکدژییەکان لەبەرچاو ون دەبن یان فەرامۆش دەکرێن، بەڵام لەگەڵ دامرکانەوەی سۆز و هەستی گشتی سەرلەنوێ وەکوو دژبەری یەکتر هەوڵی داماڵینی بنەما هزرییەکانی یەکتر دەدەن. هەرچەند لە بنەڕەتدا  فۆرمی پێشنیارکراوی خودموختاری و فیدڕاڵیزم، و چ فۆڕمی بەڕێوەبەریی شۆرایی و کۆمەڵگای دێموکراتیک لە ئاستێکی ناوخۆییدا هەندێک بنەمای جیاوازیان هەیە، بەڵام هەموویان لە بنەڕەتدا ئاخێزگەیەکی هاوبەشی بڕوایەکی مەعریفیان هەیە.

ئەو بڕوایە تەرکیز لەسەر خۆپێناسەکردن لە چوارچێوەی سنووری ئێستای وڵاتانی داگیرکەری کوردستان دەکات و ئەو تەرکیزکردنەیش لەسەر پێشمەرجێک ڕاوەستاوە کە پێیوایە بەستێنی واقیعی سیاسی دەرفەتی یەکلایەنە بڕیاردانی نەهێشتووە و کورد ناچارە بە نیسبەتی چۆنییەتیی دەسەڵات لە ناوەندی وڵاتە داگیرکەرەکاندا داخوازییەکانی ڕێک بخات. هەر بۆیە ئەم تێگەیشتنە، نەتەنیا ئیمکانی سەرکەوتنی خۆی بە "ناوەندێکی ئارام"_ەوە پێناسە دەکات، بەڵکوو هەرچەشنە سەقامگیری و ڕاگرتنی ئەو سەرکەوتنەیش ڕاستەوخۆ بە ئاستی ناوەڕۆکی دێمۆکراتیکی دەسەڵاتی ناوەندەوە گرێ دەدات. لەم ڕووەوە عەقڵی بڕیاردەری حیزبی ڕۆژهەڵات هەموو هەوڵ و تێکۆشانی خۆی بۆ ڕێکخستنی دیالۆگ لەگەڵ ناوەند و بینینەوەی پشتیوانی لە ناوەند تەرخان کردووە. تەنانەت بەشداریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە پلاتفۆرمە ناناوەندییەکانیش بە مەبەستی هاوسەنگکردنەوەی پەراوێز لەگەڵ ناوەند بووە.

لێرەدا ڕاوەستەکردن و وردکردنەوەی ئەو پێشمەرجە بڕواپێکراوانە زۆر پێویستە و بە ڕوانینێکی ڕەخنەییانەوە دەتوانین ڕەگی بەلاڕێدا ڕۆیشتنی ئەم تێگەیشتنە حیزبییە زیاتر ڕوون بکەینەوە. باوەڕێکی باو بەشێوەی بەردەوام لەلایەن ئەکتەری سیاسیی کوردەوە دووپات دەکرێتەوە کە ناهاوسەنگیی هێز لەنێوان کوردستان و ناوەندی وڵاتە داگیرکەرەکاندا هەیە کە ئەم ناهاوسەنگییە بەتایبەت لە ڕووی نیزامییەوە دەرفەتی ئەکتی یەکلایەنەی چالاکانە لە کوردستان دەگرێتەوە. بۆیە بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئەم ناهاوسەنگییە بەپێویستی دەزانن هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە دژبەرەکانی دەسەڵاتی ناوەند بکەن. بەڵام بێژەر و بەکارهێنەری ئەم باوەڕە سەرەڕای تێپەڕبوونی نیزیک پێنج دەیە هێشتا نەیتوانیوە بۆچوونی خۆی جێبەجێ بکات. هۆکارێکی سەرەکیی ئەم سەرنەکەوتنە بۆ نەبوونی حیزبی سیاسیی خاوەن هێزی نیزامی لەنێو لایەنە ناکوردییەکان دەگەڕێتەوە.

لە سەرەتاکانی ڕووخانی رێژیمی پاشایەتیی ئێران هەندێک حیزب و لایەن خاوەنی هێزی نیزامی بوون بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەکتەری ڕاسپێردراو بوون نەیانتوانی خەباتی خۆیان ڕاگرن و پێگەی کۆمەڵایەتی خۆیان بە زیندوویی بهێڵنەوە. سەرەڕای ئەوەیکە لە بەلووچەکان و عەرەبەکان هێشتا حیزبی چەکداریان هەیە بەڵام ئەوانیش هێزێکی چارەنووسساز نین. بۆیە کورد تا ئێستایش نەیتوانیوە کێشەی ناهەوسەنگیی هێزی نیزامیی خۆی لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی چارەسەر بکات و هیوایەکیش بۆ گۆڕانکاری لە داهاتوودا نییە. ئەکتەری سیاسیی کورد، جیا لە ناهاوسەنگیی هێز لەگەڵ ناوەند، ناهاوسەنگیی مەعریفەی سیاسیی فەرامۆش کردووە. ڕاستە لایەنە ناکوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی هێزی نیزامیان نییە، بەڵام ئەگەر تەنانەت حیزبی چەکداریش ڕێک بخەن، ئامانج و ئەندێشەی سیاسییەکەیان لەگەڵ ئامانجی کوردستان یەک ناگرێتەوە.

ئەزموونی لێکدژیی ئامانجە سیاسییەکانی کوردستان و ئێرانییەکان لە بڕگە جیاوازەکاندا ڕوون بووەتەوە و پاشخانێکی درێژ لە شکستی تۆمار کردووە. کەوایە دەتوانین بڵێین حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەیتوانیوە و ناتوانێت لە ڕێگای هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە ئێرانییەکانەوە هاوسەنگیی هێز لە بەرانبەر دەسەڵاتی ناوەند بە قازانجی خۆی بگۆڕێت. بابەتێکی دیکەیش کە پێویستە ئاماژەی پێ‌بکرێت، تێگەیشتنی حیزبی سیاسیی ڕۆژهەڵات پێیوایە کە دەستخستن و سەقامگیرکردنی دەسەڵاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەپاش ڕووخانی دەسەڵاتی ئێران، ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ئاسایش و ئارامیی دەسەڵاتی دیمۆکراتیک لە ناوەندا. ئەم تێگەیشتنە ئەگەر نەڵێین لەسەر چەند هیوا، لەسەر چەند پێشفەرزی هەڵە دامەزراوە. ئەگەر ئەزموونی شۆڕشی کورد لە هەرچوار بەشی کوردستاندا لێک بدەینەوە، زۆر خێرا بەو ئاژامە دەگەین کە سەرکەوتن یان بەدەستهێنانی دەسەڵات لە لایەن کوردەوە لەکاتێکدا بووە کە دەسەڵات لە ناوەندی دەوڵەتە داگیرکەرەکاندا دوچاری بۆشایی و لاوازبوون بووە. هەروەها هیوا بەستن بە دروستبوونی دەسەڵاتی دیمۆکرات لە ناوەندا، هیوایەکی لەبنەڕەتدا هەڵەیە.

ئەو چوار وڵاتە دەستکردەی کە کوردستانی بەسەردا دابەشکراوە لەسەر شوناسێکی ساختەوە دروست کراون کە لۆژیکی ئەم شوناسە ساختەیە بەپێی چڕکردنەوەی دەسەڵات لە ناوەند و پەراوێزخستنی ئەوانی دیکەی نێو جوگرافیاکە کار دەکات. پاش سەدەیەک ئەزموونی دەسەڵاتی ناوەندیی عەرەبی-ترکی-فارسی، هیوابەستن بە دیمۆکراتیک بوونی ئەو ناوەندگەلە زیاتر لە وەهمی خۆکرد دەچێت تاکوو پلانداڕێژیی ستراتێژیک. تایبەتمەندیی ناوەندگەرێتی دەسەڵات تەنها پەیوەست بە بەڕێوەبەریی خودی دەسەڵات نییە، بەڵکوو دژبەرانی بەڕێوەبەرانی دەسەڵاتیش کە خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن دەناسێنن ڕێک بە هەمان لۆژیک کار دەکەن.

بەکارهێنانی ڕۆژانە و بەردەوامی "تجزیە‌طلبی" لەلایەن خاوەن دەسەڵات و دژبەری دەسەڵات بەشێوەی هاوکات بۆ خەباتی کورد سەرەتاییترین نموونەی ئەو پێشفەرزە وەهمییەیە. پاش ڕووخانی هەر دەسەڵاتێک لە ناوەند ، پاشماوەی دەسەڵاتی پێشوو و ئەکتەرە نوێیەکانی دەسەڵات، هەوڵیان داوە بەخێرایی فۆرمی دەسەڵاتی نوێ دامەزرێننەوە و پێش بە هەرچەشنە دابەشبوونی دەسەڵات بگرن، ڕێکخستنەوەی ئەرتەش و هێزی نیزامییش لەو ڕاستەیەدا کراوە و دەکرێت. کەوایە کورد پێش ڕاگەیاندن و دامەزراندنی ستاتۆی سەروەریی خۆی لە بازنەیەکی چەندساڵەی سەرەتایی بۆ سەقامگیرکردنی ئەو ستاتۆیە، هەرچەشنە هاوکاری و هاوئاهەنگی بۆ دامەزراندنەوە و ڕێکخستنەوەی دەسەڵات لە ناوەند و ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەمنی و سیاسیی ناوەند، نەک نابێتە پێوەری مسۆگەرکردنی مافی کوردستان بەڵکوو خۆی دەبێتە لەمپەرێکی ڕاگەیاندن و سەقامگیرکردنی دەسەڵاتی کوردستان. بەپێی ئەم تێگەیشتنە، پێویستە حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەتەنها هەوڵ بۆ ڕێکخستنی لایەنە ئێرانییەکان لەژێر ناوی جۆراوجۆری وەکوو "همبستگی" و "جمهوری خواهان" و "ئازادی ئێران" و ... نەدەن بەڵکوو بەپێچەوانەوە هەوڵ بۆ پتەوترکردنی پێگە و هێزی کوردستان و لاوازکردنی لایەنی ئێرانی بدات.